بەهرۆز جەعفەر: کاری خێریش «وزە» ی دەوێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئۆکتۆبەری 2011 سەرۆکی پەرلەمان کاک دکتۆر کەمال کەرکوکی وتی؛ کەی بە نیازن دانێکی خێر بە کارەکانماندا بنێن؟! وتم؛ ئێوە ئیشێکی خێر بکەن، ئێمەش ددانێکی خێری پێدا دەنێین! یانی تا ئێستا یەک ئیشی باش نەکراوە؟! با- زۆریش کراوە. تۆ باسی نیشتیمانسازیی دەکەی، وەرە من پرۆژەیەک ئامادە دەکەم « چۆن ئەنفال ببەینە نەتەوە یەکگرتووەکان؟» خۆی لە لێکۆڵینەوەیەک، کۆمەڵێک پێشنیار، هەزاران بەڵگە، پاڵپشتییەکانی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و کیمیاباران لەناوەندە دەرەکییەکان، ددانپیانانی پەرلەمانی عێراق و کۆمەڵێک بەڵگەو دۆکیۆمێنتی دیکە. هەموویم کۆکردەوەو پێشکەشم کردن؛ چوونکە نەدەکرا، ئێمە لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنەکانی بەغدا، ئەملاولا لەسەر هێڵ و گفتووگۆ بین، لەگەڵ حکومەت و قەوارەو پەرلەمانی خۆمان هیچ هەماهەنگیمان نەبێت. کۆتاییەکەی هیچ و هەر هیچ بوو.
لێرەدا، مەبەستم ئەوە نییە؛ کەسێک، یان قەوارەی کوردیی هیچ کارێکی باشی نەکردووە. بەڵکو ئەوەیە بەشێک لە کاراکتەرە سیاسیی و ئیدارییەکانی هەرێم، بۆ جوانکاریی لە وتەکانیان، وەک قسەیەک «تەنها قسەیەک» باسی یەکڕیزیی، یەک سیاسەتی نیشتیمانیی، مەترسییەکان و بەهێزکردنی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆش، لەگەڵ بەرپرسێکی باڵا لە ڕادیۆ، بۆ گەنگەشە میوان بووین، ئەو هەر دەیوت وایەو کۆکم لەگەڵ ئەم قسانە: لەمەولا چارەسەر هەر ئەمەیە کە بۆ پرسی نەوت و گازیی سرووشتی، بۆ لایەنە ئابوورییەکان واو..وا بکەین.
دەی! بەڵێن بێ: داوای موساتەحە، یەکەی نیشتەجێبوون، پلەوپایەو هیچ لە تۆ ناکەم؛ ئەمە پرۆژەو تۆ بیکە!
تۆ سەدان ملیۆن دۆلارت داوە بە دیلۆیت -Deloitte، سەدان ملیۆن دۆلاریشت داوە بە ناوەندە دەرەکییەکان، ملیارەها دۆلاری زیادەشت بەهۆی نەزانی و ڕێککەوتنی ژێربەژێری هەندێ کەسەوە داوە بە کۆمپانیا دەرەکییەکان، هەزاران پیاوی نەخوێنەواریشت کردووە بە مارشاڵ لە سنووری کێڵگە نەوتییەکان و بەڵێندەرن و کۆمپانیای جۆراوجۆریان هەیە. ئینجا سەدان ملیۆن دینار و دۆلار دەدەی بە پەیچ و سایت و چی و چی، تا هەڵەکان وەک ڕاست نیشان بدەن و هۆسەو هەڵەی دیکەش پێک بێنن! ئینجاش دەتەوێ من { وەک کارێک بۆ مزگەوت بکرێ} دەیان کەسی پرۆفیشناڵ و کاریگەر لە عێراق و لە دەرەوە بخەمە سەر هێڵ بۆ ئەوەی پێکەوە پانێڵ و گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە بکەین، تا پرۆژەیەک گەڵاڵە بێت وەک ڕێگەی قووتار و گەشەپێدان، لۆبیش بکەم؛ ئینجاش ئەنجامەکەی هەر هیچ بێت!؟
کاری خێریش وزەیەکی دەوێ، بۆ ئەوەی ڕەوتی خێر بجووڵێ. هەندێ خەڵک هەن، لە شۆفێرێک دەچن، ماشێنەکەی پەکی کەوتووەو داوای پاڵنان لە گەڕەکەکە دەکەن، بەڵام خۆیان چوونەتە ناو ئۆتۆمبیلەکەوە تووند ئیستۆپیان گرتووە! ئێ ناڕوا..وا ناڕوات!
لە خوارەوە لینکی ئەو لێکۆڵینەوەو پرۆژەکە دادەنێم کە چۆن و بۆ ئەنفال ببرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان؟! دەتوانن بە پی دی ئێف pdf بیبینن
https://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=73

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت