نوری کەریم: ئەم جەنگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل نییە! پەڵەیەکی شەرمەزاریشە بەتەوێڵی ئەردۆگانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەڵەمانیا- 9. 11. 2023
بەر لە پێشخان و بەرخانی جەنگەکە، لەئاسمانەوە تەماشایەکی ئەو پانتاییە بەرتەسکە بکەین کە جولەکەو هاوپەیمانەکانی پێیدەڵێن ئیسرائیل، فەلەستانی و عەرەبیش پێیدەڵێن فەلەستینی داگیرکراو. ئێستا ئەو خاکە، یا ئەو وڵاتە بەمجۆرە دەبینرێت، بەشێک لە ساڵی 1948 ەوە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەردامەزراوە. بەشی دووەمیان/ دەسەڵاتی فەلەستینییەکانی لەسەردامەزراوە، بەڵام لەودەمەوەی کە ئیسرائیل لەپێناو ئامانجێکی تاکتیکیدا کەبریتیبو لە بێهێزکردنی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین (فەتح) بەسەرۆکایەتی یاسر عەرەفات و پتر کەرتوپەرتکردنی فەلەستینییەکان،ئیسرائیل شێخ یاسین کەدامەزرێنەرو باوکی رۆحی بزوتنەوەی حەماسە لە زیندان ئازاد دەکات و هێزەکانیشی لە باشوری لوبنان دەکێشێتەوە و چۆڵیدەکات بۆ میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنانی بەسەرۆکایەتی حەسەن نەسروڵڵا. لەوکاتەوە ئەو پانتاییەی لەژێر دەسەڵاتی فەلەستینییەکاندا بو بەسەرۆکایەتی یاسر عەرەفات و دواترو هەتا ئێستاش ئەحمەد عەبباس سەرۆکایەتی دەکات، بەسەر دودەسەڵاتدا دابەشکرا، دەسەڵاتی حەماس لەکەرتی غەززە و ئیسماعیل هەنییە سەرۆکایەتی باڵە سەربازییەکەی دەکات بەپشتیوانییەکی بێسنوری ئێران و قەتەر، لەولاشەوە دەسەڵاتیێکی کزولاوازی سەرۆک ئەحمەد عەبباس لە کەناری خۆراوای روباری ئەردەن کە لەئیستادا پتر لە چاودێڕیك دەچێت وەک سەرۆکی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستان.
لەسەرەتادا وتمان ئەم جەنگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل نییە، چەنگی عەرەب و جولەکە نییە، جەنگی موسوڵمان و زایۆنیزمیش نییە، بەڵکو جەنگێکە ئێران بە قۆنتەرات داوێتی بە حەماس، چونکە ئیسرائیل بەردەوام بەفڕۆکە هێرشی دەکردە سەربنکەو بارەگاکانی لە سوریا، ئەوەش لەهەموان ئاشکرایە ئێران دەیەوێت بەهەر نرخێکە ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم و بەردەوامیش لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا بەرەوپێش دەچێت و ئیسرائیلیش ئەو تۆپەڵە قوڕقوشمەی بۆ قوتنادرێت و ئەو پەلامارانە تەنها چڕنوکن، ئەگەرنا درەنگ یازو پەڵاماری دەدات. کەواتە بەرلەوەی ئیسرائیل بیکات بە نانی نیوەڕۆ، ئێران دەیەوێت ئیسرائیل بکاتە بەرچایی و نانی بەیانی! هەر بۆ ئەو ئامانجەشە بەڕاستی ئێران لەهەمو رویەکەوە بە حەماس و سوریاوە ماندوبووەو دەستی پێیانەوەیە، ئامانجی دوەمیشی گۆڕینی ئاراستەی خەباتی فەلەستانییەکانە لە ئامانجی نەتەوەییەوە بۆ ئامانجی ئاینی و سەپاندنی دەسەڵات و هەژمونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەلەستان و سوریاو لوبنان و نزیکترین سەنگەرەوە و لە پەنا سنوری دەوڵەتی جولەکەدا، کە هەر بەردهاوێژێک لە تەلئەبیبی پێتەخت دوورە. چەکی کاریگەریشی هەیە، وەک رۆکێتی خەیبەر مەوداکەی 2000 دوهەزار کیلۆمەترە و رۆکێتی قەدداح مەوداکەی 1400 هەزارو چوارصەدکیلۆمەترە و لەماوەی تەنها 4چوار خولەکدا دەگاتە تەلئەبیب.
بزوتنەوەی حەماسیش دەوڵەتوڵکەیەکە لەنێو دەوڵەتی جولەکەدا، هەر بۆنمونە بودجەی ساڵانەی باڵە سەربازییەکەی رێکخراوی حەماس یەک ملیار دۆلارە! جا ئەگەر دەپرسیت چۆن و لەکوێوە دێت، سەرچاوەکان زۆر نهێنی نین:
ئێران ساڵانە 200 دوصەد ملیاری بۆ تەرخان کردون،کڕین و فرۆشتنی یاسایی و نایاسایی و قاچاخچێتی پتر لە نیو ملیار دۆلار، ئیمارات ساڵانە 360 سێ صەدو شەصت ملیۆن دۆلار، قەتەر زۆر لەوە دەستواڵاترە و بۆڕی ئێرانی داوەتەوە، ئەوە یارمەتی و کۆمەکی و پیتاکی ئەملاولاش لەولاوە بوەستێت لەپاڵ داهاتی ناوخۆشدا وەک باج و گۆمرگ و ئاو و کارەباو.. کە پتر لە 350 ملیۆن دۆلارە. لەو لێشاوە حەماس تەنها 350 سێ صەدو پەنجا ملیۆن دۆلاری دادەنێت بۆ کاروباری سەربازی! ئیتر ئەوە بزوتنەوەی حەماس لەنێو بزوتنەوە و رێکخراو و حیزبە سیاسی و چەکدارەکانی جیهاندا لە پلەی پێنجەمدایە و هەمو سەرکردەکانیان ملیاردێرن و یەکێکی وەک ئیسماعیل هەنییە خاوەنی چوار ملیار دۆلارە و هەفتەیەکیش بەرلە رۆژی 7. 10. 2023 لەگەڵ سەرکردەکانی هاوڕێیدا بەکۆمەڵ کەرتی غەزەیان جێهیشت بەرەو تونس و قەتەر.
ئەم دورۆژەی دوایی ئیسرائیل توانی لەوشکانییەوە هێڕشبکاتە سەر باکوری غەززەو هەردو شاری بەیت حالون و بەیت لاهیا داگیربکات و لەباشوری هەرێمەکەی داببڕێت، ئەوەش بەپێی پلانەکان سوپای ئیسرائیل هەنگاوی یەکەمە بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێکی نهێنی تۆڕی تونێلە جەنجاڵەکانی کە فاکتەری هەرەگرنگی سەرکەوتنی جولەکەیە لە جەنگەکەدا، بەڵام تۆنێلەکان ئەو راستە رێگەیەی بن زەوی نییە لەنێوان غەززەو دەروازەی رەفەح دا، نەخێر ئێستا بریتین لە دەڤەرێک 20 – 40 مەتر قوڵ لە ژێر کەرتی غەززەدا و روبەرەکەشی لە روبەری دەڤەری غەززە فراوانترەو هەتا سنوری میصر و خاڵێ رەفەح وەک تەونی جاڵجاڵۆکە بڵاوبۆتەوە..
گرنگی تۆنێلەکان لەوەدایە بەرزیان دومەتر و پانییان یەک مەترە و بە دیوارو تاقی کۆنکرێت روپۆش و قایمکراون، کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی و نەخۆشخانەو شوێنی حەوانەی تێدایە!! رادار نایدۆزێتەوە، مانگە دەستکردەکان نایخوێندنەوە و تانک و زرێپۆشەکانی ئیسرائیلیش ناتوانێت لەو تونێلە تەسکانەدا بجەنگێت. ئەمەریکا هەست بە مەترسییەکانی جەنگەکە دەکات و هۆشداری دەداتە ناتانیاهۆ: کات ئەوەندەی بەبەرەوەنییە هەمو ئامانجەکانتان ئەنجامدەن، نابێت دڕێژەی پێبدەن، درێژەدان بە جەنگ لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نییە، ئاگربەستێکی 3 رۆژەی مرۆڤدۆستانە پەسەندبکەن، بنەبڕکردنی حەماس مەحاڵە، وابڕوات جەنگەکە بە ئێمەش کۆنترۆڵ ناکرێت. ئەوەتا هەردوێنی محەمەد سەلمانی جێنشینی شای سعود کە لەهەمو سەرانی عەرەب نزیکترە لێتانەوە، راشکاوانە و زۆر بەتوندی داوای راگرتنی کوشتنی مرۆڤی سڤیل و بێتاوان دەکات، بە وزیری دەرەوەمانی وتووە بە چ یاسایەک نەخۆشخانەی شیفا، کەگەورەترین نەخۆشخانەی غەززە یە دەڕوخێنن بەسەر نەخۆشەکاندا؟ بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ مکورە لەسەر ئەوەی مەرجی سەرەکیمان ئەوەیە بارمتەکان ئازاد بکرێن، ئینجا ئاگربەست دەکەین.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە جەنگەکە 3 رۆژ بوەستێت لە پێناو دانیشتوانی بێتاوانی غەززەدا، بێ نان و ئاو و کارەباو سوتەمەنی کۆمەڵکوژنەکرێن. بەلام سەرۆک وەزیران ناتانیاهو زۆر بەپەلەیە رۆژێک زوتر کەرتی غەززە لەسەر نەخشە بسڕنەوەو دانیشتوانەکەی ناچاربن، ئەگەر بەزیندویی مانەوە روبکەنە بیابانی سینا، تەنانەت بەجۆرێک گەیشتە تینی، رەخنەیەکی زۆر توندو بەئازاری لە وەزیری بەرگری گرت و لە پەیجی تایبەتی خۆیدا نوسیبوی (سوپایەکی فشەڵ و کۆمەڵێک فەرماندەی ترسنۆک کەناتوانن هێرش بکەن!). بەڵام هەموان دەزانن هەڵەیەکی گەورە دەکەن و بەزیانێکی قورس و قەبەوە لەم جەنگە دەردەچن کە لە دامەزراندنی ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا لە هەمو جەنگەکانیدا دژی عەرەب هێندە زیان و شکشتیان بەرنەکەوتووە و یەکەمجاریشە سام و هەیبەتی سۆپای ئیسرائیل دەشکێت.
سەرگەرمی و هەڵەشەیی ناتانیاهو بەخۆیان و غەززەوە ناوچەکەش کەموزۆر بەئاگری جەنگەکە دەسوتێت ولە ئەنجامدا ناچاردەبن پەلاماری ئیران و سوریاو لوبنان و لەوانەیە عێراقیش بدات. ئەوەتا هەرلە ئێستەوە دوەمین بەهێزترین بۆمبای خۆی ئاڕاستەی ئۆردوگای جەبالیا کرد، هەڕەشەی لە حیزبوڵڵاش کرد ئەگەر کەرێتی بنوێنێت نەک باشوری لوبنان، هەمو لوبنان دەگێڕینەوە بۆ سەردەمی سەتەکانی نێوەڕاست!! ئەی خۆ حیزبوڵڵاش بەچەپۆک شەڕناکات، لەوەڵامدا حەسەن نەسروڵڵای رابەری حیزبوڵڵا رایگەیاند ئەمجارە موشەکبارانتان ناکەین هێزی پیادەمان هێرش دەکات. نەسروڵڵا فەرماندەی لەشکرێک چەنگاوەری پڕچەک و راهێنراو و بەئەزمونە، ژمارەیەکی زۆر فرۆکەی درون و ماتۆڕی باڵداریشی ئامادەن، چەکی (بانتسەر) پێشکەوتوی بەرهەمی روسیاشی بەدەستەوەیە، کە دەتوانێت لەیەک کاتدا چوار ئامانج بپێکێت، روسیا هەمان چەکی داوەتە سوریاش، ئینجا ئەوەش ئاشکرایە هێزوتوانای سەربازیی حەماس و جبەخانەی چەک و تەقەمەنییەکانی چەند قەبەو مۆدێرن و کاریگەرە، 40 چل هەزار جەنگاوەری راهێنراو و بەئەزمونی جەنگی نزیک بە تونێلەکان و شەقام و کۆڵان بەکۆڵانەکانی هەیە و ژمارەیەکی زۆر زۆرتریش لە حیزبوڵڵا فڕۆکەی درون و ماتۆڕی باڵدار ی لەبەردەستدایە. پەندێکی کورد هەیە باپیرانمان فەرمویانە (قولی رەش و سپی لەبواردا دەردەکەوێت) ئەم جەنگەی ئێران وئیسرائیل کە حەماس بەقۆنتەرات لە ئێرانی گرتووە وڵاتانی ناوچەکەو دورو نزیکی بێ دەمامک و رتوش دەرخست، لەهەموشیان پتر دەستەکەی کەوتە رو، فڕوفیشاڵ خۆفشکردنەوەکانی فشبونەوەو فسفسف پاڵەوانێکە هەر بەکوردە بێکەس و پشتیوانەکە دەوێرێت، ئاخر خەلیفە عوسمانییە درۆزن و خەڵەفاوەکەی سەتەی بیست ویەک نقەی لێوەنەهات بۆ کاوڵکردنی شارێک بە مرۆڤ و گیانلەبەران و تەڕو وشکییەوە ، خۆ دانیشتوانی شارەکە سوننەمەزەبن و هەواداری خەلیفە ترسنۆک و حەوت رووەکەشن، کەچی هەر دوێنێ خۆی شەرمەزاری هەردو دنیا کرد و لەبری بەدەنگەوەچونی (رەعیەتە موسوڵمانەکەی غەززە) و هاوکاریکردنیان، هەر دوێنێ نەوتهەڵگرێک نەوتی کازاخستانی لەرێگەی بەندەری جیهانەوە گەیاندە بەندەری ئیلات لە ئیسرائیل بۆ ئەوەی جولەکە سوتەمەنی لێنەبڕێت، هەر بۆ چاوبەستی موسوڵمانانیش ئەوندەی غیرەت بەرخۆیدا کونسوڵەکەیی لەتەلئەبیب بانگکاتەوە . دەی هەزار جار ئەو شەمەزاریی روڕەشییەی پیرۆزبێت.ئەنجامە بەراییەکانی جەنگەکە:
1- دەوڵەتی ئیسرائیل ئەو ئەفسانەیە نەبو، کە هەرگیز سەرکەوتووە و نابەزێت، سەرەڕای شەبەیخونەکەی لێیکرا، نزیکەی 1100 کوژراو و 120ئەفسەرو سەربازو سفیلی لای حەماس بارمتەن.
2- ئێران بە خشکەیی کاردەکات و دەتوانێت دەستی قورس بوەشێنێت، بیرۆکەو نەخشەوپلان وئامادەکاری و راهێنانی 1200 هەزارو دەصەد جەنگاوەری گیان لەسەردەست بۆ پەلاماردانی ئیسرائیل وئاگربارانکردنی بە هەزاران موشەک لەیەک کاتدا.
3- بزوتنەوەی حەماس بنەبڕ ناکرێت و دەتوانێت برەو بەتوانا جەنگییەکانی و دابینکردنی چەکی مۆدیرن بدات. هەربۆنمونە ئەندازیار محەمەد ئەلزواری پسپۆر لە زانستی فتزیادا مامۆستاو پێشەنگ و بەرهەمهێنەری چەندین جۆر چەکی مۆدێرنە بۆ فەلەستینییەکان و هەر لە ساڵی 2008 ەوە خۆی تەرخانکرد بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک قەسسام و ئەبابیل. دەنگۆیەکیش هەیە کە مۆساد تیرۆریکردووە
4- کێشەی فەلەستین و کێشەی گەلانی دیکەی وەک کورد چارەسەری بنەڕەتی نەکرێن ،ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
5- ریسوابونی سەرانی بێهەڵوێستی عەرەب لەبەرچاوی هاوزمان و هاوئاینەکانیان.
6- کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانی نەوت و بەرهەمهێنانی چەک و وڵاتە زلهێزو زەبەلاحەکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەزار جار بێسڵەمینەوە مافی مرۆڤ و گولانی بندەست و کەمدەست پێشێل دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت