شێرزاد شێخانی: فیرعەونەکانی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتى خۆی کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت ماڵەکانیان لەناو گەڕەکەکانی شاردا بوو. ئەوانیش وەکو خەڵکی ئاسا دەژیان. دەچوونە لای هەمان ئەو سەرتاشانەی ئێمە دەچووینە لایان بۆ سەرتاشین. بەخۆم زۆرجار لەچایخەنەی عەبۆ حاکمو محامی و مودیرعامی دائیرەکانم دەدیت لەتەنیشت مام نادری دادەنیشتن و قاوەیان دەخواردەوە. زۆربەی زۆری مەسئولە گەورەکان ئێواران لەنادی مۆزەفین دەبینران. کەواتە ئەوان هەمیشە لەناو خەڵکی شاردا بوون، بۆیە هەستت نەدەکرد ئەوان لەمیللەت جیاوازتر بن. ئێستا زۆربەی مەسئولەکان لەبەر ئەوەی دزو تاوانبارن بۆیە وەکو دزەکان خۆیان لەخەڵک دەشارنەوە!. یان جامی سەیارەکانیان رەش دەکەن خەڵک نەیانبینێ، یاخود دەوروپشتی خانووەکانیان تەلبەند دەکەن، خەڵک لێیان نزیک نەبێتەوە!. ئێستا مەسئولە بچووکەکانیش لاسایی گەورەکانیان دەکەنەوە ، ئەوانیش سەری کۆڵانەکانیان بە بلۆک دادەخەن!.
سەرۆک و سەرکردە حزبیەکان، دەیان هەزار دۆنم زەوی دەوڵەتیان داگییر کردووە، لەدووری چەند سەت مەترێکەوە دیواری کۆنکریتیان بەرزکردۆتەوە، لەهەر چواردەوری قەسرەکانیان نوقتەی حەرەساتیان داناوە چۆلەکەش ناتوانی بەسەر ئاسمانی قەسرو ڤیڵلاو مەزرەعەکانیان تێپەڕی!. ئەوجا نازانم ئەوە لەترسی خەڵکە ئەو هەموو تەدابیرە دەکەن، یاخود لەژوورەکانیان کاری ئابرووبەرو ناشەرعی دەکەن و نایانەوێ کەس پێیان بزانێ؟.
هەندێ مەسئولی گەورەتریش هەن هەر یەکەو لەمەنتیقەکەی خۆیدا قەسری شاهانەو فیرعەونیانە دروستکردووە وچواردەورەکەشی کراوەتە معەسکەر، خوا نەبێ کەس نازانێ چی تیا دەگوزەرێ!. کێ کار لەو قەسرانە دەکا؟ کێ تێیدا دادەنیشی؟. چەند خزمەتکاریان هەیە، رەگەزنامەکەیان چییە؟. ئەوانە هەموویان خستۆتە خانەی ئەسراری دەوڵەت و زانیاریەکانی ( بڤەیە )!.
دڵنیام ئەم مەسئولانە ژیانێکی شاهانە لەو قەسرانەدا بەسەر دەبەن. جارێ نازانم بە چی رازاندیتیانەوەو چۆن تەئسیساتیان بۆ کردووە، چەند ژێرزەمینیان هەیە بۆ خۆ شاردنەوەو پارە دزراوەکانیان، بەڵام دڵنیام کە ئەو مەسئولانە وەکو ئێمە ناژین. لەم قەسرانە ژینگەیەکی سافوسپیان بۆ خۆیان دابینکردووە، وەکو ئێمە دووکەڵی موەلیدە چاویان کوێر ناکات. بۆنی غازی پاڵاوگە نایاساییەکان ناکەن. وەکو ئێمە ئاو بە تانکەر ناکڕن. دەیان حەوزو مەسبەحیان تێدایە. کارەبای بیستوچوار سەعاتیان هەیە بە شەو قەسرەکانیان چراخانە. نە مناڵەکانیان جۆزەی موەلیدە هەڵئەدەن، نە ژنەکانیان شەوانە بە دیار مزەخەوە رۆژ ئەکەنەوە. نە پارەی کارەبا ئەدەن نە پارەی ئاو!.
دڵنیام ئەوان ئەو برنجە ناخۆن کە تاجیرە قۆڵبڕەکان دەرخواردی ئێمەی ئەدەن. دەزانم هەموو خۆراکێکی ئەوان بە تەیارە لەئەوروپاوە بۆیان دێ. دەزانم دەرمانەکانیان لەسەیدەلیەکانی ئەڵمانیاو ئەمریکاوە بۆ دەنێرن و هیچیان ئێکسپایەرو کوالیتنزم نیە. دەزانم ئەوان سەریان بێشی، یان ددانیان جوانبکەن ئەچنە ئەوروپا. ئەوان لەسڕەی بەنزین ناوەستن، پاڵاوگەی تایبەت بە خۆیان هەیە. فیت پەمپیان ناسوتێ سەیارەیان گڕ ناگرێ، ساڵ لەدوای ساڵ مۆدیلی سەیارەکانیان تازەتر ئەکەنەوە!.
زۆر دڵنیام هەر یەک لەو مەسئولە گەورانە دەیان قەسرو شوققەیان لەوڵاتانی دونیادا هەیە، تەنانەت گومانم لەوەدا نیە چەندین جەزیرەشیان لەو وڵاتانە کڕیبێ و هاوینان بچن لەدەو بەحرەکان ئیسراحەت بکەن!. ئاخر ئەوانە خۆیان بە پاشاو ئیمپراتۆرەکانی دونیا ناگۆڕنەوە، ئەو هەموو سامانی میللەتەیان تاڵان کردووە بۆ ئەوەی بەم ژیانە شاهانەیە بژین، مییراتەکەشیان بۆ نەوەی نەوەکانیان هەڵگرتووە!.
بڕوا بکەن هەر دۆلارێکی سامانەکانیان لەقووتی منداڵەکانمان دەرهاتووە. هەر دینارێکی ئەوان رەنجی شانی ئەو میللەتە بەستەزمانەیە کە بە باج و سەرانە لێیان ئەسەنرێتەوە!. بەرهەمی خەبات و خوێنی ئەو هەزاران پێشمەرگەو شەهیدانەیە کە لەپێناو خاکو وڵاتو ژیانێکی شاییستەی مرۆڤانە بۆ میللەتەکەیان گیانیان بەخشیوە. رەنجی ئەو کرێکارو کاسبانەیە کە رۆژانە ئارەقە دەرێژن بۆ پارووە نانێک. هیلاکی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەیە کە روبعە معاشەکیان پێ ڕەوا نابینن!.
سەرباری ئەم هەموو شتەش، ئەوەندە بێ شعووریشن، وێنەی قەسرو فێلاو فڕۆکە تایبەتیەکان و مەیدانی ئەسپ و سەیارەی ئاخیر مۆدیلەکانیشیان پیشانی خەڵک دەدەن بۆ ئەوەی پێیان بڵێن ئێمە لەئێوە جیاوازترین!. ئەوەش هەمووی نەتیجەی نەخۆشی هەستکردنە بە نەقس لەشەخسیاتیان. چونکە ئەوانە لەهیچەوە بوونە شت!.
پاشاکانی عیراق یەک خانویان بەناو نەبوو. عەبدولکەریم قاسم کاتێک کوژرا تەنها دینارێک و سێ روبعی لەگیرفان بوو. عبدالرحمن عارف نەفی کرا تەنها یەک معاشی تەقاعودی هەبوو. دەیانگۆت سەدامیش 23 قەسری لەئەنحای عیراق هەیە، بەڵام دوایی دەرکەوت تەنها یەک قەسریش بەناوی خۆیەوە نەبوو. ئەوجا تێبگەن ئەوە رەحمەت نیە لۆ قەبری ئەو سەرۆکانەی عیراق کە دوژمنی میللەتەکەم بوون، بەڵام ئەمە بەراووردێکە لەنێوان پاشاو ئیمپراتۆرەکان لەگەر ئەو فیرعەونانەی ئێستا حوکمی میللەتی کورد دەکەن.
بیرمەندی بلییمەتی عەرەب ( ئیبن روشد ) لەکتێبەکەیدا باسی هۆکارەکانی رووخانی دەوڵەت دەکات و دەڵێ: یەکەم ئاماژەی رووخانی دەوڵەت، دەوڵەمەندی و چاوچنۆکی و خۆشگوزەرانی دەستەی بەڕێوەبەری دەوڵەتەکەیە. لەم کاتەدا لەبری هەستکردنی دەسەڵاتداران بە مەسئولیەتی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەگۆڕێ بۆ دەستگرتن بە بەرژەوەندی تاکەکەسی و بنەماڵە لەپێناو خۆشگوزەرانی.
بەپێی قسەکانی ئەم زانا کۆمەڵناسییە: دەسەڵاتداران هەوڵئەدەن سەردەمی نەبوونی و قاتوقڕی رابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوەو ژیانێکی شاهانە بۆ خۆیان دابینبکەن، بەمەش ئەبن بە بار بەسەر شانی دەوڵەتەوە. هەوڵئەدەن هێزی خۆیان بە چەکدارو سوپا دەرخەن، بۆ ئەوەی هەر کاتێک میللەت ویستی راپەڕێ ئەم هێزە بەکار بێنن بۆ سەرکوتکردنیان. بەبەر چاوی خەڵکەوە بە جلی ڕازاوەو بە سواری ئەسپ و خۆ دەرخستن وەکو رۆشنبیر خۆیان نمایش ئەکەن، لە کاتێکدا ئەوانە لەژنان ترسنۆکترن.
لەکۆتاییدا زاناودانای عەرەب ئیبن خەلدون دەڵێ: زوڵموزۆرداری یەکەم نیشانەی رووخانی دەوڵەتە. بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هەندێ وێنە داوە لەوانەش، سەپاندنی باجێکی زۆر بەسەر میللەت، تەخشانوپەخشانی سامانی وڵات، زەوتکردنی مافی خەڵک!. هەر دەڵێی ئەم بلییمەتە باسی رۆژگاری ئەمڕۆمان بۆ ئەکات بە دەست ئەم دەسەڵاتەوە.
کورت و موختەسەر ئەوەی فیرعەونە کوردەکانی ئێستا بە میللەتەکەی خۆیان ئەیکەن، هێشتا فیرعەونی میسریەکانیش بە قەومی جولەکەی نەکردووە!. باقی وەلسەلام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت