پووڵ ئاڤریج: نێستۆر ماخنۆ، پیاوێكی ئەفسانەیی – بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر

کورتە ژیاننامەیەکی نێستۆر ماخنۆ
ئەم سەرچاوانە چی لەخۆدەگرن؟ بۆ دەستپێك، ئێمە بیرەوەرییە کەسییەکانی ماخنۆمان تا مانگی کانوونی دووەمی 1918 هەیە کە لە چاپێکی سێ بەرگیدا لە نێوان ساڵانی 1929 و 1937دا بڵاوکراونەتەوە، دوو بەرگی کۆتایی بە پێشەکی و تێبینییەکانی ڤۆلین، Volin [5] پێداچونەوەی کراوە. جگە لەوەش یازدە جاڕنامەی/ ڕاگەیاندنی ماخنۆڤیست لەلایەن یگۆ فێدێلی، Ugo Fedeli ، ئەنارکیستێکی ئیتاڵی کە لە ساڵانی 1920 لە کاتی سەردانەکانی بۆ مۆسکۆ و بەرلین و پاریس بەدەستی هێناوە، پارێزراو بوون، کاتێك کە لەوێ بە شێوەیەکی شەخسی بە ماخنۆ ئاشنا بووە. ئەم ڕاگەیاندنانە بە زمانی ڕووسی ئەسڵ بڵاوکراونەتەوە و هەروەها لە چاپی ئینگلیزی مێژووی بزووتنەوەی ماخنۆڤیستی پیتەر ئارشینۆڤدا، Peter Arshinov ، هاتووە[6]. ئەرشێفی زیاتری ماتریاڵەکان کە دواتر دووبارە باس دەکرێتەوە، دەکرێت لە کۆکراوەکانی تچێریکۆوەر، Tcherikower، لە پەیمانگای یڤۆ، YIVO، بۆ لێکۆڵینەوەی جولەکەکان لە نیویۆرك پەیدا بکرێت. لەمانەش زیاتر، مێژوو و کۆکراوە بەڵگەنامەییەکانی سۆڤیەت، هەرچەندە بەبێ دەستکاری دوژمنایەتی و بەهایەکی سنوورداریان هەیە، بەڵام زانیاری بەسوودیان تێدایە، هەروەك چۆن بابەتەکانی ماخنۆ لە گۆڤارە ئەکادیمییەکانی سۆڤیەتدا هەیانە. بەدەر لەمانەش، بەڵگەنامەی زیاتر و وێنەی زیادە لە دەستی هاوڕێیانی ڕزگاربووی ماخنۆ لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەدا ماونەتەوە. هەروەها فایلە پەرشوبڵاوەکانی ڕۆژنامەکانی ماخنۆڤیست لە کتێبخانەکانی ڕۆژئاوا، چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربووانی سوپای یاخیبووان و لەگەڵ کەسانێك کە لە دەربەدەریدا ماخنۆیان ناسیوە، مێژووی شایەتحاڵەکانی ئارشینۆڤ، Arshinov، و ڤۆلین، Volin، و لە خانەی دووەمدا گێڕانەوەی دەیڤید فۆتمان، David Footman و مایکل پالیج، Michael Palij ، و کەسانی دیکەش هەیە.
بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەسەر ماخنۆ بە پشتبەستن بە تەواوی سەرچاوە بەردەستەکان نەکراوە. بەرئەنجامی ئەمەش کۆمەڵێك پرسیار قوتدەبنەوە و بەردەوامن، ئایا ماخنۆ دیکتاتۆرێکی سەربازیی بوو، وەك ئەوەی ڕەخنەگرانی دەڵێن؟ باند و دژە شۆڕش بوو، وەک نووسەرانی سۆڤیەت باسی دەکەن؟ “یاخیبوویەکی سەرەتایی” بوو، بە دەستەواژەی ئێریک هۆبسبام، Eric Hobsbawm؟ [7] ئایا ئەو سەرخۆشێکی چارەسەرنەکراو بوو؟ دژە ڕۆشنبیر بوو؟ دژە جوولەکە بوو؟ خوێنخۆرێك بوو؟ هەوڵە سەربازییەکانی تا چەند بایاخدار بوون لە ڕزگارکردنی شۆڕش لە دەست سپییەکان؟ ئایا ئامێر و تاکتیکە ناپێشکەوتووەکانی لەبەردەم سوپایەکی پیشەیی ناوەندیدا مەحکومی کرد بە شکست؟ هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لۆکاڵی/ ناوخۆیی لە گوند و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا تا چەند سەرکەوتوو بوون؟ بەڕاستی ئێمە چی دەزانین ده‌رباره‌ی ئه‌و؟ چەندێك ئەفسانە و فانتازیا، چەندێك ڕاستییە کە جێی مشتومڕ نییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، مرۆڤ دەبێ بە پرسیاری بنەڕەتی ئەنارکیزمیی ماخنۆ بگات. بە بڕوای ئیما گۆڵدمان ئامانجی ماخنۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادیخواز بوو لە باشوور کە مۆدێلێك بیت بۆ هەموو ڕووسیا. ئەوەی جێگای سەرنجە، ترۆتسکی جارێك ئاماژەی بەوەدا کە ئەو و لینین یارییان بە بیرۆکەی تەرخانکردنی پارچە خاکێك بۆ ماخنۆ کردووە بۆ ئەم مەبەستە،[8] بەڵام پڕۆژەکە کاتێک دامەزرا کە شەڕ لە نێوان گەریلا ئەنارکیستەکان و هێزە بەلشەفیکەکان لە ئۆکرانیا ڕوویدا.
بەڵام ئایا لە ڕاستیدا ماخنۆ ئەنارکیست بوو، یان تەنیا یاخیبوویەکی دیکەی “سەرەتایی” بوو لە سنووری بەرەکانی باشوورەوە، کە بە دیدگای فیدراڵیزمی کۆزاکی، Cossack، و دیموکراسییەکی زبر و ئامادەوە دەگەڕایەوە بۆ ڕازین، Razin و پوگاچۆڤ،؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەو هەردووکیان بوو. هیچ دژایەتییەکیش نییە لە نێوانیاندا، چونکە یاخیبوونەکانی جوتیارانی کۆزاکی سەدەی حەڤدە و هەژدە خاوەنی کارەکتەری یەکسانیخوازی و بەهێزیی هەستی دژە دەوڵەتیی بوون، بەشداربووانیان هێرشێکی سەرتاسەرییان کردە سەر نەجیبزادێتی ( نوبەلایەتی) و بیرۆکراسی و بێزارییان لە دەوڵەت کە وەك شەیتانێکی ستەمکاریان دەبینی کە ئازادییە جەماوەرییەکانی خستۆتە ژێر پێیەوە. ئەنارکیزمی ماخنۆ لەگەڵ ئەم هەستانە و بە گشتی لەگەڵ خواستەکانی جووتیاراندا دەگونجا. جووتیاران زەوییان دەویست، دەیانویست لەلایەن چینی باڵادەست و بەرپرسەکان و باجوەرگرەکان و پۆلیسی تازە دامەزراوەوە و هەمو کارمەند و پیاوە دەرەکییەکانی دەسەڵاتەوە، وازیان لێ بهێنرێت. ئەمانە هەمووی بە کۆمەڵگەی ” چەوساوانی ئازاد” جێگەیان بگیرێتەوە. کە وەك ماخنۆ دەریبڕیوە، “بە ئاوازی گۆرانی ئازاد و خۆش کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی شۆڕش بوون، دەست بە کارکردن دەکەن.”[9 ]
درێژەی هەیە
………………………………..
5. N. Makhno, Russkaia revoliutsiia na Ukraine (ot marta 1917 g. po aprel’ 1918 g.); Pod udarami kontr-revoliutsii (aprel’-iiun 1918 g.); Ukrainskaia revoliutsiia (iiul’-dekabr’ 1918 g.); reprinted in a one-volume edition in 1977. Volume 1 has been translated into French, German, Spanish, and Italian.
6. “Proclamations of the Machno Movement, 1920,” International Review of Social History, 1968, part 2; Arshinov, History of the Makbnovist Movement, pp. 265-84. Fedeli was himself the author of a short but useful study of the Makhnovshchina: Delia insurrezione dei contadini in Ucraina alia rivolta di Cronstadt (Milan, 1950).
7. Eric Hobsbawm, Primitive Rebels (New York, 1959), pp. 183-86.
8. L. Trotsky, Stalinism and Bolshevism (New York, 1937), pp. 22-23.
9. Paul Avrich, ed., The Anarchists in the Russian Revolution (Ithaca, 1973), p. 132.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت