ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە و گیانی بەرپرسیارێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(لە ڕاستیدا زۆربەی خەڵک ئازادییان ناوێت، چونکە ئازادی بەرپرسیارێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و خەڵکیش لە بەرپرسیارێتی دەترسن- فرۆید)
بەرپرسیارێتی بەواتای لەئەستۆگرتنی ئەرک بەدڵسۆزی و ئەنجامدانی و گەیشتن بەمەبەست و ئاکامێکی بەرهەمدار. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنە گەورەیەی کە جیهان پێی شادبووە و هەموو دەرگاکان لەسەرپشتن بۆ گەیشتن و بینینی ئەوانەی مرۆڤەکان دەیخوازن و مەبەستیانە بەدەستی بێنن، پەروەردە بووەتە سەکۆی گەیشتن بەوخواستانەی مرۆڤایەتی لە بوارەکانی (ئاشتی و ئارامی و ئازادیەکان و خۆشنوودی و خۆشەویستی و ڕێزگرتن و… هتد)، ئەمانە هەروا ئاسان و ساکار بەدەست نایەن، بەڵكو هەوڵ و ماندو بون و پلانی زانستی گەرەکە، کە کار لەسەر فەلسەفەی پەروەردە بکرێت و بەشێوازێکی نوێ و هاوچەرخانە و سرەدەمیانە دابڕێژرێت، ئەم کاروپلانە گەورەیە خۆی لەخۆیدا گەورەترین بەرپرسیارێتیە، بەداخەوە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان لەم بەرپرسیارێتیە گرنگ و پڕبایەخە بێبەشکراوون، بەهۆی وابەستە بوون و گرفتە کارگێڕی و ڕامیاری و ئابوورییەکان، کەئەمانەش لەژێردەسەڵات و چنگی لایەن و گروپ و دەستەو تاقمە خۆخوازە پاوانکارەکاندان، ناهێڵن هیچ پلانێک بچێتە سەرسکەی ڕاستی خۆی تائامانج و مەبەستی ئاوان لەبەرچاو نەگیرێت.
هەرکۆمەڵگەیەک پەروەردەی باشی نەبێت، وەک جەستەیەکی نەخۆش وایە بێ دەرمان، کەدیارە نەخۆش چارەسەرنەکرێت دەمرێت، یان لاوازوبێتین وتاودەبێت و هیچ کارێکی پێناکرێت، بەڵام ئەگەر جەستە تەندروست بێت، پێویستی بە دەرمان و چارەسەرنیە، هەربۆیە هەموو نەتەوەیەک لە ڕێگەی پەروەردەی باش و هاوچەرخ نەتەوەیەکی تەندروست و ئازادی لیدەردەچێت.
بەرپرسیارێتی لە کاروکردەوەی تاکدا لە چەند لایەنێکدا دەردەکەوێت، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی تاک لە چاودێریکردنی دایک و باوک و منداڵ و ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە لە ناو کۆمەڵگەی خۆیدا، وەک منداڵی بێ باوک و هەژار و بەساڵاچوو و نەخۆش و ئەوانی تر.
لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی تاک بەرپرسیارێتی پیشەییە لە پابەندبوونی بەو ئەرکەی پێی سپێردراوە،، یان خۆی هەڵیبژاردوە، وەک ئەنجامدانی دڵسۆزی و خەمخۆری بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجانەی کە پێویستن، ئەوەش بە پەرۆشی و بەڕێوەبردنی کارەکان بە شێوەیەک کە پێشکەوتن و گەشەسەندنیان مسۆگەر بکات، بەرپرسیارێتی دوولایەنی هەیە، یان خودی کە دەگەڕێنەوە بۆتاک، یان گشتی ئەوانیش ئەرکی تاکە بەرامبەر هەمووان، یان بۆ خزمەتی کایەی گشتی دەبێت. جۆرەکانی بەرپرسیارێتی کە تاکەکان پێی هەڵدەستن، بەڵام لەئاکامدا، هەمووان سوودی لێدەبینن، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورتبکرێنەوە:
1- ڕێکوپێکردنی کەل و پەل جل و بەرگ (پاکوخاوێنی و ڕێکپۆشی)
2- ڕێزگرتن لە گەورەکان و یارمەتیدانی بچووکەکان
3- پارستن و پاک ڕاگرتنی ژینگە
4- خۆشەویستی و هەست و سۆز بۆ مرۆڤ و گیانەوەرانی تر
5- گرنگیدان بەپاراستنی کەلوپەل و پێویستیەکان، لەماڵ و شوێنەگشتیەکاندا
لە کۆندا چەمکی پەروەردە و بەرپرسیارێتی بەهەڵە شیکردنەوەی بۆکرابوو، وابەستەی لێدان و سزادان و فەرمان کردن بوو، بەڵام ئەوە لە لایەن پەروەردەکاران و شارەزایانی بواری دەروونی بوو بەمێژوویەکی تاڵ و کۆتایی پێهات.
پرسیار لە حەکیمێک کرا دەربارەی پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵ لە کۆمەڵگەو چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ. حەکیم لەووڵامدا وتی: (من کوڕەکەم لە پێناو گەلەکەمدا پەروەردە دەکەم، پەروەردەکردنی کوڕەکەشم لە ئەستۆی هەمووانە) ئەمە ئەگەر شتێک هەبێت، تەنها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە چەمکی پەروەردە، گەورە و گشتگیرە.
بۆیە بەرپرسیارێتی پەروەردە لە ئەستۆی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە، لە گەورەترینەوە تا نزمترین، چ بچووک و گەورە، بەرپرسیارێتی دایکە لە ماڵەوە، باوک لە ناوخێزان، مامۆستا لە قوتابخانەکەی، هاوڵاتی لە کارەکانی، پیاوانی هێزی چەکدار لە پۆستەکەیاندا، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەکەیدا، بانگخواز لە مینبەرەکەیدا، نووسەر لە نوسینەکانیدا، بازرگان لە کڕین و فرۆشتنیدا، پزیشک لە نەخۆشخانەکەی و مامۆستا لە قوتابخانەکەیدا.
بۆئەم هەستە گەورەیەی بەرپرسیارێتی (نیتچە) وتوێتی: (ئازادی ئەو خواستەیە کە بەرپرسیاربین بەرامبەر بە خۆمان).
قوتابخانەکان و خوێندنگەکان بەزیندان دەناسرێن، دەبێ بزانرێت ئەم هەستە لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە؟ کە هەوای پەروەردەی تێدا نیە، بۆچی؟ چونکە ترس و نائارامی بەها و ڕەوشتی بەرزوون دەکات، بەڵام جیاوازی ئەمە کە پەروەردەی باشە بینایەکی بەرزە کە ڕۆحەکان پڕ دەکات لە متمانە و سەربەخۆیی، توانای دروستکردن و بنیاتنانی نەوەی سەرکردایەتی هۆشیاری هەیە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەبێت، وەک هەمووتاکێک بڕی پێویست پەروەردە وەردەگرێت، بە تیۆری و پراکتیکیشەوە، بۆیە دەبێت مامۆستا ئاگاداری ڕۆڵی خۆی بێت، نەک پەروەردە، بەڵکو پەروەردەکردن پێش پەروەردە دێت، هەرلەبەر ئەوەیە، زانست و فێربوون هیچ سوودێکی نییە بەبێ پەروەردە.
جوانترین شتەکان کە باس لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کراوە بریتین لە دەستەواژە و وشەی نووسراو و وێنە، بەرپرسیارێتی شتێکە کە پێویستە فێری ببێت و لە ڕۆحی منداڵەکاندا بچێنرێت بۆ ئەوەی بتوانن پەروەردەیەکی دروستیان هەبێت، هەموومان بتوانین بۆ سوڕاندنی چەرخی پێشکەوتن لە وڵاتی خۆمان و دامەزراندن و گۆڕانکاری لەسەر ئاستی کەسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانین بە خەونەکانمان بگەین و بەرپرسیارێتی بەرزکردنەوەی پێگەی نیشتمانمان هەڵبگرین و بەرپرسیاربین.
وتارەکەم بەوتەیەکی (ئاندریە مۆرۆ)کۆتایی دەهێنم کە دەڵێت: ( ئازادی و بەرپرسیارێتی دوانەن، ئەگەر یەکێکیان لە یەکێکی تر جیا بکرایەتەوە، هەموویان دەمرن).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت