عوسمان عومەر: ئایا گوشاریى ناو گۆرو ئەشکەنجە، ڕاستیە؟ بەشى یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بابەتى شەرعیەت دان بەگوشارى ناوگۆرو ئەشکەنجەدرانى مردوو، بیرۆکەیەکى دێرینى مێژوویی هەیە. ئەوزانیاریانەى کە هی چەند هەزار ساڵێکن و، لەووڵاتى میسر و لاى فیرعەونەکان پاش کردنەوەى هێماکانى نوسینى هیڕۆگلیفى ئاشکرا بوون و، باس لە بیرۆکەى ئەشکەنجەدانى ناوگۆڕ دەکەن.
لە ئاینى ئیسلامیش دا مەسەلەى گۆرو گۆشارو ئەشکەنجەدانى ناو گۆڕ تا ڕۆژی زیندو بونەوەو هەستانەوە برەوى هەیەو، زۆر لە ئاینزاکانیش کەوتونەتە ناو هەڵەوە لەبارەیەوە، لێکدانەوەى ناتەواویان بۆ ئایەتەکانى قورئانى پیرۆز کردووەو، بێئاگان لەوەش پەیامبەر هیچى لەبارەى ئەودیو ئاگایی (غیب) نەزانیوە. بۆیە لەسورەتى ئەعراف ئایەتى 188 دا هاتووە کە خودا فەرمانى بە پایمبەر کردووە، کە ئەو گومانە بۆ موسلمانان روونبکاتەوەو، نارونیەکانیان بۆ ئاشکرا بکات. لە ئایەتەکەدا هاتووە (قُل لَّا أَمْلِكُ لِنَفْسِي نَفْعًا وَلَا ضَرًّا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ وَلَوْ كُنتُ أَعْلَمُ الْغَيْبَ لَاسْتَكْثَرْتُ مِنَ الْخَيْرِ وَمَا مَسَّنِيَ السُّوءُ…). جگەلەوەش سورەتى ئەحقاف ئایەتى 9 پێى دەفەرموێ (قُلْ مَا كُنتُ بِدْعًا مِّنَ الرُّسُلِ وَمَا أَدْرِي مَا يُفْعَلُ بِي وَلَا بِكُمْ) دیسانەوە لە سورەتى ئەنعام ئایەتى 50 دا خواى پەروەردگار فەرمویەتى (قُل لَّا أَقُولُ لَكُمْ عِندِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلَا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلَا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَى إِلَيَّ…)
بەپێى ئەو ئایەتە پیرۆزانە بێ پێغەمبەرى خودا زانستى ئەودیوئاگایی (غیب )ى نەزانیوەو، پێى نەدراوە هەروەک هەندێ پەیامبەرانى پێش خۆى هیچیان لەو بارەیەوە نەزانیوە.
لێرەدا ئەوە ڕوندەبێتەوە کە هەر باس و لێکدانەوەیەک لەبارەى ئەو دیو ئاگاییەوە دەربارەى ئەشکەنجە (عذاب)ى گۆر باس كرابێ، ئەوا بنەمایەکى ئاسمانى نەبووە.
بەقوڵبونەوەو لێکدانەوەى وورد لە ئایین, ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە نە لە قرئانى ئیسلام و ئاینەکانى تریش دا شتێک نییە بە ناوى ئەشکەنجەى گۆڕ. گەر ئاینى ئیسلام و دیان و جووش شەن و کەوبکرێت ئەوا نە لە قورئان و نە ئینجیل و نەتەوراتیش شتێکى ئەوهاى تێدا نادۆزرێتەوە، کە هەرسێکیان سەرچاوەى پشت پێ بەستراوى لایەنگرانى ئەو ئاینانەن.
ئیسلام و شوێنکەوتوانى ئاینى ئیسلام، قورئان بەلایانەوە سەرچاوەى ڕەسەن و بێ ڕکابەرە لە بەجێ گەیاندنى ئەرکە ئاینیەکان دا. لەو بارەیەوە لە سورەتى بەقرە ئایەتى 2 دا هاتووە (ذلك الكتاب لاريب فيه هدى للمتقين) ئەوەش دانە دواوەى گومان کردنە لە قورئانى پیرۆز. هەروەها لەسەر ڕەسنیەتى قورئانی پیرۆز لە سورەتى الحجر ئایەتى 9 هاتووە و دەفەرموێ (نحن نزلنا الذكر وإنا له لحافظون) ئەو سورەت و ئایەتانە ماناکەیان وایە کە هیچ گومانێک لە ناوەرۆک و ماناى قورئان دا نییە و، ئیمەش ناردومانە و پارێزگاریشى لێ دەکەین لەوەدا کە دەستکارى بکرێت و نە لێکدانەوەى جیاوازى بۆ بکرێت.
لێرەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە: گەر لە قورئانى پیرۆزدا بابەتێک باس نەکرابێ و بونى نەبێ بۆچى لاى موموسڵمانان کارى پێ بکرێت؟
لە ئاینى ئیسلام دا دواى قورئان، کە سەرچاوەى سەرەکى و ڕەسەنى موسڵمانانە فەرمودە (حديث) دێت کە قسەى پەیامبەرى ئیسلامە فەرمودەکانیش سێ جۆرن( صحیح و حەسەن و ضعیف), لێرەدا دەوترێت ئەوانەى دەیانەوێت بەدوا ماناى ڕاستیەتى یا دانە دواوەى ئەشکەنجەى ناوگۆڕ دا دەگەڕێن، گەر لێکدانەوەى تەندروست و دروست بۆ سورەت و ئایەتەکانى بکەن و قورئانى پیرۆز وەک سەرچاوەى ڕەسەنى لێکدانەوەکان وەربگرن و خۆیان لە هەندێک فەرمودەى لاواز (ضعیف) بە دووربگرن لە لێکدانەوەکانیان دا، ئەوا دەگەنە ئەوەى کە ئەشکەنجەى ناو گۆڕو باس و خواسەکانى لە ئارادا نین.
زۆرێک بۆ قسەکردن لە ئەشکەنجەى ناو گۆر پشتیان بە گێرانەوەکان بەستوە کە خراونەتە پاڵ پەیامبەرى خودا و، گوایە پەیامبەر قسەى لەوبارەیەوە کردووە. غەزالى و ئیبن تەیمیەو، لەدواى ئەوانیش زانایانى تری موسلمان بە پشتبەستن بەگێرانەوەى ئەو پێشینانەو هى دواتریش، زانایانى فیقەهى هەر ئەو ڕێچکە دیاریکراوانەیان گرتووە لە باسکردنى گوشارى گۆرو ئەشکەنجەى ناو گۆڕ شتێکى نوێتریان نەخشتۆتە سەر. دواتر ئەو زانایانەى باسیان لە ئەشکەنجەى گۆڕ کردووە بونەتە پێنج ڕێچکەى لێکدانەوە، کە شیعەکان سێ بەشیان هەیە لەوانەش (جەعفەرى , زەیدى و ئیسماعیلى )ن هەموو ئەوانەش لەگەڵ ئەوەدا کە قورئانیان وەک سەرچاوەى ڕەسەن قبوڵە، بەڵام لە لێکدانەوەى ئایەتەکان دا جیاوازییان هەیە.

بۆ بەرچاو ڕونى زیاتر بابزانین بەرزەخ چییە؟
بەرزەخلە ڕووى زمانەوانیەوە بە ماناى بەربەستى نێوان دووشت لێکدراوەتەوە، بەڵام لە ڕووى شەرعەوە بە ماناى بەربەستى نێوان ژیان و مردن لیکدراوەتەوە کە لە قورئانى پیرۆزدا باسەکەى هاتوە.
گۆڕ دوا مالیش بەو جێگایەدەوترێت کە کەسى مردووى تێدا دەنێژرێت, گۆڕ و ناشتنى مردوانیش لە ژیاریەک بۆ ژیاریەکى تر گۆرانى بەسەردا دێت و لەوێدا بەپێى تەرزى بیرکردنەوەیان لە ماناى مردن و ژیان هەلس و کەوتیان دەربارەى مردن و ناشتنى مردوو جیاواز بووە.
گۆڕى مردوو لاى ئیسلام , دیان و جوەکانیش لە شێوەى چاڵێکى لاکێشەیی دایەو نزیکەى دوو مەتر قوڵاییەکەیەتى ئەو جیگایەش کە مردووى تێدا لەگۆر دەنرێت, ناونراوە گۆڕستان. هەروەک پێشتر ئاماژەدرا هەرنەتەوەیەک و ژیاریەک لە گۆڕنان و شێوازى مامەڵەکردنیان لەگەڵ مردوان جیاوازە و شێوازى تایبەت بەخۆى هەیە نمونەش هیندۆسەکان لەبرى لە گۆڕنان جەستەى مردووەکە دەسوتێنن و خۆڵەمێشەکەى دەدەن بەدەم ڕوبارى (یانگ)ەوە لەبەر ئەوەى بەباوەڕى ئەوان لەو دونیا لێپێچینەوە لەگەڵ گیان (ڕوح)دەکرێت نەک جەستە، چونکە جەستە دەبێتەوە خۆل و خۆلیش سزا نادرێ., میسریەکۆنەکانیش کەسە بالاکانیان مۆمیا دەکرد و پاشان لەگۆڕى بەشکۆدا دەیان ناشتن. بەپێى هەندێ سەرچاوە ئەوە هۆڵەندیەکان بون کە یەکەمجار مردویان لە گۆڕ ناوە. گۆرستانەکان لە پێشودا هاوشانى شوێنى خوا پەرستیەکان دروست دەکران. و هەندێ گۆر هەیە بۆتە شوێنێکى گەشتیارى وەک تاج محل لەهیندستان.
پاش ئەوەى ئاوەزى ئاسۆیەکى فراوانترى بە خۆوە بینیوە, درکى بەوە کردووە کە پێویستە مردوو بنێژرێت لەبەرئەوەى مانەوەى نەخۆشى بلاو دەکاتەوە، رێکخراوى تەندروستى جیهانى پێشنیارى ناشتنى مردوانىان کردووە بۆ ڕێگرى لە بڵاوبونەوەى نەخۆشى. جگە لەوانەش مرۆڤ کە بیرى کردۆتەوە وەک ڕێزێک بۆ کەسە ئازیزەکەى ناشتنى بە پێویست زانیوە, گەر نەنێژرایە ئەوا دەبووە خۆراکى قەل وداڵ و ئەوەش وەک سوکایەتىلێکدراوەتەوە دەرهەق بە کەسە مردووەکە.
وەک مێژووش باس دەکات داب و نەریتى ناشتنى مردوو لەسەردەمە هەرە دێرینەکانەوە هەبووە. ئەو ئێسکە پەیکەرانەى لە ئەشکەوتى شانەدەرى و ئەشکەوتى کیبارا لە ئیسرائیل و ئەشکەوتى کرابینا لە کرواتیا بەڵگەى سەلماندنى ئەوەن کە مرۆڤ هەر لەکۆنەوە بەڕێزەوە بە خاک سپێردراوە. سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن کە ناشتنى مرۆڤ لە گۆڕدا زۆر لەوە کۆنترە و مێژوەکەى دەگەرێتەوە بۆ 130 هەزار ساڵ لەمەوبەر.

قەلەرەش مرۆڤى فێرى ناشتنى مردو کردووە
مرۆڤە سەرەتاییەکان زۆر سادەو ساوێلکەبون و زۆر شتیان نەزانیوە. کاتێ قابیل – هابیلى کوشتوە، نەى زانیوە چۆن لاشەکەى بشارێتەوە, خواى پەروەردگار قەلەرەشى بۆناردوە تا فێرى بکات. گەر ئەوەش ئەفسانە یا داستان نەبێ، چونکە قەلەرەش بەبەرچاوى قابیلەوە لاشەى قەلەرەشێکى مردوى ناشتوە و، بەدەنوکى شوێنێکى بۆ چالکردوە و، خستویەتە ناوى و، داى پۆشیوە بەخۆڵ و. سروشتى وایە شت دەشاریتەوە لە ژێر زەوى بۆیە لە قورئانى پیرۆز سورەتى مائدە ئایەتى 31 دەفەرموێ”واتل علیهم نبأ بنى ادم بالحق إقربا قربانا فتقبل من احدهما ولم یتقبل من الاخر قال لاقتنلک”.

تێبینى
زۆر زۆر سوپاسى بێ پایانم بۆ هاوڕێى ئەزیزو دێرینم کاک مەلا بەهادین بە پێداچونەوە بەنوسینەکەم و گۆڕینى هەندێ ووشە عەربیەکان و دەستکارى کردنى هەندێ لە دەقەکە.

1- ياسين ديناربوس/خرافة عذاب القبر
2- الحوار المتمدن/سڵطان محمد الرکیبات/ خرافە عذاب القبر المقدسة.
3- سورەتى ئەعراف ئایەتى ١٨٨
4- سورەتى ئەحقاف ئایەتى ٩
5- سورەتى ئەنعام ئایەتى ٥٠
6- الحوار المتمدن/سڵطان محمد الرکیبات/ خرافە عذاب القبر المقدسة.
7- سورەتى بەقرە ئایەتى٢
8- سورەتى الحجر ئایەتى ٩ دەفەرموێ
9- عذاب القبر….خرافة فەیسبوک
10- ویکپیدیا ئەنتەر نێت
11- Hespress.com محمد اکدید

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت