بەهرۆز جەعفەر: لووتکەی ڤیلینۆس: دواتر ناتۆ چی دەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژی 11-12ی تەمموزی 2023 لووتکەی ناتۆ لە پایتەختی لیتوانیا «ڤیلینیوس» سازدەکرێ.
* ئەمە چوارەمین لووتکەیە، لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ڕووسیاوە لە ئۆکراین ناتۆ ئەنجامی بدات.
* ئۆکراین دەیەوێ بچێتە پاڵ ناتۆ، ڤلادمیر زیلینسکی لە سەردانەکەی7 ی تەمموزی 2023 پاڵپشتی دۆستانەی تورکیای بە دەستهێناوە. سوویدیش چاوەڕوانی ئەوەیە تورکیا دەست لە ڤیتۆکەی هەڵبگرێت و، گفتوگۆکانیان لە برۆکسل سەبارەت بە داواکانی تورکیا لە سوید هەنگاوی باشی بڕیوە.
* ئەم لووتکەیە جیاوازتر دەبێ، هەنگاوی گرنگیش لە سیاسەتەکانی خۆرئاوا لەمەڕ جەنگی ئۆکراین دێنێتە ئاراوە؟ بە پێی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا « جیک سولیفان» هەریەکە لە بایدن و ئەردۆگان لە لووتکەکەدا چاویان بەیەک دەکەوێت. هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان و تورکیا « بلینکن و فیدان» لەبارەی ڕەوش و بڕیارەکانی لووتکەکەوە گفتوگۆی تەلەفۆنیان هەبووە.
* ئەم لووتکەیە، سێ بابەتی سەرەکیی تاوتوێ دەکات، یەکەمیان پرسی بەرگریی لە ئۆکراین، دووەمیان پرسی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ کە بابەتێکی هەستیار و چارەنووسسازە و چاوەڕێ دەکرێ ناتۆ ئەم بابەتە یەکلا بکاتەوە. سێهەمیان، پرسی کۆچبەر بڕستی لە لیتوانیاو بیلا ڕووسیا بڕیوە. وڵاتانی ناوچەی بەلتیق « لاتیڤیا، لیتوانیا وئیستۆنیا» و هەروەها ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەگشتی هەموویان پێشووتر لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، هەندێکیشیان تا ئەمدواییە لە ژێر باڵی ڕووسیادا بوون، بەڵام ئێستا هەموویان ئەندامن لە ناتۆ. ئەو جێگەیەی لووتکەکەی لێ سازدەدرێ بەنزیکەیی تەنها (150) کیلۆمەتر لە سنورەکانی ڕووسیاوە دوورە!
ئینجا، لەماوەی نێوان نۆڤەمبەری 2022 کە پێشووتر لە مەدرید لووتکەکە بەڕێوەچوو بوو، تا ڕۆژی سازدانی لووتکەی ناتۆ لە ڤیلینیوس سێ ڕووداوی گەورە ڕوویانداوە:
یەکەمیان/ خۆرئاوا و ناوەندە هەواڵگیرییەکانیان پێش چاویان ڕوون بووەتەوە، کە ڕووسیا لە ڕووی توانای سەربازیی و پیشەسازییەوە، ئەو وڵاتە نییە کە بەردەوام بە پێی پێداویستی جەنگەکە چەکی پێویست بەرهەم بهێنێت. بۆیە بەدیاریکراوی شەش ڕۆژ پێش ئەم لووتکەیە ئیدارەی بایدن بڕیار دەدات بۆمبی هێشوویی بدرێت بە ئۆکراین و پاڵپشتی ماددیی زیاتریشی دەکات.
دووەمیان/ لەمیانەی گۆڵمەزی ڤاگنەرەوە، بۆ ڕای گشتی جیهانی ئەوە ساخبۆیەوە کە ڕووسیا خاوەنی دامەزراوەی بەهێز نییە لەناوەوە؛ کەسێک لەسەر دزی لە زیندان بووە، ئازاد دەبێ و ساندویچ دەفرۆشێ، دواتر خۆی دەگەیەنێتە نزیکیی سەرۆک و خواردنی بۆ درووست دەکات، ئینجا کۆمپانیای خواردن و خۆراک دادەناو دەبێتە ملیاردێر، ئینجا بۆ ئەوەی پرۆژەو ملیارەکانی سەلامەت بێ، میلیشیایەک بەناوی پاراستنی دەوڵەتەوە درووست دەکات و دواتر لە سەرۆک و دەوڵەت هەڵدەگەڕێتەوە لە قۆناخێکی هەستیاریی مێژووییدا!؟
سێهەم/ سەرقاڵبوون بەم جەنگەوە کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی و مەترسیی گەورەی جیهانیی بە دەست لێ نەدراوی هێشتۆتەوە، وەکو: گەرمبوونی گۆی زەوی (بەپێی ئەسۆسیدت پرێس: ئەم هەفتەیەی کە لووتکەکەی تیا بەڕێوە دەچێت 12000دوانزە هەزار ساڵە زەوی وا گەرم نەبووە)، پرسی نزیکبونەوەی ئێران لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، پرسی ڕێگای گەشەو تەنینەوەو تەقینەوەی چین وەک زلهێزێک بە هەموو کووچەیەکی جیهاندا، پرسی هەڵاوسانی دارایی جیهانی، پرسی ئاسایشی وزەو ئاسایشی خۆراک.
بۆیە، هەر (31) وڵاتە سەربەخۆ و ئەندامەکەی ناتۆ کە لە باکوری ئەمریکاو ئەوروپا پێک دێن، هەر (21) وڵاتە بەشدارەکەی کە بەناوی هاوبەشیی لە پێناو ئاشتی دا لە ناتۆدان، هەروەها (15) وڵات کە بەناوی دیالۆگی دامەزراوەیی لە ناتۆن. هەموویان پەلەن و پەلە دەکەن لە یەکلایی کردنەوەی پرسی بەرگریی لە ئۆکراین لە پێناو یەکلابوونەوە بە قازانجی ئۆکراین و خۆرئاوا، هەروەها ئەندامبوونی سوید و فینلاند بێ سەرئێشە تێدەپەڕێنن.
تورکیا، لە سیستەمی نوێی جیهانی و هەرێمایەتییدا ( سەڕەڕای گرفتە قووڵە نێوخۆییەکانی) ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. ئەمەش واتای ئەوە دەدات پرسی کورد لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ئیتر دەرئەنجامی لووتکەکە چی و چۆن لەسەر هەڵسوکەوتی ڕووسیاو پووتین دەکەوێت، ئەو گرفتە قووڵانەی لەسەرەوە بیر هێنرانەوە، ئەو بابەتانەی لەم لووتکەیەشدا تاوتوێ دەکرێت، هەرچی و چۆنێک بێت نەزمێکی نوێی جیهانی، پێناسەیەکی نوێ بۆ سیستەمی نێودەوڵەتیی و چۆنییەتی کارکردنی، بووەتە تاکە فاکت و جیهانێکی نوێ و ناوێکی نوێ بەدەم ڕێگاوەیە؛ فرە جەمسەرییە، جەمسەریی ئابوریی بە ڕێبەرایەتی چین و سەربازیی بە ڕێبەرایەتی ئەمریکایە، داڕمان و لەبەر-یەکهەڵوەشانی ئەوروپایە بەهۆی کۆمەڵێک کێشەوە لەناوخۆی وڵاتەکانیاندا، قۆناخی پۆست جەمسەریی و نەمانی جەمسەرە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، زیادبوونی ڕۆڵی زیرەکی دەستکردە، ڕێککەوتنی نهێنی ڕووسیاو ئەمریکایە بۆ ڕاگرتنی جەنگ و دەرئەنجامەکانی جەنگەکە لەسەر لایەنەکانی دیکە نێگەتیڤ دەوەستێت. تادوایی، هێشتا جێگیر نەبووە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت