بورهان شێخ رەئوف: کازمى لە واشنتۆن، دیالۆگى ئیستراتیجى ئەمریکا و عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

26/7/2021 کازمى لە واشنتۆن لە دیالۆگ و دانوستانێکى یەکلاکەرەوەدا دەبێت لە گەڵ واشنتۆن دەربارەى ئایندەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق.
لەبارودۆخێکدا ئەم وتوێژانە بەرێوەدچێت کازمى لە نێوان هەردوو جەمسەرى ململانێ ى لە مێژینەو سەرسەخت ئێران و ئەمریکادا وەستاوە، هەوڵ دەدات دڵى هەردوولایان ڕابگرێت، کەسیان توڕەو زویر نەبن لێى، ئەوانیش ئێران و ئەمریکا لە هەوڵى ئەوەدان عێراق بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەو هاوکێشەى دۆخى عێراق ناهەوسەنگ دەبێت و زیان بە دۆخ و پێگەى عێراق دەگەیەنێت،کە ببێتە بەشێک لە سیاسەتى جەمسەرگیرى کە ئەمەش ئەمێستا لە تواناى عێراقدا نیە.
کازمی لەوبارودۆخەى کە ئێستا ناوچەکەو عێراقى پێدا تێپەڕ دەبێت، لە هەوڵى ئەوەدایە جۆرێک لە هاوسەنگى لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕابگرێت بەو پێیەى پەیوەندى باشى لە گەڵ هەردوو لادا هەیە، دەخوازێت بە کەمترین زیان لەم ململانێ دەربازى بێت، ڕێگەیەکى ترى لە بەردەمدا نیە ئەگەر بەتەماى ئەوە بێت لە پرۆسەى سیاسیدا ڕۆڵى هەبێت.
لەڕووى ناوخۆییەوە ئەگەر حەشدى شەعبى و میلیشیا چەکدارەکانى بەربەستى گەوەرەى بەردەم کازمى بن، بەو پێیەى ئێستا خاوەن هێزێکى گەورەو کاریگەرن، تا ئێستا سەرەڕاى ئەوەى کێشەى گەورەیان بۆ خوولقاندووە، بەڵام هەر لە گەڵیاندا هەڵى کردووەو دواجار پشتیوانى نمایشێکى گەورەى حەشدى شەعبى کرد لە 26/6/2021 لە پارێزگاى دیالە کە ئەمەش نیشانەى گونجان و هەماهەنگى نێوان کازمى و حەشدە و ڕەزامەندى تارانە کەوادەکات رَیگاى کازمى بۆ تاران خۆش بێت.
لەڕووى دەرەوە ش کازمى لە هەوڵى بەدەستهێنانى پشتیوانى و سۆزى واشنتۆن و وڵاتانى عەربیدایە بە تایبەتى عەرەبستانى سعودیە،ئەگەر کازمى لەم هەنگاوەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ئەوە خاڵێکى بەهێز بە دەست دێنێت بۆ ناوخۆو شەقامى عێراقى ،بەڵام تا ئێستا لەوەناچێت کازمى توانیبێتى سەرکەوتن و هەماهەنگى و سازانى تەواوى لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بەدەست هێنابێت، بەڵکو کازمى بەبارودۆخێکى سەخت و دژواردا گوزەر دەکات وەکو مەیدانى مینڕێژکراوە وایە، لە ژێرفشارى ئەمریکاو حەشدى شەعبیشدایە، بەتایبەتى لەم چەند مانگەى دواییدا.

ئەم خوولەى دانوستان
خوولى چوارەمى دانووستانەکانى عێراق و ئەمریکا لە 26/7/2021 لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت لەوەناچێت وەکو خوولەکانى پێشوو بێت، بەڵکو کارو ئەرکى حکومەتى عێراق ئاسان نابێت، بەهۆى ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکان و دۆسییەکانى نێوانیان، هەروەها پێشووەچوون و بەریەککەوتنە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیەکان، بەتایبەتى دواى ئەوەى یەکلایی کرایەوە کە کازمى خۆى سەرۆکایەتى شاندى عێراق دەکات، لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا دووجار سەردانى واشنتۆى کردووە ، ئەگەر جارى پێشوو توانى پشتیوانى ئیدارەى ترەمپ مسۆگەر بکات ، ئەمجارە سەرۆک بایدن دەبینێت.
لەدواى خوولى سێیەمى دانوستانەکان ئەمریکیەکان خوازیار بوون کازمى ڕۆڵى حەشدى شەعبى سنوورداربکات لە گۆڕەپانى سیاسى و سەربازى، وەکو بەڵێنى دابوو، بەڵام دواتر پێچەوانەکەیمان بینى دواى هێرش و پەلامارەکانى حەشدى شەعبى بۆ سەر بنکەو بارەگانى هێزەکانى ئەمریکا و و پەلامارە ئاسمانیەکانى ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانى حەشدى شەعبى.
کازمى لە برۆکسل لە مانگى حوزییرانى 2021 لە دواى کۆبوونەوەى لوتکەى وڵاتانى ئەندامى ناتۆ داواى کرد وڵاتان کێشەو ململانێکانیان لە عێراق دوور بخەنەوە، عێراق نەکەنە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى ناکۆکیەکانیان، چونگە ئاسایشى عێراق کاریگەرى لە سەر ئاسایشى ناوچەکە بە گشتى هەیە. هەرچەندە ئەمریکاو عێراق هەر لە خوولى سێیەمى دانوستانەکانیانەوە لە سەر ئەوە ڕێککەوتوون کە کۆتایى بە ڕۆڵى جەنگى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بهێنن و تەنها ڕۆڵى ڕاوێژ و ڕاهێنان ببینن، بەڵام پێش سێ هەفتە لەمەوبەر کازمى لێدوانێکى سەیرى دا کە مایەى تێڕامان و سەرنجى ئەمریکیەکان بوو ئەویش وتى دەبێت کۆتایى بە بوونى هێزەکانى ئەمریکا بێت لە عێراق نەوەکو خشتە دابنرێت بۆ کشانەوەیان.
بۆیە ئێستا سەرچاوە هەواڵییەکان لە واشنتۆن باس لەوە دەکەن کە ئەمریکیەکان متمانەیان بە کازمى لەق بووە، هەوڵى پێداچوونەوە بە هەموو لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتنامەکانى پێشوو دەدەن، هەر ئەوەش بووە هۆکارى لێدانى گورزى سەربازى لە هێزەکانى حەشدى شەعبى لە مانگى ڕابردوو لە سەر سنوورى عێراق و سوریا.
لە کۆتایدا ترسى ئەمریکیەکان لە پڕکردنەوەى بۆشایى پاشەکشەیان لە عێراق، هەڵبژاردنەکانى مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوو کە ئایا کێ براوە دەبێت هەوڵى حەشدى شەعبى بۆ کۆنترۆڵکردنى بڕیارسیاسى عێراق، لە کاتێکدا هێشتا تەواو خۆیان بۆ ئامادەنەکردووە و خوازیارن دواى بخەن، نیگەرانى کوردو سونەکان لە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و ڕێخۆشکردن بۆ ئەوەى لایەنێک بەتەواوى قۆرخى دەستەڵات بکات لە عێراقدا، هەموو ئەمانە ترسى جدین و ڕۆژو هەفتەو مانگەکانى داهاتوو وەڵامى ئەو ترسانە دەدەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت