نەوزادى موهەندیس: کورد لە نێوان بەرداشى ڕۆم و عەجەمدا.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کارێکى شاراوە نیە کە هەردووک لە وڵاتانى تورکیا و ئێران لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا خۆیان بە زلهێزێکى ناوچەیى دەزانن و هەوڵى گێڕانەوەى ڕۆژان و سەردەمى زێڕینى هەردوو ئیمپراتۆریەتەکانى ێەفەوى و عوسمانیەکان دەدەن کە لە ڕابوردوودا هەریەکەیان بۆ چەندین سەدە دەستڕۆیشتووى ناوچەکە بوون،لەئێستادا و دواى زیاتر لە 100 ساڵ لە نەمانیان هەریەکەیان گەرەکێتى هێواش هێواش ڕۆژانى ڕابووردویان زیندووبکەنەوە، لەڕێگەى پەلاماردان و داگیرکردنى وڵاتانى ناوچەکە و دەستێوەردانیان بۆ کاروبارى ناوخۆیى ئەو وڵاتانە و هەریەکەش بەبیانووى پاراستنى ئەمنى نەتەوەیى خۆیان لەلایەک و پارێزگاریکردن لە سنور و سەروەریان لەلایەکى ترەوە و جارێکى تریش بۆ پارێزگاریکردن لە نەتەوە و کەمایەتى و دین و مەزهەبەکانى سەر بەخۆیان لەو وڵاتانەدا.
ئەوان نیەتێکى زۆر قێزەون و ناشیرینیان هەیە ،بەڵام بە ڕووکەشێکى مرۆڤانە و لەژێر ناونیشانى مافى مرۆڤەکانەوە هاتونەتە پێشەوە.ئەوان شەڕى ئێستاى سەدەى بیست و یەک بەکۆنە قینى سەدەکانى ناوەڕاست دەکەن، ئەوان تائێستاش پێیان وایە هەموو ئەو وڵاتانەى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین بەشێکن لە میراتى خۆیان و مافى خۆیانە کەى و چۆن بیانەوێت دەستوەربدەنە کاروباریان و لەپێناو بەرژەوەندى خۆیان کارى تێکەدەرانە و کاولکارى و داگیرکاریشیان بکەن. وەک چۆن لە ئێستادا لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و قەتەر و بەحرەین و عومان و … هتد. دەگوزەرێت.
بەداخیشەوە لەلایەک وڵاتان و کۆمەڵگاکانى ناوچەکە خۆیان کەم تازۆر بەو قەدەر و چارەونوسەیان ڕازین و لەلایەکى تریشەوە وڵاتانى زلهێزى دونیاش هەریەکەیان لەپێناو بەرژەوەندیەکانى خۆیاندا ئەم دوو وڵاتەیان کردۆتە پاسەوانى خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان و ڕێگەیان پێداون لەوسنورانەى کە بۆیان دیاریکردون هەڵسوکەوت بکەن،ئەگینا بڕیار بەدەستى کۆتایى هەر خۆیانن نەک تورکیا و ئێران.چونکە نە تورکیاى ئیسلامى ئیخوانى بە ڕابەرایەتى پارتى عەدالەت و گەشەپێدان و ئەردۆگانى خوازیارى تاکڕەوى و زیندووکردنەوەى سەڵتەنەتى عوسمانى و نە ئێرانى ئیسلامى شیعەمەزهەبى توندڕەوى خومەیەنى و ولایەتى فەقیه دوو سیستەمى بێزراو و زۆر ناشیرینن لەلایەن کۆمەڵگا و زلهێزەکانى دونیا و ناوچەکەو و تەنانەت لەناوخۆى گەلانى خۆشیاندا، نمونەى زیندووش خۆپیشاندن و ناڕەزایەتیەکانى گەلانى تورکیا و ئێرانە دژ بە سیستەم و حومکڕانى و سیاسەتەکانى ئەو وڵاتەن، هەربۆیە چانسى سەرکەوتن و وەدیهێنانى خەونە ڕزیوەکانیان زۆر کەم و کورتە،بەڵام دەکرێت ببنە هۆکارى سەرەکى بۆنانەوەى ئاژاوە و پشێوى لەناوچەکەدا و ببنە داردەستى زلهێزەکان و وەدیهێنانى مەرام و ئامانجەکانى ئەوان لە مانەوە و بەردەوامى بونیان لەناوچەکەدا و بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى سروشتى و توانا مادی و مرۆییەکانى ناوچەکە بۆ بەرژەوەندى زلهێزەکمان،ئەگینا تورکیا و ئێران تەنها مایەى سەرئێشە و بێزارى ناوچەکەن و هیچى تر.
ئەوەى کە مایەى نیگەرانى کوردە،ئەوەیە کە گۆڕەپانى ململانێ و زۆرانبازیەکانى ئێران و تورکیا لەلایەک و زلهێزەکانیش لەلایەکى ترەوە لەسەر خاک و گەلانى ناوچەکەیە و بەتایبەتیش کوردو کوردستان،لەکاتێکیشدا کە کورد جیا لەهەموو وڵاتان و کۆمەڵگاکانى ناوچەکە بەتەنها و تەها نەخاوەن دەوڵەت و نەخاوەنى سەروەرى و سنورى دانپیادانراوى خۆیەتى، هەربۆیە هەمیشە بۆتە قوربانى و ژێرپێى وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانى دونیاش. کوردستان بۆتە گۆڕەپانى سەرەکى یەکلاکەرەوەى ململانێکان و کوردیش بۆتە چەکى دەستى هەموانیان و لەناوخۆشیدا ماڵێکى شەپڕیو و وێران و پەرتەوازە و ناتەباى هەیە، کەسەرەڕاى ئەو هەموو مەترسى و ئاڵنگاریانە هیچ کام لەسەرکردە و پارتە سیاسیەکان لەهەوڵى ساڕێژبونى برینەکان وناکۆکیەکان نین و ئەوەندەى هەڵپەى دەسکەوتى حیزبى و تاکەکەسى و پۆست و ئیمتیازان لەکوردستان و بەغداد نیوهێندە لەخەمە گەورەکەى نەتەوە و نیشتیماندا نین.
ئەم قۆناغەى مێژووى ناوچەکە و دونیاگەلێک دژوار و مەترسیدارە بۆ وڵاتانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین چونکە ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکى نوێى ڕێکخستنەوە و دابەشبون و تەنانەت داگیرکردنێکى نوێدایە و زۆر دوور نیە نەخشە و جوگرافیاى ناوچەکە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوەو گەلێک لە وڵاتان و کۆمەڵگاکانى ناوچەکە زیانى گەورەیان بەربکەوێت بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەى کە بەقەوارە گەورە و جۆرێک لەهێز و تواناى سەربازى و ئابوریان هەیە، ئەمەش لەچوارچێوەى (بیردۆزەى فەوزاى دروستکەردا ) جێبەجێ دەبێت کە نیەت لێى دابەشکردنى وڵاتە گەورەکانى ناوچەکەیە بۆ وڵاتانى بچوکتر و سەرلەنوێ دروستکردنەوەى ناوچەکەیە بە فۆڕمێکى نوێتر، جا بۆیە تورکیا و ئێران و سعودیە و پاکستان و میسریش لەو وڵاتانەن کە دەکرێت ئەو پڕۆسەیەیان بەسەردا جێبەجێبکرێت، گەر ئەو کارەش سەریگرت ئەوا لەلایەک ناوچەکە لە دوو وڵاتى تورکیا و ئێران و خواست و خەونە زلهێزەکانیان ڕزگاریان دەبێت و لەلایەکى تریشەوە کوردیش لەدوو وڵاتى گەورەى داگیرکەرى کوردستان ڕزگارى دەبێت و ڕۆژى ئەوان ئاوادەبێت و خۆرى کوردانیش هەڵدێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت