سامانی وەستا بەکر: لۆزان دەرەنجامە نەک هۆکار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم بابەتە کۆکراوەیەکە لە مێژووی پەیوەست بەکوردەوە، نەک تەنها وتارێک.
مێژوو:
بریتییە لە گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەوەی لە رابردووا روویاوە، لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری رووداوەکە، لێکدانەوە و شرۆڤەکردن و بەستنەوەی بە کات و سەردەمی خۆیەوە، بەراوردکردنی لەگەڵ ئیستا و پێشبینی کردن بۆ داهاتوو. هەر لێکۆڵینەوە و قسەکردنێک لەسەر مێژوو بە هزر و بیرکردنەوە بنووسرێتەوە، بایەخی زانستیی نابێت.
لەڕوانگەی پێناسەی مێژووەوە کە شرۆڤە و لێکدانەوەی سەردەمی خۆیەتی و بەستنەوەی بەئێستاوە و پێشبینی کردن بۆ داهاتووش بۆیە بەگرنگی ئەزانم هەندێ ڕووداویی مێژوویی و بەڵێن و پەیمانامەی وابەستە بەکوردەوە بەبیری خوێنەر بەگشتی و بڕیاربەدەستان بەتایبەتی بهێنمەوە. چونکە ڕەوشی هەنووکەی هەرێم ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بۆتەوە کە ئەکرێ بەگەڕانەوە بۆ مێژوو سود وەربگیرێ بەر بەشکست بگیرێ.

گۆشەی یەکەم: سیاسی کورد، ئاهورامەزادی بێگانە و ئەهریمەنی کورد.
لە سەرەتاكانی ژیانی مرۆڤایەتیەوە، چەمكی “خێر و شەڕ” وەك دوو دیوی دراوێك، لە بنەما بنەڕەتیەكانی شارستانی مرۆڤایەتیا بوونی هەیە. لە زۆربەی كلتورەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیا، فێری ئەوە بووین كە خواوەند هێمای خێر و چاكەیە و رێنیشاندەری رێگەی راستە، لەهەمان كاتا بوونەوەرانی تریش هەن كە بەرپرسیارن لە بوونی شەڕ و خراپەكاری و هاندانی مرۆڤ بۆ لادان لە رێگەی راست، ئەم بوونەوەرە نەرێنیانەش لە بوونی شەیتانا بەرجەستە ئەبن.
لە ئایینی زەردەشتیا كە بە یەكێك لە كۆنترین كلتورە ئایینییەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەژمارئەكرێت، “ئاهورەمازدا” سەرچاوەی خێر و چاكەكاریە و “ئەهریمەن”یش سەرچاوەی شەڕ و خراپەكاریە.
هەرچەن بە لاپەڕەکانی مێژووا بگەڕێی، ئەبینی کە سیاسی و دەسەڵاتداری کورد هێماکانی ئەهریمەنی بە بۆماوەیی هەڵگرتووە و لە مێژووی لایەنی کەمی ٤٠٠٠ ساڵی ڕابردووا تا ئەگاتە ئێستا هەمیشە ئەهریمەنی بەرژەوەندی گەل و یەکپارچەیی خاکی کوردستان بوون، هەروەک چۆن هەڵگری هێماکانی ئاهورامەزدان بەرامبەر بێگانەو داگیرکەر و دوژمنانی گەلی کورد.
کەمـێـک ووردبیـنـەوە لە ئەتڵەســی مـێــــژوو تـێـئەگەین کە لە چــەرخــی Homo spaiens وە واتە لە نێــوان 100،000 تــا 350،000ی پـێـش عـیـســـا، مرۆڤــی نیاندرتــاڵ لە کوێــی ئــەم نــاوچـــەیەیــــا ژیــاون. هــەروەک چــۆن لەو کاتــەوەی مــرۆڤ خــۆی ناســیوەو کەوتــۆتــە بازرگانی، یان فــراوانکردنــی ناوچــەی دەســەڵات لەو شــــوێـنەیا نیشــتـەجــێ بــووە کە ئەمــڕۆ پێــی ئەوتــرێ کوردســتان، کە ئەویـش هەردەم ســەرەڕێــی و قوڵـفـی بەیەکگەشــتنی ڕۆژهەڵات بــووە لەگەڵ ڕۆژئــاوا و نــاوەندی ڕێــی بازرگانەکان و هەروەهــا گۆڕەپــانــی جەنگیــش بووە بــۆ هەردوولا بــۆ ســەر یـەکــتــر. دانـیـشـــتـوانی ئەم هــەرێـمە، یان نـاوچــەیەش هەمیشــە خــۆیان لەســەنگەری بەربەرەکانــێ بــۆ ئەمــلا، یــان ئەولایــا بـیـنـیـوەتــەوە.
هەڵبەتە پێش ١٠٠ ساڵ کاتێ پەیماننامەی لۆزان نوسرایەوە، کورد بە ڕەفتاری کەرت و پەرتی بۆماوەیی خۆیی و پشتکردنە یەک و پشتبەستن بە دوژمن، هۆکاری سەرەکی بوو کە ئەو پەیماننامەیە بەوجۆرە دەرچوێنرێ و کورد تاکی کورد لە خەونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێبەشکرێ..
بۆئەوەی تاکی کورد بەشێوەیەکی ڕاست و سود وەرگرین لە ڕابردوو، ڕێگرتن لە لۆزانێکیتر پێویستە لە مێژووی دوور و نزیکی خۆی بەباشی ئاشنابێ، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش بەندە هەستاوم بە کۆکردنەوەی مێژووی میرنشینە کوردییەکان و ڕیزکردنی پەیمانامە نێودەوڵەتییەکان، تاوەکو تاکی کورد بەئاسانی و بێ سەرلێشێوان و بەکورتی و چڕی، گرنگترین وەرچەخانی مێژووی نەتەوەکەی خۆی بەردەستکەوێ و لەوەش تێبگا کە تا ئێستا هۆکاری نەبوونی دەوڵەتی کوردی هەر خودی کورد خۆیەتی و پەند لەو مێژووە وەرگرێ و دووبەرەکی، نۆکەری بۆ بێگانە، خۆفرۆشی و خاکفرۆشی لەناخی خۆیا بتۆپێنێ.

گۆشەی دووەم: میرنشینە کوردییەکان.
میرنشین، یان خانەدان، یان ناوچەی خۆبەڕێوەبەری، چەندین قەوارەی نیمچە سەربەخۆی کوردی بوون کە لە ماوەی سەدەکانی 16 تا 19 لە شەڕی بەردەوامی نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و ئێرانی سەفەوی ھەبوون.
کورد لە سەردەمی ئایینی ئیسلامیشا لە خاکی کوردستانا، چەند دەوڵەتێکی جیاوازیی دامەزراندووە. بەپێی باری ئەو دەمە، کۆی ئەوانە دەوڵەتی ھەرێمی بوون و لە ژێر سەرۆکایەتیی ھەندێک خێزانا بوون، نەک دەوڵەتی موئەسەسات، نمونە:
دەوڵەتی حەسنەوی: ساڵی 941 تا 1014ی زاینی. لە باشووری کوردستاندا، لە شاری “جیبەل” خانەدانێکی کورد بە ناوی “حەسنەوی”یەوە دایمەزراند و دواتر شارەکانی ھەمەدان و مەھاباد و کرماشان و شارەزووریشی گرتەوە.
دەوڵەتی شەدادی: ساڵئ 951 تا 1088ی زاینی. سەرۆکی تیرەی ڕەوادی، محەمەد شەدادی دەوڵەتی شەدادیی کوردی دامەزراند و سنوورەکەیشی، لە شاری ڕەواندزەوە تاکوو شاری گەنجە ـ ئازەربایجانی ئێستا ئەکشا، لەو کاتەیا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانا دەوڵەتی شەدادی و لە باکوور دەوڵەتی مەروانی و لە باشووریشا دەوڵەتی حەسنەوی ھەبوون.
مێرنشینی مەروانی: ساڵی 985 تا 1097ی زاینی. باد دۆستەک دەوڵەتی مەروانیی دامەزراند و مەییافەرقینی کردە پایتەخت بۆ خۆی. سنووری دەوڵەتی مەروانی لە ماوەیەکی زۆر کەما فراوان کرا و تاکوو ھەرێمی نسێبین، جەزیرە، مەعدەن، ئامەد، ڕەحا، بەدلیس و مەلازگریی گرتەوە.

تێبینی/ لەسەردەمی دەوڵەتی تورکە سەلجوقییەکان دەوڵەتی شەدادی و مێرنشینی مەروانی بوونی هەبووە، کە هەردووکیان بە دەستی سەلجوقییەکان کۆتاییان پێهێنراوە، ئەمە لە کاتێکا کە بە تەنها مەروانییەکان زۆر بەهێزتربوون لە سەلجوقییەکان. توغرولبەگ سوڵتانی سەلجووقییەکان، لە ساڵی 1043دا توغرولبەگ بە سەرۆکایەتیی توغا ئاسغلی 1000 سواری ناردە سەر مەییارفەرقین، بەڵام ھێزی سەلجووقیی تورک بەرانبەر سوارچاکیی مەروانی خۆیانیان ڕانەگرت و پیس شکان و تاڵانیش کران، بەڵام سوڵتانی سەلجوقییەکان کۆڵی نەیا و جارێکیتر فەخرودەولەی ناردەوە سەر مەروانیەکان و ساڵی ١٠٨٦ فەخرودەولە هێرشی کردە سەر “وان”ی پایتەخت و کۆڕەکەی زەعمیرولڕوئەسا هێرشی کردە سەر ئامەد و ساڵی 1097 کۆتاییان بە سەردەمی مەروانییەکان هێنا و هەر لە هەمان کاتا ساڵی 1088یش کۆتاییان بە دەوڵەتی شەدادی هێنا. ئەمە ئەوەمان پێئەڵێ کە کورد هەرگیز یەکنەبووە، ئەگەرنا مەروانییەکان و شەدادیەکان بەیەکە وە و بەیەکدەست ئەیانتوانی کۆتای بە سەلجوقییەکان بهێنن و کورد لە زوڵمی مێژووی تورک ڕزگاربکەن کە تا ئێستاس بەردەوامی هەیە و ئەشمێنێ.
ئیمپڕاتۆریی ئەیووبی: ئەیووبییەکان تیرەیەکی کوردن و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ژیاون. نوورەدین مەحموود، لە سەدەی دوانزەیەمدا دەوڵەتی زەنگیی لە ناوچەی کەرکووک، مووسڵ، حەلەب دامەزراند. سەڵاحەددینی ئەییووبی لە ساڵی 1171دا ھەلی بۆ ھەڵکەوت و دەستی بە سەر دەوڵەتی فاتیمیی میسرا گرت و دەسەڵاتی خۆی ئاشکرا کرد و لە جێی دەوڵەتی فاتیمی، دەوڵەتی ئەیووبیی دامەزراند. ساڵی 1174دا سنووری دەوڵەتی ئەیووبیی ئیسلامیی فراوان کرد و بوو بە خاوەن دەسەڵات. سنووری ئەم دەوڵەتە لە میسرەوە تاوەکوو حیجاز، یەمەن، فەلەستین، سووریا، کوردستان بوو. سەڵاحەدین ھێزێکی سوارچاکی لە کورد دروست کردبوو وە توانی شاری یۆرشەلیم “قودس” بخاتە ژێر ڕکێفی قەڵەمڕەوی خۆی.
ئەگەرچی سەلاحەدین خۆی کورد بوو وە لەشکرەکەشی لە سوارچاکی و لاوی ئازای کورد پێکهاتبوون بەڵام ئیمپراتۆرەکەی کوردی نەبوو، بەڵکو ئیسلامی بوو. بەهۆی زاڵبوونی هەستی ئاین بەرامبەر نەتەوە لەلای سەلاحەدین، ئەمە لە کاتێکا لە هەمان کاتا تورکە سەلجووقییەکان و چەندین دەوڵەتی نەتەوەیتر بوونی هەبوو. سەڵاحەددینی ئەییووبی لە ساڵی 1193دا مرد و ئیتر دەوڵەتی ئەیووبی بەرەو سستبوون ئەچوو، تاکوو لە ساڵی 1250دا دەوڵەتی ئەیووبی کۆتاییی پێ ھات.
میرنشینی بەدلیس: ئەو میرنشینە لە شاری بەدلیس لە باکوری کوردستان ھەر لە سەردەمی عەباسیەکانەوە سەری ھەڵاو، مەزنە پیاوانی کۆنفدراسیۆنی ھۆزی ڕۆژەکی دایانمەزراندووە، دەسەڵاتیان بە پشتاو پشتیش سەدان ساڵی خایانووە، خانەوادەی خانەدانی مێژوونوسیی بەناوبانگ شەرەفخانی بەدلیسی ھەمەکارەو میری ئەو میرنشینە بوون. لە کتێبی شەرەفنامەدا دەگوترێت، میرنشینەکە لە سەردەمی میر زیائەدین ڕۆژکیدا کە لە ناوەڕاستی سەدەی چواردەهەمی زایینی میری میرنشینەکە بووە، سنوری میرنشینەکەی فراوان کردووە بۆ باکووری دەریاچەی وان و زۆر بەهێز بووە، بە درێژایی مێژوو 18 میری هەبووە.
خیانەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی و ڕزگارکردنی میر لە ساڵی، لە سەر پێشانیاری شا ئیسماعیلی سەفەوی ڕێککەوتنێک لەنێوان سەفەویەکان و میرنشینی بەدلیسدا ئیمزاکرا و بۆ ماوەیەک کۆتاییان بە شەڕ هێنا. ماوەیەک دوای ڕێککەوتنە لە سەر بانگهێشتی شا ئیسماعیل ئەمیر شەرەفخانی میری بەدلیس و ژمارەیەک سەرکردە و پیاو ماقوڵی میرنشینەکە بەرەو کۆشکی شا ئیسماعیل بەرێدەکەون، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەیی دوژمنانی گەلی کورد کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان بەردەوامە، شا ئیسماعیل ئەمیر شەرەفخان و سەرکردەکان دەستگیر دەکات و دەیانخاتە زیندانەوە.
میرنشینی ئەردەڵان: میرنشینەکە لە لایەن بابائەردەڵانەوە دامەزرێنراوە و نزیکەی 650 ساڵ دەسەڵاتی ھەبوو. لەڕێی سیاسەتەوە خۆی لەشەڕی مەغۆلەکان ئەپارست و دەسەڵاتەکەیشی لە هەرێمی شارەزوور و هەورامان فراوانتر ئەکرد تا گەیشتە ئامانجی خۆی و دەوڵەتێکی ھەرێمیی نەتەوەییی تەمەندرێژیشی دروست کرد. لە سەدەی چواردەیا، لە عێرقا دەوڵەتی جەلائیری دروست بوو و توانییان بەشی ڕۆژاوا و باکووری ئەردەڵان بگرن. بەڵام لە سەدەی پانزەیا سەرۆکی میرنشینی ئەردەڵان، میرحەسەن، باکوور و ڕۆژاوایشی لە ژێر دەستی جەلائیرییەکان ڕزگار کرد و زێی مەزنی کردە سنووری باکووری میرنشینی ئەردەڵان و لە ڕەواندزیشا بنکەیەکی سەربازیی دروست کرد. عوسمانییەکان لە ساڵی 1549دا ھێرشێکی گەلێک مەزنیان بردە سەر ڕەواندز و شەڕێکی دژوار ڕووییا، عوسمانییەکان سەر نەکەوتن و شکستیان ھێنا. دوا میری ئەم میرنشینە ئەمبێز خان بوو کە بە دەستی عوسمانییەکان لە ناوبرا و لە ساڵی 1864 ئەم میرنشینە کۆتایی پێھات.
هه‌ڵۆ خان یه‌كێك بوو له‌ میره‌ به‌تواناكانى ئه‌م میرنشینه‌ كه‌ قه‌ڵاى زه‌ڵمى له‌ ناوچه‌ى هه‌ورامان كرده‌ پایته‌ختى میرنشینه‌كه‌ى، دواى خۆیى خان ئه‌حمه‌د خانی كوڕى شوێنى گرته‌وه‌. ئه‌م میره‌ش له‌ ساڵى 1634ی زاینی، پایته‌ختى بۆ شارى سنه‌ گواسته‌وه‌. زۆرى نه‌خایان له‌ ده‌ره‌نجامی په‌یمانى زه‌هاو له‌ ساڵى 1639ی زاینی گڕ و تواناى ئه‌م میرنشینه‌ كز بوو، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ش بوونه‌ كاربه‌ده‌ستى ده‌وڵه‌تى ئێران له‌ ناوچه‌كانى خۆیان.
میرنشینیی بادینان: میرنشینیی بادینان لە نێوان شاری مووسڵ و چەمی دیجلە و زێی مەزنا سەرەتا لەلایەن شێخ بەھادین شێخ شەمسەدین کە لە ناوچەی شەمزینانی ھەکاری ھاتونە ئامێدی لە ساڵی 1262 دامەزرێنرا. سنووری میرنشینیی بادینان، لە ڕۆژئاواوە میرنشینیی بۆتان و لە باکوورەوە میرنشینیی ھەکاری و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە میرنشینیی سۆران بوو. شاری ئامێدی پایتەختی میرنشینیی بادینان بوو. سنووری ئەم میرنشینییە ئەم شارانەی دەگرتەوە: زاخۆ، ئاکرێ و دھۆک و تەواوی پارێزگای دھۆکی ئێستا. 25 میر بەڕێوەیان بردووە. لە سەردەمی میر مرادخان دا پەیوەندیەکی بەھێز لە نێوان میرنشینی سۆران و بادیناندا ھەبوو کە خوشکی میری سۆران ھاوسەری میری بادینان بووە. دوای مردنی میرئیسماعیلی بادینان، میر محەمەدی سۆران میرنشینیی بادینانی خستە ژێر دەستی خۆیەوە و ھەردوو میرنشینەکە بوون بە یەک.
لە ساڵی 1727ی زاینی باران پاشا دانی بە پاشکۆیەتی بۆ ولایەتی بەغا ناو سەربەخۆی لەدەستدا، دوای مردنیشی لە ساڵی 1768ی زاینی ئیسماعیل پاشای کوڕی هاتە شوێنی و ئیتر لەوکاتەوە ئاشوب و ناتەبایی ناخۆیی میرنشینەکەی لاوازکرد.
میرنشینی سۆران: میرنشینی سۆران لە لایەن کەڵۆس بەگەوە دامەزرا کە کوردێکی ناسراو و خاوەن پلەپایەی کۆمەڵایەتی بوو. ساڵی 1813 میر مستەفا دەسەڵات ڕادەستی کوڕەکەی میر محەمەد ئەکا کە بە پاشا کۆرە ناسراوە. ساڵی 1816دا کارخانەیەکی چەکی لە کاولان کە نزیکی ڕەواندزە دروست کرد کە شمشێر و تفەنگ و گوللـەی تۆپ و چەرخی تۆپ و… ھتد، دروست ئەکران و ئۆردووگایەکی سەربازیی لە 30.000 سەرباز درووست کرد. ساڵی 1833 سنوری میرنشینەکە لە باکوورەوە ئەگەشتە جزیرە و لە باشوورشەوە تاکوو زێی بچووک و لە لایەکی تریشەوە دەگەیشتە سنووری میرنشینی بۆتان.
میرمحەمەد لە ساڵی 1830دا لەشکرێکی مەزنی بە سەرۆکایەتیی ئیبراھیم پاشا، دژی سوڵتان مەحمودی دووەمی عوسمانی ناردە سەر سوریا، لە لایەکی تریشەوە لەشکرێکی تری بە سەرۆکایەتیی میرموراد ناردە ئێران و ئەو ناوچانەی کوردیان تیا ئەژیا. دواتر میر لە ساڵی 1834دا پەیمانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئێرانا مۆر کرد. ساڵی 1836دا عوسمانییەکان بە سەرۆکایەتیی ڕەشید پاشا، ھێزێکی گەورە و گرانیان ناردە سەر میرنشینی سۆران و شەڕێکی قورس بەرپا بوو. لە دواییا ھێزی عوسمانی توانیی دەوروبەری میرنشینیی سۆران بگرێ. دواتر میرمحەمد خۆی چوو بۆ ئەستەمبوڵ و سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی میری ئازاد کرد، بەڵام لە گەڕانەوەیا بۆسەیەکیان بۆ دانا و میرمحەمەد، پاشا کۆرەیان کوشت و میرنشینیی سۆرانیان ھەڵوەشانەوە.
كاتێ شه‌ڕى چاڵدێران له‌ 23ى ئابى 1514ز ته‌رازووی هێزی له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كوردستان گۆڕى، میر سه‌یدێ به‌هۆی ملكه‌چیى بۆ سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌می عوسمانی ده‌سه‌ڵاتی میرنشینه‌كه‌ی به‌ پشتاوپه‌شت بۆ كوڕ و نه‌وه‌كانی پاراست. ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ریی داواكه‌ى مه‌لا ئیدریس به‌دلیسی و له‌به‌رامبه‌ر ملكه‌چبوون بۆ سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌مى عوسمانى ده‌سه‌ڵاتى میرنشینه‌كه‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ى پاراست.
خیانەتی فه‌رمانده‌ی سوپای میرنشینه‌كه‌ به‌ناوى “له‌شكرى” له‌سه‌ر داوای والیى به‌غا به‌ناوی حسێن پاشا که‌ سوله‌یمان به‌گ كوڕى قولى به‌گى میرنشینی سۆرانی زەهرخوارد كرد تا بچێتە شوێنی، بەڵام خانزادی کچی سولەیمان بەگ بە پلانەکەی زانینی ڕووبەڕووی بۆوە کوشتی، پاشان مێرنشینەکەی گرتەر دەست تا گەورەبوونی برا بچوکەکەی عەلی بەگ.
ڕۆڵی خراپی مەلای ئاینی بۆ نمونە “مه‌لاى خه‌تێ” کە پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شارى ڕواندز بوو، كاتێك ڕایگه‌یاند كه‌ شه‌ڕكردن له‌ دژی سوپای عوسمانی تاوانه‌، به‌و داوایه‌ش زۆرینه‌ی چه‌كدارانی سوپای میرنشینه‌كه‌ ڕیزه‌كانی سوپاكه‌یان به‌جێهێشت و ئاماده‌ نه‌بوون شه‌ڕ له‌ دژی سوپای عوسمانیا بكه‌ن، دواجار میر موحه‌مه‌د بەته‌نیا مایەوە و ده‌رگاى شاره‌كه‌ بۆ سوپای عوسمانى واڵا كرا، به‌و شێوه‌یه‌ش سوپای عوسمانییه‌كان هاتنه‌ نێو شاره‌كه‌وه‌ و داگیریان كرد. میر موحه‌مه‌دیش به ‌دیلی كه‌وته‌ ده‌ست عوسمانییه‌كان و به‌ كوشتنی كۆتایی پێهات. “جابزانن گاریگەری ئاین و مەلاکان لەسەر کۆمەڵگەیەکی ئاینخوازی وەک کورد چەن زۆرە، بۆیە ئەبێ ڕێگەیان پێنەیرێ کە بەئارەزوی خۆیان چییان بوێ بیڵێن، وە گرنگە حکومەت چاودێریان بکات”.
میرنشینی بابان: له‌ کۆتاییەکانی سەدەی پازدەهەمی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی میرنشینی سۆران میرنشینێک بە ناوی(بابان) دامەزرا. ئەم میرنشینە ئەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشوری میرنشینی سۆرانەوە و تاکو بەشێکیش لە ڕۆژەڵاتی کوردستان ئەگرێتەوە. لە ڕۆژئاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکوکی ئەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی بابانا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو. دوای ئەوەی دادوەری گوندی مەڵکەندی، ئیبراھیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی 1784دا لەسەر دەستی “ئیبراهیم پاشای بابان” لەنزیک گوندی “مەڵکەنی” دەست بە درووستکردنی شاری سلێمانی کرا ودواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان.
لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشایا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەھێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی 1822دا بە لەشکرێکی زۆر بەھێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا خۆیا، ھێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو نزیکەی 500 کەس لە لەشکری عوسمانی کوژرا، بەڵام سەرەنجام عوسمانییەکان توانییان شاری سلێمانی بگرن. مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو میری میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی 1834 دەسەڵات بە دەستی ئەوەوە بوو، دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکو ساڵی 1851 بە دەستی سلێمان پاشاوە بوو وە هەر لەو ساڵەیا کۆتای بەفەرمانڕەوایی بابان هاتووە.
ناكۆكی له‌نێوان ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی بابانه‌كانا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌ پشتیوانیی هێزه‌كانی سوپای قاجاری له‌ به‌ری خۆرهه‌ڵات و عوسمانى له‌ به‌ری باشوور و خۆرئاوای میرنشینی بابان. ئه‌مه‌و جگه‌ له‌ ناكۆكیی نێوان میره‌كانی ئه‌م میرنشینه‌ له‌گه‌ڵ میره‌كانی میرنشنی سۆران.
میرنشینی ھەکاری: وه‌ك میرنشینه‌كانی ئه‌رده‌ڵان و بادینان و بۆتان له‌ سه‌ده‌ى سێزده‌یه‌می زایینىا سه‌رى هه‌ڵا. سنووری میرنشینه‌كه‌ش له‌ به‌رى باكوورى ده‌ریاچه‌ى وان و له‌ به‌رى خۆرهه‌ڵاتى ناوچه‌ى شه‌مزینان و له‌ به‌رى باشووری میرنشینى بادینان و له‌ به‌رى خۆرئاوا میرنشینى بۆتان بوو. شاری جوڵەمێرگ مەڵبەند و پایتەختی میرنشینەکە بوو.
كۆتایی ئه‌م میرنشینه‌ش بۆ ئەوە ئەگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ شاڵاوێكی به‌رفراوانى سوپاى عوسمانى ڕووى له‌ ناوچه‌كانى كوردستان كرد. سه‌ره‌تا ناوچه‌ى بۆتان داگیر كرا، دواتر نوروڵابه‌گ، كه‌ فه‌رمانده‌ی به‌ره‌ى خۆرهه‌ڵاتى میرنشینی بۆتان و میری میرنشینی هه‌كاریش بوو، به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ عوسمان پاشاى فه‌رمانده‌ی سوپای خۆرهه‌ڵاتى عوسمانى هه‌یبوو، له‌ میرى بۆتان هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و چووه‌ پاڵ عوسمانییه‌كان تا له‌ ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌. له‌لایه‌ن عوسمان پاشا فه‌رمان به‌ (ڕه‌شید پاشا) کرا هێرش بكاته‌ سه‌ر جۆله‌مێرگى پایته‌خت و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی هه‌كاری و میره‌كه‌ى بهێنێت. نوروڵا به‌گ خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌یاو په‌نای بۆ لای قاجارییه‌كان برد، به‌ڵام قاجارییه‌كانیش به‌هۆی ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌یانبوو، په‌نایانی میرى هه‌كارییان ڕه‌ت كرده‌وه‌ و داڵده‌یان نه‌یا. هه‌ر بۆیه‌ نوروڵا به‌گ به‌ناچاری خۆى ڕاده‌ستى عوسمانییه‌كان كرد و ڕه‌وانه‌ى ئه‌ستانبۆل كرا. له‌وێش یه‌كسه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ر كرا تا كۆچى دوایی كرد. به‌وه‌ش میرنشینی هه‌كاری كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی هات. له‌و ڕووداوه‌شه‌وه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ ئه‌گه‌ر نوروڵا به‌گ له‌پێناو مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پشتی نه‌كردایه‌ته‌ میر به‌درخانى میری بۆتان و په‌یوه‌ندیی به‌ عوسمانییه‌كان نه‌كردایه‌، ئه‌وا ئه‌سته‌م بوو وا به‌ئاسانی میری بۆتان له‌به‌رامبه‌ر عوسمانییه‌كان تێك بشكێت و ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر میری هه‌كاریش بێت، كه‌ به‌سه‌ری هات.
میرنشینی بۆتان: ئه‌م میرنشینه‌ له‌ ناوچه‌ى بۆتانى باكووری كوردستان سه‌رى هه‌ڵا، پایتەختی میرنشینی بۆتان شاری جزیرە بوو. زۆرجار به‌م میرنشینه‌ش وتراوه‌ میرنشینی‌ ئازیزان یاخود عه‌زیزان. ئەم شارە ئەکەوێتە تەنیشت ڕووباری دیجلەوە، ڕێگای بازرگانیی ئامەد و مووسڵ و بەغداد و ئەستەمبوڵ بەوێیا تێئەپەڕی. میر عه‌بدولعه‌زیز كوڕى سلێمان به‌گ كوڕى خالید به‌گ له‌ ساڵى 1286ی زایینی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆجێیی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی له‌ ناوچه‌ى بۆتان دامه‌زراند.
له‌نێوان ساڵانی 1516− 1821 ی زاینی نزیك به‌ هه‌شت ئه‌ندامى بنه‌ماڵه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ پایه‌ی ده‌سه‌ڵات. سوڵتانى عوسمانییان سوپایه‌كى به‌هێزى به‌ سه‌ركردایه‌تیى عوسمان پاشاى له‌نگ نارده‌ سه‌ر میرنشینه‌كه‌. دواى سێ ساڵ شه‌ڕى سه‌خت، سه‌ره‌نجام عوسمان پاشا توانى له‌ ڕێگای هه‌ردوو سه‌ركرده‌ى میرنشینه‌كه‌وه‌ “یه‌زدان شێر و نورڵا به‌گ” میرى بۆتان به‌دیل بگرێت، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌ركرده‌ى سوپاى بۆتان، بواریان به‌ سوپاى عوسمانییا شارى جزیره‌ له‌ ساڵى 1847ی زاینی داگیر بكات. دواتر له‌ قه‌ڵاى ئیروج میریان به‌ دیل گرت و ڕه‌وانه‌ى ئاستانبوڵیان كرد، دواتریش بۆ دوورگه‌ى كریت دووریان خسته‌وه‌. پاشان ڕه‌وانه‌ى دیمه‌شق كرا، تا له‌ ساڵى 1868ی زاینی كۆچى دوایى كرد و میرنشینی بۆتان كۆتایی پێ هات.
* ھۆی ھەرە سەرەکی ڕووخانی میرایەتی بابان و میرنشینە کوردیەکانی تریش (ئەردەڵان و سۆران و بادینان و شەمزینان) پەیمانی ئەرزڕۆم بوو کەساڵی (1847) له‌نێوان ئێران و عوسمانییه‌كاندا به‌سرا، کەبەتەواوەتی لەسەر ئەوە ڕێکەوتن ھەرناکۆکیەک و گیروگرفتێک بکەوێتە نێوانیانەوە لەسەرمێزو بەگفتوگۆ لەگەڵ یەک چارەی بکەن و واز لە میرنیشینە کوردیەکان بۆ ئەو مەبەستە بھێنن ئیتر ھەموویان یەک لەدوای یەک کۆتاییان پێھێنرا. شاڵاوی ئێلخانییه‌كانى مه‌غۆل و جه‌لائیری و بنه‌ماڵه‌ی ته‌یمووری و قه‌ره‌ قۆینلۆ توركمانییه‌كان بوون، بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و كوردستان.
هه‌وره‌ك چۆن ناكۆكی ناوخۆیش یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌هه‌میشه‌ میرنشینه‌كه‌ی لاواز كردووه‌و وای كردووه‌ خۆراگری به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌كی كه‌م بێته‌وه‌. بەڵام هۆکاری هەرەسەرەکی لاوازی و ڕووخان و هەڵوەشانەوەی کۆی میرنشیینە کوردییەکان ئەوە بووە کە هەرگیز سازشیان بۆیەکتر نەکردووە، هەمیشە لەبری ئەوەی هاوپشت و هاوهێز و هاودەنگبن، بەپێچەوانەوە هەریەکەیان بەجۆرێک نۆکەرایەتی بۆ هێزی دەرەکی و بێگانە کردووە بۆ لەناوبردنی برا کوردەکەی و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو جۆرە خیانەت و نۆکەرییەکی قبوڵکردووە تەنها لەبەر ئەوەی سازش بۆ هاوخوێن و براکانی خۆی نەکا، هەروەک ئەو نمونە زیندووەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەمانە کە چۆن دوو حیزنی کوردی بوون بە مخۆرکەی ناو گیان و کیانی کوردی باشور بەتایبەتی و کۆی کورد بەگشتی و لایەکیان نۆکەری ئێران و ئەویتریناب هینی تورکیایە و هەموو جۆرە سوکایەتی و تەناولێک بۆ ئەو دوو دەوڵەتە و تەنابەت عێراقیشەکەن، بەڵام ئامادەنین بە ووشەیەکیش سازش بۆیەکتری بکەن لەپێناو پاراستنی ئەو نیمچە سەربەخۆییەی کە 32 ساڵە لەسەردەستی هاوپەیمانان بۆ کورد فەرهمکراوەو بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ لەکۆتای نزیک ئەبێتەوانێ.
ئەوەی لەسەرەوە نوسراوە تەنها مشتێکە لە خەرواری مێژووی خۆخۆری و نۆکەرایەتی کورد کە بەداخەوە هەر لەوکاتەوەی “کۆرشــی هەخامەنشـــی” “کوڕی مەنــدانەی کـچـــی ئەژیدەهاک” کە بەهاوکاری “هارپــاک” کە یەکێـک بووە لەســەرانی دەوڵەتی مـــاد، ئەژیــدەهــاکی باپـیـرو چــوارەم شـــای مـــادی کوشــت و بــنــەی ئـیـمـپراتـۆریـەتــی فـارســـی دامەزران، ئیتر کورد خیانەتی وەک کرداری بۆماوەزانی زیندەوەرەکان گواستۆتەوەو بووە بە بەشێک لە کلتور و نەریت و هەمیشە کورد خیانەت لە خودی خۆی ئەکا. دواتر تــاکو هـێـرشــی ئەســکەندەری مەکدۆنــی و دەرکەوتـنــی ئـیـســلام و دروســت بوونـی ئـیـمبراتۆریەتــی عەرەب و پاشــان هێرشــەکانی تەتەر و هۆلاکۆ و دامەزرانــی ئـیـمــبـراتـۆریـەتــی تــورکی عوســمـانــی. کورد تەنـهـا ئەوەی لەدەسـتـهـاتـووە بەپـێــی بــاری ڕۆژ هەرجارەو لەلایـەکی کوردســتـانـا مـێـرنـشـــیـنـی بـچــوک پـێـکـبـهـێــنــێ، هـەر یـەک لـەو مـیـرنشــیـنـانـە بەپـێـــی بــارو دۆخـی هـەرێـم و ڕۆژگار کەوتــوونەتـە ژێــر ســایەو دەســەڵاتی زلهـێـزێـکـی درواســێ و بیـانــی. ئـەگەر تێـشــیانا هەڵکەوتـبـێـت بـیـر لە دەوڵـەتـی یەکگرتــووی ســەربەخــۆ بـکاتـەوە، ئــەوا ســۆزی ئـایـن یـان بـەرژەوەنـدی تـایـبـەت و خـۆبـەســتـنـەوەی دەســتەیەکـیـان بە هـێـزی دەرەکــی یان داگـیـرکەرەوە بــووە بـە نـاهـەمــوارتریـن کـۆســپ و لە دوا قـۆنـاغــا شــکـســتـیـان هـێـنـاوە.

گۆشەی سێیەم: بەڵێن و پەیماننامەکان
ئەم بەڵێن و پەیماننامە جیاواز و شەڕەی نا وخۆییانە ڕاستە لەیەک کاتا ڕوویان نەیاوە، بەڵام گرێدراوی یەکترین، ئەگەر کورد زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ یەکێک لەم ڕووداوانەیا بکردایە و لەبەرژەوەندی خۆی کۆتای پێبهێنایە، دوورنیە ببوایە بەهۆکاری سەرکەوتنی کورد و شکستی لایەنی بەرامبەر لە ڕووداوەکانی دواتر.
کێشەی کورد ئەوەیە کە مێژوو وەک چیرۆک ئەگێڕێتەوە، نەک وەک بابەتێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن و لێکۆڵینەوە و شیکارکردن. جێگای شەرمەزاری و نەنگییە کە کوردستان ئەو هەموو زانکۆیەی تیایە، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکێکیان کارێكی وایان نەکردووە کە ببێتە هەوێنێکی زانستی بۆ سود وەرگرتن لە ڕووداوە مێژوویەکان، تا ئێستا هیچ بەشێک نیە کە تایبەتمەندبێت بە کۆکردنەوە و بەداواداچوون و لێکدانەوەو بەستنەوە و لێکچواندنی ڕووداوە مێژوویەکان، کە ئەمە وەک ئاو هەوا بۆ میلەتێکی پەڕاگەندەو پەرش و بڵاو دابەشکراوی وەک کورد پێویستە.
ئەوەی گرنگە لەم ڕێکەوتننامانە ئەوەیە بەشێکیان تا ئێستاش ئەگەرچی ناوی ناهێنرێ، بەڵام بەکردار بەکارن و کورد ڕۆژانە باجەکەی ئەیا و تا ئێستاش ئەو سنورە دەستکردەی بۆی کێشراوە وەک فاکت، بەجۆرێک چەسپیوەو بەسەر کوردا سەلمێنراوە کە زۆربەی خودی سەرکردە سیاسی و دەسەڵاتدارانی حیزبی و بەشێک لە ڕۆشنبرانیش زیاتر لە داگیرکەرەکان جەختی لەسەرئەکەنەوەو پابەندن پێوەی، نمونەی ئەو سنورە توندوتۆڵەی کە لەنێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستانا هەیە، تا کار گەیشتە ئەوەی کە لەباشور چاڵ “خندق” هەڵکەنرێ و ڕێگەندرێ پێداویستی بگاتە ڕۆژئاوا لەسەردەمی شەڕی مان و نەمانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ داعش “تورکیا”. لەوەش ئازاربەخشتر ئەوەیە کە لە باشوری کوردستان بە کوردانی پارچەکانی تر ئەوترێت “ئاوارە” کە ئەمەیان شەرمەزارییەکی زۆرە بۆ هەر کوردێک ئەو دەستەواژەیە بەرامبەر کورد لە هەر پارچەیەکیتری کوردستان بەکاربهێنێ و وەک خاون ماڵ نەیناسێنێ.
زیاتر لە سی ساڵە سوپای تورکی موسڵمانی دراوسێمان خەڵکەکەمان ڕەشە کوژو خاکمان داگیرئەکات و بە بەرنامە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و مێدیای کوردی باشورەوە کلتورمان بن کۆڵ ئەکات، ئاسایشی خاک و خۆراک و خێزانیمانی خستۆتە مەترسیەوە، خەڵکی دڵسۆز هاوار ئەکات، کەچی لەپای دڵسۆزی تۆمەتباریش ئەکرێن، وەک ئەوەی سی ساڵە تورک سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەی بوژاندبێتەوە،کەچی تازە باس لەبڕینەوەی دار ئەکرێت.
ئێستا ئێمە لەدۆخێکاین، کاتێک ئێران ئاووت لێئەگرێتەوە و هاوکاریی هێزە میلیشیاکانی عێراق ئەکات، لە 51%ی خاکەکەت داگیربکەنەوە، دوای ئازادکردنیان لەدەستی داعش و تورکە مەنگۆلییەکانیش کە لەسەر خاکی یۆنان و کوردستان وڵاتێکیان بەناوی تورکیاوە بۆخۆیان بەداگیرکاری دروست کردووە، هەم ئاووت لێئەگرێتەوە و هەم دارەکانت ئەبڕێتەوە و هەم ڕاستەوخۆ بەهێز بەشێکی خاکی باشوری کوردستان داگیرئەکات و بە داگیرکردنی باوکور تێرناخوات.
سوریا لەگەڵ ئەوەی لە لێواری فەوتان و لەناوچوون گەڕایەوە بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران، بەڵام هەرگیز دانی بە کوردستانی بوونی ڕۆئاوای کوردستانا نەنا و بگرە لەوەش خراپتر کوردانی ڕۆژئاوا لەسەر خاک و وڵات ماڵی خۆیان بە ئاوارە ئەژمارەئەکات و بەردەوام لەپلانگێڕیایە بۆ پەلامردانی ڕۆژئاوا ئەگەر قەمتەری ئەمریکای لەدەما نەبێت، ئەمە جگە لە بەناو ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوری کە لە کۆمەڵێک لایەنی ڕادیکاڵی ئیسلامی تیرۆریست پێکهاتوون خۆیان هەڵاوەتە باوەشی سوڵتانی تیرۆر”ڕەجەب تەیب ئەردۆگان” سەرۆکی بەناو وڵاتی تورکیای مەنگۆلی کە تا ئەو شوێنەی بۆیان کرابێ دەستیان نەپاراستووە لە داگیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بمونەی ئەفرین و سەرێکانی و گردەسثی و مەنجب.
عێراقیش بەو پەڕاگەندەی و بێ سەروبەرییەی خۆیەوە لەڕێی هێزە میلیشیاکانیەوە بەجۆرێک دەستی کردووە بە تەعریب کردنی باشوری کوردستان کە هەرگیز پێشتر لەسەردەمەی بەعس و حکومەتەکانی تریشا شتی وا ڕووینەیاوە، بەجۆرێک ئێستا 20٪ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان عەرەبن، ساڵانێک لەمەوبەر کورد 70٪ی دانیشتوانی کەرکوکی پێکئەهێنا، بەڵام ئێستا دابەزیووە بۆ کەمتر لە 40%ی ڕێژەی دانیشتوانی ئەو شارە.

* ئێراق بابلی بوو، ئێستا عەرەبیە.
* میسر و سۆدانیەکان لەناو عەرەبا توێنرانەوە.
* مەغریب وڵاتی ئەمازیغی بوو، ئێستا ئەمازیغی کەمینەیەکی کەمن و عەرەب خاوەن ماڵە.
* ئاسیای بچوک ئەو شوێنەی پێیئەوترێ تورکیا، خاکی کورد و یۆنانییەکان بوو، بەڵام ئێستا یۆناییەکان کەمینەن و تورک نەک زۆرینەن، بەڵکو چاویان لە یۆنانستانیشە داگیریبکەن.
عەرەب مناڵیان زۆرتر ئەبێت بەراورد بە کورد، لەکاتێکا لە ئێستایا ڕێژەی 20٪ی دانیشتوانی هەرێم پێکبهێنن ئەوا بۆ ساڵی 2050 ئەبن بە 50٪ و بەرەوژوور.
بەپێی یاسا بۆیان هەیە موڵک بکڕن، هەرواشیان کردووە خانوبەرە و زەویەکی زۆریان کڕیوە بەتایبەتی لە هەولێر.
بیرمان نەچێ ئەوەی تاپۆی بەدەستەوەبێ خاوەن ماڵە، بۆیە چەند ساڵێکیتر پێویست ناکا هیچ کەسێک بەرد بگرێتە عەرەبەکان لە کوردستان وەک ئەوەی لە فەلەستین ڕووئەیا، چونکە ئەوان بەپارە ئیکڕن و ئەوە کورد خۆیەتی وەک فەلەستینیەکان ماڵ و زەوی خۆی ئەفرۆشێ.
تورک بەهاروهاجی و داگیرکاری لەلایەکیترەوە وەک مخۆرکە ڕۆژانە خاکی زیاتری کوردستان داگیرئەکەن.
ئەگەر دەسەڵاتی کوردی سیاسەتێکی گونجاو نەگرێتەبەر وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە بەلانسی ڕێژەی نەتەوە و خانەخوێ ڕانەگرێ ئەوا پاش چەن ساڵێکیتر عەرەب لەڕێی وەچەخستنەوەی زۆر و ماڵ زەوی کڕین و تورکیش لەڕێی داگیرکارییەوە شتێکی وانامێنێ لە خاکی کوردستان بەگشتی و باشور بەتایبەتی.
لەوانەیە بابەتەکە کەمێک دوورو درێژبێت کە خوێنەری کورد زیاتر ئارەزووی بابەتی کورتن، بەڵام لە مێژووا شتێک نیە بەناویی کورتبڕی، مێژوو ئەگەر وەک خۆی نەینوسیتەوە ئەوا ئەشێوێنرێ. “هەتا هەزار پەڕە نەخوێنیتەوە، بۆت نیە بای تەنها پەڕەیەک لەسەر مێژوو ئاخاوتن هەبێ”.
گرنگی کۆکردنەوەی ئەم پەیماننامانە و شەڕی براکوژییە لە دوو توێی چەند پەڕەیەکا و وەک وتارێک لەوەیەیایە کە تاکی کوردی خوێنەر بەئەسانی بتوانێ بەڕیزبەندی یەک لە دوای یەک ڕێکەوتن و شەڕە ناوخۆییەکان بخوێنێتەوە و توشی سەرلێشێوان و تێکەڵکردنی بابەتەکان نەبێ. لێرەبەدواوە کەمتر ڕاوبۆچوونی بەندەی تیایە و زۆرتر بەڵگەننامە و ڕووداوە مێژوویەکانم داناوەتەوە.

په‌یماننامه‌ی ڕێکخستنی سنور:
(قه‌سری شیرین، یان زه‌هاو) کە لە ڕێکه‌وتی (17_5/ئایار_1639) له ‌نێوان ده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌کان و ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران واژۆ کراوە، لە سەردەمی سوڵتان مورادی چوارەم (1623_1640ز) سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییەکان و شا سەفی (1629_1642ز) شای ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران.
کوردستان هەمیشە شوێنی ململانێی عوسمانی و سەفەویەكان بووە، بە درێژایی سەدەی شانزەی زاینی. تا ئەو كاتەی سولتان سولەیمانی قانونی (1566 مردووە) توانی هەرێمە كوردیەكان ببچڕێت بۆ خۆی و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خزمەتانەی كە كورد بە دەوڵەتی عوسمانییان كردووە لە كاتی شەڕیان لەگەڵ سەفەویەكان، عوسمانیەكان جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەرییان یاوە بەكوردەكان، شەرەفخانی بەدلیسی لە كتێبی “شەرەفنامە”یا باس لەوە ئەكات میرنشینە كوردیەكان لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیا خۆیان بەڕێوەبردووە، بەشی خۆرئاوای ڕوباری فورات و بەشی رۆژهەڵاتی مورادسۆ *لقێكی سەرەكی ڕوباری فوراتە لەناو باكووری كوردستان* میرنشینە كوردیەكان فەرمانڕەوایەتییان كردووە، میرە كوردەكان لەبەرامبەر ئەوەیا گوێڕایەڵی خۆیان بۆ سوڵتانەكان دەرئەبڕی و دیاریی تایبەتیان بۆ ئەبردن و وەك سوپایەكی یەدەگیش لە خزمەتی سوپای عوسمانیا بوون.
دوای ململانێیەكی زۆری نێوان هەردوو سوپای سەفەوی و عوسمانی، سوڵتان مورادی چوارەم و شا عەباسی سەفەوی لە ساڵی 1409 كۆچی و 1639 زاینی توانییان سنورەكانیان لەیەكتری جیابكەنەوەو هەردووكیان پێكەوە ڕێكەوتنامەی “ڕێكخستەنەكانی سنوور” واژۆ بكەن و كوردستانیان لەنێوانیانا كرد بە دوو بەشەوە، بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی نێوانیان بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان بەر ئێرانی سەفەوی كەوت و بە شەكانی تری باكورو باشوور و رۆژئاوا بەر دەوڵەتی عوسمانی كەوت.

ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ:
ساڵێک لە دوای بەرپابوونی شەڕی یەکەمی جیھانی بەدیاریکراوی لە نۆڤێمبەری ساڵی 1915 نوێنەری بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیای قەیسەری گفتوگۆیان کرد لەسەر دابەشکردنی خاکی ژێردەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەتایبەتی ئەوخاکەی ئەکەوێتە نیوان دەریای سپی ناوەڕاست و وڵاتی ئێران. ئەوەبوو لە مانگی ئایاری ساڵی 1916 رێکەوتنێکی نھێنی واژۆکرا، لەنێوان فرانسوا جۆرج بیکۆ نوێنەری فەرنسا و مارک سایکس نوێنەری بەریتانیا، بەئاگاداری و رەزامەندی حکومەتی رووسیای قەیسەری، ھەر بۆیەش ئەو رێککەوتننامەیەش بەناوی کورتکراوەی ھەردوو نوێنەرەکەی فەرەنسا و بەریتانیا ناونرا سایکس- بیکۆ ناونرا.
ئەو رێککەوتننامەیە زۆری نەبرد نھێنییەکەی لەدەستدا ئەویش بەئاشکراکردنی لەلایەن شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا ساڵی 1917، بەوەی زۆربەی ئەرشیفە نھێنییەکانی دەوڵەتی رووسیا کەوتە بەردەست حکومەتی بەلشەفی رووسیا.

رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ لە چەند خاڵێک پێکھاتووە:
1. فەرەنسا باشووری تورکیای لێوار دەریای سپی ناوەڕاستی کەوتە بەردەست، کەبەناوچەی شین “بلۆ” ناسرا.”Blue Zone”
2. باکوری سوریاو لوبنان و لیوای موسڵ، واتە باشووری کوردستان لەژێر قەڵەمڕەوی فەرەنسا بێت، پاش ئەوەی حکومەتێکی عەرەبی لێپێک ئەھێنێ،
کە ناسێنرا بەناوچەی A
3. بەریتانیاش خوارووی شام و ئوردن بیابانی رۆژئاوای عێراقی ئێستای لەبەردەست بێ، پاش دانانی حکومەتێکی عەرەبی کە ناسێنرا بە بەناوچەB.
4. ویلایەتی بەغدا و بەسرا و بەکویتیشەوە راستەوخۆ لەلایەن بەریتانیاوە حوکم بکرێ کە بە ناسێنرا بەناوچەی Red Zone.
5. ئەرمەنستانی (تورکیا!) و کوردستانی باکور لەژێر قەڵەمڕەوی رووسیا بێت.
6. فەڵەستین وەک ناوچەیەکی نێو دەوڵەتی بێت.
7. بەندەری حەیفا و عەکا لەژێردەستی بەریتانیابێ بۆ فەرەنسیەکانیش ئازاد بێ.
8. بەندەری ئەسکەندەروونە لەژێردەستی فەرەنسییەکان بێ و بۆ رووس و بەریتانییەکان ئازاد بێ.
ئەو ڕێککەوتننامەیە ھەرای زۆری نایەوە، بۆیە ساڵی 1920 رێیکەوتننامەیەکی تری بەخۆوە دیی بەناوی” ڕێیکەوتننامەی سان ڕیمۆ”، کە لەناوەڕۆکدا ھەمان ڕێککەوتننامەی پێشوو بوو، ئەوەش تورکیای نوێی ئەتاتورکی ھێنایە سەر ھێڵی نارەزایی، بۆیە کۆمەڵەی گەلان لەسالی 1922 ھەوڵییا رێککەوتتنامەیەکی نێو دەوڵەتی نوێ بێنتە کایەوە بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، ئەویش لەساڵی 1923 رێککەوتننامەی لۆزان ھاتە کایەوە و واژۆکرا کە زۆرێک لە گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی تورکیا کرا.
لیوای ئەسکەندەروونە بۆ تورکیا و موسڵ بۆ بە بەریتانیا و رووسیاش لەڕێککەوتننامەکە کشایەوە، بەهۆی ئەوەی جۆری حکومەتەکە گۆڕرا.
بەگوێرە ئەوڕێککەوتننامەیە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ئەکەوتنە بەردەست فەرەنسا، زۆربەی خاکی باکوری کوردستانیش ئەکەوتە بەردەست رووسیا، رۆژھەڵاتیش لەدەرەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو.
ئەم رێککەوتنەی کە لەنێوان مارک سایکس نوێنەری بەریتانیا و جۆرج بیکۆ نوێنەری فەرەنسادا بەسترا بەچاودێری ڕوسیای قەیسەری، کە تیایا خاک و نەتەوەی کوردی بەسەر چوار پارچەیا دابەشکرا، کە بووە هۆی ئەوەی تا ئێستا کورد لە کیانی سەربەخۆ و یەکپارچەیی خۆی بێبەش بێت.

کۆنفرانسی(پەیماننامە) سان ڕیمۆ:
کە لە ئیتالیا لە 1920ز بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و فرەنسا و ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەستکەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەئەکران.
لە سان ڕیمۆ ئەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیا بڕیار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بەن. لێرەیا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیا کرد، کە دواتر لە 10 ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی “مەندەیت”یان داهێنا و فەلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ. بەریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسایا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە 24 و 25 نیسانا دانوسان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجاما ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی 25% نەوتی مووسڵی ئەیا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بەریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.
هەر لەو کاتەیا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا).

پەیمانی سیڤەر:
ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/اب/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركرا، وە لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە، كوردستانی دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی ئێران.
ئەم پەیمانە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو، لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو، بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دائەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات، هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد ئەكات، بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ.
دەقی ئەو بەندانەی پەیمـانی سیـڤەر كەتایبەت بوون بەكورد:
62– ئەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەست نیشانی سێ نوێنەر بكات، ئەوانیش نوێنەری بریتانی و فەرەنسی و ئیتالی بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە ئەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنوریان بۆ دەست نیشان بكرێت.
ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بات ئەوا نوێنەرەكان ئەتووانن لەگەڵ حكومەتەكانیان تاوتوێی ئەم بابەتە بكەن، باسیش لەپاراستنی مافی ئاشوریەكان و كەمەنەتەوەكانی تر كراوە.
63– حكومەتی توركیا مل كەچ ئەبێت بۆهەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەری بكات كە لەبەندی ( 62 ) باس كراوە، ئەبێت لەماوەی سێ مانگا لەدوای دەركردنی بڕیارەكە جێ بەجێیان بكات.
64– تا ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا ئەبێ ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن وە ئەنجومەنیش دانی بەوەیانا كەئەوان ئەتوانن سەربەخۆ بژین، ئەوا حكومەتی توركیا ئەبێ ڕازی بێت و دەست بەرداری ئەو ناوچانە بێت، ئەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت، مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكەوتنی هاوپەیمانان و توركیا ئەبێت،كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان، ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگریەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردیەكەوە.
تێبینی/ لەبەندەكانی ئەو پەیماننامەیە سەرەتا ئاماژەكردنێكە بەحوكمیزاتی تەنها بۆ كوردەكانی باكوور، نەوەك بۆ هەموو كوردەكانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی ئێران، ئەوەش بەئاشكرا شەرعیەتدانە بە دابەشكردنی كوردستان وە لەدوای جەنگیش بەئاشكرا دەركەوت كەوا چۆن مافەڕەواكانی گەلی كورد پێشێل كراوە، زیاتر بەشی باشووری كوردستان كەوتۆتە بەر هەڕەشەی داگیركەران، هەر بۆیەش ئەم پەیماننامەیە بەم شێوەیە بەستراوە، چونكە بەرژەوەندیەكانی بریتانیا لە بوونی نەوت لە ویلایەتی موسڵ وایئەخواست.

پەیمانی لۆزان: بکوژەکەی سیڤەر
پەیمانی لۆزان 24ی تەمموزی 1923 لە نێوان دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سربیا و کرواتیا و سلواڤینیا و توركیا دوای کۆنگرەیەک لە شاری لۆزان لە سویس بەسترا بوو واژۆکرا.کۆنگرەکە لە مانگی تشرینی دوومی 1922دا دەستی پێکرد و لە 30ی کانوونی دوەمی 1923دا لەبەر نەگەشتنە ئەنجام بڵاوەی لێکرا، دواتر دیسان دەستی پیکردەوە و لە 24ی تەممووزی 1923دا واژۆکرا. لە لۆزان سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیارییکرا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەرا کرا، کە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو.
ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەکردنەکە لە شاتۆ دوڕومینی شاری لۆزان ئیمزاکرا، سەرکردە بەشداربووەکان لە ئو ڕاقی “شاتۆ دو ئوشی مابوونەوە و تابلۆیەکی ڕێکەوتننامەکە لە لۆبی ئوتێلەکەیا تا ئێستاش ھەڵواسراوە.
مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و بەستنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئاشتی بوو لەگەڵ تورکیای کەمالی، بۆ ئەوەی پەیمانی لۆزان شوێنی پەیمانی سێڤر بگرێتەوە، ئەو پەیمانەی کە نە تورکیای کەمالی و نە ھاوپەیمانان ناوەڕۆکیان جێبەجێ کردبوو، لەم کۆنگرەیەیا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستمی ئیمتیازی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە مەسەلەی کورد و کێشە ڕەواکەییاو نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سێڤر بێتە دی.

سەرکردە بەشداربوەکان:
٭ عیسمەت ئینۆنۆ- تورکیا
٭ لۆرد کورزون- بەریتانیا
٭ ئەلیفتھیرۆس ڤێنیزێلۆس – یۆنان
چاودێرەکان: جۆزەف گروو، نوێنەری ئەمریکا لە سویسرا.
بەهۆى ئەوەى کورد نەیتوانى ببێتە خاوەنى هێز و بە یەکگرتوویى مامەڵە بکات و سوود لە پەیمانی سیڤەر وەربگرێت، فشارەکانى تورکە کەمالییەکان سەریگرت و لە پەیماننامەى لۆزانا خەونەکانی کورد لەگۆڕنران.
لۆزان، ئەو پەیمانەی خەونی سەربەخۆیی کوردی تیایا لەباربرا و کوردی بێبەشکرد لە ماف و ئازادییەکانی، ئەمڕۆ 98 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو پەیمانەیا تێپەڕئەبێت، کە تورکیا ئەیەوێت پێش گەیشتنی بە 100 ساڵ ئەو ڕێککەوتنە بکاتە سەرەتای گەڕانەوەی بۆ ئەو شوێنانەی کە بە بەشێک لە خاکی عوسمانیی کۆنی ئەزانێت، ساڵی 2015 لە ساڵیادی واژۆکردنی پەیمانی لۆزانا، هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێکردەوە.

میساقی میللی:
لەدوای کۆنگرەکانی ئەرزڕوم و سیواس لە ئابی 1920، بزووتنەوەی کەمالییەکان بڕوانامەی میساقی میلییان دەرکرد، وەک پەیڕەوپڕۆگرامی بزووتنەوەکە، “میثاق”ـەکە لە 6 ماددە پێکهاتووە و ئەوەی تایبەتە بەکێشەی ولایەتی موسڵی سەردەمی عوسمانی ماددەی یەکەمە، کە ئەڵێت:
(ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکەیان زۆرینە عەرەبن پێویستە بە ڕاپرسی چارەنووسیان دیاری بکەن، ئەو ناوچانەش دانیشتوانەکەیان زۆرینە تورکن بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر دەوڵەتی تورکیای گەورە).
ئەردۆگان چەندین جار لە گوتارەکانیا ئەڵێت: ئێمە نەوەی عوسمانیەکانین. هەروەک لە ساڵی 2011دا کە پارتی دادو گەشەپێدان لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەردۆگان لە گوتاری سەرکەوتندا گووتی “بەو ئەندازەی ئیستانبول سەرکەوتووە سەرایڤۆش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی ئیزمیر سەرکەوتووە بەیروتیش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی ئەنقەرە سەرکەوتووە دیمەشقیش سەرکەوتووە، بەو ئەندازەیەی دیاربەکر سەرکەوتووە رامەڵاو نابلوس و قودس و غەزە سەرکەوتوون، سەرکەوتنی تورکیا مانای سەرکەوتنی رۆژهەڵاتی ناوەراست و قەوقازو بەڵقان و ئەوروپایە” لەپشتی ئەم لێکچواندنانەوە خواست و ویستی فراوانخوازی ئەردۆگان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورک بەسەر هەموو ئەو شوێنانەیا دەرئەکەوێت کە پێشتر لە سنووری دەسەڵات و قەڵەمڕەوی عوسمانیا بوون.
لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە مادەی یەكەمی میساقی نیشتیمانی توركیایا باسی ئەوە كراوە ئەگەر پێویستی كرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی ئەدرێت كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان تورك نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان ئەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێكهێنانی نیشتیمانێك كە ناوی توركیا بوو ئەوە رووینەیا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی توركیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی كوردا وەكو نەتەوەیەك، هەروەك دوای ئەوەش كۆمەڵەی نەتەوەكان مافی كوردو كەمە نەتەوەییەكانی تری نەسەپاند بەسەر توركیایا.
ئاشکرایە کە ئەردۆگان خەون بە زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە ئەبینێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی یەکەمی هەڵهێنا کە گۆڕینی دەستووری تورکیا بوو بۆ سەرۆکایەتی، ئەویش بە خەیاڵی خۆی هەنگاوی یەکەمە بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی. پەلکێشانی بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی و بۆ لیبیا و بۆ سوریاو چەندبارەکردنەوەی خواست و ویستی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ ژیر سایەی دەوڵەتی تورک بەشێکن لەو خەونە فراونخوازییەی ئەردۆگان کە زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی و بە سوڵتان بوونی خۆی نیشان ئەیات.

ڕێکەوتننامەی جەزائیر:
لە ساڵی‌ 1974 حکومەتی عێراقی ھەڵمەتێکی شەڕەنگێزی نوێی دژی‌ کورد دەستپێکرد‌و بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ئێران دایماڵین. عێراق بە ئێرانی راگەیاند کە خواستەکانی ئێران بەدیئەھێنێت بەمەرجێک یارمەتی بۆ کورد راگرێت.
بە میانگیریی سەرۆکی جەزائیر، هەواری بۆمدین، ئێران و عێراق گەیشتنە رێکەوتنێکی گشتگیر لە ئازاری 1975دا کە بە رێکەوتننامەی جەزائیر بەناوبانگە. ئەم رێکەوتننامەیە وایکرد کورد بەبێ‌ یارمەتی بمێننەوە ‌و تاران یارمەتییەکانی بزووتنەوەی کوردی نەیات.
بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕش و ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرەکانیشی ئاوارەی ئێران بوون. ژمارەیەکی زۆریش خۆیان بەدەستەوەیا‌و شۆڕشەکە دوای چەند رۆژێک کۆتایی ھات. لە ئەنجامی ئەمەیا حکومەتی عێراقی بووە خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانتر بەسەر ناوچەکانی باشوری کوردستان لەچاو پانزە ساڵی پێشووترا، وە بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە بپارێزێت، دەستی بە پلانی بە عەرەبکردن کرد ئەویش بە ھێنانی خەڵکی عەرەب بۆ ناوچە نەوتییەکانی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ناوچەکانی کەرکووک و دەور‌وبەری. دوای رێکەوتننامەکەی جەزائیر، ڕێوشوێنی سەرکوتکەرانە لەلایەن حکومەتەوە گیرانە بەر دژی‌ کوردو سەرەنجام بووە ھۆی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان سوپای عێراق ‌و چەکدارانی کورد. لە ساڵانی 1977 تا 1979، 600 دێی کوردی خاپوورکران و نزیکەی 200.000 کورد لە ناوچەکانی خۆیان راگوێزران.

ڕوودانی شەڕە ناوخۆییەکانی باشوری کوردستان لەنێوان 1964بۆ 2000ز:
لە سەدەی بیستەمیشا مێژووی کورد سەرڕێژە لە شەڕی براکوژی وەک مێژووی باوی کورد، لەو سەدەیەیا لە کاتێکا چەندین گەل و نەتەوەی بچوک کە لەمێژووا ناویان نەبوو دەوڵەتی خۆیان دروستکرد، بەڵام کورد لەبەر شەڕی ناوخۆیی فریای هیچ نەکەوت، وە هیچ هێزێکی چەکداری کورد نییە لە سەدەی بیستەما شەڕی هێزێکی دیکەی کوردی نەکردبێت.
مشتێک لەخەرواری شەڕی ئابڕوتکێنی ناوخۆی:
٭ لە شەستەکانا پارتی و حزبی شیوعی شەڕی یەکتریان کرد، لە ساڵی 1964 بۆ 1970 باڵی مەکتەب سیاسی پارتی و باڵی مەلایی شەڕی خوێناویان لە دژی یەکتر کرد.
٭ لە کۆتایی شەستەکانا پارتی بە دەیان ئەندام و سەرکردەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان کوشت، یان بە دیلکراوی رادەستی ئێرانیان کردنەوە.
٭ لە حوزەیرانی ساڵی 1975ەوە تا کۆتاییەکانی 1978 لە ناوچەکانی بادینان و هەکاری باکوری کوردستان چەندین شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان یەکێتی و سەرکردایەتی کاتی پارتیدا ( قیادە مۆقتە ) رووییاو زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.
٭ لە هەشتاکانا لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی سەرکردایەتی کاتی پارتی بە یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران شەڕێکی قورسیان لە دژی حزبی دیموکرات کرد و بەسەدان کەس لە هەردوولایان کوژران.
٭ لەناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقا یەکێتی و پارتی تا ساڵی 1986 لە شەڕێکی قورسا بوون لەگەڵ یەکترا.
٭ شەڕی نێوان یەکێتی و حزبی سۆسیالیستیش لە ئابی 1981 دەستی پێکرد و تا مانگی نیسانی 1986 بەردەوام بوو.
٭ شەڕی یەکێتی و حزبی شیوعیش لە 1981 دەستی پێکرد و تا 1986 بەردەوام بوو.
٭ شەڕی نێوان یەکێتی و پاسۆکیش هەر لە ساڵی 1981وە دەستی پێکرد و تا 1986 بەردەوام بوو.
٭لە ساڵی 1993 یەکێتی و پارتی شەڕی پەکەکەیان کرد و زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.
٭ هەر بە درێژایی نەوەدەکان جارێک پارتی و جارێکیش یەکێتی بە جیا شەڕی پەکەکەیان ئەکرد.
٭لە کۆتاییەکانی 1993 و سەرەتای 1994 شەڕی یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی دەستی پێکرد و تا ساڵی 1997 بەردەوام بوو.
٭لە مانگی ئایاری 1994 خوێناویترین شەڕی ناوخۆیی لە مێژووی کوردا لەنێوان پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد، لەم شەڕەیا حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتکێشان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکا یارمەتی یەکێتیانا، حزبوڵای کوردستانیش یارمەتی پارتی ئەیا، لە شەڕەکەیا ئێران یارمەتی یەکێتی ئەیا و تورکیا و عێراقیش یارمەتی پارتیان ئەیا، ئەو شەڕە دوای چوار ساڵ و کوژرانی هەزاران کەس لە هەردوولا رۆژی 17ی ئەیلولی 1998 بە ناوبژیوانی ئەمەریکا کۆتایی هات.
٭سەدەی 21یش بە شەڕی براکوژی دەست پێکرد، یەکێتی و پەکەکە لە ساڵی 2000دا شەڕێکی خوێناویان لە دژی یەکتر ئەنجاما و زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە.
٭ بەداخەوە لە ئێستایاو لە 2023زدا دیسانەوە بە فیتی داگیرکەرانی کوردستان، شەڕی نێوخۆی ئەگەرێکی نزیک و چاوەڕوانکراوە. ئومێدەکەم وانە لە مێژوو وەرگیرابێ و هەڵەی ئابڕوتکێنی لەوجۆرە نەکەن.

دوای چوار ساڵ لەشەڕی براکوژی مێزی گفتوو کرا بەچارەسەر:
کاتی خۆی لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1994 – 1998ز مەسعود بەرزانی ووتی، دەستەکانی خۆم ئەبڕمەوە جاریکی تر تەوقە لەگەڵ مام جەلالا بکەم و کۆببمەوە لەگەڵییا.کەچی دوای چوار ساڵ لەبرا کوژی و شەهید بوونی زیاتر لە 10 هەزار و سەرنگوم بوونی سەدان کەس و ئاوارەبوونی هەزاران کەسیتر، ناچار بوون دەست بخەنە ناودەستی یەک و شەڕی براکوژی ڕاگرن، وە بێبەری بوونی خۆشیان ڕاگەیاند لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیا.

ڕێکەوتننامەی واشنتۆن:
ئەو ڕێکەوتننامەیە بوو لە 17- 9- 1998ز دا، لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مسعود بارزانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی مام جەلال و بەنێوەندگیری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێگەی ( خانم مادلین ئۆلبرایت ) لەواشنتۆن مۆرکرا، دواتر ئەم ڕێکەوتنە نەشەڕ نە ئاشتی لێکەتەوە تا چەند ساڵێک.

بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام:
لەجەنگی چاڵدێراندا 1514 ز، لەپاش گەڕانەوەی سوڵتان سەلیم یەکەم (1512- 1520 ز) و تێک شکانــدنی سەفەویەکان، دایکی لەسوڵتان ئەپرسێت کــوڕم چیت کرد؟
سوڵتان: دیــوارێکم لەنێوان ئێمەو سەفەویدا لەگۆشت و خوێن دروست کردووە.
دایکی: کوڕم چـــۆن؟
کوردەکانم کردۆتە پەرشینی سنوری قەڵەم ڕەویەکەم، لــەهەر لایەکیان بکوژرێت دووژمنێک کەمتر.
ساڵی(سەفەربەر) ناوچەی موکریان لەلایەن سوپای ڕووسەوە داگیرکرا بوو، منیش چونکو ڕوسی و فارسی و تورکیم ئەزانی، لای فەرماندەی ڕووس کرام بەوەرگێڕ “دیلماج” “مترجم” ڕۆژێک ئەفسەرێکی عوسمانی گیرابوو لێی دەکۆڵرایـەوە و من قسەکانیم وەرئەگێڕا.
فەرماندە لێیپرسی: هێزی سەرەکی ئێوە چەندە و لە کوێیە؟
ئەفسەرە تورکەکە وووتی: ئێمە لێرە هێزمان نییە، تەنیا چەند ئەفسەر و جەندرمەین و هەندێ مەلای پیاوی خۆمانمان لەگەڵایە، هاتووین بەناوی ئیسلامەتی و غەزای کافران کوردەکانی ئەم ناوچەیە بورووژێنین و بە گژ ئێوەیانا بکەین، تا بتوانین پێشی پێشکەوتنتان بگرین، ئەم ورووژاندنەش بۆ ئێمە لەقسە بەولاوە هیچی تێناچێت.
فەرماندە ڕووسەکە ووتی: ئەی بیر لەوەناکەوە کە ئەم خەڵکە بەبێ چەک ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمە ڕابگرن، دواتر خۆیان تیائەچن؟
ئەفسەری تورک ڕاستە و ڕاست گوتی: ئەمە بۆ ئێمە بایەخی نییە، “ئێوە دووژمنن و کوردەکانیش نەیارن”، لە هەر لایەک بکوژرێ سوودی ئێمەی تیایە!
ئەو کاتەی شێخ مەحمودی حەفید لەژێر کاریگەری عاتیفەی عوسمانیا خەڵکی ڕەش و ڕوتی کوردوستانی گڕئەیاو ئەیبردن لەشوعەبیە ناوەڕاست و باشوری عێراق بەناوی جیهادەوە بە کوشتی ئەیان، لەکوردوستانیش عوسمانیەکان کەوتبووە ڕاو ڕووت و تاڵانی ماڵ و ناموسی کورد.
لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی ئەوە “ئوزدەمیر” بوو بە ڕیشێکی پان و تەزبیحێکەوە، مستەفاکەمال ئەتاتورک ناردبویە باکورو باشوری کوردوستان بەناوی گەڕانەوەی خەلافەت و دینەوە شێخ و ناودارانی کوردی فریو ئەیا.
دەمێک بوو (حسن کوڕی شەریفی مەککە وهێندری مەکماهۆن) بەریتانیا نامەگۆڕینەوەیان هەبوو، ڕێکەوتبوون لەسەر ڕادەست کردنی هەردوو قبیلەی موسڵمان و دەرپەڕاندنی سوپای خەلافەتی ئیسلامی لەخاکی نیشتمانی عەرەبا.
لە سلێمانی کەڵە شاعیری هەڵکەوتوو “پیرە مێرد” ئامۆژگاری شێخ محمود ئەکات، کەوا تورکەکان دووژمنێکی ئەزمون کراوی ماوەبەسەرچوون، ئەوە ڕاستییەکەیە باشترە لەگەڵ ئینگلیزەکانا ڕێکبکەویت، لەپاداشتی ئەم ڕاوێژ و ئامۆژگارییە بەفیتی دەربارو دابەستەکانی دەووری شێخ، پیرەمێرد بەناپاک وەسف ئەکرێت و فەرمانی گرتنی بۆدەرئەچێت، پیرەمێرد هەڵەیەت بۆ قەرەداخ، لەدواییا کاتێک شێخ لەواقیعەکە تێدەگات کار لەکار ترازاوە!

گۆشەی چوارەم:
هەموو تاوانەکان مەکەن بە ملوانکەو بەتەنیا مەیکەنە ملی “لۆزان“:
* ئەبێ وە گرنگە تاکی کورد بەهۆشیارییەوە ئەوە بزانێ کە ئێمەی کورد گەمەی دەست و کات بەسەربردنی چوار “دەوڵەت – نەتەوە”ین.
* ئەبێ بزانین کە ئێمە هاونیشتمانی هیچ یەکێ لە چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستانین و بەهاونیشتمانی هیچ شوێنکێ تریش قبوڵ ناکرێین ئەگەرچی لە هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاواش لە لیستی هاونیشتمانی بوونیانا تۆمارکراوین.
* ئێمە داماڵراوین لەبوونی خۆمان وەک کیانێکی سەربەخۆ “مستقل”، لەمێژووی کۆنا بەکاڵای تاقیکردنەوەی شمشێر و لە سەد ساڵی ڕابردوو تا ئێستاش تاقیگەیەکین بۆ تاقیکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژ و کیمیایی و بایلۆجییەکان.
* ئێمە بێبەرین لەخاک و نیشتمان و خاوەندارێتی، لەسەر خاکی خۆمان ئەژین و باجی ژیانکردنمان لێئەسێنن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کۆی ڕۆشنبیران و پاشان یەکەی یەکەی تاکی کورد ئەوە بزانێ کە ئێمە چواردەوریراوین بە چوار “دەوڵەت-نەتەوە” بەواتای ئەوەی نەتەوە جیاوازە داگیکەرەکان دوژمنمانن نەک تەنها سیاسییەکانیان و حکومەتەکانیان، بەڵکو ئەو دەوڵەتانە پێناسەی سۆز و هەست و خواستی ئەو نەتەوانەن، نەوەک وەک ئەوەی بە ساویلکەی خۆمان لەلایەن زۆرێک ڕۆشنبیر و سیاسی و زۆرێکی تاکی کوردەوە باسی لێوەئەکرێ و ئەوترێ ئەوە سیاسییەکان کە دوژمنی کوردن و نەتەوەکان برامانن.
* ئەبێ لەوە تێبگەن کە نەتەوەکان دوژمنی کوردن، ئەوە ئەوانن ئەو سیاسیانە هەڵەبژێرن، کە زۆرترین دژایەتی و کین و ڕقییان بۆ کورد هەبێ، حکومەت و سیاسییەکانیش خواستی نەتەوەکانیان جێبەجێ ئەکەن، بۆیە گرنگە تاکی کورد بەگشتی و سیاسی و ڕۆشبیرەکان بەتایبەتی باش لەوە تێبگەن کە؛
* (دەوڵەت هینی نەتەوەی سەردەستە و نابێ تاکی کورد بە دروشمی باق و بریقی هاوشێوەی “برایەتی کورد و عەرەب و تورک و فارس” هەڵخەڵەتێ، هەڵبەتە گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکانی کوردستان و کۆچی بەلێشاوی ئەو نەتەوانە بۆ ناوچە کورد نشینەکان و ناچارکردنی کورد لەڕێی هەڕەشە و پاساوی سیاسی و یاساییەوە گەواهیدەری ئەوەن کە هەرگیز شتێک نەبووە و نابێ بەناوی برایەتی کورد و هیچ یەکێ لەو نەتەوانە).
* کاتێ لەسەر شەقام و کوچ و کۆڵانەکانی تورکیا کوردێک لەسەر ئاخاوتن بە زمانی کوردی خەڵتانی خوێنەکرێ دەوڵەت ئاگایاری ئەوە نییە ئەوە تاکێکی تورکە ئەو کارە ئەکات، یان کاتێ کوردێک لە کرماشان لەسەر پێداگیری لە کوردستانی بوونی ئەو شارە لە سێدارەئەیرێ، یان کە دژایەتی کوردانی ڕۆژئاوا ئەکرێ لەسەر خاکی خۆیان بەبێگانە و هاوردە ناوئەبرێن، کاتێکێش عەرەبی هاوردە بە زەبری هێز ئەچنە سەر زەوی زاری کوردانی کەرکوک و داگیری ئەکەن، ئەوە خواستی تاکی نەتەوەپەرست و شوڤێنی عەرەبە و دەوڵەتیش پشتگیری لە خواستەکانیان ئەکات، چونکە ئەوان هەست بە هەڕەشە ئەکەن، بە بوونی کورد، بە ووشە و زمانی کوردی.
هیچ زبڵدانێ هێندەی مێژووی ئەوەی پارتی و یەکێتی و دواتر ئۆپۆزسیۆنی خاوەن پرۆژەی گەشتیاری و هێزی چەکدار و ئیخوانی و… هتد، لە سی ساڵی ڕابردووا کردوویانە پیستر نییە، تا کار گەشتۆتە ئەوەی هاوڵاتی کورد بەناچاری حوکمی بێگانەی لە کوردی پێخۆشتربێ، ئەوەش کرۆکی کێشە و زەنگی مەترسیدارە و ئەبێ تاکی کوردی لێ بەئاگابهێنرێتەوە کە؛
*بۆ دژایەتی نا یەکسانی دەسەڵاتی کوردی ناکرێ و نابێ دژایەتی دۆزی کوردی بکرێ. تا ئەوشوێنەی بۆتەکرێ دژایەتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بکە، بەڵام بۆ لەناوبردنی ئەو گەندەڵکارانە نابێ دۆزی ڕەوای کورد ڕادەستی چارەنووسی نادیار و دوژمنانی مێژوویی کورد بکرێ.
* گرنگە تاکی کورد دۆستی نەتەوەکەی خۆی و پارێزەریشیبێ، دژی هەر هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری کوردستان بوەستێتەوانێ.

* خوێنەری بەڕیز ئەگەر بەووردی بابەتەکەت خوێنبێتەوە ئێستا ئەوە لەلات ڕۆشنترە کە بۆچی وێڕای خەبات و خوێن بەخشینێکی زۆر لە پێناوی گەشتن بە خەونی دێرین و نوێ و هەمیشەیی دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەڵام کورد نەیتوانیووە و هیچ کاتێک سەرکەوتوو نەبووە لەگەشتن بەو ئامانجە.
* لەکۆتاییا ئومێدەکەم کە زانکۆکان بە ئەرکی مێژووی خۆیان هەستن و شیکاری بۆ هۆکارەکانی دروست نەبوونی دەوڵەت بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت