نەوزادى موهەندیس: دواى 100ساڵ کورد چ پەندێکى لە ڕێکەوتنامەى لۆزان وەرگرتووە؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە پێش 100ساڵ و لە ڕێکەوتى 24 تەمووزى 1923 دا ڕێکەوتنامەى لۆزانى شووم بۆ کورد و کوردستان لە نێوان هەریەکە لە ( ئیمپراتۆریەتى بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و یابان و یۆنان و ڕۆمانیا و یۆگۆسلافیاى هاوپەیمان و سەرکەوتووى جەنگى جیهانى یەکەم و تورکیاى دۆڕاوى جەنگەکەدا) واژۆکرا لە دواى ڕێکەوتننامەى سێڤرە کە لەبەرژەوەندى کوردو کوردستاندا بوو، لە ڕێکەوتى 10ى ئابى 1920 واژۆکرا. ئەم ڕێکەوتننامەیە هەموو خەون و خەیاڵەکانى کوردى ئەو سەردەمە و بە ئێستاشەوە زیندەبەچاڵکرد و خراپترین و شوومترین ڕێکەوتننامەیە بۆ کوردو کوردستان لەدواى ڕێکەوتننامە هەرە شوومەکەى سایکس-بیکۆ لە 16/ 5/ 1916دا کە بۆ دووەمجار کوردستانى گەورەى کردە نەک دوو پارچە، بەڵکو چوار پارچە و دواتر ئەم ڕێکەوتنە بووە هۆى هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتننامەى سێڤرە کە یەکەم ڕێکەتننامەى نێودەوڵەتى بوو بە قازانجى دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردى،دواتریش ڕێکەوتننامەى شوومەکانى سەعدئاباد لە 8/7/ 1937 و هاوپەیمانى سەنتۆ //بەغداد لە 24/ 2/ 1955 لەهەمووانیان شوومتر و بەزەبرتر بوو بۆ کورد و کوردستان.
ئەوەتا دواى 100ساڵى ڕێک هێشتا کورد نەک نەیتوانیوە ئەو ڕێکەوتنە ئاوەژووبکاتەوە بە قازانجى خۆى، بەڵکو لەو ڕێکەوتنامەیەش خراپترى بەسەر خۆیدا هێناوە و نەک هەر ململانێى توند دەکات لەگەڵ داگیرکارانى کوردستاندا، بەڵکو بونەتە دۆستی نزیک و بەرژەوەندخوازى یەکترى و هاوپەیمان و خاوەن بەرژەوەندى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و … هتد، پێکەوە. جا ئیدى ئەم 100ساڵە وەکو ئەوە وایە کە کورد لە بازنەیەکى بۆشادا بسوڕێتەوە و لەجێگەى خۆى بجوڵێت بەبێ ئەوەى هەنگاوێک بچێتە پێشەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کورد لە یادى 100ساڵەى ئەو ڕێکەوتنە شوومەدا چى کردوە و بەنیازى چییە و ئەرکى قۆناغى داهاتووى چییە؟
بەداخەوە کورد لەماوەى 100ساڵى ڕابووردوودا چەندین شۆڕشى چەکدارى و خوێناوى و ڕاپەڕینى مەزنى کردوە و توانیویەتى کۆمارێکى ساواى کوردستان لەساڵى 1946 دابمەزرێنێت لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەردەوامیش بدات بە شۆڕشە چەکدارییەکانى کەتائێستاش بەردەوامە، بەڵام بە لاوازى، لە باکووریش بەشە هەرەگەورەکەى کوردستان و لەناوجەرگەى دەوڵەتى فاشى عوسمانى و تورکى ئەتاتورکیدا شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى ئاگریداخ و دەرسیم و دواتریش شۆڕشى چەکدارى نوێى بەڕابەرایەتى پەکەکە و لە باشوورى کوردستانیشدا شۆڕى 14ساڵەى ئەیلول و دواتریش شۆڕشى نوێ لە ساڵى 1975 و لە ئێستاشدا پەڕلەمان وحکومەتێکى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى 31 ساڵەى دامەزراندووە. لە ڕۆژئاواى کوردستانیش لەساڵى 2011وە دەسەڵاتێکى خۆسەرى و بەڕێوەبردنى دامەزراندوە وبە هەزاران شەهید و قوربانى داوە لەهەرچوار پارچەکەى کوردستاندا، بەڵام هەر لەو 100ساڵەشدا کۆمارى سوورى سۆڤیەتى لەسەردەمى ئەتاتورک و ستالیندا هەڵوەشایەوە و کرایە قوربانى بەرژەوەندى و پەیوەندیەکانى ڕووسەکان و تورکەکان و کوردان ڕووبەڕووى پڕۆسە بەدناوەکانى ئەنفال و کیمیاباران و قاتوقڕکردن و جینۆساید بونەتەوە لەهەر چوار پارچەکەدا. بەرخۆدانى کوردان نموونەیەکى باڵاى قوربانیدانە لە مێژووى شۆڕشەکانى گەلان ومرۆڤایەتیدا لەسەر خاک و ئاوى خۆى و نهێنى مانەوەشى ڕەسەنایەتى وهەر ئەو بەرخۆدان و ملکەچنەبوون و چۆکدانەدانەیەتى. بەڵام ئەى پاداشت و دەسکەوتى ئەو هەموو قوربانیدانە چیبوون؟بەکوێ گەیشتوون؟ کورد لە کوێى هاوکێشە سیاسى و ئەمنى و ئابورییەکانى جیهانى سەردەم و شڵەژاو و پڕبەرژەوەندیە ئابورییەکانە لە ئێستادا؟
کورد وەک ئەرکى خۆپاراستن و خۆپارێزى بەوپەڕى تواناوە هەوڵى خۆیداوە، بەڵام لەلایەک هۆکارە ناوەکى و دەرەکى و ناوچەییەکان یارمەتیدەرى نەبوون و بەرژەوەندیە گەورەکانى زلهێزە ناوچەیى و دونیاییەکان لە مەسەلەى کورد گەورەتربوون و هەمیشە کوردیان کردۆتە قوربانى لەنێوان خۆیاندا و کورد و سەرکردایەتیەکەشى نەیتوانیوە بەباشى و زیرەکانە خوێندنەوەى بۆ ڕووداوەکان هەبێت و هەلەکان بقۆزێتەوە لەلایەک لەبەر ململانێى ناڕەواى بچووک لەسەر دەسکەوت و پلەو پۆست و دەسەڵاتە بێ ئەرزشەکان و لەلایەکی تریشەوە خۆفرۆشى و خاکفرۆشى و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ داگیرکارانى کوردستاندا. هەربۆیە هەموو هەوڵەکانى کورد بابادا چووە و ئەنجامێکى ئەوتۆى لێنەکەوتۆتەوە.
کورد لە ئێستادا و دواى 30 ساڵ لە جۆرێک لە سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەسەڵاتێکى کوردى بێ وێنە لەمێژووى خەباتى کوردایەتیدا کە خاوەنى پەڕلەمان و حکومەت و دەسەڵاتى خۆیەتى، خەریکە هەڵە مێژووییەکانى ڕابووردوو بە خوێناویترین شێوە دووبارە و دەبارە دەکاتەوە و بەدەستى خۆى ئەوەى هەیە و نیە لەناویدەبات و بەدەستى خۆى پیلانى دوژمنان و داگیرکاران و داڕێژەرانى ڕێکەوتننامەى لۆزان و جێبەجێدەکات و خەریکە نەک لۆزانى ڕابووردوو زیندوودەکاتەوە و گیانى بەبەردا دەکاتەوە، بەڵکو بەکردارەکى لۆزانێکى نوێ نەک هەر لەبەشى باکوور، بەڵکو لە باشوور و ڕۆژئاوادا جێبەجێدەکات بە دانان و دامەزراندنى بنکە و بارەگاى سەربازى تورکیا و لەدەستدانى کەرکوک و زیندووکردنەوەى خەونى ولایەتى موێڵ و لەناوبردن و دوژمنایەتیکردنى کوردانى ڕۆژئاوا و دروستکردنى خەندەقى جیاکردنەوە و داخستنى دەروازەى سمێڵکا بە ڕوویاندا و هەراسانکردنى کوردانى ڕۆژهەڵاتیش. بۆیە گەر ئەوکاتەى لۆزان واژۆکرا کورد بێهێز و بێ دەسەڵات و خاوەن قەوارەیەکى سیاسى و ئیدارى سەربەخۆى خۆى نەبوبێت خۆ ئێستا لە دوو پارچەى کوردستاندا خاوەن قەوارەیەکى کوردانەیە، ئەى بۆچى هێشتوومانە و کەوتوینەتە ناو تەڵە و تەپکەى بەرژەوەندخوازى و بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى وڵات و میلەتەکەمان و ملکەچکردن بۆ دەوڵەتانى داگیرکارى کوردستان و خۆخۆرى و ملبادان و شکاندنى یەکترى.

کورد بەنیازى چییە؟
بەداخەوە لە ئێستادا کورد هێندەى سەرقاڵى ململانێى ناڕەواى ناوخۆییە لەهەربەشێکدا لە نێوان سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان و ئەوەتا دوو حیزب و سەرکردە نیە کە بتوانن ببنە هاوپەیمان و ڕێکبکەون و کارى هاوبەش و پێکەوەیى ئەنجامبدەن و هەرپارچەیەکیش لەگەڵ ئەویتردا لە ململانێ و دژایەتى و پیلاندانانە بۆ یەکترى. ئیدى ئەم سەرقاڵیە بێهودە و نەبڕاوە ناوخۆییەى کورد بوارى نەهێشتۆتەوە بۆ بیرکردنەوە و پلاندانان بۆ یەک و یەکگرتوویى و کارى پێکەوەیى و برایەتى و تەبایى و ڕێکخستنەوەى نێو ماڵە گەورە نەتەوەییەکەى کوردان.
هەربۆیە لە یادى 100ساڵەى ڕێکەوتنى لۆزانى شوومدا کورد نەک هەرهیچى نەکردووە، بەڵکو بۆدواوەش گەڕاوەتەوە و وەک دەڵێن گەر هەنگاوێکى هاویشتبێت بۆ پێشەوە دەیان هەنگاو پاشەکشەى کردووە بۆ دواوە. لەگەڵ ئەوەى بەراوورد بە 100ساڵى ڕابووردوو کورد خوێندەوارتر و ناسراوتر و مەسەلەکەى گەورەتر و گەرموگوڕتر بوە لەسەر ئاستى ناوچەکە و دونیادا و پەیوەندى و بەرژەوەندییە سیاسى و ئابورى و ئەمنیەکانى فراوانتر و دەوڵەمەندتریشە لەڕووى سەروەت و سامان و داهات و ئابوریەوە و بوونى دۆست و یارەکانیەوە. کەچى هێشتاش لە بازنەیەکى بۆشى مێژوودا دەسوڕێتەوە و هێشتاش هیچ پەندێکى لە ڕێکەوتنامەى لۆزان وەرنەگرتوە و نەیتوانیوە ئەو ڕێکەوتنە کاڵ بکاتەوە و کانسڵیشى بکاتەوە و ڕێکەوتنێکى نوێ بەبەرژەوەندى خۆى و ئایندەى نەتەوەکەمان و نیشتیمانەکەمان بنوسێتەوە و بیچەسپێنێت.
بۆیە ڕەنگە بۆ ئایندەش کورد هەروابمێنێتەوە گەر بەم عەقڵیەت و گیان و بیرکردنەوەیەوە کار و خەبات بکات و درێژە بە میراتە ڕەشو وتوون و تاریکەکەى خۆخۆرى و براکوژى و ململانێى ناڕەوا و خەسڵەتە دزێوەکانى خۆفرۆشى و خاکفرۆشى و خیانەتکردن بەردەوامى پێبدات. لەکاتێکدا دەوڵەتى تورکیاى دوژمنە سەرسەختەکەى کوردوکوردستان وەک دەڵێن لەسەر ئاگر چاوەڕوانى کۆتایى هاتنى ماوەى 100ساڵەکەى ڕێکەوتنامەکەیە و بۆ ئەوەى هەموو کۆت وبەندە سەپێنراوەکانى سەرى هەڵبوەشێتەوە و ئیدى دەستکراوە بێت بۆ پەلکێشان و فراوانخوازى وەکو ئەردۆگان دەیەوێت و خەوى پێوەدەبینێت کە ببێتە یەکێک لە 10 وڵاتە پێشکەوتوەکەى جیهان و هەموو سەروەریەکانى ڕابووردووى سەڵتەنەتى عوسمانى بگێڕێتەوە. جا ئەمەیە مەترسیەکە بۆ سەر کورد و کوردستان، بەڵام ئایا جیهانى ئەمڕۆ ڕێگە بەو کار و کردەوە و خەونانەى تورکیا و ئەردۆگان دەدات وەک 100ساڵ لەمەوپێش ڕێگەیانپێدابوو؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت