شێرزاد شێخانی: وتاری کورد ” راستییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە ڕاستی” وتاری کورد ” وتارە راستەقیینەکەی کوردە. مینبەرێکی ئازادی بێ سنوور. پێگەێکی ئازاو چاونەترس، سەکۆیەکی کراوە بۆ هەموو قەڵەمێک. گۆرەپانێک بۆ هەمو جۆرە راوبۆچوونێک.
هونەرە مینبەرێکی رۆژنامەنووسی ئەوەندە جورئەتی هەبێ، بە وتارەکانی عەڕشی دەسەڵاتێکی زاڵموستەمکارو دزو گەندەڵ بهەژێنێ.
مینبەرێک عاسی لەکڕینو فرۆشتن، عاسی لەکڕینی ویژدانی، عاسی لەفرۆشتنی کەڕامەتی خاوەنەکەی.
وتاری کورد باخچەیەکی قەشەنگی رازاوەیە قەڵەمە ماندووەکان تێیدا دەحەسەێنەوە.
وتاری کورد، ژینگەیەکی لەبارە بۆ پێگەیاندنی قەڵەمە تازە پێگەیشتووەکان.
مینبەرێکە بۆ ئەوانەی تەحەدای زوڵموزۆرداری دەسەڵاتی ستەمکاری کوردی دەکەن.
پەڕەیەکە بۆ پاراستنی قییەم وئەخلاقی کوردایەتی و رۆحی شۆڕشگێڕایەتی لەلای تاکی کورد.
پێگەیەکە بۆ پاراستنی کلتوور ڕەسەن و ئادابی کوردەواری و مێژووی دێرینی کورد.
بۆیە وتاری کورد، وتارە راستەقیینەکەی کوردە بەشمەینەت و چەوساوەکەیە و ناوەکەی لەگەڵ خۆیدایە.
دوو جار دەستەکانی کاکە لاوک کۆنجرینی ماچ دەکەم.
جارەکیان لەبری ئەوەی سەرباری مەشغولییەتی بە پەیدا کردنی نان و قووتی خۆی و منداڵەکانی لەوڵاتێکی بێگانەدا ئینجا لەسەر حیسابی حەسانەوەی جەستەو رۆحی خۆی لەخەمی دۆزی کوردو خاوەن قەڵەمەکاندایە وهەمیشە هەوڵ ئەدات باشترین نوسەری کورد بۆ لای خۆی رابکێشی. دووەمیشیان لەبرێ ئەو پانتاییە ئازادییەی بەبێ بەرامبەر بۆ خاوەن قەڵەمە بوێرکانی فەراهەم کردووە.
کەمن ئەوانەی لەم سەردەمە نەگریس وهیچووپووچەدا دەتوانن بە رۆحی شۆرشگێڕیتی لەبەرامبەر دەسەڵاتی کوردکوژو دزوگەندەڵی هەرێم جورئەتی ر ووبەرووبوونەوەیان هەبێت. کەمن ئەوانەش لەوڵاتێکی خۆشگوزەرانی ئەوروپیدا خەمخۆری میللەتەکیان بن، چێژ لەجوانیەکانی ولاتەکەیان نەبینن هەندی چێژ لەخزمەتکردنی پەیامێکی پیرۆزدا دەبینن.
چەند ساڵێکە لەگەڵ وتاری کورددا بەردەوامم . بە ماڵی خۆمی ئەزانم بۆیە لەم یادە پیرۆزەدا سەری رێزو نەوازش بۆ کاکی گەورەم لاوکی کۆنجرینی دائەنەوێنم، دەستەکانی ئەگووشم. هیوای تەمەن درێژو لەشساغی بۆ ئەخوازم. بە ئاواتم هەمیشە لەپێشى پێشەوە سەرقافڵەی چیینە کۆڵنەدەرو رۆشنفکرەکاندا میللەتەکەمان بێت بۆ خزمەت وگەیاندنی پەیامی ( کورد ).
زۆر جار هەندێ لەبرادەران لەسەر نوسینو رەخنەی وتارەکانم دژ بە دەسەڵات گلەییم لێدەکەن. منیش هەموو جارێ پێیان ئەلێم: من قەڵەمێکی تاکم .. دەسەڵاتیش جەیشێکی زەبەلاحی لە نوسەرو کۆلکە نوسەر و قەلەمفرۆشانی هەیە، با جورئەت بکەن قسەکانم بە شێوازی ئەدەبیانە وەڵامبدەنەوە ، بەڵام ئەوان ناوێرن تەنانەت لەسەر لاپەڕە زەردەکانیشان جورئەت بکەن نوسینەکانم بە درۆ بخەنەوە.
ئەوان ناتوانن وتارەکانم بسووتێنن، یاخود بیانکڕن، چونکی مینبەرەکەی من ( وتاری کورد).
دوا رۆژ دەری دەخا کێن ئەوانەی دەستیان ئەنا بەناو چاوی دەسەڵاتی زاڵموستەمکار، کێشن ئەوانەی بە پارەی دزراوی نەوت و سامانی وڵات بوونەتە زوڕناژەنی دەسەڵاتێکی ساقیت و پووچەڵ.
بەڵی ( وتاری کورد ) وتاری راستەقیینەی کوردە. وتاری دەسەڵاتیش بۆ ناو زبڵدانی مێژوو.. باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت