نەوزادى موهەندیس: ڕووسیا و نهێنى پەیوەندییەکانى بە چەکدارە بەکرێگیراوەکانى ڤاگنەرەوە!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ سەرهەڵدان و دەستپێکردنى جەنگى ڕووسیا و ئۆکراینا لە 24. 2. 2022دا، ناوى گروپى ڤاگنەریش سەریهەڵدا کە تائێستاش زانیارى زۆر کەمیان لەبارەوە دەزانرێت، کە ئایا ئەم گروپە کێن و لە چ کەسانێک پێکهاتوون؟ ئەى ڕۆڵ و کاریگەرییان چیە؟ بۆچى و بەچ مەبەستێک کاردەکەن و دروستکراون؟ ئایا ئەم گروپە چەکدارە هێزێکى نیزامى سەربازین؟ یان چەکدارى بەکرێگیراون؟ ئەى توانا و سەرچاوە دارایى و سەربازى و چەک و تەقەمەنیەکانیان لەکوێوە وەردەگرن؟ ئەى پەیوەندى دەوڵەتى ڕووسیاى زلهێز بەم گروپەوە چییە؟و دەیان پرسیارى تریش.
ئەوەى تائێستا لەسەرچاوە ڕۆژنامەییەکان و هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەکانەوە دەسکەوتوون و بڵاوکراونەتەوە دەربارەى گروپى ڤاگنەر بەم شێوەیەیە، بەڵام ئەو زانیاریانەش ڕەنگە سەد دەر سەد ڕاست و وورد نەبن، بەڵام بۆخۆى سەرەداوێکى باشن بۆ ناسین و هەڵسەنگاندنى ئەو گروپە چەکدارە بەکرێگیراوە و ئامانج و کار وکردارەکانیان بەناوى ڤاگنەرەوە.
سەرەتا گروپى ڤاگنەر بریتین لە ڕێکخراوێکى ڕووسى نیمچە سەربازى، یان وەک هەندێکى تر دەڵێن: بریتین لە کۆمپانیایەکى سەربازى تایبەت و بەڵێندەرەکانى لە زۆرێک لە جەنگەکاندا بەشدارییان کردووە. لەوانە جەنگى ئەهلى سوریا لەبەرەى ڕژێمى بەعسى ئەسەددا، و لەماوەى ساڵانى نێوان 2014 و 2015شدا لە جەنگى ناوخۆیى ئۆکراینا لەهەرێمى دۆنباسدا بەشداربوون بۆ پشتیوانى هێزە جوداخوازەکانى کۆمارە میللیەکانى دۆنسیک و لۆهساک دژ بە دەوڵەتى ئۆکراینا.
بەڵام هەندێکى تریش دەڵێن: یەکەیەکى سەربەخۆى سەر بە وەزارەتى بەرگرى ڕووسیان. یان بەڕێوەبەرایەتى هەواڵگرى سەربازى ڕووسیان و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەى ئاستى شەڕکردن و شارەزایشیان لە لایەن دامودەزگاکانى وەزارەتى بەرگرى ڕووسیاوە پێدەکرێت. لەم ڕێگەیەشەوە حکومەتى ڕووسیا بەکاریان دەهێنێت لەو جەنگانەدا کە نابێت بوونى هێزى ڕووسیا ئاشکرابن و هیچ کاتێکیش دەوڵەتى ڕووسیا بە ئاشکرا خۆى ناکاتە خاوەنیان و هەموو پەیوەندیەکیشى لەگەڵیاندا ڕەتدەکاتەوە.
دەوترێت خاوەنى ئەم ڕێکخراوە، یان گروپ و کۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارێکى ڕووسى بەناوى یەفگینى بریگۆجین کە پەیوەندییەکى توندوتۆڵى لەگەڵ سەرۆکى ڕووسیا ڤلادیمیر پۆتیندا هەیە.
ئەم ڕێکخراوە لەساڵى 2014وە لەلایەن دیمیترى ئۆکتینى تەمەن 51 ساڵەوە دامەزراوە کە یەکێک بوە لە جەنگاوەرە سەرەتاییەکان لە چیچان و ئەفسەرى پێشووتر بووە لە هێزە تایبەتەکانى سوپاى ڕووسیاو لەناو ڕیزەکانى موخابەراتى ڕووسیادا. لەناو ڕووسیادا یەکەم کاریشیان بریتیى بوو لە بەشداریکردن لە داگیرکردنى دورگەى قرمى سەر بە ئۆکراینا لەلایەن سوپاى ڕووسیاوە لەساڵى 2014دا. چەکدارەکانى ئەم گروپە لە سەرباز و ئەفسەرە خانەنشینەکانى سوپاى ڕووسیا پێکدێن بۆ دەسکەوتنى پارە و بۆ دانەوەى قەرزەکانیان و بەڕێکردنى ژیان و گوزەرانى خۆیان و خێزانەکانیان و زۆررینەیان لەناوچە گوندنشینە هەژارەکانەوە هاتوون لەبەر سەختى ژیان و گوزەرانیان و بەرامبەر کرێیەکى مانگانە دەجەنگن. لەدەرەوەى ڕووسیاشدا ژمارەیەک هاوپەیمان و هاوکاریان هەیە لە گروپە چەکدارەکان و سوپاى وڵاتان وەک:
سوپاى ڕووسیا و میلیشیاکانى دۆنباس و سوپاى سوریا و هێزى پاسدارانى ئێران و سوپاى ئەفریقاى ناوەڕاست و سوپاى نیشتیمانى لیبیا بەسەرکردایەتى خەلیفە حەفتەر و هێزى بەرگرى مۆزەنبیقى چەکدار و سوپاى چەکدارى مەدەغەشقەر و هێزى پشتیوانى خێراى حەمیدیتى لە سوودان.
لەبەرامبەریشدا نەیار و ناحەز و دوژمنایەتیشى لەگەڵ هەریەکە لەم هێزانەى لاى خوارەوەدا هەیە و جەنگى ڕاستەوخۆى لەدژ بەرپاکردوون وەک:
سوپاى چەکدارى ئۆکراینا و هێزە تیرۆریستیەکانى داعش و جەبهەى نوسرە و دەستەى تەحریرى شام و سوپاى ئازادى سوریا و سوپاى سوریاى ئازاد کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانى دەکرێت و هاوپەیمانى نیشتیمانى بۆ گۆڕان و سوپاى لیبیا بەڕابەرایەتى حکومەتى ویفاق و ئەنسارى سونە لە مۆزەنبیق.
جا لە ماوەى نێوان ساڵانى 2014 تا ئێستا 2023 بەشداریان لەگەلێک جەنگدا کردوە لە ناو ڕووسیا و لەدەرەوەى ڕووسیاشدا لەوانە: جەنگى ڕوسیا و ئۆکراینا و جەنگى ئەهلى سوریا بۆ پاراستنى کێڵگە نەوتیەکان و جەنگى هەرێمى دۆنباس و جەنگى داگیرکردنى دورگەى قرم لەلایەن ڕووسیاوە و جەنگى ئەهلى لیبیا لەساڵى 2016 کە پشتیوانیان لە هێزەکانى خەلیفە حەفتەر دەکردو 1000چەکداریان براونەتە لیبیاوە و هێرشیانکردە سەر تەڕابولسى پایتەخت لەساڵى 2019دا و کێشەى سەرۆکایەتى فەنزەوێلا و هەڵگەڕانەوەى ئیسلامیەکان لە مۆزەمبیق و لەکۆمارى ئەفریقاى ناوەڕاستیش لەساڵى 2017دا پارێزگاریان لەکانە ئەڵماسەکان دەکرد ولە سودانیش پارێزگاریان لەکانە ئاڵتونەکان دەکرد و لە وڵاتى مالیش بۆ شەڕکردن دژى گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان دەجەنگان.
وەک ئاشکراکراوە کە کۆى ژمارەى چەکدارانى ئەم گروپە نزیکەى 5هەزار چەکدارن و لەهەموو جیهاندا بڵاوبونەتەوە و تەنانەت ئەم گروپە چەکدارە بەکرێگیراوە 400چەکدارى لە ئەفریقاى ناوەڕاستەوە هێناوەتە ناو ئۆکرایناوە بۆ تیرۆرکردنى سەرۆکى ئۆکراینا ڤلادیمێر زیلینسکى. و زۆربەى کارەکانیان خۆى دەبینێتەوە لە: بەشداریکردن لە جەنگە ئەهلیەکاندا و ئەنجامدانى تاوانەکانى جەنگ و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و مەدەنیەکان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و دزیکردن و مینڕێژکردنى ناوچەکان کە بەلاى نەتەوە یەکگرتوەکانەوە هەموو ئەم کارانە دەچنە بوارى تاوانى جەنگەوە.
هەرچەندە لە دەستوورى ڕوسیادا دامەزراندنى هێزى سەربازى و بوونى میلیشیاى چەکدارى قەدەغەیە. لەگەڵ ئەوەى دەوڵەتى ڕووسیا یەکێکە لە زلهێزەکانى جیهان و خاوەن هێز و سوپایەکى نیزامى بەهێز و گەورەیە کە خۆى دەبینێتەوە لە هێزە (( وشکانى و دەریایى و ئاسمانى و هێزى ڕۆکێتى ستراتیژى ڕووسیا و هێزى بۆشایى ئاسمانى ڕووسیا و هێزى دابەزینى ئاسمانى ڕووسیا)) کە بەتێکڕایان بەپێى ئامارێک لەساڵى 2014دا دەگاتە 766هەزار چەکدار کە چوارەم سوپایە لەجیهاندا لەڕووى ژمارەوە و ژمارەى یەدەگیشى دەگاتە 2.485.000 چەکدار و خەرجى ساڵانەى ئەم سوپایەش ساڵانە بڕى 76.6 ملیار دۆلارى ئەمریکیە کە لەسەر ئاستى جیهان پێنجەم سوپایە لەڕووى خەرجیەکانیەوە.
بەڵام ڕووسیا سەرەڕاى بوونى ئەو سوپا بەهێز و نیزامیە سەربازیەى پشتیوانى لە گروپى ڤاگنەر دەکات کە هێزێکە دەوڵەتى ڕووسیا بۆخۆى بەکاریان دەهێنێت و خۆشى ناکاتە خاوەنیان و هیچ کاتیش بە ئاشکرا ناڵێت پەیوەندیان پێیانەوە هەیە. ئەم گروپە بەجیا لە سوپاى ڕوسیا شەڕدەکەن و ئەزموونى زۆریان هەیە لەشەڕدا و خاوەنى فڕۆکە و تۆپ و تانکى خۆیانن.
بەڵام بە ئاشکرا سەرۆکى ئەو گروپە لە جەنگى ئۆکراینادا و لەبەردەم کەناڵەکانى ڕاگەیاندندا ئاشکرایى کرد کە بۆ بەرژەوەندى و وەک هاوپەیمانى سوپاى ڕووسیا دژى ئۆکراینا دەجەنگن و لەلایەن دەزگاى هەواڵگرى سەربازى ڕوسیاوە GRU بەڕێوەدەبرێن بەنهێنى و یارمەتى داراییان بۆ دابیندەکرێت و بنکەى مەشق و ڕاهێنانیان لە ناوچەى مولکیتۆدا هەیە لە باشوورى ڕووسیا لە تەنیشت سەربازگەیەکى سوپاى ڕووسیاوە. و ڕەخنەى لە وەزیرى بەرگرى و سوپاى ڕووسیا گرت کە لە شەڕەکاندا وەکو پێویست یارمەتیان نادەن لەڕووى دابینکردنى چەک و تەقەمەنى و …هتد.وە و هەڕەشەى کشانەوەى کرد لەبەرەى جەنگى دژ بە ئۆکراینادا.بەم شێوەیە دەرکەوت کە ئەم گروپە لەژێر سایەى و ڕێنمایى و بە پاڵپشتى دارایى و سەربازى و لۆجستى ڕووسیادا دەجەنگن و پەیوەندى توندوتۆڵیان پێکەوە هەیە و ئیدى ڕووسیا ناتوانێت خۆى لێیان بێبەرى بکات.
بەم شێوەیە ئەم گروپە چەکدارە بەکرێگیراوە سەر بە هێزەکانى ڕوسیایە و لە گەلێک جەنگى وڵاتاندا بەشداریکردوە و تاوانى جەنگیشیان ئەنجامداوە، هەربۆیە لەلایەن ئەمریکاوە زۆرێک لە کۆمپانیاکانى سەرمایەدارى ڕووسى یەڤگینى بریگۆزنیشى گەمارۆى ئابورى خراوەتە سەر وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانى ئەم گروپە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت