عەبدولا کەریم مەحمود: مۆتەکەی ترس..!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرەتای جەنگی عێراق و ئیران دا بوو ، شیخ جەعفەری پاریزگای سلێمانی داوای لە ( محەمەد رەفیق) ی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کرد، ئاگاداری ئەنجومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و کەسێتی یەکانی شار بکات، سەعات 10ی بەیانی رۆژی داهاتوو بۆ کۆبونەوە لە هۆڵی نەقابەی کریکارانی سلێمانی ئامادەبن.
لە هەمان کاتی دیاری کرواودا زیاتر لە ٣٠٠ کەسی خەڵکی شار و ئەنجومەنی شارەوانی لە هۆڵی نەقابە ئامادەبوون، لێپرسراوانی حیزبی بەعس و بەرێوەبەری ئەمن و پۆلیس و نوێنەری دەزگای ئیستیخبارات و موخابەرات لە ریزی پێشەوە دانیشتبوون. دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ خوێنی شەهیدانی عێراق، پاریزگای سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و پێ ی راگەیاندن:
بەخیربێن بۆ ئەم کۆبوونەوەیە، ئەوە چەند مانگێکە جەنگ لە نێوان عیراق و ئێران بەرپا بووە، ئەم جەنگە پەیوەندی بە چارەنووسی هەموو گەلی عێراق بە عەرەب و کوردو تورکمان و کەمایەتیەکانەوە هەیە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە کوردەکان لە ریزەکانی سوپا هەڵدێن، تکاتان لێ دەکەم ئێوە ئامۆژگاری کوڕەکانتان بکەن لە سوپادا خزمەتی سەربازی بە عێراق بکەن و هەڵنەیەن و روونەکەنە چیاکان و ببن بە پێشمەرگە، بۆ ئەوەی عیراق لەم جەنگەدا، بتوانێت بە سەر فارسی مەجوسدا سەربکەوێت.
گەر عیراق لەم جەنگەدا نوشستی بهێنیت، ئەوا ئێران هەموو گەلی عێراق بە کوردەوە دەکوژێت، عێراق بە باکوورەوە خاپوور دەکات.
دوای ئەوەی وتارەکەی تەواو کرد، بە دانیشتوانی هۆڵەکەی وت: کێ لێدوان و رەخنە و پێشنیاری هەیە، دەتوانێت راو و بۆچوونی خۆی بێ سڵکردنەوەو راشکاوانە بڵێت، هیچ کەسێک ناتوانێت لێپرسینەوەی لە گەڵ بکات و سزای بدات.
لەو کاتەدا (عەلی بۆسکان )* دەستی بەرز کردەوە . پێ یان وت : فەرموو ..!
وتی: جەنگی عێراق و ئێران جەنگی عەرەب و فارسە، جەنگی کوردو فارس نییە، پەیوەندی بە کوردو جوگرافیای کوردستانەوە نییە. بەڵگەش بۆ قسەکانم، لە هەموو سروودو گۆ رانی و وینەکانی راگەیاندنی جەنگی عێراق، هەر باسی جەنگی عەرەب و فارس دەکەن و دەڵین: ئەولادی عەدنان ) و (ئەولادی قەحتان)ی عەرەب، ئەم دوو ناوە تایبەتمەندە بە رەچەڵەکی عەرەبەوە، هیچ پەیوەندیەکی بە کوردەوە نییە، هەردوو ناوەکە بە کورد نامۆیە.
لە هەموو میدیاکانی عیراقدا ، یەک سروودتان نییە باسی( ئەولادی شێخ مەحمود) ی کورد بکات. ئەم جەنگە هیچ پەیوەندیەکی بە کوردە وە نییە، لێرەدا من بە خۆم و بە هەموو کەسایەتیەکانی شارەکەم رادەگەیەنم: با هەموومان بە یەک دەنگ و بەیەک هەڵوێست بە کوڕەکانمان راگەیەنین، نەچن بۆ جەنگی (عەرەبی عیراق) و (فارسی ئێران).
ئەم هەڵوێستەی عەلی بۆسکانی، بروسکە ئاسا وەک مۆتەکەی تارمایی ترس بە روخساری هەموو ( کەسایەتیەکانی شارو ئەمن و ئیستیخبارات و موخابەرات و پۆلیس و بەعسییەکان )ـەوە دەبینرا.
وتارە ژەهراوییەکەی پارێزگاری سلێمانی بە تاڵ کردەووەو بێ دەنگی و خامۆشی هۆڵەکەی داگرت.

سەرچاوە :
١- دیدارێک لە گەڵ بەڕێز محەمەد رەفیق، لە ١٩٨١ -١٩٨٣ سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو.
*عەلی حاجی عەبدوڵلا بۆسکانی ، لە ١٩٣٣لە گەڕەکی حاجی حانی شاری سلێمانی لە دایک بووە، لە گەنجێتیەوە پەیوەندی کردووە بە حیزبی شیوعی و ئەندامی ئەو حیزبە بوەوە ، بەشداری خۆپیشاندانەکان و چەندان چالاکی کردووە، چەند جارێک دەسگیر کراوە و لە زیندانی ئەبوغرێب و نوگرە سەلمان، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە، ماوەیەکیش لە بەدرە دەستبەسەر بووە، کەسیتیەکی خاکی بووە ، یەکێک بووە لەو سەرمایەدارە رووناکبیرە ، خاوەن هەڵویستە دیارانەی شار ، هەموو کارو پرۆژەکانی لە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دا بوو ،بە بەردەوامی یارمەتی چەندان خویندکاری زانکۆکانی داوە، بۆ ئەوەی بتوان بەردەوام بن لە سەر خوێندن ، یارمەتی دەیان خانەوادەی نەداری داوە ، بێ ئەوەی باسی بکات و هەستیان بریندار بکات ، زۆربەی نووسەران و هونەرمەندان و هاوڕێکانی لە ئۆفیسەکەی دا ، لە بازاڕی عەسری کۆدەبوونەوە و کۆڕی گفتوگۆیان گەرم دەکرد ، کتێبی بۆ چەندان نووسەر، چاپ کردوە ،لە ساڵی ١٩٨٣ لەسەر ئەرکی خۆی. پەیکەری کاوەی ئاسنگەری دروست کردوە ، ئەمنی سلێمانی پەیکەرەکەیان بە شۆفڵ روخاند ، لە ١٩٨٨ قوتابخانەی عەلی بۆسکانی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دروست کرد ، لە ٢٩/ ٩ / ١٩٩٣ لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا ، ئەرشیفی شەهید عەلی بۆسکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت