دانا مەنمی: جەنگ و لێکەوتەکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەنگ وەک هەر دیاردەیەکی تر ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەو شیکردنەوەی زانستی و بابەتیانەی هەیە. جەنگ بەتەمەنترین دیاردەیە کە تائێستا لە ناو مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە. هەموو جەنگێک دۆخێکی نەخوازراو ئەرێنی دەهێنێتە کایەوە، دۆخێک کە دوای جەنگ لێکەوتەکانی کار دەکاتە سەر تاک و رەهەندە جیاوازەکانی ژیان و کاریگەری دەرونی و سایکۆلۆژی لە سەر کۆمەڵگا هەیە. جەنگ تەنها ململانێی چەکداری و بەکارهێنانی کەرەستەی سەربازی ناگرێتەوە، بەڵکو زۆرجار جەنگ لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە ڕووی فیکری و دەرونیەوە ئامانجی گەورەتر دەپێکێت.
دەتوانین بڵیین بەگشتی دەرئەنجامەکانی جەنگ بریتی یە لە دەستدانی خودی مرۆڤ بە هەموو لایەنە ماددی و مەعنەوییەکان، لێکەوتەکانی دوای جەنگیش بریتین لە تێکچوونی دۆخی دەرونی کە مرۆڤ هەست بەبێ بەهابوون و بێ هیوای دەکات، فەزای دوای جەنگ فەزای دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ترس و ستریس و نەبوونی متمانەیە بە ئەویتر بە گشتی. مەترسیدارترین نەخۆشیەکان نەخۆشی دوای جەنگن، لەپاڵ ئەمانەدا لێکەوتەیەکی تری جەنگ زیانگەیاندنە بە ژینگە، چونکە دواجار مەیدانی جەنگەکان ژینگەیە و دەوڵەتە بە شەڕهاتووەکانیش فۆکسیان لەسەر کوشتن و دیل و بریندارو ئەو ناوچانەیە کە دەستی بەسەردا دەگرن، نەک زیانەکانی ژینگە، ژینگە قوربانیەکی نەبینراوی جەنگە، ژینگە لە کاتی ئاشتیدا پاریزراوەو لە جەنگیشدا زیانی پێدەگات.
زۆرجاریش جەنگەکان لەپێناو پێکهێنەرەکانی ژینگەدا هەڵدەگیرسێت، خاک و ئاو و کانزاکان بەگشتی پێکهێنەری ژینگەین و جەنگی نێوان وڵاتانیش لەسەر پێکهێنەرەکانی ژینگەیە ، مەسەلەن یەکێک لە هۆکارەکانی هەلگیرساندنی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بریتی بوو لە دەستگەیشتن بە نەوت و وزە ،گومانی تیدا نیە هەموو وڵاتان بەپێی پێداویستیەکانیان کەرەستەیان لەبەردەستدایە بۆ خزمەتکردنی گەلەکانیان، بەڵام بە پێی تەماحەکان نا! کەواتە هیچ جەنگێک لە نەبوونەوە نایەتە بوون، هەر جەنگێک پێشینەی مێژووی و دافیعی خۆی هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا هیچ جەنگێک لە پێناو فەزیلەت و مرۆڤ و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا نیە، هەموو جەنگەکان بەشێکن لە بیرۆکەی سەرمایەداری و مرۆڤەکان دەهاڕن.
وەکچۆن ئاشتی سیاسەتە بەبێ جەنگ، جەنگیش سیاسەتە لە ڕێگای خوین رشتنەوە، لێکۆڵەرێکی تیۆری جەنگ بەناوی“کلاوزڤیتز “ دەڵێ: ئامانجی هەموو جەنگێک مەسەلەیەکی سیاسی یە. بەڵام ڕاستییەک هەیە و نابێت خۆمانی لێ ببوێرین، ئەوەیش ئەوەیە: هەتا بەدەست ئەو وەهمەوە گیرۆدە بین، کە گوایە دەتوانین لە میانی جەنگدا ئاشتی بەرهەم بێنین و لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری بەرقەرار بکەین، ئەوا لە دووکەڵ و خوێن، لە بێهوودەیی و برین، لە کاولکاری و کوێرەوەری و پەشیمانی زیاتر بەولاوە، هیچ شتێکی تر ناچنینەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت