بورهان شێخ رەئوف: پەلاماردانی كۆرمۆر، چ پەیامێکی لە پشتە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كێڵگەی غازی كۆرمۆر گەورەترین سەرچاوەی وزەی غازییە لە عیراقدا، یەدەگی پشتڕاستكراوە 8.3 تریلیۆن پێ سێجایە كە لە رێگەی بۆرییەوە غازی سروشتی دەگوازێتەوە بۆ هەردوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەولێر و چەمچەماڵ، رێژەی 67% كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، جگە لەوەش سەرچاوەی سەرەكی غازی ماڵانە.
پەیامەكانی پشت پەلاماردانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ لەباربردنی پلانەكانی حكومەتی عیراقە بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی وزە. پەیامەكانی پشت پەلاماردانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ لەباربردنی پلانەكانی حكومەتی عیراقە بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی وزە لە عیراق و بەدیهێنانی خۆبژێویی و تەنانەت هەناردەكردنیشی لە ئایندەدا، ئەم پلانە لەم دواییەدا بایەخی گەورەی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی لێكەوتەكانی جەنگی ئۆكرانیا و روسیاوە.
ئەمە نۆیەم جارە كێڵگەی ناوبراو دەكەوێتە بەر پەلاماری تێكدەرانە و تیرۆریستی و ئەمجارەش شێوازی هێرشەكە توندتر بووە لەوانی پێشووتر، چونكە جاران بە رۆكێتی كاتوێشا پەلامار دەدرا ئەمجارە بە درۆن، هەرچەندە كێڵگەكە ئامانجێكی سەربازی نییە، بەڵام پێگەیەكی ئابووری گرنگە و بواری فراوانكردنی زۆرە و لە ناوچەیەكی وێرانكراوی هەرێمی كوردستانە كە پاشماوەی جینۆسایدی ئەنفالەكانە.
هەرچەندە سوودی راستەوخۆی بۆ ئەو ناوچەیە كەمە، بەڵام خێر و بەرەكەتی بۆ ماڵ بە ماڵی هەرێمی كوردستانە، چونكە غازی ماڵەكانیان و رووناكیەكەشی لەوێوە دێت.
ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەم كردەوە تیرۆریستییە تێكدەرانە، نیگەرانی و بێزاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆری لێ‌كەوتەوە هەر لە ئەمریكاوە تا یەكێتیی ئەوروپا كە دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراقیش سوودی لێ‌ ببینن بۆ دابینكردنی سیستمی بەرگری بەهێز و پێشكەوتوو بۆ پاراستنی ئەو دامەزراوە ستراتیجییە.
لەلایەكی ترەوە، بە ئامانج گرتنی كێڵگەی كۆرمۆر هەر بە ئامانج گرتنی ئابووری و ژێرخانی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بە ئامانج گرتنی هەموو ژێرخانی عیراقە، چونكە بە گوێرەی دەستووری عیراق، سامانی سروشتی نەوت و غاز و هەموو بەشەكانی تری موڵكی هەموو گەلی عیراقن لە هەركوێ‌ بن، بۆیە دەبێت حكومەتی عیراق هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی سامانی سروشتی و دامەزراوە ستراتیجییەكانی.
ئەوەی گرنگە نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەلە بكەن بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز، هەروەكو چۆن لە پرۆگرام و كارنامەی حكومەتەكەی سودانیشدا هاتووە و دەبوو لە ماوەی شەش مانگی یەكەمیدا دەرچووایە، بەڵام تا ئێستاش نەكراوە، ئەمە كارئاسانی دەكات بۆئەوەی هەرێم و بەغدا لە گرفتەكان دوور بكەونەوە. كۆتایی بەو وتەش دێنێت كە نەوتو غاز لە نیعمەتەوە بووە بە نەگبەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت