بەختیار شارەزورى : خوێن لە بەرامبەر پڕۆژەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

سیدسادق و خوێنى بڕیار بە نمونە .

ئەم دەسەڵاتە بەجۆرێ لەجۆرەکان توشى نەخۆشى لە بیرچونەوە بووە . بە شێوەیەک کە نازانێ چ پەیمانێکى بەخەڵک داوە ، وە نازانێ چۆن و چى بەڵێنێکى لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا بە هاوڵاتیان داوە ، بە شێوەیەک توشى لە بیرچونەوە بووە ناتوانێ بەڵێنەکان و دروشمەکانى بیر خۆى بهێنێتەوەو جێى متمانەى خەڵکى بێت ، بەواتایەکى تر ئەم دەسەڵاتە حیزبیە توشى نەخۆشى دەرونى بووە ، دەبێت وەک سەرلێشێوا و خڵەفاو و شێت ناوزەند بکرێت ، گەیشتوەتە شوێنێک کە نازانێ چۆن لەگەڵ چەمکى یاسا و داواکارى مەدەنیانەدا مامەڵە بکات و چۆن بتوانێت یەکە ئیدارییەکانى خاوەنى متمانە بن ، وە ناتوانێت ئێستا و جۆرى گۆڕانکارییەکان بخوێنێتەوە و بەردەوام لە ڕابردودا دەژى ، پێى وایە ئەم جۆرە لە جێ بەجێ کردن تەندروستە و حکومەت تەنها بۆ بەرژەوەندى شۆڕشگێڕەکانى شاخ دروست کراوە ، بەم شێوەیە دەیانەوێت هاوڵاتیان بێدەنگ بکەن ، ئەم دەسەڵاتە نەخۆشە بێ ئاگایە لەوەى کە سەردەمى باڵادەستى حیزب کۆتایى هاتوەو ئێستە هاوڵاتى و تاکى ئازادو بەرەى خەڵک دروست بووە و نابێتە موڵکى هیچ حیزبێک ، هەموو دەسەڵاتەکان بە حیزبەکانیشەوە لە ژێر چاودێرى ئەم بەرەیەدایە ، ئەم دەسەڵاتە خڵەفاوە تا نەگاتە حاڵەتى ترسناک بۆ سەر دەسەڵاتەکانى و بونى وەک دەسەڵاتێکى ڕەها دەرک بە شتەکان ناکات ، کە ئەمەش دەکاتە نەخۆشى دەرونى و خەڵەفان ، وەک ئەو شێتەى تا خوێن نەبینێ نابیستێ و هێور نابێتەوە ، تا خوێن نەبینێ هیچ داواکاریەک جێ بە جێ ناکات ، تا خوێن نەبینى ناچێتەوە سەر بەڵێنەکانى و مافەکان نابینێ ، تا خوێن نەبینێ ماف نابینێ ، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەخرێتە ژێر چاودێرى وردى دەرونییەوە ، دور نیە ئەم عاداتە بکاتە کلتور و بەرنامەى خۆى ، لە بەرامبەر ئەوەى پڕۆژەیەک جێ بە جێ بکات دەبێت خوێن ببەخشرێت وەک لە ئەفسانە کۆنەکاندا هەبووە ، بۆ ئەوەى خاک نەفرەتمان لێ نەکات دەبێت خوێنى چەند گەنجێک بڕژێتە دمى خاکەو تا بزانێت کە قوربانیمان بۆ داوەو ئیتر نەفرەتمان لێ نەکات ، ئەم دەسەڵاتە بەخوێنى مەڕەکەى ئیبراهیمیش ڕازى نابێت هەر دەبێت خوێنى یوسفەکانى بدەینێ ، ئەمە نەخۆشى دەرونى و شێتیە کە قسەى حەکیمەکان بۆ ڕاوەستانى خوێن یەکسان بێت بەسفر ، ئەم دەسەڵاتە پێمان دەڵێت هیچ پڕۆژەیەک بۆ هیچ شارێک ناکرێت تا قوربانیەکان نەدرێن و خوێن نەدەین بەم دەسەڵاتە .

دەسەڵاتى حیزب گەیشتوەتە ئاستێک خوێن دان بەرەو کلتور بوون بڕوا ، کە هیچ قەزا و ناحیەیەک هیچ مافێکى نابێت تا توند و تیژى نەکەن و قوربانى نەبەخشن ، خوێن وەک دراو سەیر دەکات بۆ کڕینى کاڵاى پڕۆژەو ئازادییەکان ، لاى ئەم دەسەڵاتە نەخۆشە پڕۆژە و ئازادى و ماف کاڵایەکە بە دراوى خوێن دەکڕرێت ، ئەم نەخۆشیە دەرونیە کە دەسەڵاتى حیزبى توشى بووە قۆناغ بە قۆناغ ئەنجامەکانى بەرەو فراوانترو بەرزتر دەڕوات ، لە خوێنى شەهیدانى 17 ى شوباتەوە دەست پێ دەکات کە دواى خوێن هەر ناگەیەنە ئازادى ، واتا دەبێت دراوى خوێنمان پێ بێت تا دەسەڵات دەرگاى مارکێتى ئازادى و پڕۆژەکانمان بۆ بکاتەوە ، خوێنى زەردەشت دەکاتە دەست کەوتنى ئازادى وەک بەرەى ئێمەى بێ ماف و ئەوانى داگیرکەر ، خوێنى سۆرانى مامە حەمە و عبالستار تایەر شەریف دەکاتە نوسینى چەند دێڕێک لەسەر گورگەکانى ئەوان ، (تى ، ڤى) ئازاد دانانرێت تا خوێنى شاسوارەکان نەڕێژن ، خوێنى کاوەکان یەکسان دەبێت بە تاوانى خوێن خواردنى گورگە مسئولەکان ، ئازادى ڕۆژنامەگەرى نابێت تا ئاسۆس و ئەحمەد میرە خوێن نەڕێژن ، ئازادى فکریش نابێت تا خوێنى ڕێبینەکان نەبینن ، ئەم گورگانە دواى خوێن دەکەون لەهەر شوێنیک خوێن نەبێت ئەوان لەوێ نین ، ئەمانە خوێن مژەکانى ئەهریمەنن ، ئەو گورگانەن کە داواى خوێنى ڕۆڵەکانمان دەکەن ، پڕۆژەش نادرێ تا خوێنى بڕیار نەخۆنەوە .

ئەم دەسەڵاتە خڵەفاوە لە سیدسادقەوە بە تەواوەتى نیشانەکانى شێتێتى دەرکەوتوە ئەگەر نا پیشتر 24000 ئیمزا کۆکرایەوە بۆ داواکاریەکانیان .. بەڵام ئەم هەر داواى خوێن دەکات … خوێن وەک دراو و پڕۆژە و ئازادیش وەک کاڵا سەیر دەکات .. ئەم نەخۆشیە دەبێتە هۆیەک لە دواى سیدسادقەوە هەموو شارەکان واز لە خەباتى مەدەنیانە و خۆپیشاندانى هێمنانە و واژۆ کوکردنەوە بهێنن و چەند گەنجێک بکەنە قوربانى تا ئازادى و پڕۆژە و مافەکان بە دەست بهێنن ، ئەمە ڕۆشتنە بۆ لێوارى بازاڕێک کە لە برى مافى خۆمان وەک دراو دەبێت خوێنمان پێ بێت بۆ کڕینى ئازادیەکان ، لەسایەى دەسەڵاتى گورگەکاندا سەفەرێکە بۆ بازاڕى مەرگ و خوێن ، تا مەرگ پێوانە بێت بۆ کڕینى ژیان ، ئەم دەسەڵاتە شێتە خڵەفاوە گەر ڕێ ى لێنەگیرێ و نەخرێتە ژێر چاودێرى و چارەسەرێکى دەرونى وردەوە دور نیە هەموو شتێکمان بە خوێن پێ بفرۆشێ و ژیان و ماف یەکسان دەکات بە مەرگ و خوێن ، ئەو کات هەمومان بۆ ساتێک ئازادى و ژیانى سەرەتایى دەبێت ببینە کفن کڕو لە ئێستەشەوە شوێنى گۆڕەکانمان ئامادە بکەین .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت