بەناز قادر: کتێبەکەی کارزان کۆیی لەڕوانگەی منی خانمەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێگەو پێناسەی خانمان لەڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە، ناوی ئەو کتێبەیە کەهاوڕێی ئەزیزم (کارزان کۆیی) ئەمساڵ بەچاپی گەیاند، کاریگەری ئەم کتێبە لەسەر دەرون و هزری خانمان وایکرد، چەندین خانم هەڵوێست وەر بگرن و چەندین خانمی تریش خوێندنەوەی بۆ بکەن. منیش یەکێک بووم لەوخانمانەی نەم توانی بێدەنگی هەڵبژێرم لەئاست ئەو توێژینەوە ئەکادیمیەدا کە پڕاو پڕە لەحەقیقەت.
کاتێک ئەو کتێبە دەخوێنیتەوە هەست بەشەرمەزاری دەکەی و دەگەیتە دووڕیانی ئەو ڕاستیەی کەپیاوانی ئایینی، تەنها وەک کاڵایەک دەڕواننە ئێمەی خانمان، نەک وەک مرۆڤ. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، نووسەر لەکتێبەکەیدا بەزمانی گوڵ و بەبەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە، دواوە و پشتی بەسەرچاوە باوڕپێکراوەکانی خودی ئیسلام بەستووە بۆ ئازاد کردنی مێشکی مرۆڤە گەمژێنراوەکان لەنەزانی و کۆیلایەتی جەهالەت. هەر بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە و ڕۆشنکردنی هزری خانمانی گەمژێنراو، نووسەر لەکتێبەکیدا دەڵێت: بازرگانانی ئایین، بوار بەکەس نادەن خوێندنەوەیەکی زانستی و ژیرانە لەسەر دەقە پیرۆز کراوەکان بکەن، لەبەر ئەوەی پیاوانی ئایینی بێگومانن خوێندنەوە و لێکدانەوە و تێگەیشتن لەدەقە پیرۆز کراوەکان، مرۆڤ لەکۆتی نەزانی و خورافیات و فریودان و بێ هزری رزگار دەکات. ئەمەش پێچەوانەی حەز و ویستی پیاوانی ئایینیە، چونکە پیاوانی ئاینی مەبەستیانە کۆمەڵگایەکی گوێڕایەڵ و ئەڵقە لەگوێ بنیات بنێن، تا مرۆڤەکان تەنها دەست بەچمکی عەباکەی ئەوانەوە بگرن، نەک بەهزری خۆیان بیر بکەنەوە.
لەڕاستیدا لەکاتی خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا جگە لە شەرمەزاری بۆ پێگەی ئێمەی خانمان، هیچ شتێکی ترم تیابەدی نەکرد تاببێتە هەوێنی خۆشەویستی لە مابەینی ئێمەی ژن و ئەو ئاینەدا، من دڵنیام ئەو کتێبە گورزێکی کەمەر شکێنە بۆ ئەوانەی دەڵێن ئایین ڕێزی لەخانمان گرتووە، گەر نا باپیاوانی ئایینی و مێزەر لەسەران، وەڵامی ئێمەی خانمان و نووسەر بدەنەوە.
من وەک خانمێک پێش نیاز دەکەم، هەموو خانمان ئەو کتێبە بخوێننەوە، چونکە ئەو کتێبە بەبەڵگەی حاشا هەڵنەگرەوە سەلماندویەت،ی پێگەی ئێمەی خانمان چیە لەئیسلامدا، لێرەدا وەک خانمێک بەپیاوانی ئایینی دەڵێم: بوختانمان بۆ مەکەن تاخەڵکی بەهەڵە تێمان بڕوانن، ئێمەی خانمان ئازادی خۆ ڕووتکرنەوەمان ناوێت، بەڵکو تەنها و تەنها دەمانەوێت وەک مرۆڤ سەیرمان بکەن، نەک وەک کاڵایەک بۆ دەستەبەرکردنی حەزەکانتان. وە ئەگەر کارزان کۆیی هەڵەیەک یا بوختانێکی کردووە لەکتێبەکەیدا، ئێوەی پیاوانی ئایینی ئێمەی خانمانی سەربەست و خانمانی لەچک پۆشی خۆتانی لێ ئاگادار بکەنەوە، بەڵام بێگومانم ئێوە هیچتان لەهەگبەدا نیە جگە لەسوکایەتی کردن نەبێت بە خەڵکانی خاوەن هزری وەک کارزانەکان.
لەکۆتایدا دەڵێم: هاوڕێکەم کاک کارزان کۆیی دڵنیام نووسینەکانت پڕاو پڕن لەمەعریفەت، ئێوە لەشەوەزەنگی تاریکی نەفامیدا مۆمی ڕۆشنکەرەوەتان هەڵگرتووە، هەربۆیە ئێمەو هاوڕێکانت و هەموو کەسێکی ڕۆشنبیر شانازی بەبونتەوە دەکەین، شکۆ بۆ هزرت بۆ ماندوبوونت بۆ حەق بێژیت، ئەی مامۆستای گوڵ و ژیان و خۆشەویستی، هەڵگری ئاڵای بوێری و ئازادی.

 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت