Xiam

دکتۆر کەمال میراودەلی : حیکایەتی[ ناراتیڤی ] ژیان و بوون وەک خەیام وێنای دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی دووەم : 

کوردییکردن و لێکدانەوەی 

بەتەرجەمەکەی فێتزگێرالد بە بەرەبەیانێک دەستپێدەکات کە خۆر هەڵدێ و راوچی رۆژهەلات بە پەتکی تیشکی زێرین بورجی پاشا دەگریت . خەیام دوای دلنیابوون کە بەرەبەیانیكی ساختە نییەو گوێی لە هاواری مەیخۆران ، جوانیخوازان و ژینخوازان ، دەبێت لە خەو هەڵدەستێت ودلدارەکەی بانگ دەکاتە ناو باخ و دایەلۆگەکە دەستپێدەکا : باخەکە و پیاسەکەی ئەوان دەبێتە مەوداو رەمزی سەفەری ژیان هەمووی ، گڵ و گوڵ ، دەبنە رەمزی ژیانی کورت و حەقیقەتی مردن و لە سەرنجدان و لێکدانەوەی حەقیقەتە سادەو بەرچاوەکانی ژیان ، کە زۆر گرنگترن لە سەفسەتەی عەقلی و ئاخاوتنی دینیی ، خەیام وەک کەسێکی تێماو لە نێوان راستیی بەرچاوان و گومانی عەقڵ و ویژداندا ، وتاری شیعریی و چیرۆکی گومان و رامانی خۆی بۆ دڵدارەکەی و دنیا دەردەبڕێ .

لێکدانەوەی چوارینەی ١-١٠

(١)

رابە ! وا بەیان بە قۆچەقانی شەو

بەردی خۆی هاویشت ، ئەستێرە هەڵفرین

سەیرکە ! راوکەری رۆژەلات گرتی

بورجەکەی سوڵتان بە پەتکی زێڕین

(٢)

کاروانکوژە هێشتا رێبواری ئاسمان بوو

خەونم دەبینی : لە ناو مەیخانە سەدا دێتەوە :

‘ رابن ، منالان ، کاسەکە پر کەن

بەرلەوەی شەرابی ژین ببڕێتەوە ..!!!

(٣)

کەڵەشێر بانگی دا ، خەڵکی بەردەم مەیخانە ،

هاواریان کرد : دەرگاکان با بکرێنەوە !!

دەزانن ماوەی مانەوەمان کەمە

کە رۆیشتیشین ناگەڕێینەوە !!

(٤)

ساڵی نوێ عیشقی کۆنی ژیاندەوە

رۆحی راماوم خەڵوەتنشینە

دەستی سپی موسا لەسەر لکی دار

درێژەو عیسا هەناسەی ژینە

(٥)

[ ئیرەم ] و گوڵەباخەکانی رۆیشتن

کەسێکیش جامی جەمشید یاد ناکات

دارمـێو هێژ یاقووتی سوور دەگرێ

لە کەنار جۆباریش ، باخ گوڵ دەردەکات

(٦)

بێ ! پیالە پڕ کە ، با لە بڵێسەی بەهارا

بەرگی پەشیمانیی زستان دادڕین

مەلی کات رێگای خۆ یەکجار کورتە

ئامان ، خۆ لە سەر باڵە بۆ فڕین !

(٧)

سەیرکە ! هەزار خونچە ، بە هاتنی بەیان

گەشانەوەو هەزاریش سیس بوون ، بوون بە خۆڵ

ئەم بەهارە تازەش کە گولەباخ دێنێ

جەمشید و کەیقوباد دەڕزینێت لە ناو دۆڵ

(٨)

بێ لای مامە خەیام ، عەیام جێ بێڵە

کەیقوباد و کەیخوسرەو لە بیربەرەوە

با رۆستەم چۆن دەخوازێ وا بکات

یان حاتەم خواندار بێت – ئاوڕیان لێ مەدەوە

(٩)

سەیرکە ئەو گوڵەی لە دەورمان دەگەشێ

بە خەندەوە دەڵێ : ” کاتێ کە جوانییم بۆ جیهان دەپشکوێ

تەقەڵی حەریریی گیرفانم دەدڕێ و

گەنجینەی ناوم بۆ سەر خاک دەڕژێ .” 

(١٠)

تەمای دنیا کە مرۆڤ دڵی پێوە ناوە

دەبێتە ژیلەمۆ – یان گەشە دەکات

وەک بەفر لە سەر رووی خۆڵیی سەحراوە

یەک دوو ماڵ رووناک دەکاتەوەو دەڕوات

لێکدانەوەی چوارینەی ١-١٠

(١)

بەرەبەیان رووناهی خۆی پەخشان دەکات ، هێشتا تاریکاییەک بە قەدەر قۆچەقانییەک بە ئاسمانەوە ماوە ، بەرەبەیان هەڵی دەگرێت بەردێکی تیدەهاوێ و لە پۆلی ئەستیرەکانی دەگرێ ، هەموو هەلدەفرن ، ئەوسا راوچی رۆژەڵات پەتی کازیوەیەک لە بورجی سولتان ، کە هیشتا پاسەوانەکانی شەوی لە دەورن ، دەگرێ و داگیری دەکا و بانگی ئاشکرای بەیان بە دنیادا بڵاو دەبێتەوە

(٢)

من خەیام هێشتا لە خەودابووم ، چاوم هەلێنا بینیم ئەستێرەی کاروانکوژە هێشتا بە ئاسمانەوەیە . ترسام گومڕا کرا بم ، بەیانە – درۆزنە بێت و خۆر هەڵنەهاتبێت . خەوتمەوەو خەوم بینی ، گوێم لێبوو ، لە ناو کۆنە مەیخانەی دنیاوە سەدایەک دەنگ دەداتەوە . هاوار دەکات : ئەی منالەکانی ئادەم ، کاسەکانتان پڕ کەن لە خۆشیی وجوانییەکانی ژیان ، بەر لەوەی ئەو شەرابەی لە رۆح و جەستەی خۆتاندایە بچۆڕێتەوەو ویشک بێت

(٣)

ئەوسا گوێم لە قووقەی کەڵەشێر بوو ، ئاشکراتر بانگی دەدا . خەلکانی مەیخۆر ، شەیداکانی خۆشیی ژیان ، لەبەر دەرکی خان ومەیخانەی ژیاندا گەلەکۆمەکێیان کردبوو . هاواریان دەکرد : ئەوە بەیان جوانییەکانی جیهانی جاڕدا ، دەرگاکانمان لێ بکەنەوە ، ئێمە بە میوانیی روومان کردۆتە ئێرە ، ماوەیەکی کەم دەمێنیینەوەو کە رۆێشتیشێن ناگەرێینەوە ، هاوارە ، لە دەرەوەو لە سەحرای وێڵییدا کاتمان بە فیڕۆ مەەدن .

(٤)

ئۆخەی ! سەیرم کرد نەک هەر بەرەبەیانیکی راستەقینەیە ، بەلکو نەورۆزەو رۆژی سەری سالی نوێی بەهاری ژیانەوە و نوێبوونەوەیە . رۆحم لە خەڵوەتی خۆی هاتەدەرێ و لە سەیریی و موعجیزەیی ژیان راما . بینی دەستی سپی موسا ، بە بەخشندەیی خودا ، لە سەر ئەو لکە دارەبوو کە بە نووری خۆر گڕی گرتبوو ، بەلام نەشدەسووتا و وەک خۆی بوو ، عیساش هەناسەی زیندووبوونەوەی بە بەر جەستە مردووەکانیشدا دەکرد

(٥)

چوومە دەرەوەو بە باخی [ ئیرەم ] دا روانیم . بیرم لە دارایی و دەسەلات وسەلتەنەتی جەمشیید کردەوە . تەختی ئیرەم و باخە شاهەنشاییەکانی رۆیشتن ، کەسیش جامی جەمشیدی لە بیر نەماوە کە زەمانێک هەموودنیای تێڕا دەبینرا . بەلام هێشتا دارمێوەکە هێشووی یاقووتی سوور دەگرێ ئەملاو ئەولای کەناری جۆگاکانیش پڕن لە گوڵ و گولزار .. [ ئیرەم ، تەختی جەمشید ، شارێکی کۆنی ئێرانی و کۆشک و سەراو باخی داریوشی مەزن بووە . جەمشید پادشایەکی دەسەلاتداری مەزنی ئێران بووەج، لە شاهنامەدا باس کراوە کە لە خۆی بایی دەبێ و دوایی بە دەستی ضوحاک دەکوژرێ . لە قورئانیشدا ئیشارەتی بۆ کراوە : ارم ذات عماد ]

(٦)

لە لایەکەوە ترسی ژیانیكی بێهووەدیی جەمشیدیی دایگرتم ، لە لایەکیشەوە خۆشی ژیانێکی ئێستایی پڕ لە جوانی و خۆشیی و نوێبوونەوە شاگەشکەی کردم . هاوارم لە دڵدارەکەم کرد بێتە ناو باخ . پێم وت : گۆزەکە پڕ کە لە مەی خۆشیی و هیواو وەرە ناو باخی ژیان . با لە گڕی خۆری ئەم بەهاری گەنجییەدا بەرگ و سیپالی پەشیمانیی زستانی بەسەرچوو بسووتێنین و ئاهەنگ بۆ سەرەتایەکی نەورۆزیی تر بگێڕین . ئەو کاتەی هەمانە لە ژیان وەک مەل دەفرێت ، گەر نەیگرین و نەیچێژین هەمیشە لە سەر بالەو ئامادەیە بداتە شەقەی بالی فڕێن . مەودای فڕێنی باڵەکانیشی یەکجار کورتە : لە دارەدارەی مناڵییەوە بۆ شەلەهەنگاوەکانی پیریی و تەواو . دەبا تا لە ناو دەستماندایە خۆشیی و شادیی لێ بجێژین .

(٧)

لەگەڵ دلدارەکەم بە ناو باخدا گەڕاین . گوتم سەیر کە ، بە چاوی خۆت ببینە : هەر لەم بەرەبەیانەدا هەزاران گوڵ گەشاونەوە ، هەزاریش ئەوەتا لە جێی خۆیان سیس بوون و بوون بە خۆڵ . ئەم نەورۆز و بەهارەش کە باخ وگولەباخیان بۆ ئێمە هێناوە ، لەو دۆلەدا بۆ پێخۆری گژو گیاکەی جەستەی جەمشید و کەیقوبادی رزاندووەو کردوویەتی بە پەین

(٨)

کەوایە، یاری ئازیزم، وەرە لای مامە خەیام –ی خۆت . سەروەریی و دەسەلات وسەڵتەنەتی کەیقوبادو کەیخوسرەو لەبیر بەرەوە ، با رۆستەم بۆخۆی هەر پالەوانبازیی بکاو ژیان بە جەنگ و هەرا بزانێت . حاتەمی تەی- یش بۆ خاتری ناوبانگی حاتەمیی خۆی ، با هەر خەریکی دەعوەتکاری و میوانداریی ونیشاندانی مال و سامان بێت . دەڵێم : ئاور لەوانە مەدەرەوە، وەرە ناو ئامێزی مامی خۆت

(٩)

دلەکەم : تۆش گولێکی وەک ئەو گولانەی دەورمان . یان کێ دەلێ ئەو گولانە جوانی وەک تۆ نەبوون .

وس ، وس . گوێ گرە : ئەو گوڵەباخەی بەردەممان پەرەکانی خەریکی کرانەوەو گەشانەوەن ، قسەیەکی بۆ ئێمە پێیە . گوێگرە . بە دەم خەندەوە چ دەلێت : سەیرم کەن کاتێ جوانییم دەپشکوی چۆن تەقەڵە حەریرییەکانی گیرفانم دەدرێن و هەموو جوانیی و عەترەکەی ناویان دەڕژێتە سەر زەوی .

گوێت لێبوو چی وت ؟ ئەئاواش گیرفانی گوڵگوڵیی وەرزەکانی تەمەنی تۆش دەدڕێ و گەنجینەی سۆزو عەترو جوانییەکەی ، گەر نەیانبەخشی ، دەرژێتە سەر خۆڵ و ئاخری بەتاڵ دەبێت

(١٠)

ئێمەی مرۆڤ تەمای دنیامان زۆرە : بۆ هەندێ ژیلەمۆیەو لە جێی خۆی دەپووکێتەوە . بۆ هەندێ ژیلەمۆکە دەىێتە پشکۆی گەش ئەوسا دەبڕیتەوە . وەکو بەفرێک کە لە سەحرادا دابارێت ، شەوەکانیش بەردەرکی مالەکان روون دەکاتەوە ، خەلک لە خۆشیاندا کۆشکە بەفرینە دروست دەکەن ، بەلام بەفرەکە زوو دەتوێتەوەو دەروات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت