شێرزاد شێخانی: هەر وەکوو حكومەتەكەی لای خۆمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم رۆژانە لەفەیسبوك چیرۆكێكی گەورە نوسەری تورك عەزیز نەسینم خوێندەوە بەزمانی عارەبی. چیرۆكەكە زۆر بە تاموچێژ بوو، پەندوعیبرەتی زۆریشی تێدایە، زۆریش لەوەزعەكەی لای خۆمان ئەچی، بۆیە وەرمگێڕایەوە سەر زمانی شیرینی كوردی. هیوادارم بە دڵتان بێ.

چیرۆكی: پیاوە خوێڕییەكە
نوسینی: عەزیز نەسین
پیاوێك بە سەفەر ئەچێتە لادیێەك. كە ئەگاتە ئەوێ سواری تاكسییەك ئەبێ بۆ گەڕان بەناو دێیەكەدا. لەو كاتەدا چاوی بە خانوویەكی زۆر جوانو قەشەنگ ئەكەوێ كە خەڵكیكێ زۆر لەپیاوو ژن و منداڵ لەبەر دەرگاكەی وەستاون. لەشوفێرەكەی ئەپرسێ” ئەمە ماڵی كێیە؟. ئەویش ئەڵێ: ئەوە ماڵی پیاوێكی خوێری و سەرسەرییە خوا بیباتەوە، ئەو پیاوە حكومەت ناردوویەتی بۆ خزمەتی خەڵكی ئەم دێیە. كابرا لێی ئەپرسێ ” ناوی چییە؟. ئەویش وەڵامی ئەداتەوە” خوا خۆی و ناوەكەشی بباتەوە. ئێمە پێی ئەڵێن پیاوە خوێری و هیچوپووچەكە. چونكە بە ڕاستی و بە مانای وشە خوێرییە.
كابرا زۆری پێ سەیر ئەبێ، چونكە لەرووخساری شوفێرەكە دیاربوو كە پیاوێكی بە ویقارو بەڕێزە، چۆن بەم زمانە ناشیرینە قسە ئەكات.
بۆ ئێوارەكەی كابرا چووە چایخانەی دێیەكەو دانیشت. لەگەڵ خاوەنی چایخانەكە کەوتە قسەو لێی پرسی” رات چییە بەرامبەر ئەو پیاوەی کە حكومەت بۆتانی ناردووە تا خزمەتتان بكات؟ چایچییەكە تفێكی هەڵدایە سەر ئەرزەكەو وتی” خوێری و سەرسەری و هیچوپووچە “!. لێی پرسی ” بۆچی وا ئەڵێی؟ وەڵامی ئەداتەوە” تكات لێئەكەم باسی ئەو پیاوەم بۆ مەكە با ئەم ئێوارەیەم لێ تاڵ نەبێ!.
ئیدی كابرا لەهەر كەسێكی ئەپرسی رات چییە بەرامبەر ئەم پیاوە؟ هەمان وەڵامی ئەدرایەوە ( خوێری و سەرسەری و هیچوپووچە ). بۆیە بڕیاریدا ئەمجارەیان خۆی بچێتە لای پیاوە خوێرییەكەو لەنزیكەوە بیبینێ و بزانی بۆچی رای خەڵكی لەسەری بەمجۆرەیە. كاتێك ئەچێتە ماڵی پیاوەكە ئەبینی خەریکی تیمارکردنی جوتیارێكە كە پێیەكانی زامدار بوونەو، ئەویش بە لۆكەو دەرمان چارەسەری بۆ ئەكات و سیستەرێکیش هاوکاری ئەکات. ئەم دیمەنە زۆری پێ سەیر ئەبێ. لێی ئەپرسێ” تۆ پزیشكی؟. ئەویش ئەڵێ ” نا “!..
لەودەمە ژنە جوتیارێكی گەنج بە مناڵیكەوە خۆی ئەكات بە ژوورەوە. پیاوەكە مناڵەکە ئەگرێتە باوەشیەوەو جلەكانی لەبەر دائەكەنێ کە سەیری جەستەی مناڵەکە ئەکات یەكسەر ئەقیژێنێ بەسەر ژنەكەوە پێی ئەڵێ” هەی زاڵم بۆ وات لەم مناڵە بەستەزمانە كردووە؟. ئیدی مناڵەكە جوان جوان ئەشوات و كەمێ پۆدرەشی پیا ئەكات و بە سۆزەوە بە ڕێی ئەكات!.
دوای ئەویش جووتیارێك دێتە ژوورەوە پرسیاریكی لێئەكات سەبارەت بە کارێکی كشتوكاڵییەوە، ئەویش زۆر بە رێكوپێكی وەڵامی ئەداتەوەو رێگای ڕاستی بۆ دەستنیشان ئەكات و ئەویش بەرێی ئەكات. بە تەنیشت ئەویشەوە پیاوێکی هەژار ئەبینێ و هەندێ پارە ئەخاتە گیرفانیەوەو پێی ئەڵێ ” بڕۆ خۆت تێر بکە، چونکە هەندێجار برسییەتیش هۆكارە بۆ نەخۆشی.
ئیدی كابرا چوو لەتەنیشت ئەو پیاوە دانیشت و سیستەرەكەش چای بۆ هێنان كە ئەویش خێزانی خۆی بوو. لەقسەكانی دەركەوت ئەم پیاوە زۆر بەسۆزو رەحمو بەزەییە و زۆریش تێگەیشتوو رۆشنبیرە. پێی سەیر بوو خەڵکی بەمشێوەیە باسی ئەکەن.
كاتێك گەڕایەوە لای شوفێرەكە پێی وت” ئێوە باسی خراپی ئەو پیاوە ئەكەن، بەڵام من لەگەڵی دانیشتم لەخۆیو ژنەكەی بەسۆزترم نەبینیوە. شوفێركە پێی ئەڵی” تكات لێئەكەم ئەو مەزووعە داخە، تۆ نایناسی چەنێ خوێری و هیچووپووچە.
كابرا خەریكبوو شێت ئەبوو بەدەست ئەم گوندنشیینانەوە، بۆیە بۆ بەیانییەكەی چووە لای پارێزەری دێیەكەو لێی پرسی” ئەو پیاوە كە بە خوێری ناوی ئەبەن هیچ دزییەكی لەخەڵکی ئەم دێیە كردووە ؟ وتی “نەخێر، چونكە ئەو خۆی و ژنەكەی دەوڵەمەندترین خێزانی ئەم وڵاتەن. جا ئێمە چێمان هەیە لەم دێیە تاکو بیدزێ؟. لێی ئەپرسێتەوە” باشە هیچ جارێك کارێکی کردووە ببێتە هۆی پچڕانی هێلی تەلەفۆنەكانتان؟ پارێزەرەكە وتی” نەوەڵلا ، بە عەكسەوە هیچ خەتێكمان ئیشی نەئەكرد كە ئەو هات هەمووی چاك كردەوە!.
كابرا بەم وەڵامە زیاتر شێتوهار بوو، هیچ سەری لەم بەزمە دەرنەئەكرد. بۆیە بڕیاریدا بڕواتەوە و ئەم دێیە نەگبەتییە بەجێ بهێڵێ.
بۆ رۆژی دواتر لەوێستگەی شەمەندەفەر پارێزەرەكە هاتبوو بۆ ماڵئاوایی لێكردنی. پێش ئەوەی كابرا سواری شەمەندەفەرەكە بێ پێی وت ” ئەتەوێ پێت بڵێم بۆچی بەم پیاوە ئەڵێین خوێری و سەرسەری و هیچووپووچ “؟. وتی ” بەڵێ. بۆچی؟. وتی “كاتێك حكومەت فەرمانبەرێكمان بۆ ئەنێرێ خزمەتمان بکات و بەدڵمان بێ و خۆشمان بوێ، یەكسەر وەکو سزایەک لێرە ئەیگوازێتەوە بۆ شوێنێكیتر. هەر كاتێك میللەتیش بەدەست فەرمانبەرێکی حکومتەوە ناڵاندی و هاواری لێ هەڵسا، ئەوسا حكومەت دەستكاری ناكات و ئەیهێڵێتەوە، بۆیە ئێمەش چوار ساڵە بە دەست ئەم پیاوە حەساوینەتەوەو زۆرمان خۆش ئەوێ و ناتوانین دەستبەرداری بین، بۆیە بە گوێی حکومەتا ئەدەین کە پیاوێكی خراپ و خوێرییە تاكو چوار ساڵی تریش لەناوماندا بمێنێتەوەو خزمەتمان بکات و دێیەكەمان بۆ بكاتە بەهەشتی سەرزەمین.

چیرۆكەكە لێرەدا كۆتایی هات. پێتان وانیە ئەم چیرۆكە لەلاێ ئێمە زۆر دووبارە ئەبێتەوەو دەقاودەق باس لەوەزعی خۆمان ئەكات؟ باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت