کونجـــرینی : شەڕی داهاتوی بارزانی و ئاپۆ ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی سێهەم /

بەرهەمەکانی سیاسەت لەخاڵی بەرژەوەندیدا کۆدەبێتەوە . ئەوە سیاسەتە بۆتە هۆکاری شەڕی ناوخۆ و نزیک بە 30 هەزار کوردی کردە قوربانی . هەر سیاسەتیشە ڕۆژێک هاوپەیمانەکانی پارتی ، خاڵێک دادەنێن و لەسەری دێڕەوە  دەست پێدەکەن  لەگەڵ هێزێکی تردا  .

ئاشبەتاڵ یان نەکسەی شۆڕشی ئەیلول ، بەپیلانێک کەدەشێت لەدەسپێکی هەڵگیرساندنی شۆڕشکەوە بڕیاری لەسەر درابێت . ئاوابوونی خوالێخۆش بوو بارزانی لەکەلی شۆڕشی ئەیلول ، لەئاپۆدا هەمان دووبارە بوونەوە نەبوو . جیاوزییەک کەناکرێت پێداوەندی بۆ بکرێت . بارزانی بەمەیلی خۆی یان پەسندکردنی بڕیاربەدەستانی سەروخۆی ، بڕیاری لەسەر کۆتایی شۆڕشەکە ، دا . ئاپۆ ” بەپیلانێکی نێو دەوڵەتی لەنایرۆبی پایتەختی کینیا ” دەستگیرکرا . باجی سوربوون و بەردەوامی لەسەرکردایەتیکردنی شۆڕشدا ؛ بەردەوام بوونیەتی لە کونجی زینداندا .

جیاوازی ڕەفتار و بیرکردنەوەو پێداگرییە سیاسیەکانی ” مەسعود بارزانی ” لەچاو خوالێخۆش بوو ” مستەفا بارزانی ” لەتەکنیک و دیزاینی کارەکانیدایە .

باوک و کوڕ لەدوو زەمەنی جیاوازدا وای کردووە پێگە کۆمەڵایەتیەکانیان لەڕووی ڕێژەییەوە جیاواز بێت . دۆراندنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەیوەستە بە نەجوڵاندنی زەمەنەوە . ناکرێت لەم زەمەنی کۆمیپوتەرو تەکەنەلۆژیایەدا ، قسە لەسەر چەسپاندنی پرۆگرامی شەستەکان بکرێت . ئەوەی شەستەکان بەهەمان پێوانەی ئەو ڕۆژانە سودمەند بووە بۆ پارتی ، بۆئەمڕۆ دووبارەکردنەوەی ، مەلەکردنە لەگۆماوی مەرگدا .

جیاوازی ئاپۆ لەگەڵ مەسعود بارزانیدا ، لەوەدایە ” ئاپۆ ” بەنرخی ڕۆژ و بەسود وەرگرتن لە دوێنی سیاسەت دەکات ، لەسەر هیج هەگبەیەکی سیاسی تۆز لێنیشتو ، گرەو ناکات . ئاپۆ دروشمەکانی جوداناکاتەوە لەگەڵ هەنگاوە پراکتیکیەکانی ، دوژمن و دۆست ناخاتە یەک لێوانەوەو بەرژەوەندی حیزب تا ئەم ساتە نەیخستۆتە پێش بەرژەوەندی گەلەوە ، بۆجارێک سازشی بۆدوژمن نەکردووە لەسەر پێدانی هێز لەدژی هێزێکی تری کورد.

ستراتیژییەتی کاری سیاسی ئاپۆ شێوەیی نییە ، لەسەر پانتایی کوردایەتی کار دەکات . هەنگاوەکانی بەرزونزمی نییە وەک پارتی ، بەڵکوو هەمیشە لە پێشڕەویدایە .

پەکەکە بەپێچەوانەی پارتی یەوە ، سنورە دەستکردەکان بەبێ پەساپۆرت دەبەزێنێت و ئەوەی دوژمن توڕە دەکات و کۆیاندەکاتەوە لە گەلەکۆمەکیەکدا  ، ئەم ئەنجامی دەدات و سازشی لەسەرناکات .

هۆکاری گەشەی پانتایی دەسەڵات لای پەکەکە لەگەمە سیاسیە هاوبەشەکانی دوژمن و خۆیدا نابینێتەوە ، بەڵکوو گەشەی بیری تاکی کورد یەکسان دەکات بەگەشەی بیری نیشتمانی . قۆناخەکانی خواست و ویستی خەڵکی هەڵدەسەنگێنێت و لەکەوانەی ڕووبەڕووبونەوەدا لەگەڵ زەمەن و سیاسەتی نوێدا دەیگونجێنێت . سەنگەری دوژمن هەڵناسەنگێنێت وەک هێزێکی گەورەو خاوەن بڕیار ، بەڵکوو بەرپەرچدانەوەی ژیرانەو سوربوون لەسەرخواست ، دەکاتە چەکی ڕووبەڕووبونەوە .

پەکەکە تاکە حیزبە لەدوای شۆڕشی ئەیلولەوە گەشەی بەردەوامی هەبێت ، ئەوەی پەکەکەی لە شۆڕشی ئەیلول جیادەکاتەوە ” جگە لەناوەڕۆک و خەرمانی سیاسی ” پەکەکە بەردەوامەوەو شۆڕشی ئەیلول کۆتایی هاتووە .

گفتوگۆ ” بۆ لەگەڵ ئاپۆ و پەکەکە ؟ .

کاتێک بەهاری عەرەبی تەشەنەی کردە سوریای ئەسەد ، بەشانسی کورد ئینجا پەکەکەو بەپێچەوانەوە بۆ پارتی و بارزانی ڕەوشێکی خراپ هاتە ئاراوە . دەکرێت بکرێتە دەستپێکی ئاڵوگۆڕی ڕەوشی سیاسی هەم بۆ کورد و هەم بۆ ناوچەکە . لەبەشەکانی تردا خوێندنەوەمان کرد بۆلاوازی پارتی و باڵادەستی پەکەکە لەگۆشەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دا . ئەم خاڵە هەرەسی بەگەورەیی و قەبەیی پارتی لای ڕۆژئاواو بنیادی گفتوگۆی لەگەڵ پەکەکەدا سازکرد .

کورد بۆ هاوکێشە سیاسیەکانی سوریای دوای ئەسەد ، گرنگە بۆ ئیسرائیل و ڕۆژئاوا . وەک چۆن لەعێراقی پاش سەدام ، کورد گرنگ بوو بۆ هاوکێشە سیاسی و بنیادنانەوەی عێراقی نوێ .

ئێران لەبەردەم بەهاری خۆیدایە بۆ گۆرنکاری ، یان گۆشەگیری و دەست تێوەردانی دەرەکی لەلایەن ڕۆژئاواوە .

پەکەکە ترسی یەکەمی بەردەم هەنگاوەکانی ڕۆژئاوایە ، ناکرێت هێزێکی ئاوها گەورە ، بەهەند سەیر نەکرێت . کاتێک لە ڕۆژئاوادا حاکمە ، لەباکوردا باڵادەست و گیرەی سەنتەرە ، لە ڕۆژهەڵاتدا داینەمۆی بەردەوامی گیانی بەرەنگارییەو لەسێ بەشی کوردستاندا ، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویی هەیە ، لەیەکلاییکردنەوەی هەموو گۆشە سیاسی و چارەنوسەکان دا .

ئەم هێزە ، کەلەئێستادا گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت ، جگە لەبەرهەمی خەبات و ماندوبوونی گەلەکەی و خۆی ، پێداویستی زمەنی پشت گۆرانکارییەکانی ناوچەکەیە . تورکیا بەهەلی دەزانێت لەوقەیرانەی ، کەسی ساڵە زیان بەئابوری و مرۆیی و کێشی سیاسی و ئەخڵاقی وڵاتەکەی دەگەیەنێت ، ڕزگاری ببێت . ئەگەر چی ئۆزال ” نەیتوانی ڕەچکە سەوڵبەندانەکەی 600 ساڵی عوسمانی و ئەتاتورکی ، بشکێنێت ، ئەوا لەم زەمەنەدا ، هەلەکان بۆ تورکیای ئۆردۆگان ، زەمەنی زێڕینە تا لەو قەیرانە کوشندەییە وڵاتەکەی ڕزگار بکات . گفتوگۆکانی تورکیا و پەکەکە ” وەک دەردەکەوێت تەنها پرۆژەی ناوخۆی تورکیا نییە ؛ دەکرێت ئەمەریکاو ڕۆژئاواش بەشێک بن لەگفتوگۆکە ، وەک چۆن بەشێکن لەناوزڕاندنی پەکەکە بەتیرۆریست و هەروەها بەشێکیشن لە دەستخۆشی هاندانی گفتوگۆکە .

لەبەشی چوارەمدا شیکاری لەسەر ئەو ڕەچکانە دەکەین ، کە چۆن ئاپۆ و بارزانی جەولەیەکی شەڕی ناوخۆ دروست دەکەن .

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری نوسەر ، کلیک بکەرە سەر وێنەکەی لای خوارەوەی .

2,204 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت