بەهرۆز جەعفەر: بۆقی ناو بیرەکە، ئایا بۆچی بیرناکەینەوە”؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەگشتی، سێ جۆر بیرکردنەوە هەن؛ بیەکردنەوەی ڕەخنەیی، بیرکردنەوەی مەعریفی، بیرکردنەوەی داهێنەرانە. بیرکردنەوە پێش ئەوەی پێناسەکەی کۆمەڵێک چالاکیی دەروونیی بێت لە مێشکی مرۆڤدا، میتۆدە.
ئەگەر بپرسین، بۆچی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا مرۆڤ مرۆڤێکی کارلەسەرکراو “ئۆبجێکت” و بەرخۆرە، تاک لێرەدا بەرهەمهێنەر نییە، وەڵامەکەی ئەوەیە؛ چوونکە بیرکردنەوە نییە. قورسترین کێشەکان و قورسترین کارەکان ئاسانترین بیرکردنەوەیان بۆ دەکرێ!
لێرەدا، مرۆڤ لە سێ لاوە کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بیرنەکاتەوە. لە لایەک سیستەمە ناوخۆیی و حیزبی و تایەفییەکان، لە لایەک وڵاتانی داگیرکەر و زلهێز، لەلایەکی تر نەریت و ئایدۆلۆجیا جۆراوجۆرەکان.
تاکێکی سەلەفی، یان یەکێکی حیزبی دەعوە، یان هەر حیزبێکی دیکەی کوردیی چۆن بیر بکاتەوە؛ لە کاتێکدا ئەو بڕیاری پێشوەختی خۆی هەیە، وەکو تەنە بۆیاخکراوەکان هەمووی بۆ ڕەنگ کراوە؛ ئەوە سوورە، ئەمە سپی یە، ئەوە خۆڵەمێشییە، ئیتر کۆڵینەوە لە ڕاستی و درووستی و چییەتی ئەو سپی بوون و سوور بوونە حەرامە!
بۆیە، تۆ وەک چالاکوانێک قسە بکەی جیایە، وەک هاوڵاتییەک بابەتێکی ترە، وەک سیاسییەک و لایەنگیرێک شتێکە، وەکو “توێژەر” ێکیش شتێکی ترە، وەکو توێژەر شتێکی جیاوازە؛ چوونکە لای ئەو تەنها و تەنها “بەهێزی و لاوازیی” لە هەر بوارێکدا کەرەستەی لێکۆڵینەوەیە. کوڕی چاک و خراپ نییە، هەموو کەس لە دونیادا کاریگەرن بە تێزەکانی میشیل فۆکۆ – Michel Foucault لە کتێبی “وشەکان و شتەکان” و “مێژووی شێتی لەسەردەمی کلاسیکدا”، بە هەزاران نامەی ماستەرو دکتۆرا لەسەر فۆکۆ هاتوە، کەس قسەی لەسەر ئەوە نییەو نەکردوە بۆچی فۆکۆ بە ئایدز مردوە. ئەمریکییەک قسەی لەسەر ئەوە نییە ترامپ قومارخانە، یان دەیان باڵەخانەی هەیە؛ قسە لەسەر ئەوەیە ترەمپ چی پێیە پێشکەشی بکات: بەهێزە، یان لاوازە! بەچاویلکەی حیزبی، بە پێوەرە ئەخلاقییەکان خوێندنەوە بۆ سیاسەت ناکرێت. هەموو قسە لەسەر ئەوە دەکەن تورکوت ئۆزال سەرکەوتوو بو، چوونکە توانیبوی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا باڵانس ڕابگرێت، بەوهۆیەشەوە ئەوروپییەکان ڕوویان کردبوە تورکیا سەرمایەگوزارییان دەکرد، کەس نەیوتوە و لەوێدا نەیگوت: ئۆزاڵ بە ڕۆژ لە مزگەوتەکان نوێژی دەکردو بە شەوان لەگەڵ وەبەرهێنەرە خۆرئاواییەکان ویسکی دەخواردەوە.
زیاتر لیبراڵەکان دەپرسن: جا ئەمە دارستانە، یان بیرکردنەوە. ئەمە بڵاوکردنەوەی بێ بەهایی و بێ پرەنسیپییە، یان هاندانی خەڵک بۆ بیرکردنەوە.
لە ڕاستییدا ئەمە دارستان نییە، سرووشت خۆی وایە، ئەوە شێوازی بیرکردنەوەی ڕاستەقینەو سیاسەتی ڕیالیستەکانە کە ئارگیۆمێنتی خۆیان هەیە بۆ بەرگریی کردن لەو تێزانە. ئەمڕۆ هەموان تێدەکۆشن لە پێناو هێزدا، بە پێچەوانەوە ئەگەر هێزت نەبێت و تێکۆشان بوەستێت بێ بەهایی و بێ پرەسیپی زیاتر بڵاوە دەکات. کاتێک تۆ هێزت نییە؛ ئێران سەت تۆپت پێوە دەنێ، دەڵێ ئیسرائیلییەک لەوە دەچێ هاتبێتە هەولێرەوە، بەڵام ئیمارات و تورکیا زۆرترین بارەگاو نوێنەرایەتی و بەرژەوەندیی ئیسرائیلی لێیە، ئێران تۆپێکیان تێ ناگرێ! کاتێک تۆ هاوڵاتییەکی بێ هێزی؛ لە کارمەندێکی پرسگەوە تا وەزیرو سکرتێرەکان هەموویان دەستی بەدەستی و درۆت لەگەڵ دەکەن، وەک مشک لە تاقیگەت دەکەن. بەڵام ئەگەر هێزت هەبوو هەموو سەرۆکەکان باوەشت پێدادەکەن و فەرشی سوورت بۆ ڕادەخەن. لەو جێگایانەی ئەقڵ سەنتەرە، هێزیش سەنتەرە. هێزی پەروەردە، هێزی فەرهەنگیی و هێزی سیستەم و هێزی ئابوریی و سیاسیی. هەموو تاکەکان هەست بە بوونی خۆیان دەکەن.
با بێینەوە، ناو بابەتەکە: تۆ ناتوانی بیربکەیتەوە، چونکە پێشوەخت بڕیارت داوە؛ فڵان سوور و فیسار سپی یە. بۆ ڕزگاربوون لەمە، تەنها کەرەستەیەکی بەهێز بریتی یە لە “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە-Critical Thinking “، ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە باشترین ڕێگەیە بۆئەوەی خودی بیرکردنەوە لە دەست دەرنەچێت، لێرەدا ئارگیۆمێنتێک، بیرکردنەوەیەک، ئەقڵێک دێت گفتوگۆی بەهێز لەگەڵ ئارگیۆمێنتێکی تر، بیرکردنەوەیەکی تردا دەکات، وە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.
درووست بیرکردنەوەیەکی ڕێکوپێک کە ڕوون، ژیرانە و مەودا فراوان بێت کە پشت بەستراو بێت بە بەڵگە. یەکەمین جار سوقرات ئەم شێوازە بیرکردنەوەیەی خستە بەر تاقیکاریی، ھەستا بە دانانی ئەو ڕاستییەی کە ناتوانرێت پشت بە دەسەڵات ببەسترێت دەربارەی زانیاری و دیدگەیەکی پتەو، پیشانیدا کە چەندین کەس ھەن لە دەسەڵات و پلەی بەرز، کەچی زۆر سەرلێشیواو و ناژیرن. پێداگیری دەکرد لەسەر گرنگیی پرسیارکردنی قووڵ کە وا دەکات تێروتەسەڵی بکەوێتە ناو بیرکردنەوە و تێڕامان پێش ئەوەی بڕیار بدەیت بیرۆکەکان پەسەند بکەیت.
کەواتە، بیرکردنەوە شتێکی ئاسان نییە، تاکی ڕۆژهەڵاتی جا چ حیزبیی بێت، یان تایەفی و ئایدۆلۆجیی، خۆیان و بزاوتەکەیان ناچنە پێش؛ چوونکە بیرکردنەوە تیایاندا لاوازە یان هەر نییە؛ بیرکردنەوە زادەی ئەقڵە، ئەگەر ئەقڵت نەبێ چۆن بیردەکەیتەوە؟! بۆیە باشترین و خۆشترین شت بۆ ئەوانە ئەوەیە کە بیرناکەنەوە و هەندێ وەڵام و قسەی هەلەق و مەلەقی لە قووتونراویان پێیە، یان لە میدیاکانیانەوە، یان لە سۆشیلا میدیا تەزویرەکانەوە بە دەستی ئەمنی و موخابەراتی فڕێدراوەتە بازاڕە تا مێشکی خەڵکی پێ کۆنترۆڵ بکەن (ئیتر هەر یەکەو بە ئامانجی خۆی).
سەیری بکە؛ ئەوانەی بڕیاری پێشوەختەیان هەیە، وەکو “بۆقی ناو بیرەکە وان، بەردەوام ئەو لایوابوو لە دەریادا مەلە دەکات، بۆقەکە خۆی پێ شارەزاترین کەس بوو لە کاروباری دەریا، دواتر کە هێنرایە سەرەوە بۆ دەرەوەی بیرەکە؛ جیهان شتێکی دیکەیە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت