نەوزادى موهەندیس: کۆتا سەنگەرى بەرگریکردنى کورد لە یاساى نەوت و غازى داهاتوودا!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەوترێت کە کورد هەمیشە لەسەنگەرى بەرگریکردن و شۆڕش و جەنگە سەپێنراوەکان بەسەریدا هەمیشە سەرکەوتوو و جەنگاوەرى قارەمان بووە، بەڵام لەسەر مێزى گفتوگۆکان هەمیشە دەستبەتاڵ و فریودراو و دۆڕاو بووە. بەداخەوە دواى 32 ساڵ لە دەسەڵات و ئەزموونى حوکمڕانیەکى نیمچە سەربەخۆوە لە ئێستادا تەنها شەڕى مووچە و بەشە بودجەمانە و هەموو مەسەلە گرنگەکانى خاک و نەتەوە و قەوارەى هەرێم و دەسەڵاتەکان لە بیر چونەتەوە و هەریەکەمان لەسەرکردە و پارتە سیاسیەکان لەهەوڵى بەدەستخستنى پۆست و پلەى حیزبى بچووکى بێ ئەرزشداین و هەموو دیاردە دزێوەکانى ناوچەگەرى و عەشرەتگەرى و ئاینى و مەزهەبیمان تۆخکردۆتەوە بەسەر مەسەلەى نەتەوە و نیشیمان و ئازادى و سەربەخۆییدا.
لەنوێترین ململانێ ناڕەواکانیش بریتى بوو لە شەڕى لاوازکردن و بچووکرکردنەوە و دەستبادانى یەکترى لەسەر هەندێ مادەى یاساى بودجە کە لەکۆتایدا هەمووانیان بەزیانى هەرێمى کوردستان دەگەڕێتەوە. بەڕاى بەندە دواى تەسلیمکردنى مەلەفى نەوت بە بەغداد و کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى پێشووترمان ئیدى ناتوانرێت کورد ببێتە بەرگریکارێکى باش و بەهێز، چونکە هەموو پایە بەهێزەکانى دەسەڵاتەکەى کە پارە و هێزى پێشمەرگەى هەبوو تەسلیمکردووە و دەسەڵاتیش بەو دوو هۆکارەوە دەتوانێت خۆڕابگرێت و مقاوەمەت بکات. ڕاستە دەسەڵاتى 32 ساڵەى ڕابووردوومان کامڵ و بێ کەموکوڕى نەبوو، بێ گەندەڵى و دادپەروەرى نەبوو، ڕاستە دەسەڵاتێکى شەفاف و یەکسانخواز و خەمخۆر نەبوو، ڕاستە دەسەڵاتێکى خاکى و خزمەتکارى ڕاستەقینەى سەر ڕاست نەبوو. بەڵام لەمێژووى سەد ساڵى خەباتى کوردایەتیدا لەهەرچوار پارچەکەى کوردستاندا دەسەڵاتێکى بێ وێنەى کوردى و خۆماڵى بوو بەهەموو کەموکوڕییەکانیەوە. بۆیە ئەرکى هەمووان بوو کە تا ئەو پەڕى بیپارێزین و ڕێگە لەبچووککردنەوە و نەمانى بگرین. ئێستاش نەچووە بچێت کورد پایە و خاڵى گرنگ و بەهێزى هەیە بۆ مانەوە و نە وڵاتانى ناوچەکە و نە زلهێزەکانى ئەوروپا و ئەمریکاش لێدەگەڕێن بە ئاسانى کورد بەدەردى سەدساڵى ڕابووردوو بچێتەوە.
بۆیە هەق نیە بێ هیوا بین، بەڵام خۆشباوەڕیش نەبین. چونکە پارێزگاریکردن لەم قەوارەیە کارى جدى و یەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى گەرەکە و دوورکروتنەوە لە خۆخۆرى و ملبادان و دەستشکانەوەى یەکترى گەرەکە، چونکە دەرکەوت هیچ حیزب و سەرکردەیەک گەر پشتیوانى و هێز لەهەموانەوە وەرنەگرێت تەنانت پڕۆژە و دروشمە نەتەوەییەکانیش نابێتە کۆکەرەوەى هەمووان نموونەش ڕێفراندۆمەکەى 25. 9. 2017بوو.
بۆیە ئەوەى لە پێش کورد ماوە بۆ مسۆگەرکردنى ئایندەمان و بەدەستخستنەوەى سەرچاوەیەکى گرنگى داهاتەکان بریتیە لەنەوت و غازى سروشتى هەرێمەکەمان. ئەوەش بەوەى کە کورد هەموو هەوڵێکى خۆى بدات لەکاتى نوسینەوە و داڕشتنى پڕۆژە یاساى نەوت و غازى ئایندەى عێراق جێگە و پێگەى یاسایى و دەستوورى و تەکنیکى و ماف و شایستەکانى هەرێمى کوردستان لە گەڕان و دۆزینەوە و وەبەرهێنان و دەرهێنان و فرۆشتن و پاڵاوتن و گواستنەوە و پیشەسازى پتڕۆکیمیاویات و دامەزراندنى کۆمپانیایەکى نەوت و غازى سروشتى هەرێم مسۆگەر بکات و بچەسپێنێت لەو یاسایەدا. چونکە ئەمە دوا هەل و چانس و سەنگەرى بەرگریکردنى ڕاستەقینەیە بۆ مسۆگەرکردنى مافەکانمان لەو سەروەت و سامانەى کەهەیە و خاڵى بەهێزى دەسەڵاتەکەشمانە و گەڕانەوەى سەنگ و قورسایمانە لەناوچەکە و دونیاشدا، چونکە هەمووان هەرێمێکى دەوڵەمەندیان دەوێت نەک هەژار و لێقەوماو.
هەربۆیە گەرەکە کە کورد هەر لەئێستاوە بەڕاوێژ لەگەڵ دۆست و شارەزاکانى بوارەکەدا لەناوخۆ و دەرەوەشدا بکەوێتە ڕاوێژ و پرس و ڕا و خۆئامادەکردن بۆ ئەو مەبەستە نەک وەکو هەموو جارەکانى تر لەکاتى بەفیڕۆچوودا فریابکەوین و بەپەلەپڕۆزێ دەسکەوتى کەموکورت و بچووک بەدەستبێنین و دواتریش بەیەکترى بفرۆشینەوە و گەلەکەشمانى پێ هەڵبخڵەتێنین.
ئەم یاساى نەوت و غازە گرنگ وگەورەیە چونکە دەبێتە هۆى ڕێکخستنەوەى بوار و کەرتى وزە بەنەوت و غازى سروشتى و هەموو سەرچاوە سروشتیەکانى ترەوە کە کوردستان لەهەموانیاندا دەوڵەمەندە و هەق وایە ماف و خاوەندارێتى بپارێزرێت.
ئەم یاسایە گرنگە بۆ ئایندەى چارەسەکردنى هەموو کێشە و گرفتەکانى نێوان هەرێم و بەغداد.
گرنگە بۆ ڕەخسانى هەلى کارى زۆر و گەورە بۆ گەنجانى کوردستان.
گرنگە بۆ پەرەپێدانى کەرتى وزە بەنەوت و غازى سروشتى و پیشەسازى پتڕۆکیمیاویات لە هەرێمدا.
گرنکە بۆ پشتیوانى و دروستکردنى پەیوەندى و پەیداکردنى دۆستى زیاتر بۆ مەسەلەکەمان بۆ ئایندە.
گرنگە بۆ ئاوەدانکردنەوەى وڵات و خۆشگەوزەرانکردنى هەرێمەکەمان.
گرنگە بۆ کەمکردنەوەى بێکارى و هەژارى و برسێتى.
گرنگە بۆ بەرزکردنەوەى هەموو ئاستەکانى خزمەتگوزاریەکان بۆ ئایندە.
بۆیە بەم هەموو گرنگیانەوە و زیاتریش دەبێت کورد بەو پەڕى تواناى و لێبڕانەوە هەوڵى سەنگەرگرتنى مقاوەمەت بدات لەنوسینەوەى ئەو یاسایەدا و بەیەک دەنگ و ڕەنگ و گوتار و کردارەوە و بەیەکویەکگرتویەوە بچێتە سەر مێزى گفتوگۆگان و ئەمجارە جیاواز لەهەموو جارەکانى ترى گفتوگۆکان پێویستە دەستکەوتى زیاتر بەدەستبێنن و ئیدى ئەو وتە زبرەى ڕابووردوو لە مێشک و هزرى هەمواندا بسڕینەوە کە کورد تواناى گفتوگۆکردن و دیپلۆماسیەتى نیە و هیچ کات سەرکەوتوو نابێت تیایاندا و بۆ ئەوەى ئێستا و ئایندەى هەرێمەکەمان و گەلەکەمان و نەوەى ئایندەش ڕۆشن و ڕوناک بکەینەوە نەک لەبەر دەسکەوتى حیزبى و ململانێى ناڕەوا هەموانیان لەدەستبدەین و ژیان و گوزەران و ئایندەیەکى توون وتاریکیان بۆ بەجێبهێڵین و ئەوانیش لەجیاتى ڕەحمەت نەفرەتمان لێبکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت