Ayland-karikater

نەبەز گۆران : عەبدولەتیفی سەلەفی و رۆژنامەنووسە رەگەز پەرستەكە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم سەرنجە كورتەدا ، قسە لەسەر دوو بۆچون دەكەم
پێش هەمووشت ، گرنگە بوترێت ، هەر دوو بۆچونەكە ، پێویستە وەك دوو بۆچونی نەخۆش تەماشا بكرێن ، نەك دوو بۆچونی دروست .
* بۆچونێكیان هی كەسێكی بە ناو ( ئایین ! ) ییە ، كە پێی وایە ، جیهانی ئەوروپا ، جیهانی كوفرە و هەر بكەرێكی رۆژهەڵات روبكاتە ئەو جیهانە ، بكەرێكی دۆزەخیە ! ئەم بۆچونە بیمارە ، دونیا بەیەك رەنگ دەبینێت و ئایین و پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا ، دەبەستێتەوە بە شوێنەوە ! ئەم دیدە دور لە عەقڵ و دور لە ئایینە ، پێویستە گوێیبۆبگیرێت تا خۆی دەرخات ، لێ‌ هەرگیز بە هەند وەرنەگیرێت و نەخرێتە ناو چوار چێوەی عەقڵ و ئیمانەوە . ئەمە تێگەیشتنێكی بیمارانەیە ، چ بۆ شوێن ، چ بۆ ئیمان ، چ بۆ مرۆڤ .
تێگەیشتنێكە هەرگیز نە دەتوانێت ئایین وەك خۆی بناسێت ، نە دەتوانێت مرۆڤ وەك خۆی بناسێت ، بەڵكو ژەهرێكە بەناوی ئایینەوە دەكرێت بە قورگی كەسانێكدا كە خۆیان و خوداناسیان ونكردوە .
* بۆچونێكی دیكەیان ، ئەو دۆخە رەگەز پەرستیەیە ، كە هەمیشە لە ئەوی تر دەترسێت و ، لە جوڵەی رۆژنامەنووسێكەوە بە چاوی خۆمان بینیمان . هەڵبەت كۆمەڵگەكانی ئەم سەرزەمینە ، دوو دیویان هەیە ، دیوێكی جوان ، كە حەزدەكەن هەموو كەس بیبنێت و ، دیوێكی ناشیرین كە پێیان خۆش نیە ببینرێت . لێ‌ ، جوڵەی ئەو رۆژنامەنووسە دیوە ناشیرینیەكەی دەرخست ، كە دیوی رەگەز پەرستیەكەیە .
بۆ ئەم بۆچونەش ، كە بوونی رەگەز پەرستیە ، بە هامن بۆچونی بابای سەلەفی ، دەبێت وەك دیدێكی نەخۆشانە تەماشا بكرێت .
هەر چۆن بابای سەلەفی ، ئەوی تری رۆژئاوایی بە دۆزەخ دەزانێت ، ئەو بابا رۆژنامەنووسە رەگەز پەرستەش ، بە هەمان شێوە ئەوی تری رۆژهەڵاتی بە دۆزەخ دەزانێت .
ئەم بە دۆزەخ تەماشاكردنەی ئەوی تر ، رەگ و ریشەكانی لە ناو فاشیەتدایە . لێ‌ جارێك بەناوی شوێن و شوناسەوە خۆی دەردەخات ، جارێك بەناوی ئایینەوە ، جارێك بەناوی … هتد .
لە هەموو حاڵەتێكدا ، هەر دوو تایپەكە، تایپێكی بیمارن . تایپێكن هێندە پێویستە نەفرەت لە بیركردنەوەكانیان بكرێت، هێندە پێویست نیە بۆچونەكانیان برەوی پێبدرێت .
نە رۆژئاوا ئەو دۆزەخ و كوفرەیە ، بابای سەلەفی دەیبینێت ، نە رۆژ هەڵات ئەو دۆزەخەیە مرۆڤی توندرە و رەوانی رۆژ ئاوا بكات ، وەك ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسە رەگەز پەرستە دەیبنێت .
لەم نێوانەدا مرۆڤ هەیە . مرۆڤێك كە ئاوارە و غەریبە ، هەر خۆی سنووری داتاشیوە و هەر خۆشی دەتوانێت سنوورەكە تێك بشكێنێت . ئیدی ئەو غەریبەیە لەسەر شوناسی هەر نەتەوەیەك بێت و روو لە هەر شوێنێك بكات ، مرۆڤە و دەبێت وەك مرۆڤ تەماشای بكەیت .
لەوانەیە ئەمرۆ روو لە رۆژئاوا بكات و سبەی روو لە شوێنێكی دیكە . شوێنیش نابێتە هۆی دەست نیشانكردنی ئیمان و بێ‌ ئیمانی ، یان مرۆڤ و دژە مرۆڤی .
تەنها ئەوانە ئیمان و بێ‌ ئیمانی دەبەستنەوە بە شوێنەوە ، كە ئاستی بیركردنەوەیان هێندە لاوازە ، بە گۆرینی شوێنەكەیان ئیمانەكەشیان دەگۆرێت . تەنها ئەوانەش لە شوناسی خۆیان دەترسن ، كە غەریبەیەك روی كردە وەڵاتەكەیان ، شوناسەكەی خۆیان كە مرۆڤە لە دەست دەدەن و دەبنە بیمارێكی پەلاماردەر.
بەهەرحاڵ گرنگە نەوەی نوێ‌ هوشیارانە سەیری ئەم جوڵە و دیدانە بكات و ، پێویستە وەك خۆی بیان ناسێت ، بۆ ئەوەی بەرامبەر هیچ كامیان پەرچەكردار وەرنەگرێت و نەكەوێتە ژێر كاریگەری هیچ كامیان ، چونكە هەر دوو دیدەكە دوو نەخۆشی كوشندەی ناو كۆمەڵگە و ئایینن .
هیچكام لەو دوو دیدەش ، نابنە شوناسی هیچ كۆمەڵگە و ئاینێك .

س – ف نوسەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت