موتەلیب سەعید عومەر: ئازادی سیاسی بێ سەقامگیری دەروونی بایەخی نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیلەسوفی ئەڵمانی کانت دەڵێت؛ ڕاپەڕین مرۆڤەکان لەملهوڕی ڕزگار دەکات، بەڵام ئازادی بۆ ئەقڵەکان بەرهەم نایەت. شۆڕش لەئەدەبیاتی سیاسی ئێمەدا چ لەشاخ و چ لەڕاپەڕین گۆڕینی ڕژێمێک بووە بۆ گروپێکی تر کەهەمان ڕوانگەو ڕەفتاری دیکتاتۆریانەی دوبارە کردۆتەوە. بەڵام لەڕوانگەی خێڵەکی و ناوچەیی بێ هەوڵدان پشت بەستن بە ئەقڵێکی تەندروست و بیرکردنەوەیەکی نوێخواز وەک ئەوەی لەدوای ڕاپەڕین بینیمان، ڕاپەڕین گۆڕینی مۆدێلێکی ستەمکاری، دیکتاتۆری بوو بۆ خۆسەپێنی، دەسەڵاتێک لەبەهەشتێکی یۆتۆپیادایە. بەڵام لە خەڵکەکەی لەوپەڕی بارگرانی نەهامەتیدا دەژی، دەسەڵاتێک بەناوی ئەقڵییەتی شۆڕشگێڕی و شەرعییەتی شاخ بڕیارو گوتار دەدات. بەڵام نە خەمی کورد بوون و نەئینسانەکانی هەیە کە لەڕابووردوو تا ڕاپەڕین خوێنیان ڕشتووە و خەباتیان کردووە، هەربۆیە لە دوای ڕاپەڕین بیری نەتەوەیی ساڵ بەساڵ لەهزری تاکەکان کاڵ بۆتەوە.
هەر لەدوای ڕاپەڕین دوو پارتی دەسەڵاتدار، کاریان لە لاواز کردنی یەکتر کرد لەهەردوو سۆنگەی سیاسی و سەربازییەوە، وێڕای ئەوەی دەسەڵاتی کوردی لەسەرەتای ئەم ئەزموونەدا هەڵگری گیانی مرۆڤ کوژی بووە نەک ویستی ئازادی و ئارامی، سەربەخۆیی سەرچاوەی ئەم کورد کوژییەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابووردو پاشان دەیەی کۆتای حەفتاکان تا ناوەڕاستی هەشتاکان. دوای بەکوشتدانی ئەو هەموو خەڵکە بەگوتاری حیزبی و نەتەوەیی پێشمەرگەکانیان ڕاپێچی مەرگ کرد، هەر وەک لەسەرەتاوە لە بیرو هزری دەسەڵاتدارەکان و بیری شاخ ڕاپەڕین بەڕووی بەعسدا، تەنیا هەوڵێک بوو بۆ تۆڵەکردنەوە، نەک بۆ ڕزگارکردن و پەند وەرگرتن لەو ستەم و زۆردارییەی بەعس بەدرێژایی سی و پێنج ساڵ درێژەی پێدا. لایەک تر لەڕەهەندە ئابوورییەکەی پاش 32 ساڵ لەئەزموونێکی شکستخواردوو، ساڵ بەساڵ حکومەتی هەرێم دووچاری ئیفلاسی ئابووری و ئەخلاقی بوو. هەر ئەزموون و حکومەتێک لەڕووی ئابووری و داراییەوە شکستی هێنا، خەڵکەکەی دووچاری چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەروونی دەبێت، بۆیە ئازادی سیاسی بێ سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی بایەخی نیە، دواجار ئەم قەوارەیە شکستی سیاسی و ئابووری خۆی لەبەردەم ڕایگشتی ناوخۆ و دەوڵەتانی دەوروبەردا دەردەکەوێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەرباری ئەو بارگرانییەی لەسەر خەڵکی کوردستان دایانناوە، لەهەمانکاتدا لێشاوێکی زۆری عەرەب لەناوەڕاستی عێراقەوە بۆکوردستان هاوردە کردووە بەپاساوی هاوڵاتی و عێراقیبوونەوە کێشەیەکی زۆری بۆ کەرتی نیشتەجێبوون و گوزەرانکردنی خەڵک دروستکردووە، وێڕای بەتایبەتکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و داخستنی کارگەی حکومی و بێکارکردن خەڵک، هەڵوشینی دەستمایەو بژێوی داهاتی تاکەکەس، هەموو ئەمانە بوونە شکستی ئیداری و حکومەتێکی قەرزار و مایە پووچی لێکەوتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت