دانا مەنمی: دروشمی نان و ئازادی لە قۆناغی شۆڕشگیریدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەمی نان و ئازادی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەدەلێکی ئاینی ئەبسەلوت کە دەیەوێ لە رێگای ھەمان پرسیاری نان و ئازادییەوە بانگمان بکات بۆ جۆرێک لە ملکەچی و رازیبوونێکی ئەبەدی، ئیدی هەم نان و هەمیش ئازادی جێگەی پرسیارو بۆمان گرنگ نەبێت. لەلایەکی تریش خەمی نان و ئازادی پرسێکی گرنگی ناو کایەی شۆڕشگیری بووە کە ژیانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەرخانکردووە و لە پێناویدا خەباتیان کردووەو بونەتە قوربانی. لە پاڵ ئەمانەیشدا، نان و ئازادی، خەمی زۆرێک لە بیرمەندان بووەو کە لە پلاتۆنەوە بۆ دیکارت و مارکس و ھۆبزو… هتد بە میتۆدی جیاواز تێڕامانی خۆیان لە بارەوە کردووە، هەڵبەت ئاینیش دەرباری نان و ئازادی قسەی خۆی هەیەو وەک جۆرێک لە تابۆی دینی وێنای دەکات.
نان و ئازادی، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا، ململانیەکی فیکری لە نیوان حەزرەتی مەسیح و بیرمەندان بەدوای خۆیدا هێنا. کاتێک حەزرەتی مەسیح دەرکەوت، وەک ئاماژەیەک بۆ ونبوونی لایەنی رۆحی و فکری لە ناو دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە وتی: ( مرۆڤ تەنھا بە نان ناژی). لە وەڵامدا بیرمەندان قسەکەی مەسیحیان پێچەوانە کردەوە و وتیان: (مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی). دواتریش لە سەرەتاکانی سەدەی 21دا لە هەناوی وڵاتانی کۆمۆنیستیدا جوڵانەوەیەکی نوێ سەری هەڵدا و وتیان: (مرۆڤ تەنیا بە ئایدۆلۆژیا ناژی و پێویستی بە نان و ئازادییە). هەموو ئەمانە ڕاستن مرۆڤ نە بە بێ نان، نەبەبێ ئازادی، ئیمکانی بەردەوامی ژیانی نییە و نان و ئازادی بۆ وجوودی ئینسان پێویستی جدیین.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک تەجروبەی خراپدا وەستاوین کە کە پایەی تاکڕەویی و فاشیزم بەهیزتر بووەو مەترسی جدی لەسەر ( نان و ئازادی ) ئینسانەکان زیاتر بووە. خەمی ئازادی لە حەڤدەی شوباتی 2011 فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی تاک و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەمی خزمەتگوزاریی و نا دادپەروەریی و سەروەرنەبونی یاسا بوو، شۆڕشی حەڤدەی شوبات لێکەوتەکانی جوان بوون، بەڵام بەهەموو جوانییەكانییەوە، خەڵك هێشتا نەگەیشتبوونە ئەو ئاستە هۆشیارییەی کە پارتی و یەکێتی لە خشتەی نەبات.
لە دوای سالانی 2014 وە خواستی شەقام لەسەر خۆپیشاندان دەبێتە خواست لەسەر مسۆگەرکردنی نان و مووچە و قووتی هاونیشتمانی، لەو ساوە تا ئیستا پارتی‌و یەكێتی بێباکن و بەرامبەر کۆمەڵگاو هەر كەسێكی ناڕازیی، دەیان شەقوەشێنیان پەروەردە کردووە و بەرامبەر هەر بەردێكی ناڕازیی، هەزاران فیشەكیان هەیە! و خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن، پارتی و یەکێتی هەموو نەریتە جوانەکانی ناو شۆڕش و کوردایەتی و ڕاپەرین و ئەزموونی بەناو دیموکراسیان کوشت، دوای سی ساڵ لە حوکمرانیەتی کوردی هێشتا دروشمی نان و ئازادی لە قۆناغی شۆڕشگیریدایە، نان هەر بۆ ئەوانەیە کە کوێرانە دوای پارتی و یەکێتی کەوتوون، ئازادیش هێشتا بە عەقڵ حیزب و پێوەرەکانی حیزب مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کۆی هێزە سیاسییەکانی تری بەناو ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر ئەو دۆخە مەینەت بارە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی گەورەیان لە ئەستۆیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت