ڕەووف محەمەد ئالانی: ئاسایشی دەروونی مامۆستایان، هەنگاوی چارەسەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای ئەوەی لەبەرناڕەزایەتی و بایکۆتی مامۆستایان لەسنوری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانەو خوێندنگەکان تانوسینی ئەم وتارە نەکراونەتەوەو بەداخراوی ماونەوە، چەندین بۆچوون و ڕای جیاوازودژبەیەک لەسەر ئەودۆخە هاتنەئاراوە.
لایەنی کاربەدەستان و حکومەت و حیزبەکان یەک لایەن و جەمسەری گرفتەکە لێکدەدەنەوە، ئەویش ئەوەیە گوایە قوتابی و خوێندکاران باجەکەی دەدەن، سەرەڕای ڕەوایی داوای مامۆستایان، بێ ئەوەی لایەنەکانی تر لەبەرچاو بگرێت و کاری لەسەربکات بۆ چارەسەری ڕیشەیی گرفتەکە، چونکە هەرخۆیان هۆکارن، لایەنی دووەم ئەویش هەرداوای مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت، بەڵام تەنها بۆچوونی لەسەرکێشەکە هەیە و پشتگیری ناڕەزایەتیەکان دەکات، توانای چارەسەری گرفتەکەی نیە.
ئەوەی پێش کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان دەبێت بیری لێبکرێتەوەو هەنگاوی چارەسەری ڕێشەیی بۆبنرێت، چاککردنی پرۆسەکەیە بەگشتی و ئاوڕدانەوەیە لەکۆی پرسەکە، بەدانانی فەلسەفەیەکی گونجاوی هاوچەرخی پەروەردەییە کە ئاراستەیەکی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و…. لەخۆبگرێت.
بابەتێکیتری گرنگ کە دەکرێ هەنگاوی پێویستی بۆ بنرێت، دۆخی بژێوی مامۆستایان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویانە، کەپەیوەندیەکی ڕاستەخۆی لەسەرپرۆسەکەهەیە.
ئاسودەیی دەروون، هۆکاری سەقامگیری و سەرخستن و بەدیهێنان و گەیشتنە بەئاکام، بەتایبەت لەناوپرۆسەی پەروەردەدا، ئەویش بەباشکردن و گۆڕینی گوزەرانی مامۆستایان دەبێت، هەرچی بکرێت بۆ ئاسایشی دەروونی مامۆستایان. واتە بەهاناوەچوون بۆچارەسەری ڕیشەیی دۆخی پەروەردە، لەم قۆناغەدا دەرچەیەکە بۆئاراستەی دەرهێنان لەو دۆخەی پەروەردە کەوتۆتە سوڕی خەوتن و متبوون.
(برایان تریسی) لەبارەی بوونی ئاسایش لەناوناخی تاکدا دەڵێ: ( تا زیاتر بەدوای ئاسایشدا بگەڕێیت، کەمترت لێی دەستدەکەوێت).
لەم وتەیەوە ئەوەمان بۆدەردەکەوێت بوونی ئاسایش هەرچەندزۆربێت هێشتا ڕۆحی مرۆڤ تێرناکات و زیاترداوادەکات.
جگە لەئاسایشی دەروونی چەندجۆرێکیترلەئاسایش بوونی هەیە کەهەریەکێک لەوانە گرنگی و بایەخی زۆری هەیە بۆژیانی کۆمەڵایەتی و تاکیش، لای (شەمسی تەبرێزی) ئاسایش پلەکەی زۆرباڵایە، ئەودەڵێ: ( ئاسایش لە خۆشەویستی بەرزترە، بۆیە کاتێ نزیک بیت لێی سەرسام دەبیت، نزیک بوو، نەوەش دەبێتە هۆکاری دڵنیایی).
چەند جۆرێکی ترلەئاسایش هەن کەجێی بایەخ وگرنگی پێدانن ئەوانیش ئامانەن:
1- ئاسایشی دەروونی
2- ئاسایشی خۆراک
3- ئاسایشی تەندروستی
4- ئاسایشی ئابووری
5- ئاسایشی ژینگەیی
6- ئاسایشی ماڵ
7- ئاسایشی مرۆڤایەتی
8- ئاسایشی سەربازی
9- ئاسایشی زانیاری
10- ئاسایشی نەتەوەیی
11- ئاسایشی ئاو
12- ئاسایشی کۆمەڵایەتی
ئەمانەی ئاماژەمان بۆ کردوون جۆرەجیاوازەکانی ئاسایشن، بەگشتی کاریگەریان لەسەرژیان هەیە، هەریەکێک لەمانە کەموکورتی هەبوولایەنێکی گرنگی ژیان کەلێنی تێدەکەوێت.
بۆ ئەوەی گرفت و کێشە پەروەردەییەکان بنەبڕبکرێن، پێش هەرهەنگاوێک دەبێت بیر لەسەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی دەروونی مامۆستایان بکرێتەوە، ئەگەرئەمە نەکرێت چۆن خەمی پرۆسەی پەروەردە هەڵدەگیرێت؟
دڵێکی خۆش و نیگایەکی دووربین و مێشکێکی دوورلە بیرکردنەوەی ئاڵۆزی، هەموویان دەبنە بنەمایەکی پتەو بۆ بەدیهێنانی پلانێکی ڕاست و دروست و نەخشەیەکی گونجاوی زانستی بۆ ئەنجامدانی هەرکاروپلان و پرۆسەیەکی خواستراو، لەم کاتەدا کە مامۆستایان هیچ دڵیان بە پیشەکایان خۆشنەبێت و هیچ ڕوانگەیەکی باش نەبێت بۆ بینین و هزریان هێندە ئاڵۆزکابێت، چۆن پلان و نەخشەوڕێگایەک بدۆزنەوە تابتوانن بەباشی وەک توێژێکی گرنگی ناو کۆمەڵگە خزمەت بە قوتابیان و خوێندکاران بکەن؟
مامۆستایان بەسێ مانگ موچەیەکی کەم وەربگرن، چۆن ئاگایان لەپرۆسەی پەروەردە دەبێت؟
بە مەبەستی پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە و باشترکردنی کوالێتیەکەی، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی مامۆستایان و باشکردن و پێشخستنی ژیانیان بە مەبەستی هاندانیان بۆ پێشکەشکردنی باشترین پەروەردە بۆ نەوەکانی ئایندەیان کە درەوشانەوەی ژیاری و خۆشنوود ی بەدیبێت.
ئەمەش بەهێزی سیستمی خوێندن لەو وڵاتەدا بەرز دەکاتەوە و سەیر نابێت کە پێشکەوتووترین وڵاتان لە ڕووی ئابووری و پەروەردەییەوە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدان کە بەرزترین مووچە بە مامۆستایان لە جیهاندا دەبەخشن.
لێرەدابەباشی دەزانم ڕیزبەندی ئەو ووڵاتانە بخەمەڕوو وەک ماڵکپەڕی (anamusafer ) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەو ووڵاتانە زۆرترین مۆچە دەدەن بەمامۆستاکانیان، هەموومان دەزانین ژیان و سیستمی پەروەردە بۆچی لەوووڵاتانەدا ئەوەندە لەپێشەوەیە.

1-لۆکسمبۆرگ 97,808 دۆلاری ئەمریکی
2- سویسر ا 68 هەزار و 849 دۆلاری ئەمریکی
3-ئەڵمانیا 64 هەزار و 289 دۆلاری ئەمریکی
4-هۆڵەندا 59,894 دۆلار
5-کەنەدا 56 هەزار و 422 دۆلاری ئەمریکی
6-کۆماری ئێرلەندا 54,954 دۆلاری ئەمریکی
7-دانیمارک 53 هەزار دۆلار
8-بەلجیکا 49 هەزار و 185 دۆلاری ئەمریکی
9-ئوسترالیا 48,937 دۆلار
10 -کۆریای باشوور 48 هەزار و 181 دۆلاری ئەمریکی
ئەم ڕێژەی موچانە لەو ووڵاتانەدا، ئەگەر بۆ هەر شوێنێک بەوڕێژەیەی دیاریکراوە دابەشی دوانزە مانگی بکەی بڕێکی زۆرە و کەسی موچەخۆرسەرەڕای ژیانێکی ئاسوودەو خۆشگوزەران دەتوانێت لە خەڵکی تر باشتر ژیان بەڕێ بکات، بەڵام مامۆستای ئەم هەرێمە بەکام پێوەروبەچ تەرازوویەک بتوانێت، بەسێ مانگ موچەیەک وەربگرێت، هەربەشی پێداویستیە سەرەتاییەکانی بکات؟ خەڵک و حکومەتیش داوای پەروەردەیەکی باشی لێبکات، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی وەک بەردی خڕحیزبەکان خستویانەتە سەرڕێگەی پرۆسەی پەروەردە.
بەدڵنیایی دەروونی نائارام و شێواو و شپرزە دەبێت، هەربۆیە لەئاکامی ئەم وورد بوونەوەیەو بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی دۆخی ژیانی مامۆستایان و بێباکی حکومەتی هەرێم، دەگەینە ئەو بڕوایەی سیستمی پەروەردەو ئەو پرۆسەیە گیرۆدەی چەقبەستن و دواکەوتن و وێرانی بووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت