بەهرۆز جەعفەر: با پێنووس بنووسێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێربەرت مارکوزە، فەیلەسوفی بە ڕەگەز ئەڵمانیایی کە ساڵی 1940 ڕەزگەنامەی ئەمریکیی وەرگرت و لە لە زانكۆی براندایس لە ماساچوسێت بوو بە پرۆفیسۆر لە سیاسەت ‌و فەلسەفەدا، لە ساڵی 1964دا، یەکێک لە شاکارەکانی «مرۆڤی تاك ڕەهەند- One-dimensional man» بڵاوكرایەوە. ئەو کتێبە ڕەخنەیە لە شارستانێتی و لە کۆمەڵگە، مارکۆزە لەوێدا هاوار دەکات “ئێوە بازاڕتان پڕ کردوە لە کاڵا، ئەی چارەنووسی مرۆڤ خۆی لە کوێدایە؟ چۆن دەبێ مرۆڤ ببێ بە کاڵا! چۆن دەبێ دوو سەت ساڵ شارستانییەتی خۆرئاوا باسی ئاشتی و ڕۆشنگەری دەکات، کەچی هەر لەو دامێنەوە شەڕ و تاریکیی باڵی بەسەر جیهاندا کێشا!” بۆیە لە سەردەمی ڕاپەڕینەكەی گەنجاندا، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكان ئەوە ماركۆزەی كرد بە یەكێ لە نووسەرە ناودارەكانی جیهان.
لەڕاستییدا، هیچ کات بە قەت ئێستا مرۆڤ نەبوە بە کۆیلەو کاڵا بە دەست سیستەمە تۆتاڵیتارەکان و حکومەتەکانەوە. ڕۆسۆ دەمێکە وتویە « مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێ، بەڵام لەهەموو شوێنێکدا کۆتوبەند کراوەتە دەستی». بۆیە هەر چۆنێک بجوڵێیتەوە، دوور نییە پێ بە «مین» ێکدا بنێی. زۆری لێ قووڵ نەبینەوە، ئەوە بۆ چەند مانگ دەچێ، ئامرازەکانی میدیاو شاشەی تەلەفزیۆنەکان هەر یەکەو بە گوێرەو نیەتی خۆی گەرەکیانە دوو قسەی «شاش» یان بۆ بکەم لە هەڤپەیڤینێکداو ئەوانیش لێم بکەن بە هەڵا.
خۆم دەدەمە دەست پێنووسەکەو با ئەو چوار خاڵ بنووسێ. ئەمما وەکو ئایەتی «و لا تقربوا صلاة» ەکە هەر دوو خاڵی یەکەمی لەسەر پێنووسەکە هەژمار مەکەن، دووەکەی تریش بخوێننەوە:
یەکەمیان/ لە مانگی ئابی 2014 ەوە تا 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 هەموو ڕۆژێک دوو حیزبە کوردییەکە ( سێ کەس و دوو دامەزراوەی کوردی ) هەموو ڕۆژێک 320 بۆ 350 هەزار بەرمیل نەوتیان لە (5) کێڵگەی نەوتی کەرکوک دەرکردوەو تاڵانیان کردوە (18٪) داهاتەکەشیان دەدا بە ئەردۆگان و نیزیکەکانی، لەو ماوەیەدا مانگانە بە بەردەوامی (400 بۆ 530) ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتوە، لەکاتی خۆیدا ئەمەم زۆر وتوە؛ کە بێ ئەوەی تاکە یەک دینار و دۆلاری بخەنە سەرقاسەی گشتی هەرێمی کوردستان، یان هەرنەبێ خزمەتی ناو کەرکوکی پێ بکەن، تەنانەت تەنەکەی خۆڵێکیان بۆ شارەکە دابین نەکرد! ئایا ئەگەر ئێستا من بچم داکۆکی لەو سیاسەتە چەوتەی هەرێمی کوردستان بکەم، چوونکە کوردن و کوردستان خاکی کوردانە، ئەمە نابێتە کورتهێنانی ئەخلاقی و کەرامەتی پێنوسەکەم ناشکێ؟ با..بەرێوەڵڵا.
دووەمیان/ حەوت ساڵی ڕێک، سەدان پرۆپۆزەڵم بە گەورەو گچکەی ئەو حیزبە داوە بۆ لێکۆڵینەوەسازیی زانستی لە بواری بیناکردنەوەی ئاسایشی وزە، پرسی ئاو، هەمەچەشن کردنی سەرچاوە ئابورییەکان، هەستانەوەی کوردستان و… تادوایی. ئەوان خۆیان پێ خاوەنی کوردستانە و وادەزانن خەڵک دەبێ سواڵکەر و ئەوانیش هەر هەموو بە سەدان ماستاوچی و کوڕە بەعسی و کائینی کەللـەپوتەوە خاوەنی سەرو ژێری کوردستان بن! ئێستا دوای ئەوەی سەت جار خوێن لە گەرووم هات، دکتۆرام تەواو کردوەو مەرکەزی دیراساتی ستراتیجیم لە هەموو جێگەیەک خستەسەر پێ، هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی تەنانەت حیسابی یەک کچی بیانی ناو کافێتریای شەوانەی کوڕی بەرپرسە دەرەجە- دوو- سێ و چوارەکانی ئەوانی بۆ نەکردم، ئایا ئەوە کورت هێنانی ڕەوشتی و شکاندنی ئابڕووی پێنوسەکەش نییە بچم لە سەر کەناڵی ئاسمانیی کوردی و میدیای دەرەکی و ناوەندە دەرەکییەکان بەرگری لەو هەرێمی کوردستانێکی وەها بکەم، کە تیایدا دوو حیزب کوردو کوردستانیان لە پێش چاوی هەموو خەڵک قێزەون و نابووت کرد!؟
با.. بەرەوەڵڵا.. بۆیە باسی خۆم دەکەم، تا مافی وەم بدەیتێ بە تۆش بڵێم ئەگەر وات کرد، گومان بکە کە هەموو بەدڕەوشتییەکت لە دەست دێ. ئەو غرورەی دەستەڵاتی کوردیی دەستی دا بوویێ، ئەنجامەکەی کەوتنێکی ئازار بەخشە. ئەمە پسپۆڕی ناوێ؛ کیانێک دەستوری نەبێ، یاساو دادگای نەبێ، هێزی سەربازیی نەبێ، نیوەی مووچەخۆرەکانی هیچ خزمەت و کارێک پێشکەش نەکەن جگە لە قسەکردن و شەڕە جنێو و دەنگە- دەنگ، سیستەمی بەهێزی پەروەردەو تەندروستیی نەبێ، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و خۆراکی لە مەترسی بێ، ڕۆژانە سەدان کیلۆ ماددەی هۆشبەری تیا بڵاو بێتەوە، مرۆڤە ماستاوچی و جاسووس و نەزانەکان تیایدا پلە دارەکان بن، بە چەندین فرسەخ و پەردە ئاقڵمەند و نیشتیمانپەروەرەکان خۆیان لێی بەدوور بگرن و هەست بەشەرمەزاری بکەن، خۆیان واتەنی گەندەڵی بوبێ بە کەلتور، پەرلەمان داخرابێ، دەستوەردانی دەرەکی هەبێ، ئەی بێگومان سبەی، یان دوو سبەی ئەمە بەمجۆرە بەردەوام نابێ و لە گیان دەکەوێ و بە چەندین دەستیش بیگری، هەر دەبێ کەوتنەکەی بۆ مەردووم ڕابگەیەندرێ. دەستەڵاتداران خۆیان لە زاری خۆیان دەڵێن؛ ئەوەی ئێمە کردمان بەرانبەر گەلەکەمان قەت بەعس نەیتوانیوە وا بکات! ئەوە نیزیکەی دە ساڵی ڕەبەقە کێشەی مووچە بەردەوامە، بە دەساڵ نەتوانن کێشەیەکی وا چارەسەر بکەن، هەقە چی بکرێ و بوترێ!؟ ناشاردرێتەوە، هەڵەی گەورە هەیە، وەک ئەوەی حوکمڕانیی کوردیی شانزە ساڵ نەوتی فرۆشتوەو و 32 ملیار دۆلار قەرزارە!
من، هەموو هزرەوانانی سەرزەوی بۆم بهۆننەوە، چ لەو بڕوایەم ناگۆڕن، کە بەئەزمون پێی گەیشتووم: هەرکەسێک دڵسۆز بێ لە ناو چوارچێوەی حیزبیی و حوکمڕانی کوردییدا پشتگوێ دەخرێ، تووڕە دەکرێ، بێزار دەکرێ، بزانن هەر کەسێک پرۆژەیەک یان بیرۆکەیەکی زانستی و هاوچەرخی – ڕاستەقینەی بۆ بیناکردنەوەی کوردستان هەیە، چەندین ڕێگەی لێ دەگرن و ناهێڵن یەک بەرد بخاتە سەر بەردێکی دی [ هەقە ئەو دەستەڵاتدارەی خۆی پێ دڵسۆزە بەدوای هۆکاری ئەمەدا بگەڕێ، بۆ وایە!].
سێهەم/ ئەوە هەر بە عالەمی ئاشکرا دیار بوو، کە دەستی ناوخۆیی و عێراقی و دەرەکی دژی حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو هەموو مانگە بەناوی خۆپیشاندانی مامۆستایانەوە بوونە هۆی ئەوەی سەروو سەت هەزار خوێندکار نەچنەوە پۆلەکانیان. هەر بە عالەمی ئاشکرا دیار بوو، لەپاڵ هەزاران مامۆستای خاوەن هەق و ستەملێکراو دا کەسانێک سوکانی ناڕەزایەتیان دراوەتە دەست، پاس و پاسەوانیان بۆ بەکرێگیراوە، دیداری ڕەیان کلدانی و خەزعەلی و هومام حەمودیان بۆ ڕێکخراوە. هەشیانە شاعیر واتەنی «شاباشی بای وەعدە دەکا» وا دەزانێ دەورانی 17 ی شوباتی 2011 ماوەو بەسەر مەستی سواری شەپۆلەکە بێ [ئەو باوکە مرد]، ئەو حەرەکانە بۆ خەڵکانێک بکەن حەرەکاتی پێشوتری نەدیبێ [ دەمێکە ئەم دۆخەم ناو-ناوە شکستی مەدرەسەی سلێمانی]. بەهەر حاڵ، بەلای ئەم شەپۆلەوە هەرئەوەندە گرنگە حکومەتی هەرێم ڕیسوا بێ و کاتژمێرێک زووتر بڕووخێ؛ ئیتر بە جنێوە، بە هوتافە، بە خیانەت لێکردنە، بە زەبری دادگای فیدراڵییە، بە فشاری ئێرانە…تادوایی. شۆڕش و گۆڕانکارییەک بەڕێگەی جنێو و هوتاف و خیانەت و قسەگوتن بە گەل و ناسنامەکەی خۆت بێ، بەشتی پڕوپووچیش دادەمرکێتەوە، پیاوگەلێک بە ڕێگەی فەیسبووک خۆیان گەورە بکەن، بە ڕێگەی فەیسبوکیش تیا دەچن.
چوارەم/ حکومەتی عێراق لەماوەی یەک ساڵ دا (500) پێنج سەت هەزار لە برا عەرەبەکانی دامەزراندوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نیزیکەی دە ساڵە پێنج هەزار کەسیش دانەمەزراوە! عێراق خاوەنی چواردە ملیۆن و 500 هەزار مووچەخۆرە، ئەمڕۆ بەهای نەوت تۆزێک بەرزە، بەغداش لە ئایندەیەکی نیزیکدا ناتوانێ ئاوها بەردەوام بێ، ئێستا هەرێمی کوردستانیش دەڕوخێنن، ئەی دواتر لە کوێ و چۆن دەژین؟! ئەوەی پێی وایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا «دادگا» یەک هەیە، ئەوە هێشتا خەڵەفاوەو، هێشتا ماویەتی گفتوگۆ لەسەر «هێز» و «شێوازی دابەشبوونی هێز» بکات. لە وڵاتانی دیموکراتیدا، دادگا دەستوورییەکان ماوەیەکی زۆریان دەوێ تا کێشەیەکی دیاریکراو چارەسەر بکەن، لە عێراقدا هەموو هەفتەیەک دادگای فیدراڵی کێشەیەک لەنێوان پێکهاتەکاندا درووست دەکات. کورد هەندێک فورسانی هەبوو لە زەمانی بەعس دا، شەرافەتمەندتر وە پێش چاو دەکەوتن، خەڵکیان لە ئەنفال ڕزگار دەکرد، لە کۆڕو کۆبونەوەدا قسەیان بە سەدام حوسێن دەبڕی. ئێستا بە سەدان پلە باڵای کورد لەو بەغدایە سەر کز، بێدەربەست و بێ تەکبیر سەیری ئەستێرە زەردوسوورەکانی ئاسمان دەکەن [ هەیانە نیوەڕۆ لە خەو هەڵدەسێ]، ئەی بێگومان ئیشی ئەوێکی شیعە ئەوەیە ئەم دۆخە درووست بکات! لەکاتێکدا هەموو ئەوەی ئێستا عێراق و حکومەتەکەی بەڕێوە دەبات نوێنەری (19%) ی عەرەبی شیعەو سووننەکانی عێراقن، کەمینەیەکی گەندەڵ حکومەت و وەزارەتەکانیان لە بەغدا بە بارمتەگرتوەو بە هەڕەشەی میلیشیاکانیان بە پێوەن، تاکە دەرئەنجامێک شیعە لە عێراقی دوای (2003) ەوە پێی گەیشتون، ئەوەیە حوکمڕانی شیعەیان نابووت و ناشیرین کردوەو متمانەی هەرە زۆری تاکی عێراقییان لە دەستداوە. ئێستاش ئیشە سەرەکییەکەیان ئەوەیە بڵێن ئەوەتا زۆرینەی نوێنەرانی کوردو خۆپیشاندەرانی کورد لەگەڵ بەغدان، حیزبێک نەبێ کە هەولێر و دهۆک بەڕێوە دەبات. ئینجا لەبری «عوقەلای قەومی کورد» بڵێن دەبێ زوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێ و شەرعییەتی دامەزراوەیی بەهێزبێ و داوای لێبوردن لە گەلی خۆمان بکرێ، بازاڕ بۆ ئەجێندەی ئێرانی خۆش دەکەن، دەڵێن؛ با بچەمین و هەرێم بکەینە دوو ئیدارەو پێکەوەژیان لە کوردستان نەماوە! ناچێتە ئەقڵەوە، کوردی لەمەڕ-خۆمان پەرلەمانتاری بەسرە-یان کردوە بە پاڵەوان، چوونکە پەلاماری حکومەتی هەرێم دەدا! کورد؟! کوردی ئایدۆلۆجیستی لەمەڕ خۆمان لەو ئەڵمانیایە ڕاپۆرتیان لە سەر «جەماڵ نەبەز» ی کەڵە هزرمەند دابوویە هەواڵگیریی وڵاتەکە کە ئەو «نەبەز» ە کوردێکی نازییە! ئەرێ ئەگەر یەکێک بچێ ڕیباتی سوور و کراسی سپی بپۆشێ لەسەر شاشە بەرگری لەوانە بکات، نابێتە کورتهێنانی ئەخلاقی.. با..بەرێوەڵڵا. مامۆستایەکی هاکەزایی چ کارەیە لای هومام حەمودی [هومام، لە 2008 مام جەلال لە گۆڕەپانەکەدا بو، دەیوت ئەم فیدراڵیە بۆ عێراق زیادەیە].
دەبا پێنووس بنوسێ: دەخیلە داخلی تەئریخیکەن ئەم وەزعە بۆ عیبرەت ( حەمدی)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت