پووڵ ئاڤریج: نێستۆر ماخنۆ، پیاوێكی ئەفسانەیی – بەشی حەوتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ زاهیر باهیر
کورتە ژیاننامەیەکی نێستۆر ماخنۆ
سەرەڕای ئەمانەش ئەنارکیزمی ماخنۆ تەنیا لە پڕوپاگەندەی زارەکیدا قەتیس نەبوو، گەرچی ئەمە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگرانی نوێ، گرنگ بوو. بە پێچەوانەوە، ماخنۆ پیاوێکی کرداریی/ عەمەلی بوو کە تەنانەت لە کاتێکدا سەرقاڵی هەڵمەتە سەربازییەکان بوو، لەو کاتەشدا هەوڵی دەدا بیرۆکە ئەنارکیستییەکانی خۆی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم کردەوەی لە چوونە ناو شارۆچکەیەکدا — دوای کردنەوەی دەرگای زیندانەکان — ئەو بڕوایەی دەڕەواندەوە کە ئەو هاتووە بۆ ناساندنی فۆرمێکی نوێی حوکمڕانی سیاسی. ڕاگەیاندنەکانی بڵاودەکرانەوە و دانیشتووانیان ئاگادار دەکردەوە کە ئێستا ئازادن ژیانیان بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانن بۆ خۆیان ڕێکبخەن، سوپا یاخیبووەکەی “دیکتەیان ناکات و فەرمانیان پێنادات هیچ کارێك بکەن”. ئازادی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە ڕاگەیەندرا، هەرچەندە ماخنۆ حەزی بەهاندانی ئەو ڕێکخراوانە نەدەکرد کە لە هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسییاندا بوون، بەگوێرەی ئەوە کۆمیتە شۆڕشگێڕییەکانی بەلشەفیکەکانی هەڵوەشاندەوە و ئەندامەکانیانی ڕاسپارد کە “هەندێك مامەڵەی ڕاستگۆیانە ئەنجام بدەن” [13 ]
لێرەدا ئامانجی ماخنۆ توڕدانی هەژموونی هەموو جۆرەکانی هەیمەنەکردن بوو، ئامانجی ئەو هاندانی چارەنووسی ئابووری کۆمەڵایەتی و بڕیاردانی خۆیی بوو. لە یەکێک لە جاڕنامەکانی لە ساڵی 1919دا دەڵێت: ئەوە کاری جوتیاران و کرێکاران خۆیانن بۆ خۆڕێککخستنی خۆیانە تاکو بگەنە لە یەكتێگەیشتنی یەکتر لە هەموو بوارەکانی ژیانیانادا و بەهەر شێوەیەك کە خۆیان بە ڕاستی دەزانن”.
بە پشتیوانی چالاکانەی ئەو، کۆمونە ئەنارکیستەکان لە هەرێمی ئیکاتێرینۆسلاڤ، Ekaterinoslav ، ڕێکخران، هەریەکەیان نزیکەی دەیان ماڵیان هەبوو کە کۆی گشتی سەد بۆ سێ سەد ئەندامیان هەبوو. چوار لەو جۆرە کۆمونانە لە دەوروبەر و نزیکی گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی ماخنۆ و ژمارەیەکی دیکە لە ناوچەکانی دەوروبەری پێکهاتبوون. ماخنۆ خۆی کاتێك کە وەختی هەبوایە لە لەیەکێك لە کۆمونەکانی گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye کاری دەکرد.
هەر کۆمونێك ئەوەندە زەوی بۆ دابین دەکرا کە ئەندامەکانی توانیویانە بیکێڵن بەبێ ئەوەی کرێکاری زیادە بەکرێ بگرن. زەوییەکە و هەروەها کەرەستە و مریشك و ئاژەڵدارییەکان بە بڕیاری کۆنگرە هەرێمییەکانی جوتیاران و کرێکاران و یاخیبووان تەرخانکرابوون و بەڕێوەبردنی کۆمونەکەش بە کۆبوونەوەی گشتی ئەندامەکانی بەڕێوەدەچوو. زەوییەکە بە هاوبەشیی بەڕێوەدەبرا و چێشتخانە و ژووری نانخواردنەکانیش هاوبەش بوون، ئەوانەشی لەو ئەندامانەی کە دەیانویست بە جیا خواردن دروست بکەن یان خواردن لە چێشتخانەکە وەربگرن و لە شوێنی خۆیان بیخۆن، ڕێگەیان پێدەدرا ئەو کارە بکەن. گەر چی تەنها چەند ئەندامێک لە ڕاستیدا خۆیان بە ئەنارکیست دەزانی، بەڵام جووتیاران لەسەر بنەمای یەکسانی تەواو (“لە هەریەکەیانەوە بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی”) کۆمونەکانیان بەڕێوەدەبرد و بنەمای یارمەتیدانی یەکتری’ کرۆپۆتکینیان’ وەک بنەمای بنەڕەتی خۆیان قبوڵ دەکرد. جێگای سەرنجە کە یەکەمین کۆمونەی لەو جۆرە، لە نزیک گوندی پۆکرۆڤسکۆیە، Pokrovskoye ، بۆ ڕێزلێنان ناوی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ-ی لێنراوە، کە ئەنارکیست نەبوو، بەڵکو مارکسیست و شەهیدێکی ئەم دواییەی شۆڕشی ئەڵمانیا بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی ناسکتاریانەی ماخنۆیە بۆ بیری شۆڕشگێڕانە و پراکتیکی شۆڕشگێڕانە.
درێژەی هەیە

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت