ئارام هادی: لەتورکیا چی دەگوزەرێت، هەڵبژاردن یان جەنگ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر ئاماژەم پێداوە هەڵبژاردنەکەی 14ی ئەم مانگە، گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی 100ساڵی کۆماری تورکیادا، هیچ کات ئۆپۆزسیۆن هێندە بەهێزنەبوە تەنانەت لە ڕاپرسیەکان. بانگەشەی هەڵبژاردن و گوتاری سیاسی و گردبونەوە جەماوەریەکان زۆر لەپێش دەسەڵاتەوەن. بایەخی زیاتری هەڵبژاردنەکه لەوەدایە، بە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن، ئاگر لە مەڵۆی کۆکراوەی 20ساڵی خەباتی ئاک پارتی و ئەردۆغان بەردەدەن. بەو مانایەی سیستەمی سیاسی و دامەزراوە ڕەسمیەکان دەگەڕێنەوە بەرە و ئەو خاڵەی کە ئەردۆغان تیایدا پێش 20ساڵ دەسەڵاتی گرتە دەست. هەروەها ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، بەدەنگی بەرز دەڵێن شکست قبوڵناکەین و هەردوولاش نزمتر لەمە باسی دەستپێکردنی شۆڕش لەدژی یەکتر دەکەن.
لاشیان ڕوونە کەوتنی ئەردۆغان یەکسانە بە شکستی ئیسلامی سیاسی بۆ نیوسەدەی داهاتوو، کەوتنی ئۆپۆزسیۆنیش یەکسانە بە ناشتنی کەمالیستەکان.
لێکەوتە خراپەکانی دوای هەڵبژاردن، پێدەچێت شەڕ و ئاڵۆزی ئەو وڵاتە بگرێتەوە، داواکاریی وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ پارێزگارەکان کە تیایدا داوایان لێدەکات ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ دابین بکەن، هێندەی تر ئەگەری جەنگ بەهێزتردەکات. لەم ئەگەرەشدا بەپلەی یەکەم کێشە گەورەکە دەکەوێتە نێوان ئیسلامی سیاسی و کەمالیستەکان، کورد کەمتر زیانی بەردەکەوێت.
هەرچی پەیوەندی بەئایندەی کورد لە تورکیا هەبێت، گرەوکردنە لەسەربەدەستهێنانی 100کورسی پەرلەمانی و سەرکەوتنی کەمال قڵیچدار ئۆغلۆی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆسەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کە بەربەستی سەرەکین لە سەرکەوتنی ئەردۆغان، ئەوەی ئەم کارەی زیاتر بۆ ئەردۆغان مەترسیدارکردووە ئەزمونی سەرکەوتوی ڕابردووی هەدەپە و جەهەپەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا لەو شارانەی هەدەپەییەکان دەنگیان بە کاندیدی جەهەپەدا هەموویان سەرکەوتن کە بۆ ئەردۆغان شکستێکی گەورەبوو، ئێستاش بە هاوپەیمانێتیەکی نیمچە ڕەسمی هەدەپەییەکان کە بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشدارن بۆ سەرۆکایەتی تورکیا ستراتیژی شکست بە ئەردۆغان پەیڕەو دەکەن و دەنگەکانیان دەدەنە کەمال قڵیچدار ئۆغلۆی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن.
جۆری بانگەشەی هەڵبژاردنەکە و گوتارەکانیان خوێندنەوەی ئەوەی لێدەکرێت پەشێوی ئەو وڵاتە بگرێتەوە کە ئایندەی بەجۆرێک لێڵە ناتوانی شیمانەی ئەنجامەکەی بکرێت کە لەکوێ و بەچی دەگیرسێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت