شێرزاد شێخانی: حیسابی قەڵەمە خۆفرۆشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەئەرشیفی نوسینەکانمەوە دیارە کەوا 30 ساڵ زیاترە لەدژی گەندەڵی و حوکمڕانی ناشەریفی ئەم هەریمی کوردستانە بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە میدیاکانی ناوەوە و دەرەوەو دەولیدا دەنوسم. لەهەر شوێنێک کارێکی ناڕێک و نادادو ناڕاستم دیتبێ لەدژی نوسیتم. هەر زوڵموزۆرداری و ناهەقیم بیستبێ ریسوام کردووە. لەبەرامبەر هەر سیاسەتێکی نادروستیش هەڵوێستم هەبووە. لەسەر ئەو هەڵوێستانەشم باجێ زۆر گەورەم داوە؛ زیندانی و نانبڕین و هەڕەشەی کوشتن. بەڵام وەکو موتەنەبی مەزن دەفەرموێ؛ ئەگەر هیچ چارەت لەگەڵ مردندا نەما، شوورەییە بە ترسنۆکی بمری.
لەساڵی 2008 لەسەر بابەتێک لەدژی پارێزگاری هەولێر، حوکمی زیندانیم بەسەردرا. لەسەر بابەتێک دژ بە حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی، نانبڕی کردم لە رۆژنامەی ( شەرق ئەلئـەوسەت ) بە دەرکردنی دام. لەسەر بابەتێک دژی پارتی هەڕەشەی کوشتنم لێکرا. ئەمانە هیچیان ئیدیعا نی ، بڕۆنە سەر ( گوگڵ ) ناوی من بنوسن هەموو ئەمانە بە بەڵگەوەی تێدایە. ئەمانە کە باسیان ئەکەم منەت نیە بەسەر هیچ کەسێکەوە، تاکە مەبدەئم لەژیاندا دژایەتی زوڵموزۆرداری و ناهەقی و دیفاعکردنە لە میللەتە چەوساوەکەم، هەر بۆیەش لەهەردوو شۆڕشی گەلەکەمدا بەشدار بوومە. لە ناو خێزانەکەشم وا پەوروەردە کراوم کە ناهەقی قبووڵ نەکەم.
کاتێک دژی پارتی دەمنووسی، دەمزانی رۆژێک دادێ بنەماڵەی بارزانی ئەم کوردستانە وێران دەکەن و بە تاکڕەویی و حیقدو بوغزەوە ئیدارەی وڵاتەکەم دەکەن. دەمزانی ئەوانە بەچکە دیکتاتۆرن سیستەمەکەمان بەرەو هەڵدێر دەبەن.
کاتێک دژی ریفراندۆم بووم، دەمزانی مەبەستی پارتی دامەزراندنی حوکمی شێخایەتی بارزانە، هاوچەشنی حوکمی شێخەکانی خەلیج.
کاتێک دژی حکومەتی هەرێمم دەنوسی، دەمزانی پارتی تاکڕەوی پەیڕەو دەکاو هیچ کەسێک بە پیاو نازانی و هیچ حزبێکیش بە شەریک.
کاتێک رەخنەی بنیاتنەرم لەم دەسەڵاتە بۆگەنە دەگرت و دیفاعم لەنانو قووتی خەڵک دەکرد، لەبەرامبەردا سەدان سەگ و سواڵی دەرباری پارتی تێمبەردەبوون. دەیان نوسەری قەڵەمفرۆش لێم دەهاتنە قسە، کادیرەکانیان جنێوی ناشرینیان پێمدەدا، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەموو خەڵکی کوردستان ماهییەتی ئەو حزبو دەسەڵاتە بەدەرکەوت.
ئێستا بە چاوی خۆتان دەبینن چۆن دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی بەغدا پەڕوباڵی ئەو حزبەی دەسەڵات دەکەن و خەڵکیش چەندە دڵی پێخۆشە. ئێستا دەرکەوت ئەو جەیشە گەورەیەی قەڵەمفرۆش و بەناو نوسەرانەی دەربار هیچیان لۆ نەمایەوە غەیری چاوشۆڕی و ریسوا بوون و شەرمەزاری کە قەڵەمەکانیان خستە خزمەتی دەسەڵاتێک کە هەموو دونیا زانی حزبێکی قێزەون و ناشرین و نابووت بەڕێوەی دەبا. هەر ئەوان بوون لەسەنگەری دەسەڵات دژی میللەتەکەی خۆیان دەیاننووسی، هەر ئەوان بوون شەرعییەتێکی ساختەیان بەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بەخشی.
هیبچکات خودای گەورەو زوڵموزۆرداری قبوول نەکردووە. هیچکات ناهەقی سەرنەکەوتووە. هیچکات خۆفرۆشی قییمەتی نەبووە. سەربەرزم میللەتەکەم بە ئاواتی خۆی گەیشت و ئەم دەسەڵاتە ریسواو شەرمەزارو شکستخواردوو بوو.
ئێستا پارەی حەڕامو دزراوی میللەتیش نەما و دەسەڵاتەکەی پارتی تۆپی هاوێشت. دەبا بزانین ئەو جەیشە قەڵەمفرۆش و کادیری بندیوارو ئەو خەڵکانەی خۆیان فرۆشتە پارتی لەمەولا چۆن بەردەوام دەبن لەدیفاعکردن لە حزبێک کە سەرتاپای خیانەت و دزی و تاڵانی و دەمکوتکردنی میللەت و کوشتن و ئازاردانی قەڵەمە ئازادەکان و مرۆڤە بە هەڵوێستەکان بووە. ئـیستا خۆری راستگۆیی هەڵهات و رۆژی حیساب و کیتابە لۆ ئەوەی ئەو قەڵەمفرۆشانەش لە تەک ئاغاکانیان بخرێنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
( وسيعلم الذين ظلموا أي منقلب ينقلبون )

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت