شێرزاد شێخانی: سیناریۆی هەمان فلیم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیمەنی یەکەم
– سەرەتا سەرکردەیەک پەنجە رادوەشێنی.
– دواتر مێگەڵەکەی چەپڵەی بۆ لێدەدەن.
– ئینجا چەکدارەکان دەست بە هاوێشتنی ساڕوخەکان دەکەن.
– ئەفسەرەکانیش پەنجەی سەرکەوتن بەرز دەکەنەوە.

دیمەنی دووەم
– دوژمن دەست بە بۆردومانی فرۆکە دەکات.
– دواتر بە تۆپ و ساڕوخ شارو دێهاتەکان کاوڵ دەکا.
– هەموو وێستگەکانی ئاو کارەباو خەستەخانەکان وێران دەکا.
– ئینجا ئابلۆقەی دەریایی و ئاسمانی و زەوی دەسەپێنێ.

دیمەنی سێیەم
– شارەکان خانوو و یاڵەخانەکانیان خاپوور دەکرێ.
– لەو عانە تەلەفزیۆنەکان دێنە ناو خەستەخانەکان باسی بێ دەرمانی و نەبوونی کارەبا دەکەن.
– ئینجا کەناڵە ئاسمانیەکان وێنەی گریانی منداڵ و دایکەکانیان دەگوازنەوە.
– سەرکردەکانی هێرشبەر داوای ئاگر بەست و لادانی ئابلۆقە دەکەن.

دیمەنی کۆتایی
– هەردوولا لەسەر مێزێکی گەورە دادەنیشن و هەر یەکەو بوتڵێک ئاوی موقەتەڕ و قاپێک شیرینی و سەلەیەک میوەی لەبەر دەمە بەرامبەر شاشەکانەوە ئیمزای رێکەوتنی کۆتایی شەڕەکە دەکەن!.
ئیدی نە منداڵەکان جارێکیتر باوکیان دەبیننەوە، نە قاچ پەڕیوەکان بە سەر پێ دەکەونەوە، نە ئاوارەکانیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵە خاپوورەکانیان.
کوژراوەکانی هەردوولاش نازانن کێ سەرکەوت و کێ شکستی هێنا!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت