پشتیوان جەمال: نەبوونی یەک لیستی لەکەرکوک، مەترسی و دۆڕانێکی تر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد لەعیراقدا دژی دەوڵەتی عێراق نەبووە، بەڵكو دژی سیستەم و دەسەڵاتەكانی بووە، كە مافەكانی زەوتكردووە و شەڕی وەرگرتنەوەی خاك و دەسەڵات بووە. ئەگەر لەپێشتردا ئەم شەڕانە. بەیاخی بوون لەشاخ و شێوازی تربووبێت، لەئێستادا ئەم قۆناغە شەڕی سیاسیی و پەرلەمانی و دەستووری و هاوبەشێتی راستەقینەیە لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە. ئەم شەڕەش بە بەهێزی كورد لەبۆتەیەكدا دەكرێت، كە بەشێوازێكی دیكە دەبێت کە بەسەركەوتوویی بكات بۆ وەرگرتنەوەی خاك و ماف و كیانە داگیركراوەكەی. باشترین نمونە بۆ ئەم فۆڕمە لەکارکردنە بۆقۆناغێکی نوێ لەخەباتکردن لەپێناو کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان.
سەرۆک جەلال بوو لەساڵی 2004، لە ئەنجوومەنی حوکم كوردستانی بوونی ئەم ناوچانەی سەلماند، بەرپرسانی عیراقی بەئاگاهێنایەوە کە سنوری کوردستان چیای حەمرینە و کەرکوک کوردستانیە. مام جەلال بە ڕێکخستنی یەک گوتاری کورد و بە زمانی نەرم و دیبلۆماسیەت بەڵگە کوردستانیبوونی ئەم ناوچانەی سەلماند. بەعەرەبەکانی وت: چەندە قودس بۆ ئێوە گرنگە،کەرکوک بۆئێمەی کورد ئەوەندەگرنگە.
مێژوویەکی دوور و درێژە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی تر، لەگەڵ ئەوەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە شاری پێکەوەژیان و فرەنەتەوەیی بووە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە كێشە و ناكۆكیەکان هەمیشەیی بووە، كورد بە هۆکاریی دیمۆگرافییەوە جەختی لە كوردستانی بوونی كەركوك كردووە و لە بەرامبەردا عەرەب و توركمان زیاتر بە هۆكارە سیاسییەكانەوە، بانگەشەی كوردەكانیان ڕەت كردۆتەوە. بەهاتنی حکومەتە یەک لەدوایی یەکەکانی عیراق ئەم کێشەیە بەردەوامبووە، دواجار گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە بیر لە گۆڕینی یەكجاریی دیمۆگرافیای ئەم شارەودەروبەری وەك چارەسەرێك بۆ شوناسی بە عەرەبکردن کرا. پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق تاڕادەیەکی زۆرباش توانی هێزو باڵادەستی بەکورد ببەخشێت بەسەرئەم ناوچانەدا، لەڕووی هێزەوە باڵادەست بوو، بەڵام لەئاستی سیاسی و دانوستاندنەکاندا، بەتایبەت مەسەلەی ماددەی 140 کە بەربەستێک بوو نەیتوانی بیبڕێت، سەر باقی کێشەو ململانێی کوردیش خۆی چارەنوسی ئەم ناوچانەی بێچارەسەر هێشتەوە،تا دواجار سەرکێشی کردن بۆبڕیاری “ڕیفراندۆم” لەم ناوچاندا، کوردی گەیاندەوە خاڵی سفر.
ئەوەی ئێستا دەتوانێ تاڕادەیەکی باش کورد بێنێتەوە مەیدانەکە، کارکردنە بۆدروستکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کەوابڕیارە لە 18. 12. 2023 دابکرێت، بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بایەخ و گرنگیەكی زۆر گەورەی هەیە لەچاو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر کورد لەم ناوچانەدا بەیەک لیستی بچێتە هەڵبژاردنەوە، چونکە یاسای هەڵبژاردنەکان”سانتلیۆ” یە، تەنها دەرفەت دەدات بەسەرکەوتنی ئەو کاندیدانەی کە هاوپەیمانیەکانیان گەورەن، چانسی حزبە بچوکەکان تیادا زۆرکەمە.
بەتایبەتی یەکێتی نیشتیمان کوردستان و پارتی بتوان تەواوی حزبەکوردیەکان ڕازیبکەن بێنە ناویەک لیستی، دەتواندرێت ببێتە ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە سەپێندراوەی بەسەرئەم ناوچانەدا هاتووە. وە بەپێچەوانەشەوە دەرئەنجامەکەی حوكمڕانی و بەدەستەوەدانی ئیدارەی ناوخۆیی لەو پارێزگایانەی لێدەكەوێتەوە كەكورد تیایاندا پێکهاتەیەکی بەرچاوە، وە شکستێکی گەورەش ڕووبەرووی دەبێتەوە بەتایبەت لەئێستادا دۆخی ناوچەکە و عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێ و وا پێشبینی دەکرێ، ئەم هەڵبژاردنە بۆ زیاتر لە خولێک بەردەوامبێت. بۆیە پێویستە کورد هەوڵبدات لانی کەم ئە گەر زورینە نە بێت، نەبێتە کەمینە و بتوانێت نيوەی دەنگەکان بە دەست بھینێت. تاڕۆڵیی لە قەزا و ناحیەکان هەبێت، جگە لە پرسی پۆستی پاریزگاری کەرکوک کە لە دوای ڕوداوەکانی ڕیفراندۆمەوە لە دەستی کورد نەماوەو بۆچونێکی زاڵ لە نێوان پیکهاتەی عەرەب و تورکمانەکان هەیە کە جارێكی تر ڕێگە نەدرێت ئەو پوستە بەر کورد بكەوێتەوە. بۆیە کورد ئەگەر بە ئیستیحاقی خوی لەو هەلبژاردنە سەرکەوتن بەدەست بێنێت، دەتوانیت ئەو پوستە وەربگریتەوە، هەمو ئەوانەش بەوە دەبێت کە کورد یەکڕیزو یەک هەڵوێست و یەک لیست بێت، بە تایبەتیش کەهەڵبژاردن بە پیوەری “سانتلیگۆ”یە و بە زیانی لیستە بچوکەکانەو ئەگەر کورد چەند لیستێک بێت، ئەوا دەنگێکی یەکجار زۆری دەفەوتێت، هەر ئەو عەقڵیەتە بەردەوامدەبێت کەدەیەوێت کوردلەم ناوچانەدا دەسەڵاتی نەمێنێت، وەک نمونەی یاسای بودجەو یاسای هەڵبژاردن و بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق، تادەگات بەداگیرکردنی زەویە کشتوکاڵیەکانی کورد.
زۆرگرنگە ئەو مەترسی و پێشهاتانەی چاوەڕێ دەکرێن وا لەحزبەکوردیەکان بكات بەیەكەوە لە پێناوی شوناسی كوردو پاراستنی پێكهاتەو ئیدارەو ژیانی كورد و خاكی پیرۆزی ئەو ناوچانە بەیەكلیستی و بەیەك گوتاری راستەقینەو دڵسۆزانەی كوردیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكەن، ئەم پرسە نیشتمانیانە رایان بچڵەكێنێت و بوەستن لەئاست مەترسییەکان و لەدەستدانی ئیدارەدانی ئەم ناوچانە، گەر حزبە کوردیەکان بەو ناکۆکی و پەرتەوازیەی ئێستاوە کە هەیه، بچنە هەڵبژاردنەوە، چارەنوسی کورد دەخەنەوە مەترسیەوە، بێباکی و مل نەدانی هەر هێزێکی سیاسی لەم ناوچاندا ئۆباڵی شکستی کوردی دەکەوێتە ئەستۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت