عەبدوڵا کەریم مەحمود: کۆمەڵکوژی حامیەی شار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پایزى 1985 شارى هەڵوێست و یاخى بوون و بەرەنگارى سلێمانی، جارێکى تر دوای 22 ساڵ رووبەرووی هەمان کۆمەڵ کوژی، 9ی حوزەیرانی 1963 ی زەعیم سدیق بوەوە.
‏لە 16. 1. 1985 دەوڵەتی عێراق هێزێکى بێ شوماریى پڕچەکى لە (گاردى کۆمارى و ‏ئەمن و مەنزومەى شیمال و هێزى تایبەتى ئەمنى عامە و جەیش شەعبى رومادى و بەغداو کەرکوک و ‏شارەکانى تریی خوارو ناوەڕاستی عیراقی گەیاندە ناوشارى سلێمانى. بە بیانوی رووبەروو بوونەوەی سوپای ئێران، گاردى کۆمارى بازنەیەکیان بەدەورى شاردا تەنى.
ئاراس محەمەد غەریبى براى شەهید مامۆستا خەبات، لەبارەى ئەو رۆژە نائاساییەو ئەو ‏تراژیدیایە، ئاماژەى بەوەکرد:‏
ئێوارەیەکى درەنگ، هێزەکانى گاردى کۆمارى عیراق، بە هەموو جۆرە چەکێک، لە دەورى جادە شەست مەترییەکەى ئەمڕۆی شار ‏دامەزران و شاریان کرد بە بەندیخانەیەک و کۆنترۆڵى هەموو گەڕەکانی شاریان کرد. هەموو ‏جموجۆڵێکیان لە شاردا وەستان، بوارى هیچ جۆرە دەرباز بونێکیان نەدا. کە باڵى تاریکیایی شارى ‏داگرت، هیزەکانی گاردی کۆماری لە شوێنە بەرزەکان و لە سەربانی ماڵەکانی هەموو گەرەکەکان دامەزران. بەکڵاشینکۆف و ‏B.K.C و قەناس لەم سەرەوە بۆ ئەوسەرو لەناوەڕاستى شەقام و کۆڵان و ‏گەڕەکەکان وەستان، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەى چەکەکانیان بوو.‏
مەنعى تەجەول‏ سەعات 6ى بەیانى 17. 10. 1985 دەستی پێکرد، هەلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانى شاردا دەسووڕایەوە، بەبڵندگۆ تارمایی ترس و گومان و مەرگیان گەیاند بەخەڵکى شار. هەموو جۆرە جموجۆڵ و ‏هاتووچۆییەکیان قەدەغە کرد، هیچ کەس بۆى نییە لەدەرگاى ماڵەکانیانەوە ڕوو بکاتە دەرەوە. بە بڵندگۆی بە ناو کۆڵان و شەقام و گەڕەکەکانى شار هەواڵى (مەنعى تەجەولیان) ‏دەدا بەگوێى دانیشتوانى شار. ئەو دەنگەى پڕ بوو، لەبۆنى خوێن و مۆتەکەى ترس و تارمایی مەرگ.
دانیشتوانی شار ژن و پیاو و منداڵ زانیان بارودۆخی سلیمانی ئاسایی نییە، ئێستا نا تاوێکی تر بەسیناریۆکانیان شار نوقمى خوێن دەکەن، دیمەنەکانی تراژیدیای 9ی ‏‏1963ى حامیەى سلێمانیان هاتەوە یاد.‏ دەیان لیژنەى ئەمنی تایبەتى عێراق روویان کردە، سەراپا گەڕەکەکان و ماڵ بە ماڵ هەموو ماڵەکانیان بەسەر ‏دەکردەوە.
دەبوایە دەرگاى هەموو ماڵەکان لەسەر پشت بوایە، هیزەکانی ئەمن بەبێ پرسورای ماڵەکان خۆیان دەکرد بەژووردا، دەبوایە هەموو ئەندامانی خانەوادەکان وەک بت بەشوناسنامەکانیانەوە لە بەردەم ئەمنەکان بوەستنایە. بۆ ئەوەی ئەمنەکان ناوى ‏شوناسنامەکانیان لەگەل ناوى نێو ئەو لیستە تایبەتیانەی کەپێیان بوو بەراورد بکەن. گەر هەر ‏ناوێک لەو ناوانە لە یەک بچوایە، کتوپڕ لەوێ کەلەپچەى دەکردە دەستی ئەو کەسەو هەردووچاوىان دەبەست و ‏دەستگیریان دەکرد و راپێجی حامیەی سلیمانیان دەکرد.
چەندان کەس هیچ پەیوەندییەکیان بەو ناوانەوە ‏نەبوو، تەنیا بەڕێکەوت ناوەکانیان لەیەکتریی دەچوو، یەکسەر دەسگیر دەکران.‏ لیژنەى پشکنین، هەر هەموو کون و قوژبنى ماڵەکان دەگەڕان و هەموو کەل و پەلى ‏ماڵەکانیان دەدا بەسەریەکدا.‏ ئەو رۆژە هەزارەها گەنجى شارەکە دەسگیرکران:‏
* ئەو کەسانەى کەناوەکانیان لەناو لیستى لیژنەى تایبەتى پشکنینى ئەمندا بوو.
* ئەوانەى هیچ پەیوەندییەکیان بەناوى نێو لیستەکانەوە نەبوو، تەنیا ناوەکانیان هەمان ناو بوو.‏
*گەر لیژنەى پشکنین لەهەر ماڵێکدا سەربازى هەڵاتوویان ببینایە، ئەوا خاوەن ماڵەکەو کوڕە ‏گەنجەکانیان دەسگیردەکرد.
گەر لەکاتى پشکنیندا، وێنەى پێشمەرگە، نامەوناوی هەر رێکخراوێکیان ببینیایە، یا لەسەر دیوارى هەر ماڵێک ‏دروشمى دژ بەڕژێمیان ببینایە، ئەوا خاوەن ماڵەکەو کوڕە گەنجەکانیان دەستگیر دەکردو ‏خانووەکەیان بەشۆفل خاپوور دەکرد.‏
هەر ئەو رۆژە گاردی کۆماری عێراق لەناو گەڕەکەکانى شارى سلێمانیدا (17)خانوویان بەشۆفل تەخت کرد، ‏یەکێک لەو ماڵانە ماڵى شەهید خەبات محەمەد بەرزنجى بوو لەگەڕەکى ئیبراهیم پاشا.‏ 20 گەنج گولـلەباران کران‏.
ئەو رۆژە یەکێک بوو لەرۆژە هەرە سامناک و دژاورو تاڵەکانی شارى سلێمانى، سەدان کوڕى گەنج ژن و ‏پیاویان راپێچى ژوورە ئینفرادییەکان و هۆڵەکانى ئەمن و ئیستیخبارات و مونەزەمەو ئەمنى تەوارى و ‏حامیەى سلێمانى کرد. زیندانییەکان ئەوەندە زۆر بوون جێگانەما بوو تەنانەت گۆڕەپانى بەندیخانەکەش ‏نەیدەگرت، سیخناخ ببوو.‏
لە 17. 10. 1985دا ئەفسەرێکى لێکۆڵینەوە، لە زیندانییەکانی پرسى: کێ ناوى بۆ سەربازى ‏هاتۆتەوەو نەچووە بۆ سەبازی؟ کێ سەربازى هەڵاتووە؟ باخۆیان بێنە دەرەوە، بۆ ئەوەى رەوانەى وەحدەکانیان ‏بکەینەوە. لەو ماوە دیاریکراوەدا ئەمنەکان 20 گەنجى شارەکەیان جیاکردەوە، بردیاننە گۆڕەپانى ‏حامیەى سلێمانى و دەست و قاچىان بەدارە چەقێنراوەکانەوە ‏بەستەوە. لیژنەى دەسڕێژ، لولەی کڵاشینکۆفەکانیان ئاڕاستەی جەستەیان کردو مەخزەنەکانیان لەسەر سنگ و سەرو دەست و قاچیان خاڵى کردنەوە.

ئەمەش ناوی ئەو 20 گەنجیە:
‏1.‏ ئەبوبەکر حسێن محەمەد ‏ ‏1962‏
‏2.‏ رێبوار عوسمان میرزا ‏ 1965‏
‏3.‏ کەمال ئەحمەد عەبدولڕەحمان ‏ ‏1965‏
‏4.‏ ئیبراهیم عومەر مەعروف ‏ ‏1961‏
‏5.‏ جەزا حەمە ئەمین کەریم ‏ ‏1964‏
‏6.‏ کەریم مەحمود عەلى ‏ ‏1964‏
‏7.‏ محەمەد عەلى ئەحمەد محێ دین ‏ 1953‏
‏8.‏ جەبار محەمەد شەریف ‏ ‏1962‏
‏9.‏ ئاراس کەریم میرە ‏ ‏1962‏
‏10.‏ محەمەد ئیبراهیم محەمەد ‏ ‏1957‏
‏11.‏ کاروان ئیسماعیل محەمەد ‏ ‏1965‏
‏12.‏ هوشیار فەتاح کەریم ‏ ‏1965‏
‏13.‏ شوان مەحمود عەلى ‏ ‏1963‏
‏14.‏ حەمە رەئوف سەعید زۆراب ‏ ‏1940‏
‏15.‏ عەزیز ئیبراهیم عەزیز ‏ ‏1954‏
‏16.‏ سامان محەمەد گەورە ‏ ‏1960‏
‏17.‏ سەرسنگ محەمەد گەورە ‏ ‏1964‏
‏18.‏ ئیبراهیم عەبدوڵڵا عەوڵا ‏ ‏1948‏
‏19.‏ فەرهاد ئەحمەد عوسمان ‏ ‏1963‏
‏20.‏ خالید حەمە کەریم رەسول ‏ ‏1963‏
ئەمنی عیراق تەرمی ئەو 20 گەنجەیان تەسلیم بەکەسو کاریان نەکردەوە، جەللادەکان هەموویانیان ‏بەجل و بەرگەکانى خۆیانەوە لەسەر بازگەى سارداودا کرد بەژێر گڵەوە.‏

وینه‌ی یەکەم گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌له‌که‌ی سه‌ربازگه‌ی سارداو.
وێنەی دووەم گۆشەیەکی حامیەی سلێمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت