ڕەووف محەمەد ئالانی: نەک ڕۆژێک، جیهانێک بۆ منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە1ی 6 ی هەموو ساڵێکدا خەڵک بەگشتی خۆیان سەرقاڵ دەکەن بۆ ڕۆژی منداڵان، میدیاکانیش وەک بۆنەکانی تر بەرنامەی تایبەت بەو یادە ئامادە دەکەن، باجارێ بزانین ئەم یادە چۆن سەرچاوەی گرتوە؟
ڕۆژی منداڵان ڕۆژێکی جیھانییە کە دەکەوێتە یەکی حوزەیرانی هەموو ساڵێك و تایبەتە بە توێژی منداڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیھان یادی دەکرێتەوە بەشێوەی جیاواز و ڕۆژی جیاوازیش، لە ساڵی 1925 کۆنفڕاسێکی جیھانیی بۆ پاراستنی مافی منداڵان ڕێکخرا و ڕۆژی 1ی حوزەیران ی کردە ڕۆژی منداڵان، بەفەرمیش لەساڵی 1950 ەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ڕۆژی 1ی حوزەیران کرا بە ڕۆژی جیھانیی منداڵان جگە لەچەند وڵاتێک کە لەمانگەکانی ئازار و نیسان و ئایار یادەکە دەگێڕن، جگە لە ڕۆژی جیھانیی منداڵان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی 1954 ڕۆژی 30ی نیسان وەک ڕۆژێک دیاریکراوە لەپێناو ھاندانی وڵاتان بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر دەربارەی مافەکانی منداڵان‌و خۆشگوزەرانییان، بەر لەنەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆنفڕانسی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1949 فیدڕاسیۆنی دیموکراتی نێودەوڵەتی ژنانی یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جەژنی منداڵان دیاری کردبوو.
ئەگەرچی ئێمە بەشێکی دانەبڕاوین لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەڵام هەنگاوەکان وئاراستەی ڕەوت وڕەفتار وبیرکردنەوەکانمان، زۆرخاوون وبەهێوری کەوتونەتەڕێ، مناڵانی ئەم جوگرافیە بچووکەی زەوی، زۆر زوڵملێکراوون و بێبەشن لە خۆشیەکانی ژیانیان.
بێگوومان گەورەکانی ئێستاش بەهەمان بێنازی مناڵی خۆیان بەڕێکردووە.
مناڵانی ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتە بەگشتی وکوردستانی بندەستی داگیرکاران بەتایبەتی، ببینین ولەژیانیان وورد ببینەوە، سۆزوهەستمان دەجووڵیت وهەناسەیەکی ساردی خەمهێن گیانمان داگیردەکات، چونکە هەر لەمناڵێەوە زۆربەی مناڵان تووشی ئازاردان وئەشکەنجەدان دەبنەوە، ئەمە جگە لەوهەژاری ودەستکورتیەی کەسوکارەکانیان کەناتوانن ژیانێکی شایستە بۆمناڵەکانیان دەستەبەربکەن.
کاتێ هەژاری یەخەی خێزانەکان دەگرێت، ئەوانیش ناچاردەبن مناڵەکانیان بنێرنە سەرشەقام بۆ پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیان، لەوێشەوە، ڕووبەڕووی دەیان کێشەی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، تا گەورەدەبن ئەم مناڵانە ئەو چەوسانەوەیە لەگەڵیان گەورە دەبێت، ئەو ئازارانە ڕۆدەچنە ناخی کۆمەڵگەوە.
لەسەرمرۆڤ پێویستە بەرنامەوپلانی درێژمەودای هەبێ بۆژیانی خۆی، هەرچەندە زۆرلەو خەون و خەیاڵ و بەرنامانە بەدینایەن، لەم بارەوە، نوسەرو فەیلەسوف ژان جاک ڕۆسۆ (1712- 1778 )دەڵێت: ( پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەم شەش تیۆریم هەبوو سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵ، بەڵام ئێستا شەش منداڵم هەیە و هیچ تیۆرێکم بۆیان نییە).
جەژن و یادوخۆشی بۆمناڵان پێویستە هەمیشەیی بن نەک تەنها ڕۆژێک بێت و تێپەڕبێت، چونکە جوانی و گەشی و خۆشی ژیان هەموویان دەبنە فاکتەری ئایندەی گەش بۆژیان، بەبێ دروستکردنی ژینگەیەکی لە بارو گونجاو بۆ مناڵان، ئەو ژینگەیە بەدینایەت، هەر بۆیە، نوسەر(مستەفا سادق ئەلڕافعی) دەڵێت: ( ئێمە هەست بەدرەوشانەوەو جوانی لە سروشتدا ناکەین، مەگەر ڕۆح دەوڵەمەند نەبێت بە منداڵی و خۆشی منداڵی و یاری و چێژەکانی).
هێمن موکریانی شاعیر، نمونەیەکی گەشی تاکی کوردە، کاتێ لە پێشەکی دیوانی تاریک و ڕوون باسی سەردەمی مناڵی خۆی دەکات، ئاوات بەگەڕانەوە بۆ مناڵی دەخوازێت، چونکە ئەو کاتانە بێبەشکراوە لە یاری و چێژی مناڵێتی خۆی، لەبەر ئەوەی بەربەست و ڕێگریە کۆمەڵایەتیەکان بێبەشیان کردبوو.
زۆربەی زۆرمان لەم تەمەنە گەورەیەماندا حەزبە فیلمە کارتۆنیەکان دەکەین و دەیانجار کاتەکانی خۆمان پێبەخشیووە، چونکە تام و چێژی مناڵیمان بە باشی نەچەشتووەو دەمانەوێ ئەو چێژە بگەڕێتەوە تا بیچێژین، ئەگەر بۆساتێکیش بێت.
ووڵاتێک و مەملەکەتێک کە شەڕو کوشتن و خوێنڕشتن جێگەی خۆشی و ئاشتی و ئارامی گرتبێتەوە، بێگوومان نەک مافی مناڵان، بەڵکو ئایندەشیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
وەک (محەمەد ماغوت) نوسەرو بیرمەندی گەورەی عەرەب دەڵێت: (جگە لە کوشتن و تاڵانکردن و خوێنڕشتن هیچی تر نییە، کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە منداڵییەک هەیە دەبێت گەشە بکات).
کاتی ئەوە هاتوە بیرلەمناڵان و نەوەکانی داهاتووی نیشتمان بکەینەوە، بە دابینکردنی ژینگەیەکی جوان و ئارام کەدوور بێت لەشەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و چەوسانەوە، ناكرێ ساڵانە یەک ڕۆژدابنێین بۆ مناڵان گوایە جەژنیانە، بەڵام ماندوو هیلاک و بێ ژیان بن و بیانچەو سێنینەوە، با واز لەو نەریتە خراپە بێنین کە هەربە قسە جەژنی منداڵان بکەینەوە، هەربۆیە ناکرێت یەک ڕۆژجەژنی بێ بەرامەی ماف و ئازادیەکان بێت بۆ منداڵان، دەبێت، جیهانێکی جوانیان بۆ بەدیبێنین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت