پووڵ ئاڤریج: نێستۆر ماخنۆ، پیاوێكی ئەفسانەیی – بەشی چوارەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر

کورتە ژیاننامەیەکی نێستۆر ماخنۆ
ئەم ڕێکەوتنە بەزەحمەت مانگێکی تێپەڕاند، دوای ئەوەی کە سوپای سوور دەستکەوتی پێویستی بەدەستهێنابوو بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لە سەرکەوتن لە شەڕی ناوخۆدا، ئیدی سەرکردەکانی سۆڤیەت ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ماخنۆدا هەڵوەشاندنەوە. ماخنۆڤیستەکان هەر مانەوەیان هاوپشتێکی بەسوودی سەربازی بوون بۆ بەلشەفیکەکان، بەڵام بۆ بەلشەفیکەکان تا ئەو کاتەی کە ‘باتکۆ’ [ باوکە گچکەکە] زیندوو بێت ئەوە ڕۆحییەتی ئەنارکیزم و مەترسی ڕاپەڕینی جووتیاران دەمێنێتەوە و ڕاوی ڕژێمی بەلشەفیکەکان دەکات. لە 25ی تشرینی دووەمی 1920دا فەرماندەکانی ماخنۆ لە کرایمیا کە تازە لە عیشوەی سەرکەوتنیاندا بوون بەسەر ڕانگێلدا، Wrangel ، لەلایەن سوپای سوورەوە گەمارۆ دران و دەستیان بەسەردا گیرا و تەقەیان لێکرا. ڕۆژی دواتر ترۆتسکی فەرمانی هێرشکردنە سەر بارەگای ماخنۆ لە گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، داو لەوێدا چەکدارەکانی ماخنۆ دەستگیرکران و زیندانیکران یاخود هەر لە شوێنی ڕووداوەکەدا بەر تەقە دران. بەڵام خودی ‘باتکۆ’ لەگەڵ پاشماوەی ئەو سوپایەدا کە ڕۆژێك ژمارەیان دەیان هەزار بوو، توانی خۆی لە هێڕشبەرانی و ڕاونەرەکانی ڕزگار بکات. دوای سووڕانەوە و سەرگەردانیبوونی لە خاكی ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی باشی ساڵە کە، سەرکردەی گەریلا بە ماندووبوون و بەدەست برینێکی ساڕێژنەبووەوە، لە ڕووباری دنیستەر، Dniester ، پەڕییەوە بۆ ناو ڕۆمانیا و دواجار ڕێگەی خۆی بۆ پاریس گرتەبەر.
بە لەبەرچاوگرتنی کەسایەتییە ڕەنگاوڕەنگەکەی و درامای دەوڵەمەندی پیشەیەك، کە ژیانی بوو، هەموو ئەمانە جێی سەرسوڕمانێکی کەمە کە ماخنۆ دەبێ ببێتە بابەتی ئەدەبێکی گەشەسەندوو. تا ئەم دواییانە، باسەکانی بزووتنەوەکەی بە دەگمەن نەبێت، پێکهاتبوون لە تێکەڵەیەك لە ڕاستی و خەیاڵیی، لە مشتومڕی دوژمنکارانە و هەندێکجاریش خراپەکارانە، لە ڕۆژنامەگەری هەستیار یاخود وێنەیەکی ڕۆمانسیانەی دوور لە رەخنە و نزیك لە پۆرتریای قەدیسێك. ڕەنگە حەتمی بێت کە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوی بۆ کەسێکی وەك ماخنۆ مامەڵەیەکی لەو شیوەیە بۆی دەستبدات .
تا ڕادەیەك کێشەکە لە سەرچاوەی ناتەواوەوە سەرچاوە دەگرێت. دەستکەوتنی یادەوەری و مانیفێستەکانی بزووتنەوەی ماخنۆ سەختە، چونکە بەشێکی زۆری لە گێژاوی شەڕی ناوخۆدا ون بوون یان لەناوچوون. لەوەش زیاتر، بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەرشیفی سۆڤیەت لە لایەن پسپۆڕانی ڕۆژئاواییەوە تا ئێستاش دەستیان پێدا ڕانەگەیوە. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی من ئەرشیفی ڤۆلین، Volin ، هاوکارەکەی ماخنۆ (کە کوڕەکانی لە پاریس لەبەردەستیاندایە) نەخراوەتە بەردەستی کەسانی تایبەتمەند بە زانست، گەر چی بە دڵنیاییەوە مادەی گرنگ لەخۆدەگرێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم سنووردارکردنانەشدا، سەرچاوەکان زۆرن و دەمێننەوە تاکو هێشتا بە تەواوی لێیان وەربگیرێت.

درێژەی هەیە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت