چراخان حەمە عزیز: لەپێناو لەدەستنەدانی کاردا، چیمان لەدەستدا؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردەمی کارو بەکارکردنی مرۆڤ
چۆن گەیشتین بەو دۆخە؟ چ کاتێک کار هێندە بەبەها دەبێت؟ مرۆڤ شکۆ دەدات بەکار، یان کار شکۆ دەدات بەمرۆڤ؟ چۆن مرۆڤ لەترسی لەدەستدانی کار، بەهاکانی خۆی ڕادەست دەکات؟
جاران مرۆڤ شکۆیی دەدا بەکار، بەڵام ئێستا کار شکۆ دەدا بەمرۆڤ. لەکاتێدا مرۆڤ کار دیاری دەکات، بەڵام هەر خودی ئەو کارەییە کە دەتوانرێت مرۆڤ لەمرۆڤبوونی دوربخاتەووە. مرۆڤ ئامرازێکە بۆ پاراستنی کار، نەوەکو کار ئامرازێک بێت بۆ پاراستنی مرۆڤ.
نائاسوودەی و ترس تۆقین لەئیستادا بریتیی نین لە لەدەستدانی شکۆو بەها مرۆیی و ئاکارییەکان. بەڵکو بریتین لەلەدەستدانی کار. هەموو ترس و تۆقینمان لەوەیە کارەکەمان لەدەست بدەین و بێکار بمێنین، هەندێک جار بۆ بەدەستهێنانی کارێک لەپێناو مانەوە لەژیاندا خۆی و بەهاکانی خۆی ڕادەستی کارێک دەکات، ئامادەگی ئەوەشی تیادایە هەر ڕێگاییەک بگرێتە بەر کە لەکاردا دەیهێڵێتەووە.
خودی کار دەتوانرێت کرین و فرۆشتنی پێوە بکرێت. هەروەها کاتێک لەکۆمەڵگادا بەهای کار لەبەهای مرۆڤ زیاتر دەبێت، ئەو کات کار دەبێتە بەبەهادارترین شت. بەو هۆیەشەوە جێگای کار بۆ تاکەکان پڕدەکات و جێگاش بۆ مرۆڤایەتی چۆڵ دەکات. دۆخێک خوڵقاووە کە مرۆڤ هەمیشە لەهەوڵی پاراستنی کاردایەو بۆکارەکەی کاردەکات.
شکۆو توانست و خۆپێدان و خۆڕادەستکردنیشی لەپێناو لەدەستنەدانی کاردایە، لەپێناو خودی کاریشدا کارێک ناکات، بەڵکو تەنیا مەبەست لێی دەستبەردارنەبوونیەتی لەکارەکەی.کار کەبتوانێت بتژێنێت، دەشتوانێت ملکەچتبکات. کاتێک هەموو بەها مرۆییەکان لەناودەچن لەپێناو بەدەستهێنانی کاردا، ئەوکات خودی مرۆڤیش دەبێت بەفیداکاری کار. لەبەر ئەوەشە هەندێک جار بۆ ئەوەی کارێک لەدەست نەدەین، ئامادەین زۆر شت لەدەست بدەین.
کەوتووینەتە دۆخێکەوە کەهەموو شتێک دەکەین بەقوربانی کارێک، بەڵام دەبینین هەموو شتێکمان کۆتایی پێ هاتووە، تەنیا کارەکەمان کۆتایی پێ نەهاتووە.
لەپێناو لەدەستنەدانی کاردا دەتوانرێت؛ ئازادی و پەرواداری و دادپەروەری و ئارامی و فیداکاری و ڕەوشت و.. هتد، لەدەست بدرێت و خۆخۆری و چاوچنۆک و خۆپەرستی و نامرۆڤایەتی و… هتد، بەدەستبهێنرێت. کار ئەوەندە بەبەها بووە، بەهایی مرۆڤیشی دیاری کردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت