بورهان شێخ رەئوف: بریگۆجین لە چێشتلێنەری پوتینەوە بۆ دوژمنایەتیكردنی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی یەفگینی بریگۆجین رایگەیاند هێزەكانی كە ناسراون بە فاگنەر كۆنترۆڵی شاری (رۆستۆف) یان لە باشووری روسیا كردووە، فلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا، ئەو یاخی بوونە سەربازییەی بە خیانەت وەسفكرد.

چێشتلێنەرەكەی پوتین
بریگۆجین كەلای خۆرئاواییەكان بە چێشتلێنەری پۆتین ناسراوە، 24. 6. 2023 دوای ئەوەی شاری (رۆستۆف ئۆن دون)ی باشووری كۆنترۆڵكرد، پەیامێكی ڤیدیۆیی لەڕێگەی كەناڵی تلیگرامەكەیەوە بڵاوكردەوە و وتی: ئەوە ئێمە لێرەین دەخوازین سەرۆكی دەستەی گشتی ئەركانی سوپا و وەزیری بەرگری شویگۆ ببینین، ئەگەر نایەن ئەوا شاری رۆستۆف گەمارۆ دەدەین و بەرەو مۆسكۆ دەجووڵێین.
ئەوەی ماكی ئەم كێشەیە بوو، خراپی پەیوەندییەكانی نێوان بریكۆچین فەرماندەی هێزەكانی فاگنەر بوو كە ژمارەیان سەرووی (25) هەزار كەسە، كە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی پێشوودا، لەسەر تاوانی دزی 12 ساڵ فەرمانی زیندانی بۆ دەركرابوو، تا نۆ ساڵی تەواوكرد لە بەندیخانەدا مایەوە، لەگەڵ شویگۆی وەزیری بەرگری و جەنەڕاڵ ڤالیری جیراسیمۆف سەرۆكی ئەركان و گەورە جەنەڕاڵەكانی سوپای روسیا، كە چەند مانگێكە ئەم ناكۆكیانە درێژەی هەیە، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسووڕمان بوو، هەڵوێستی سەرۆك پوتین بوو، لەم ململانێیەدا بەتایبەتی كە وڵات لە دۆخی جەنگدایە لەگەڵ ئۆكرانیا.

تۆمەتباركردنی یەكتر لە شەڕی ئۆكرانیا
دیارترین دوژمنەكانی فەرماندەی فاگنەر، سێرگی شویگۆی وەزیری بەرگری و ڤالێری گیراسیمۆف سەرۆكی ئەركانی سوپان كە خاوەنی بەرزترین پلەی سەربازی سوپای روسیان، لەم دواییەدا دوای سەركەوتنەكانی ڤاگنەر لە شاری باخموتی ئۆكرانیا، بریكۆجین بە ئاشكرا تۆمەتباری دەكردن كەوا جەنگەكە بۆ حەز و ئارەزوو هەوەسەكانی خۆیان بەكاردەهێنن، هەر بەو هۆیەشەوەیە ژمارەی ئەو جەنگاوەرانەی لەو شەڕەدا بوونە قوربانی، پێنج هێندە زیاتر بوون، وتیشی: «ئەوان بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵدەگرن كە لە روسیادا بە تاوان ناسراوە».
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان نەبوو، رۆڵی فاگنەر بوو لە سەركەوتنی هەژموونی مۆسكۆ لە ئەفریقا و زۆر شوێنی تری جیهاندا، بەڵام كاتێك هێزەكانی فاگنەر چوونە جەنگی داگیركردنی شاری باخموتی ئۆكرانیاوە، كێشەكان دەستیپێكرد، كاتێك بریكۆجین دەستیكرد بە پەلاماردان و داشۆرینی سەركردە و فەرماندەكانی سوپای روسیا و تۆمەتباری كردن بە خیانەت و گومانی هەبوو لە توانای پاراستن و بەرگریكردن لە خاكی روسیا.
ئێستا بریكۆجین بە یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی روسیا هەژمار دەکرێت لە جەنگی ئۆكرانیادا، لە سێبەر و پشت پەردەکانی سیاسەتەوە هاتۆتە بەر رووناكی و بۆتە كەسایەتییەكی خاوەن پێگەی سیاسی و شێوازی خۆی هەیە لە رەخنەگرتن لە فەرماندە سەربازییەكان، بە تایبەتی لە 24 ی شوباتی 2022 لە كاتی پەلاماردانی ئۆكرانیاوە.
بریكۆجین وای لێهات هەر بە رەخنە و سەرنجەكانەوە نەوەستێت، بەڵكو هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هێزەكانی لە شاری باخموتی ئۆكرانیا دەكشێنێتەوە لــــە پێش 10. 5. 2023 بەهۆی زیانی زۆر و كەمیی زەخیرە و پێداویستیی جەنگی، تەنانەت هەندێك لایەن ئەم هۆشدارییەیان بە رەخنەی راستەوخۆ بۆ كەسی سەرۆك پوتین لە قەڵەم دا، هەر لێرەدا ئاماژەكانی یاخیبوونی لە پوتین دەركەوت!
وەزارەتی بەرگری روسیاش هەرچەند خۆی لادەدات لە وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی كە بەرەوڕووی دەكرێتەوە، بەڵام وەڵامی هۆشدارییەكەی بریكۆجینیان دایەوە و وتیان، هەڵوەشاندنەوەی هەماهەنگی لەنێوان هەموو بەشە جیاوازەكانی هێزەكانی روسیا لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە جگە لە دوژمنەكانمان.

بەرگریكار نین لە نیشتمان
ئەوەی گرنگە، نەك هەر بۆ روسیا بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانی جیهان، كە هێزی میلیشیا و خەڵكانی یاخی لە یاسا و خاوەن باكگراوند و پرۆفایلی تاوانی كوشتن و بڕین بۆ بەدەستهێنانی پارە و سامان، نابنە بەرگریكار لە نیشتمان و وڵات و سەروەربوونی یاسا، بەڵكو بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان دەپارێزن و كەس خێرییان لێ‌ نابینێت، ئەوەش لە زۆرێك لە وڵاتی تردا هەر بەو جۆرەیە دەبێت و جیاوازیی نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت