حەمەئازاد بەرزنجی: گەڕانەوە بۆ قۆناغی سەد ڕەحمەت لە کفن دزی پێشو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ ڕوداوە دڵتەزێنەکەی بەیروتی پایتەختی لوبناندا لە 04- 08- 2020، پاش تەنها چەند ڕۆژێکی کەم وەک یەکەم سەرۆک و یەکەم دیبلۆماسی، ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەردانی لوبنانی کرد و چووە مەیدانی کارەساتەکە. ئەم سەردانە چەندان سەرنجی بەدوای خۆیدا هێنا . هەر بە گەیشتنی وتی: گەلی لوبنان بەتەنها نییە و نایەڵین بەتەنها ئەو ئازارە بچێژێ. بەڵێنی هەمو هاوکاریەکی فەرەنسای بۆ لوبنان داو ، بێجگە لەوەش لۆبیکردن بۆ هاندانی وڵاتان بۆ بەشداری لە هاریکاری لوبنان و بەشداری لە ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتە فریاگوزاریەکان. تەوقەی لەگەڵ میشێل عەونی سەرۆکدا نەکرد. بەڵام باوەشی بۆ خەڵکەکە کردەوەو لەئامێزی گرتن. وتی ئێمە کە یارمەتی دەنێرین دەبێ دڵنیا بین کە دەگاتە دەستی لێقەوماوان و لە شوێنی خۆیدا دەبێ خەرج بکرێت و مانگێکی تریش دەگەڕێمەوە. واتە زۆر بەڕونی وتی شکم لە حکومەت و کاربەدەستانە. لوبنانی وەک بەشێک لە وڵاتی فەرەنسا هەژماردەکردو وتیشی بەدواچون دەکەم. زۆر لەوە زیاتر هەندێ لە پێشوازی کەران دروشمی گەڕانەوە بۆ ژێر ئاڵاو ئینتدابی فەرەنسیایان هەڵگرتبو. ئەمە هەندێ لە لێپرسراوانی لوبنانی زویر کرد. کە گوایە وەک ژێردەستەکەی کۆن دەڕوانێتە لوبنان. سەرەرای ئەوانە وڵاتانی یارمەتی دەر دەڵێن دەبێ چاکسازی سیاسی و ئابوری و ئیداری لە حکومەتدا بکرێ ئەوسا هەنگاوەکانی یارمەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات.
تۆ بڵێی خەڵکە ستەم دیدەکە، لەبیر خۆیان بردبێتەوە، کە کاتی خۆی شۆڕش کراوە و قوربانی دراوە، تا ئیستعمارو ئیمپریالیستی فەرەنسیان وەدەرناوە. گەر واش بێت ئەم لە بیر خۆبردنەوەیەش بۆ خەباتەکەی دوێنێیان، وەنەبێ بەویستی خۆیان و لە ناخی دڵیانەوە بێت، کە ئەمان خۆیان لێی پەشێمان بن. بەڵکو ئەمان پەشێمانکراونەتەوە . پەشێمانبونەوەکەیش بەهۆی ئەو زوڵم وزۆری و فەساد و دزییەوەیە کە حکومەتە ناوخۆییەکە ئەمڕۆ هێناوێتیە پێشەوەو پێی هەڵساوە . جەماوەر و شەقام ڕازییە بە ئیدارەدانی داگیرکەر و دوژمنە باوەکوشتەکەی دوێنێیان ، نەک ئیدارە بۆگەن و لاوازە فاسدەکەی ئەمڕۆ . ئەمەش ئەو پەندە کوردییە کۆنە دەهێنێتەوە یادمان کە دەڵێ ( سەد ڕەحمەت لە کفن دزی پێشو ) . کرۆکی ئەم پەندە لەوەوە هاتوە، کە کاتی خۆی لە گرانییە گەورەکەدا ، لە قاتوقڕی جەنگی جیهانیی یەکەم، زۆر هەبوە برسی و بێ پۆشاک بوون . کۆمەڵی پەیدابوبون بەدزییەوە دەچون مردوەکانیان دەردەهێناو کفنەکەی بەریان دەدزین و مردوەکانیان بە ڕوتی فڕێدەدا . خەلکەکە زۆریان پێناخۆش بوە و بۆتە مایەی نیگەرانیان. بەڵام دوای ئەمان کۆمەڵێکی نوێ ، کۆمەڵی دوهەم پەیدابون سەرەڕای دزینی کفنەکان و فڕێدانی مردوەکان، دەچون ئەندامی نێرینەی مردوەکانیان دەبڕی و دەیانئاخنییە دواوەی مردوەکەوە. لەبەر ئەوە ئەم خەڵکانە زۆر مەمنون و سوپاسگوزاری دزە پێشوەکان بون وکە ئەم بەزمە نوێیە قۆرەیان نەبوە. جابۆیە دانیشتوانی ئێستای لوبنان بە فەرەنسا کۆنەکە ڕازین و دیارە حکومەتە خۆماڵییەکەی ئەمڕۆی لوبنان لە جۆری دوهەمن و بەزمی قۆریان زۆرە. ئاشکراشە ڕوداوەکانی لوبنانیش ئاوێنەیە بۆ ڕوداوەکانی خۆمان. سەرەڕای زوڵمی سەربازی و سیاسی و نەتەوەیی ڕژێمەکانی عەرەبی ئێراقی ئەوسا ، ئێستا کەسانێ هەن گەر نەڵێین هێندێکیشن، خۆزگە بۆ باش ئیدارەدانی ڕژێمەکانی پێشو دەخوازن و ( هیوادارین کە نەبنە زۆرینە ) و لە بەزم و بەزمە سەرسوڕهێنەرەکانی حکومەتی خۆماڵی ئێستای خۆمان زۆر بێزارن.
بەهۆی ئەوکارەساتی تەقینەوە و ئەو زیانە مەزنانەی کە لێێ کەوتۆتەوە و سەرەڕای ئەو کۆستە مەزنە، گەلی لوبنان و خەڵکەکەی نەک هەر کپ نەبون، و پەژارە هەموشتێکی لە بیرنەبردونەتەوە، بەلکو دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و پەلاماری پەڕلەمان و وەزارەتی دەرەوەیان داو داوای دەسلەکارکێشانەوەی حکومەتیش دەکەن.
لە کۆتایدا بۆڕوداوەکانی لوبنان و وڵات و هەرێمە لە لوبنان چوەکانی ئەم ناوچەیە دەڵێین: ئەوە خەڵک نییە ئاواتە خوازی ڕژێمە دڕەندەکانی پێشوترە. بەڵکو ئەوە پەرچە کرداری کردەوە ناڕاست و ناڕەواکانی دەسەڵاتدارانی ئێستای ناوخۆ و خۆماڵییەکانمانە کە خەڵکی ڕەشوڕوت و برسیان بێ هیوا کردووە و ئاواتە خوازبن، بە ڕابردوو.
دەک بە داڕزین چی ئەی سیاسەت، (گەر ئەمەی ئێستا دەکرێ سیاسەت بێ )، بۆ خۆت و بۆ پەروەردە و پێگەیاندن و هێنانە پێشەوەی، ئەم نمونانە لە کادران وچالاکوان وهەڵسوڕاوانتان، بۆ بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت