newshirwan-serkewtn

دکتۆر کەمال میراودەلی : نامەی دووەم بۆ کاک نەوشیروان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیوابڕینی خەڵک لەنانبڕینیان خراپترە!

سەرنجێک :

لە رۆژاوا بۆ هەر حکومەتێکی تازە و هێزیكی تازە ماوەی سەد رۆژی یەکەمی دەسەلاتیان بە پێوانەی راستگۆیی و دڵسۆزیی ولێهاتوویی و بەکاریی ئەو دەسەلاتە دادەندرێ و رۆژنامەکان و چاودیران و خەلک بە گشتی بە وردی چاودێری سیاسەت و بەرنامە و هەلسوکەوت و دەسکەوتی ئەو دەسەلاتە لە ماوەی ئەو سەد رۆژەدا دەکەن و حوکمی ئێستا وپێشبینی ئایندەیی بەسەردا دەدەن . وەک هیزێکی ئۆپۆزیسیۆنی نوێێ پڕ تەوژم و تەمای جەماوەر ، سەد رۆژی یەکەمیش بۆ تێگەیشتنی ئاقارو ئاکاری گۆڕان گرنگ بوو . بەلام بە داخەوە لای ئێمە کات وەستاوە ، بە سەد رۆژو هەزار رۆژ ناپێورێت . کات لە دەرەوەدا نییە ، لە بزاڤی خەلک و کۆمەلدا نییە ، لە بەرنامەو بەجێگەیاندندا نییە . لە گۆرانەکانی دنیادا نییە ، لە پەرلەمان ودیباتدا نییە ، کات لە مێشکی سەرۆکی تاقانە و تاکەپالەوان دایە ، کە ئەو خەوت کات خەتووە ، کە ئەو نەخۆش بێ کات نەخۆشە ، گەر تووڕەو عاجزبێت کات سەرلێشێواوو ئاڵۆزە . خەلکەکانی دەرەوەش تارماییەکی بی گیانن بەدەوری کاتی پالەواندا بێ هوودە دوعا دەکەن و دەخولێنەوە .

لە نامەکەی پێشوودا ، کە گۆڕان دروست نەبوو بوو ، پێشبینی نەدەکرا جۆن دەبێت ، رستەیەکی سەرنجراکیشی تێدایە : [ دیاره‌ گۆڕان قورسه‌ به‌ڵام ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌کی سه‌رکه‌وتوو – و هیوابه‌خش ده‌توانێ ته‌وژمی بداتێ .] گەران بەدوای سەرەتایەکدا کە

١. سەرکەوتوو بێت

٢. هیوا بەخش بێت

٣. لەم دووانەوە حەتمەن تەوژم دروست بکات .

تەوژم لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێ [ مۆمێنتەم ] . مۆمینتەم بریتییە لە توانای جوولانەوەی شتێک بە پێی قەبارەکەی . شت ، نەبزێوە تا لە دەرەوە هیزیک کاری تینەکات و نەیجوڵینێت ، بەلام کە پالنەرێکی بزواندنی گەورە هەبوو ، ئەو شتە [ تەوژم ] پەیدا دەکات ، واتە بە رێژەی هێزەکە جوولان دروست دەکات . بەلام بۆ ئەوەی مۆمینتمەکە بەردەوام بێت ، دەبێت هێزی جوولاندنەکە بەردەوام بێت . کە هێزی جوولاندنەکە نەما ، قەبارەکە هەرجەند ئەستووریش بێت ، دەوەستێ و دەسەکنێتەوە . تەوژمی گۆڕان ئەو دوو شتە بوون : پاراستنی سەرکەوتنی سەرەتایی و هیوای خەلک بە بزوتنەوەکە . بەردەوامی ئەم دووانە جەوهەریی بوو بۆ بەردەوامیی و بەهێزکردنی تەوژمەکە .

بۆ بەردەوامی ئەو دووانەش بە ئاقاری سەرەتایی دروستی خۆی ، میکانیزمی هەرەگرنگ بۆ بزوتنەوەیەکی نوێخوازو گۆرانخواز رەخنەیە ، کە بزوتنەوەکە ئامادە نەبوو ، بە پێچەوانەی خۆناساندنە سەرەتاییەکەی خۆی ، رەخنە قبوڵ بکات ، مادام وایە ئەو هیزەی کوشت ، کە هیوا و زامنی بەردەوامی سەرکەوتنەکان ، بە بزوتنەوەکە دەدەن واتە تەوژمەکەی هەم لە وەستان هەم لە لادان دەپارێزن .

ئەم نامەیە دوای تێپەربوونی ١٠٠ رۆژ بەسەر دەرکەوتن و سەرکەوتنی تەوژمداریی گۆڕاندا نووسراوە .

کورد دەڵێ : دۆست ئەوەیە دەتگریەنێت ، دوژمن پێت پێدەکەنێت . ئەو رەخنانە کە لە دەرەوە نەنووسراون و لە پشتەوە نە درکێندراون و راستەوخۆ بۆ رێکخەری بزوتنەوەکە نێردراون ، لە خۆشەویستیی و پەرۆشیکی ویژدانی قوولەوە هاتوون : پەرۆشی ئەوەی تەوژمەکە نەکەینە گۆماویكی وەستاوی بی کات و بی دەسکەوت و خەڵک بێهیوا نەکەین .

نامەکەم وەک خۆی داناوە ، بەلام لە بەر ئەوەی درێژە ، سەردێڕم بۆ باسەکان داناوە تا ئاسانتر ناوەرۆکەکەی بزانرێت بەلام هیوادارم بە وردیی و تەواویی بیخوێننەوە . وێنەیەکی ئەم نامەیەم هەر زوو بۆ کاک کەمال رەئوف سەرنووسەری هاولاتی نارد ، چەندجار داوام لێکرد بە داخەوە بلاوی نەکردەوە . دوایی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا زۆربەی لە گۆڤاری شەن – دا بلاوکرایەوە .

*************

نامەی دووەم بۆ کاک نەوشیروان

لەندەن ، ١٠/١٢/ ٢٠٠٩

برای به‌رێز کاک نه‌وشیروان

سلاو و رێزی زۆرم بۆ به‌رێزتان هه‌یه‌ . هیوادارم هه‌میشه‌ به‌خته‌وه‌رو سه‌رکه‌وتوو بن .

گه‌رانه‌وه‌ی برای ئازیزم کاک عه‌لی که‌ریمی – م به‌ هه‌ل زانی ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ بنوسم و چه‌ند سه‌رنج و بۆچوونێکی خۆمتان بۆ ده‌ربرم :

گرنگه‌ که‌ خاڵی جیاکردنه‌وه‌و جوانکردنی لیستی گۆران ئاماده‌ییی بێ بۆ کرانه‌وه‌ و باوه‌شکردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو بیرو بۆچوونه‌ جیاوازه‌کان

1. هاوین ، که‌ برای به‌رێز کاک عومه‌ری سه‌ید عه‌لی هات بۆ له‌نده‌ن چه‌ند خاڵ و سه‌رنجێکم ده‌رباره‌ی کۆمپانیای وشه‌و ئه‌گه‌ره‌کانی لیستی گۆڕان بۆ ده‌ربری . دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن و دروستبوونی ده‌رفه‌تی هه‌لبژاردنی سه‌رکردایه‌تی و خۆکاندید کردنی خۆم بوو . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من چاوه‌ڕیم ده‌کرد ئه‌و سه‌ره‌تا دایه‌لۆگه‌ له‌گه‌ڵ کۆمپانیای وشه‌و به‌رێزتان و براده‌رانی ریفۆرم به‌رده‌وام بایه ‌. چونکه‌ گرنگه‌ که‌ خاڵی جیاکردنه‌وه‌و جوانکردنی لیستی گۆران ئاماده‌ییی ئه‌و بێ بۆ کرانه‌وه‌ و باوه‌شکردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو بیرو بۆچوونه‌ جیاوازه‌کان که‌ هه‌موویان به‌ ئاقاری ئامانجی دروستکردنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی گۆڕانی دیمۆکراتی جه‌ماوه‌ری بچن که‌ له‌ سه‌ر بنچینه‌ی بۆچوونی زانستی و یاسایی و ده‌ستووریی و ده‌زگایی ( موسساتی ) دامه‌زرابێ و بتوانێ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا نمونه‌ی جۆره‌ خه‌باتێکی سیاسی تازه‌ پێشکه‌شی جه‌ماوه‌ر به‌ تایبه‌تی نه‌وه‌ی تازه‌مان بکا . له‌ ئه‌نجامدا ببێ به‌ نموونه‌یه‌کی نوێی هیوابه‌خش و هێزبه‌خش که‌ جه‌ماوه‌ر له‌ ره‌شبینی و بێهیوایی ده‌رباره‌ی گۆڕانی وه‌زعه‌که‌و باشتربوونی ژیانی خۆی رزگار بکا .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر …. نامەی دووەم بۆ کاک نەوشیروان

15,501 جار بینــراوە لەڕەهێڵثۆست .
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت