نەوزادی موھەندیس: ڕۆشنبیر کێ یە و ئەرکی چییە لە کۆمەڵگادا؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک ئاشکرایە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیە جیاوازەکان پێکھاتوون لە توێژوچینی جیاواز لەناویشیاندا کەسان و تاکی ھەمەجۆر ھەن کە ئاستی خوێندەواری و تێگەیشتن و ھوشیاریان جیاوازە و ھیچکامیان وەکو ئەویتر بیرناکاتەوە و خاوەنی ھیچ بیرۆکە و دەستپێشخەری و تێڕوانین و دیدگا و ئاست و ئاسۆ بینینی ئایندەیەکی ڕۆشن و گەشاوەی نیە. جا ئاستی تاکەکان لە نێوان کەسانی نەخوێندەوار و نەزان و خوێندەوار و ڕۆشنبیر و زانا و بیرمەنددا دابەشبوونە کە ھەریەکەشیان سیما و سیفاتی جیاکەرەوەی خۆیان ھەیە، ئاشکراشە ھەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان ھەمیشە لەسەر دەست و بەبیر و ئەندێشە و بیرۆکە داھێنەرانەکانی کەسە ڕۆشبیر و زانا و داناکان پێشکەوتوون و توانیوایانە ھەنگاو بەرەو گۆڕانکاری بنێن و قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگا ببڕن لە کۆمەڵگایەکی مەشاعیی سەرەتاییەوە بۆ کۆمەڵگا جوتیار وفیوداڵی و خانەدان و دواتر قۆناغی بازرگانی و پیشەسازی وسەرمایەداری و ئیدی ھەنگاونانیش بۆ سۆسیالیستی.
بۆیە گرنگە کە بزانین ھەریەک لەو ئاستە جیاوازانەی کەس و تاکەکان چین و ڕۆڵ و کاریگەرییان چییە لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانیان.بۆئەوەی لەو ڕاستیە تێبگەین کە چ ئاستێک و چ تاکێک کاریگەرن و دەتوانن گۆڕانکاری گەورە چێبکەن.
ئاشکرایە کەسی نەخوێندەوار بریتیە لەو کەسانەی کە ھیچ جۆرە خوێندەواریەکیان نیە و ھیچ نازانن دەربارەی زانستە سروشتی و مرۆییەکان و سەوداوسەریان نیە لەگەڵ خوێندن و نوسین و ھیچ جۆرە بڕوانامەیەکی زانستی و پسپۆڕیەکیان نیە. ئیدی ئەو کەسانە کەسانی بێ بەرھەم و لەئاستی خوارەوەی کۆمەڵگادان و کاریگەرێکی ئەوتۆشیان نیە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ھەمیشەش بەردەست و سووتەمەنی ڕووداوەکانن.
ھەرچی نەزانەکانن، بریتین لەو کەسانەی کە ڕەنگە خوێندەواریش بن و بڕوانامە و پسپۆڕیەکی زانستیشیان ھەبێت، بەڵام بە نەزان دەژمێردرێن. چونکە ھیچ کات ھوشیارییەکی ئەوتۆیان نیە دەربارەی کۆمەڵگا و دەوروبەریان و تەنھا سەرقاڵی تایبەتمەندی خۆیانن و ھیچ گرنگیەکیش نادەن بە دەرەوەی خواست و ویست و پسپۆڕیەکانی خۆیان کە ئەم جۆرەش وەک نەخوێندەوارەکان و بگرە خراپتریشن، چونکە لەگەڵ ئەوەی خوێندەوارن، بەڵام تەنانەت نابنە ھۆکاری گۆڕانکاری و ھەندێک جاریش لەنەزانینەوە بە بابەتێک، یان کایەیەکی ژیان گفتوگۆی بێسەر و بەریش دەکەن و دەبنە ھۆکاری چەقبەستوویی و ساردکردنەوەی کەسانی پۆزەتیڤی تریش لەناو کۆمەڵگادا. جا سیفەتی نەزان گشتگیرترە لە نەخوێندەوار، چونکە ھەموو نەخوێندەوارێک نەزانە. بەڵام ھەموو نەزانێک نەخوێندەوار نیە و بگرە وەک وتمان ڕەنگە خوێندەواریش بێت. جا سێ جۆر کەسی نەزان ھەن وەک: نەزانی کراوە ((ساکار)) کە دەزانێت نەزانە، بەڵام گەرەکێتی فێربێت و کەمێک زانیاری دەربارەی بابەتێک ھەیە و نەزانی ڕێگریکار ((تەواو)) دەزانێت کە نەزانە، بەڵام ڕێگریش دەکات لەھەموو فێربونێک و ھیچ زانیاریەک نازانێت دەربارەی زانستێک، یان بابەتێک و نەزانی تاریکپەرستی (( تێکەڵە لە نەزانی ساکار و تەواو)) کە نەزانە و ناشیدەوێت کەسانی تریش فێرببن کە ئەم جۆرەیان لەجۆرەکانی تری نەزانی زۆر خراپ و مەترسیدارە و داننانێت بە نەزانیەکەیدا.
جا کەسی نەزان بەھەندێ سیفات جیادەکرێتەوە وەک: گرنگی نەدان بە شاراوەکان و ڕاوبۆچونی کەسانی تر و دوورکەوتنەوە لەزانا و ڕۆشنبیران و ڕەتکردنەوەی نەزانیەکەیان و دەمکوتان لە توێژینەوەی زانستی و دەسکەوتنی زانست.
ھەرچی خوێندەوارەکانە بریتین لەو کەسانەی کە خاوەن بڕوانامەی زانستین لەیەکێک لە بەشە زانستیەکاندا و پلەی بەرزی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و پاش دکتۆراشیان بەدەستھێناوە وەکو پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا و ھونەرمەند و پارێزەر و … ھتد. بەڵام بەکەسێکی ڕۆشنبیر دانانرێن، چونکە تەنھا خوێندەواری و خوێندن و بڕوانامەکانیان بۆ وەدەستھێنانی پلە و پایە و پۆست و دەسکەوت و داھاتی مادی تەرخانکردوە و ئیدی سەروسەودایان لەگەڵ گۆڕانکاری و کێشە و گرفت و ئاڵنگاریەکانی ناو کۆمەڵگادا نیە. ھەربۆیە ئەو ڕاستیە سەلمێنراوە کە ھەموو خوێندەوارێک مەرج نیە کە کەسێکی ڕۆشنبیر بێت، بەڵام دەکرێت ھەموو ڕۆشنبیرێک خوێندەوار بێت. بۆیە جیاوازیەکی گەورە ھەیە لەنێوان کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیردا.
ئەوەی لێرەدا مەبەسمانە کەسە ڕۆشنبیرەکانە و کار و ئەرکیان چیە لەنێوکۆمەڵگادا؟ و چۆن دەتوانن ببنە کەسانی دەستپێشخەر و گۆڕانخواز و ڕابەر و سەرکردە بەمەبەستی پێشەوایەتیکردنی کۆمەڵگا بەرەو قۆناغە باڵاکانیتر؟
وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی ڕۆشنبیرییەوە ھاتوە کە بریتیە لە سیفەتێکی گشتی و مانای ئەزموون و شارەزایی ناگەیەنێت لە بوارێکی دیاریکراودا.
ھەربۆیە ڕۆشنبیر، لەگەڵ ئەوەی ناتوانرێت بەوردی پێناسەیەکی کتومتی بۆ بکرێت و بەتەنھا لە جوغز و چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا پێناسە بکرێت، بەڵام بەکورتی و پوختی کەسی ڕۆشنبیر بریتیە لەو کەسانەی کە زانیارییەکی فراوان و ھەمەجۆر ڕۆشنبیریشی ھەیە لە بوارە جیاوازەکاندا.
ڕەنگە خوێندەواریەکی باڵا و خاوەن بڕوانامەیەکی زانستیش نەبن، بەڵام کەسانی ھوشیار و خاوەن بیرۆکە و دەستپێشخەری و داھێنان و خاوەنی تێڕوانینی گەش و ئاسۆی ڕوونن بۆ ئایندە، کەسی ڕۆشنبیر ھەرچەندە پلەی زانستیان نزمیش بێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە پسپۆڕییەکی تایبەتیان نیە، یان پسپۆڕ و پلەی بەرزی خێندنیشیان ھەیە. بەڵام خۆیان قەتیس نەکردوە لەچوارچێوەی پسپۆڕییە زانستیەکەیاندا و تەنھا وتەنھا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیبن، بەڵکو کەسی ڕۆشنبیر ئەوکەسانەن کە ھەمیشە و بەبەردەوامی سەرقاڵی گقتوگۆی ھەمەلایەنی فکری و زانستی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و… ھتد. دەربارەی کێشە و گرفت و داواکاری و ئاڵنگاریەکانی کۆمەڵگاکانیانن و ھەمیشە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن و دەیانەوێت خاڵی چەقبەستوویی کۆمەڵگا بڕەوێنەوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و زانستی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیەوە. کەسی ڕۆشنبیر بێگوێدانە دەسکەوتی مادی و داھاتی کەسیەوە ھەمیشە ئامادەگی ھەیە لە ھەموو کۆڕ و کۆبونەوەکان و قسە و تێڕوانین و ھەڵوێست و گوتاری خۆی ھەیە لەبەرامبەر دەسەڵاتەکاندا بێگوێدانە زیانگەیاندن پێی و لێپرسینەوە و سزادان و گرتن و ڕاوەدونان و سزادانیشی.کەسی ڕۆشبیر ھیچ کات خۆی قەتیس ناکات تەنھا بە کایە و بوارێکی تایبەتیەوە، بەڵکو ڕۆشنبیر خۆی بەنمایندەی ھەموو چین و توێژەکان دەزانێت و لەھەرکوێ پێویست بەگوتار و ھەڵوێست بێت بەکردارەکی بوون و ڕاو و بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت، لەھەرکوێ نادادی و ناعەدالەتی و نایەکسانی و گەندەڵی و پێشێلکردنەکانی ئازادیەکان و مافەکان ھەبوو ڕۆشنبیر ئامادەگی ھەیە و دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕێت و ڕێگا چارەی گونجاویش پێشکەش دەکات و بێسڵەمینەوە و بێ بیرکردنەوە لە ئایندەی کەسی خۆی ڕاوبۆچونەکانی بە ئازادانە دەردەبڕێت.

جا کەسی ڕۆشنبیر بە کۆمەڵێک سیفات جیادەکرێتەوە وەک:
نەرمی لە دەربڕینی ڕاوبۆچونەکانیدا و ئامادەی وەرگرتنی ھەر بیرۆکەیەکی نوێشی ھەیە بۆ تێڕامان لێی و ھەڵھێنجانی لایەنە باشەکانی، بەھەمان شێوە کەسی ڕۆشنبیر زۆر حەز لە خوێندنەوە دەکات و ڕۆژانە چەندین کاتژمێر ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتە جیاوازەکان لەپاڵ کتێبە ھەمەجۆرەکانیشدا دەخوێنێتەوە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھوشیاری و زانیاری خۆی، ڕۆشنبیر خۆی نابەستێتەوە بەتەنھا یەک کایە و بوارێکی دیاریکراوی زانستیەوە بەڵکو لەگەڵ ھەمەچەشنە ڕۆشنبیری مامەڵە دەکات و ناچێتە ناو ووردەکاریەکانیانەوە، بەڵکو تەنھا بابەتە بنچینەییەکانیان ھەڵدەھێنجێت، کەسی ڕۆشنبیر کاتێک زۆر دەخوێنێتەوە زۆریش دەنوسێت و دەگەڕێت بەدوای خاڵ و چەمکە شاراوەکان و ئەو بابەتانەی تێناگەن. کەسی ڕۆشنبیر کەسێکی سادە و ساکارە و ڕێز لە پێگەی ھەمووان دەگرێت و ڕقی لەکەس نابێتەوە, دان بەھەڵەی خۆشیدا دەنێت و ئامۆژگاری لۆژیکیش وەردەگرێت، توانای ڕەخنە و شیکاری ھەیە و کەسێکی جێگیر و ئارام و خاوەن متمانە بەخۆشێتی. باکگراوندێکی دەوڵەمەندی زانیاری و مەعریفی ھەمەجۆری ھەیە و شارەزایە لە بنەما گشتی و تایبەتەکان و ڕەوشتیش. ھەربۆیە ڕۆشنبیر وەکو درەختێک وایە و خوێندەواریش وەک بەرھەمەکەی.
ھەربۆیە کەسانی ڕۆشنبیر لەناو کۆمەڵگاکاندا کەسانی چوست و چالاکن و ڕۆڵی ڕۆشنکەرەو و ھەڵگری چرا و ڕێگاکان و کرانەوەی گرێ کوێرەکان دەبینن. بۆیەش ھەمیشە کاریگەریان لەسەر دەور و بەرو کۆمەڵگاکان ھەیە و بەھۆی فشار و کاریگەرییانەوە دەبنە ھۆکاری گۆڕانکاری گەورە بەرەو ئاسۆ و قۆناغە باڵا و پێشکەوتوەکانی کۆمەڵگا. ھەربۆیە ھەرکاتێک کۆمەڵگاکان کەسانی ڕۆشنبیر و بیرمەند و زانای گەورەی تیادا ھەڵکەوت، ئەوا بەدڵنیایی ئەو کۆمەڵگایانە کۆمەڵگا گەلێکی پێشکەوتوو و ئازادیخواز و کراوە و داھێنەر دەبن و بە پێچەوانەشەوە.

کاریگەری کەسی ڕۆشنبیر لەناو کۆمەڵگادا:
بۆیە کەسی ڕۆشنبیر بریتیە لەکەسێکی خاوەن پێگەی کاریگەر و خاوەن بیرۆکە و دەستپێشخەری و بریتین لەکەسانێک کە ھەمەجۆر زانیاری و مەعریفەی سەردەمیانەیان لایە و کەسانێکی فرە بەھرەی گوتاربێژی و نوسین و ڕۆشنگەر و سادە و ساکار و ھێمن و لەسەرخۆن. ھەربۆیە ئەم کەسایەتیانە لەناو کۆمەڵگادا سەرمەشقی گۆڕانکاریەکانن. نەک کەسە نەخوێندەوار و نەزان و تەنانەت خوێندەوارەکانیش.بۆیە کارێکی ئاساییە کە کەسێکی خاوەن بڕوانەمەی زانستی وەک پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا و ھونەرمەند و پارێزەر و… ھتد. ببنە کەسانێکی ڕۆشنبیر و جیا و بەدەر لە پسپۆڕییە زانستیەکانیان قسە و ئامادەگی و ھەڵویست و گوتار و نوسینیان ھەبێت لەھەموو کایە و بوارەکانی کۆمەڵگادا، چونکە قسەکردن لەسەر تەواوی کێشە و گرفت و ئاڵنگاریەکانی کۆمەڵگا بەتەنھا نەوەستاوەتە سەر کەسانێکی نەزان و بەناو خوێندەوار و سیاسی کرچ و کاڵ، چونکە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگا مافی خۆپێشخستن و کرانەوە و تێگەیشتنی تەواوەتی ھەیە لەھەموو کایە و بوارەکانی کۆمەڵگاکەیدا و ئەرکیشێتی کە بەپێی توانا و تێگەیشتنی خۆی خزمەتی کۆمەڵگاکەی بکات.
لەکۆتایدا گرنگە کەسانی نەخوێندەوار و نەزان و خوێندەوار لەکەسانی ڕۆشنبیر جیابکرێتەوە و گرنگی زیاتریان پێبدرێت و گوێ لەڕاوبۆچونەکانیان بگیرێت و وەکو کەسانی بەتوانا و داھێنەر و ڕۆشنفکر لێیانبڕوانرێت و ڕاوێژو پرس و ڕایان پێبکرێت و پێگە و جێگەی شیاو و گونجاویان پێبدرێت، چونکە ڕۆشنبیران کەسانی ئازاد و بوێرن و ھیچ کات ناسڵەمنەوە لە دەسەڵات و ھەرگیزیش ھەوڵنادەن بۆ وەرگرتنی پۆست و پلە و ئیمتیازات و ھەمیشەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگدا دەبەخشن و وەکو مۆم خۆیان دەسوتێن و چواردەوریان ڕۆشن و ھوشیار دەکەنەوە. بۆیە تاکی ڕۆشنبیر وەکو ((صمام الامانی))کۆمەڵگا وان ھەرکات ڕۆشنبیران ھوشیار وساغڵەم و تەندروست بوون، ئەوا کۆمەڵگاش ساغڵەم و تەندروست دەبێت و کۆمەڵگایەکی ھوشیار و پێگەیشتوو و پێشکەوتوو وەدیدەھێنێت و بەپێچەوانەشەوە نەزان و نەخوێندەوارەکان کۆمەڵگایەکی سست و دواکەوتوو و ھەژار و برسی و چەوساوە دەقەومێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت