بەهرۆز جەعفەر: دیسان مەسەلەی بۆڕییەکەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەسەلەی بۆڕییەکان، یان لوولەکانی وزە، مەسەلەی «جیۆپۆڵەتیکی وزە» یە. ئەوەی چۆن یەدەگی نەوت و گازەکە بکەین بە سەرمایە و سەرمایەگوزاریی دیکەشی لەسەر بکرێت، ئەمەیان مەسەلەی «بازاڕ»ە. بازاڕ و جیۆپۆلەتیک پەیوەندیی بەتین درووست دەکەن لە نێوان یەکە نێودەوڵەتییەکاندا.
خزمایەتییەک جیۆپۆڵەتیک درووستی بکات درێژخایەنترە لە خزمایەتییەک بازاڕی ئابوریی درووستی بکات. نزیکایەتییەکیش بازاڕی ئابوریی درووستی بکات کاریگەرییەکەی زیاترە، بەڵام دەشێت کاتیی بێت؟! چوونکە جیۆپۆڵەتیک بوارێکی داخراوترە، داخراوتر واتە لێرەدا سنوور هەیە، ناسنامە هەیە، نزیکایەتیی جوگرافیی و مێژوویی هەیەو تا ڕادەیەک سرووشت ئەو واقیعەی سەلماندووە دەوڵەتی ئەلف، با و جیم، پێکەوە کوتلەیەک درووست بکەن، یاخوود پاس بەیەکدی بدەن و دەرگا بۆ یەکدی بکەنەوە. بەڵام بازاڕ ئامۆزای مۆدێرنیتەیەو برای جیهانگیرییە و ناوکی لیبراڵیزمە؛ واتە سنوور نییەو نایناسێت؛ دەرفەت هەیەو نەوت و گاز دەفرۆشی و دۆلار وەردەگری. بەمجۆرە زەمینەی هاوبەشی ئابوریی و بازرگانی بۆ یەکدی بەرجەستە دەکەن.
ئازەربایجان، یەکێکە لەو پێگانەی گۆی زەوی، کە بە شوێنی سەرهەڵدان و لەدایکبوونی پیشەسازیی نەوت دەژمێردرێت. هەربۆیە ساڵی (1878) یەکەمین لوولەو هێڵی وزەیان ڕاکێشاوە. ئازەربایجان هەر یەدەگی سرووشتی نەوت و گازی نییە « واتا هەر بازارێکی گرنگ نییە»، بەڵکو بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو ( 5 ) هێڵی وزە بەوێدا، یان لەوێوە بەرەو جیهان ڕۆشتوون. ئازەربایجان کاریگەرترین دەوڵەتی ناوچەی قەوقازە لە دوای جەنگی ساردەوە سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، واتە لەبن دەستی ڕووسیادا دژی ڕووسیا نەبووە و بەشێکیشە لەبازاڕی ئەوروپی. لوولەیەکیان بەرەو ڕووسیا، یەکێکیان بەرەو جۆرجیا، یەکێکی دیکەیان بەناو خاکی تورکیادا بۆ ئیسرائیل هەبووە « بە درێژایی ساڵانی نەوەتەکان و سەرەتای دوو هەزارەکان وزەیان بە ئیسرائیل فرۆشتووە»، بۆیە ئازەربایجان مەسەلەی جیۆپۆلەتیکیشە.
تا تەواو لە چێشتخانەکان {ناوەندەکانی بڕیاڕ و پشت پەردە}دا پرسی بازار و جیۆپۆڵەتیک شەن و کەوی تەواو نەکرێت، هیچ بڕیارێک لەسەر هیچ پرسێکی تایبەت بە نەوت و گاز نادرێت.
کاتێک نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی پاریس-ICC هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ڕێککەوتن لەسەر بابەتی نەوت. لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا بێژەرەکەی کەناڵی کوردستان-24 لێی پرسیم:
– نەوتی هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا هەناردە دەکرێتەوە.
وەڵامەکە؛ نەخێر، هەناردە ناکرێت.
– ئەی وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی کورد لە بەغدا دەڵێن لە دوو هەفتەی ئایندەدا هەناردەکردن دەست پێدەکاتەوە، چوونکە عێراق پەرۆشەو زیان بە بوودجە دەگات و… تادوایی.
وەڵامەکە؛ نەخێر لە دوو مانگی تریش نا، بەڵکو تا نزیکەی ساڵێکی تر هەناردە ناکرێتەوە.
ئینجا، دوای ماوەیەک لە کەناڵی کوردسات و ڕووداو باسی «هێڵی بانیاس» مان کرد، دەوترا ئەم هێڵە کۆن بووەو ڕزاوەو، سوریا ئارام نییە و دوورەو… تادوایی. بە نووسین و بە دیداری تەلەفزیۆنیش بە « پێشینەی کار» ناومان برد. دووری چی!؟ چوار کۆمپانیای چینی دەتوانن لە چوار مانگدا هەموو شتێک بکەن. بە مەترە بیپێوی دووری نێوان پەمپەکەی فیشخابور و بانیاس ( 971 ) کیلۆمەترە. دواتر ئەوەیە کە بینیرا سەرەکیترین تەوەری کۆبونەوەکەی ئەسەدو سودانی لە دیمەشق ڕاکێشانی لوولەیەکی وزە بووە بە ڕێگەی سوریاوە بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست «مێدیتریانە- Mediterranean». لێ ئەمەیان تۆزێک نا « زۆر» تورکیا تووڕە دەکات.
لای خوارەوە، لە 25 ی نۆڤەمبەری 2022 لینکی لێکۆڵینەوەیەکی ئێمە لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی هەیە بەناونیشانی « جیۆپۆڵه‌تیكى وزه‌و ململانێى حه‌وزه‌كان: ڕوانگه‌یه‌ك له‌ په‌ناى به‌ ئاسایش كردنى سیسته‌مى نوێى هه‌رێمایه‌تى و جیهانییه‌وه‌» بڵاوبۆتەوە، دەکرێت کۆمەکی زیاتری خوێنەر بکات.

https://www.mirs.co/

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت