بورهان شێخ رەئوف: هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای چەند مانگێك لە ململانێی سیاسی و میدیایی و بنبەست، دواجار دوای هەوڵ و دەستپێشخەری دۆستەكانی دەرەوە و ناوخۆ، جارێكی تر زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ سەركەوت و بوارێك رەخسا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتی دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
ئەوەی گرنگ بوو لەو كۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی هەموو كێشەو قەیرانە دارایی و كارگێڕییەكانی بەردەم كاری حكومەتی هەرێم كرا، هەروەها رێكەوتن لەسەر ئەوەی كە چارەسەر بۆ هەموو گرفتەكان بدۆزنەوە، لە رێگەی دانوستانەوە و هاریكاری نێوان هەموو لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەوەی زیاتر گرنگ بوو ئەو خۆشحاڵی دەربڕینەی بەرپرسانی ئەمریكا بوو هەر لە باربارا لیف یارمەتیدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و باڵوێزی ئەمریكا لە عیراق كە خوازیار بوون كە ئەم كۆبوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە وەبەرهێنانی سیاسی تێدا بكرێت، بۆ هەنگاونانی زیاتر بەرەو پێشەوە و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان لە رێگەی دیالۆگەوە.
ئەوەی ماوەی رابردوو روویدا لە ململانێی سیاسی و میدیایی لە نێوان هەردوو لایەنی سەرەكی فەرمانڕەوای هەرێمی كوردستان، مایەی نیگەرانی هاووڵاتیان و خەڵكی خەمخۆری هەرێمی كوردستان بوو، چونكە ئەو جۆرە ململانێیانە زیانی گەورە بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت لە دەرەوە و ناوە و لە سەر ئاستی عیراقیش.
ئەم پابەندبوونەی یەكێتی بە چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دانوستانەوە، شتێكی نوێ‌ نییە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆك و رابەری كۆچكردوو مام جەلال، كە هەمیشە خاوەنی پڕۆژەو پێشنیار و قوربانی گەورەبوو بە بەرژەوەندییە حزبییەكانی حزبەكەی خۆی لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و عیراقیشدا، بۆیە ئێستاش سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەهەمان رۆحیەتەوە خوازیارە كێشەو ململانێكان چارەسەر بكات، هەر لە یاسای هەڵبژاردنەوە تاوەكو چارەسەری بابەتە دارایی و كارگێڕییەكانی كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.

هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن
ئێستا كە كات لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی نییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە گرنگە لە زووترین كاتدا یاسای هەڵبژاردن یەكلایی و هەموار بكرێتەوە بە شێوەیەكی گونجاو لەگەڵ گیانی ئەم سەردەمەدا، كە هەل و بواری یەكسان بۆ هەموو هاووڵاتیان بڕەخسێنێت كە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵببژێرن و كێشەی پێكهاتەكان و كۆمیسیۆن چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی لە م ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و ئیتر ڕەوایەتی و شەرعیەتی یاسایی زیاتر نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتی كە ئێستا دۆسییەكەی لەبەردەم دادگای فیدرالی عیراقدایە كە بڕیاری لەسەر بدات، ئایا تاچەند پەرلەمانی كوردستان شەرعیەتی یاسایی ماوە.
ئەوەی گرنگە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، پابەندبوونە بە بنەما سەرەتایییەكانی مافی مرۆڤ لە ئازادی رادەربڕین و سەروەربوونی یاسا و شەفافیەت، بە تایبەتی دوای رادەستكردنی دۆسییەی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عیراق، پێویستمان بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت