Ayland1

ئەنوەر قادر ڕەشید : دەریا پەیامی خۆی بە ( ئالان کوردی ) ـەکەمانا رەوانە کرد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەریا ئەڵێ مەرگی ئالان مەخەنە ئەستۆی من ، لەخۆتان بپرسن چۆن بە بەلەمێکی شڕەوە رەوانەی لای منتان کرد ؟ من یاسایەکم هەیە و لە ئەزەلەوە واژووم لەسەر کردووە ، ئەوی مەلە نەزانێ ئەبێ نوقم بێ و بخنکێ ، خۆ من وەک ئێوە نیم ئەوەندە روو قایم بم لەو یاسایانە دەرچم کەخۆم واژووم لەسەر کردوون ، من ئەمزانی مناڵێکی ناسکی دنیا نەدیوە ، ئەمزانی هێشتا لە یاری مناڵان تێر نەبووە ، بەڵام ئەمە یاسای منە .
لای من رێنماییەکیش هەیە ئەوی بخنکێ ئەیکەمە خۆراکی نەهەنگ ، بەڵام بۆ ئەو بەرخۆلەیە هەر لە سەرەتاوە بە شەپۆلەکانم ختوکەی ئەهات و وای ئەزانی یاری لەگەڵ ئەکەم بۆیە ئەو رێنماییەم پشتگوێ خست و بە شەپۆلە هێمنەکانم سپارد ئازاری نەدەن ، چونکە زۆر ناسک و خێرنەدیوە ، فەرمانم پێ کردن وەک دایکێکی میهرەبان لە ئامێزی بگرن و بیگەێننە کەنار ، هەر من شەپۆلم راسپارد کە بنی پێڵاوەکانی روەو مرۆڤایەتی نامرۆڤانەتان بێ .
گلەیی لە من مەکەن ، من بە قەبارەی خۆم تف ئەکەمە رووی ئێوەیەکی بێ کەرامەت کە نەتانتوانیوە نیشتمانێکی ئارام بۆ هاوڵاتیەکانتان دامەزرێنن و بە هەزارەهای وەک ئەو کۆرپە ناسکە لە بێئومێدیان بە ئێوەی خۆخۆر و نەزان ، سواری شەپۆلە ترسناکەکانی من ئەبن و ئەگەر شانسی دەربازبوونیان ( سێ یەکیش ) بێ و ببنە خۆراکی نەهەنگەکانی هەناوم، هەر لە ژیانی رەزالەتی ژێردەستەیی ئێوەی بێ کەرامەتیان پێ باشترە .
ئەوانیش حەزیان ئەکرد وەک هاوڵاتی وڵاتانی خاوەن بەرپرسی ژیر و نیشتمانپەروەر و سیستم و یاسای مرۆڤدۆستانە ، بە فڕۆکە و کەشتی گەشت و گوزار ، بۆ حەواننەوە و ماوەیەکی کەم سەردانی وڵاتانیان بکردایە و لا وڵاتی خۆشیانا ژیانی سەربەرز و بە کەرامەتیان بەسەر ببردایە ، بەڵام بەهەرحاڵ من پەیامەکەم بە بنی پێڵاوەکانی ئالانا بۆ رەوانە کردن .
هەر لێرەوە بەو بێئومێدە کۆڵ بەکۆڵانە ئەڵێم : منیش وەک ئێوە خەمبارم بە مەرگی هەر یەکێک لەو خێرنەدیوانەی ئەبنە خۆراکی نەهەنگەکانی هەناوم ، بەڵام من یاسای خۆم لە سەرو هەموو شتێکەوەیە و من یاساشکێن نیم ، من دەریام دەریا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت