شێرزاد شێخانی: کارەساتی دەسەڵاتی هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەروبەندی راپەڕینەکەی گەلی میسر کە بە شۆڕشی 25 یەنایەر ناسرا، دەستوپێوەندەکانی سەرۆکی میسر حوسنی موبارەک پێیان راگەیاند کەوا میللەت هاتوونەتە سەرشەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لەوەڵامدا وتبووی” خلیهم یتسلوا. واتە با بۆ خۆیان هەڵپەڕن!. لەکاتی راپەڕینی گەلی لیبیا لەدژی قەزافی خۆی هاتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و خەڵکی راپەڕێوی بە جرج و مشک شوبهاند!. کاتی سوپای ئەمریکا گەیشتە بەغدا و فرۆکەخانەکەی داگییرکرد، وەزیرەکەیان هاتە سەرشاشەو بە ( علوج ) وەسفی کردن و وتی هەموومان لەناو بردوون!. لای خۆشمان قسەیەک هەیە گوایە لەسەروبەندی ناڕەزایەتیەکانی سەر شەقامی کوردی سەرۆکێکمان وتبێتی: با بۆ خۆیان هەڵپەڕن!. سروشتی هەمووی دیکتاتۆرەکان وایە کە لەوەهمدا دەژین و خۆیان بە خوای سەر ئەرز دەزانن بۆیە تەسەور ناکەن کەسانێک هەبن دژایەتی خوا بکەن و لەفەرمانی دەربچن!.
حوسنی موبارەک نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوو کە گەورەترین زلھێزی دونیایە، بەڵام کاتێک لێی قەوما ئەمریکاش پشتی تێکرد. صەدام حوسێنیش شانازی بەوەوە دەکرد چوارەمین هێزی سەربازی دونیای هەیە و دوو ملیۆن ئەندامنی بەعسی هەیە، بەڵام کە لێی قەوما هەموویان پشتیان تێکرد!.
کارەساتی هەرێمەکەی ئێمەش ئەو عەقلییەتە دیکتاتۆرییەیە کە خۆی بە خوای سەر ئەرز دەزانێ و شانازی بە چەکدارو بندیوارو کۆیلەکانی خێڵ و عەشییرەتەکانیەوە دەکات هیچ حیسابێکیش بۆ میللەتەکەی خۆی ناکات. دەسەڵاتەکەی هەرێم وا دەزانێ ئەگەر لێی قەوما تورکیا یا خود ئێران بە هانایانەوە دێن و ناهێڵن رژێمەکەیان برووخی گوایە رێکەوتنی ئەمنیان لەنێواندایەو ئەم دەوڵەتانە ئیلتزامیان بەرامبەریان هەیە. ئەمەش دیسان وەهمێکە لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم/ شەڕی ئۆکرانیا دەریخست کە مەنتیقی داگییرکاری باوی نەماوە، بە دەلیلی ئەوەی کاتێک روسیا هاتە ناو خاکی ئۆکرانیاوە زۆربەی دەوڵەتانی دونیا بە هاوپەیمانی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکاوە هەموو هێزیان بەکار هێناوە بۆ دژایەتیکردنی ئەم داگییرکارییە.
دووەم/ تورکیا بەرژەوەندییەکی زۆری لەگەڵ دەوڵەتی عیراق هەیە، هیچکات ئامادە نیە لەبەر خاتری حزبێکی کوردی و بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی بەرژەوەندەییەکانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، کە تورکیا خۆی لەئەسڵدا چاوی بە هیچ دەسەڵاتێکی تەنانەت ئیداری کوردیشەوە هەڵنایەت.
سێیەم/ لە کاتی هێرشی هێزەکانی عیراق بۆ سەر کەرکوک لە 16 ئۆکتۆبەردا تورکیا هیچ هەڵوێستێکی تەنانەت سیاسیشی نەبوو دژی ئەم داگییرکارییە، لەکاتێکدا تورکیا یەکەمین سوودمەندی نەوتی کەرکوک بوو، کەچی دیفاعی لە دەسەڵاتی کوردی و نەوتەکەی کەرکوکیشی نەکرد.
چوارەم/ لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر دیبەگەو مەخمور و هەڕەشکردنی لەهەولێر کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد لەترسا رایانکردە سەر سنوورەکان، دیسان تورکیا قڕوقەپی لێکرد و بە هانای دەسەڵاتی هەرێمەوە نەهات کە خەریک بوو لەدەست دەربچێ.
* کێشەی میللەت هەرزانکردنی نرخی نان و زیادکردنی چەند غرامێک لەکێشەکەی نیە، کێشەی ئێمە ئازادی و نەبوونی خزمەتگوزاریییە نا عەدالەتی و بەهەدەردانی سامانی میللەتەکەیە.
* کێشەی ئێمە ئەم هەموو باج و سەرانەیە کە بەواقیعی بووە بە (جزیە) و سەپێنراوە بەسەر میللەتی موسڵمانی کورد لەکاتێکدا جزیە لەسەردەمی کۆندا تەنها لەسەر جوو و مەسیحیەکان بووە. ئێستا ئێمەش حیسابی لە دین دەرچوومان بۆ دەکرێ!.
* کێشەی ئێمە ئەو هەموو مەلهاو دیسکۆ و کچە مۆدیل و سەیارە بەخشین و عەرزانەیە کە بە ناهەق دەبەخشرێتە هونەرمەندی عارەبی و کچانی لەشفرۆش و قەڵەمە بەکرێگییراوەکان.
دوێنی چوومە کەبابخانەیەک نەفەرێک کەباب بکڕم، کابرا داوای 18 هەزار دیناری کرد!. فەرمانبەرێک کە 40 ساڵ بە سەرماو گەرمای زستان و هاوین، بە پاس و بە پێ چووبێتە دەوام و لە ئاخیری تەمەنیا خانەنشین بکرێ بە 300 هەزار دینار، چۆن ئەتوانێ مانگی جارێکیش بێ نەفەرێک کەباب بخوات؟. بۆ ئەبێ ئەم پیاوە نەتوانێ کەباب بخوات لەبەر گرانی نرخەکەی؟.
بۆ ئەبێ کوڕە مەسئول و نەوەکانی سەیارە ببەخشنە کچە مۆدیل و شەوانەش لەمەڵهاو دیسکۆکان سەفتە دۆلار ببارێنن بەسەر سەماکەرەکانەوە، بەڵام مووچەخۆرێک لەبەر پاشەکەوتو لێبڕین و نەدانی مووچەکەی نەتوانێ مۆبایلێک بۆ کوڕەکەی بکڕێ، جلی مەکتەب بۆ کچەکەی بکڕێ، دوو مەتر قوماش بۆ ژنەکەی بکڕێ، لەچکێک بۆ دایکەکەی بکڕێ؟!.
چی لەو سەتان سیتی و میتی و گوندی ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیسپانی و ئیتاڵی شارەکەم بکەم کە من خۆم کڕێچی بم؟. چی لەو چراخانەی عیمارە بەرزەکانی شار بکەم کە خۆم شەوی زستان لەدوای سەعات یەکی شەو لە تاریکیدا لەسەرما بلەرزم؟. چی لە سامانی ئەو نەوت و غازە بکەم کە میترۆیەک و تەنانەت پاسەکی هاتوچۆم لە شاردا نەبێ؟. چی لە ملیاران دۆلاری داهاتی نەوت بکەم، لەکاتێکدا ساڵانە هەزاران خەڵکی وڵاتەکەم لەبەر خراپی رێگاکان بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەست دەدەن؟.
کەس گلەیی لەنرخی نان و سەموون نەبوو، گلەیی لە ناعەدالەتی و نا یەکسانییە. گلەیی لە نەدانی مووچەیە کە بژێوی مندالەکانیەتی. گلەیی لە نەبوونی ئازادییە کە بە زەبری چەک و زیندان و حوکمی قەرەقۆشییانەی دەسەڵات زەفتکراوە.
حەزرەتی مەسیح دەمێکە فەرموویەتی ( تەنها بە نان مرۆڤ ناژی ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت