بەهرۆز جەعفەر: مەبن بە بەرهەم ساڵح!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حەزرەتی مەسیح وتویەتی: ئەگەر خۆتت دۆڕاند، گرنگ نیە هەموو دونیاش ببەیتەوە». ئەمەش لە ڕووی دەروونی و هەست کردن بەتاوان و شکستی کەسایەتیەوە هۆکاری سەرەکی سەردانە زۆر و خێراکانی سەرۆک کۆماری عێراق « بەرهەم ساڵح» ـە بۆ لای پاپای ڤاتیکان، لە ئەدەبی ئینگلیزیدا بەمە ئەڵێن کەنفێشن -Confession یانی داننان بە تاوانێک یان پاڕانەوە لە قەشە و کاهینەکان بۆ لێ خۆشبون.
ئەستێڵی مێژوو پڕە لەوانەی سیاسەتیان بە بێ مۆراڵی کردوەو گوێیان نەداوەتە بەهاو ئەخلاقیاتە جێگیرەکان، بەڵام زۆربەی ئەو کەڵە پياو و ژنانه لە پێناو بەرژەوەندی باڵای گەلەکەیان و خزمەتی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکلاکردنەوەی سنورەکانیان گوێیان نەداوەتە لایەنە ئەخلاقی و خەسڵەتە باڵاکان. بۆ بەرهەم ساڵەح بە پێچەوانەوەیە، لە پێناو خۆیدا بیر لە فرۆشتنی خاک و تاک و حیزب و مێژوو ئەکاتەوە، لێرەدا دوو فاکتەری ترسناک هەیە؛
یەکەم/ هەڵپە هەڵپەکانی بەرهەم ساڵەح بوەتە هۆی ئەوەی کە ئاوێکی وەها بڕێژێت، ئیتر لەمەولا ئێران و عەرەبی شیعەو سووننەو ئینگلیزو ئەمریکاو ئەملاولای دیکە هەرکاتێک هەر کوردێکی خراپیان لە کوێ بینی، لە دەرەوەی تەوافوق و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، لە بەغدا بیکەن بە سەرۆک کۆمار یان بیکەن بە وەزیر…لەکاتێکدا کورد لە بەغدا بۆیە سەرۆک کۆمار و پۆستی دیکەی هەیە کە چاودێریی مافەکانی میللەتەکەی بکات و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەی بپارێزێت.
دووەم/ دانانی کاراکتەری سیاسیی کورد لە بەغدا لەدەرەوەی کۆ-دەنگی کوردیی مۆدێلێکی نوێیە سەرەتاکەی بۆ گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەستەڵاتە کۆتاییەکەشی بەکرێگرتنە بۆ دژایەتی کردنی خاک و تاکی کوردستان. بە سەت نمونە ئەمە لەسەردەمی ساڵو نیوێک کارکردنی بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆمارو هەروەها هەشت ساڵی کارکردنی وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دیارە. مەسەلەن؛ یەکێک لەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەبێتەوە، تورکیایە لەسەردەمی ئەردۆگاندا، کە پەل ئەکێشێت بۆ تەواوی ناوچەکە بەهاوکاری قەتەر، ڕوونیشە یەکەم ئامانجی تورکیا سڕینەوەی کوردە. کەچی بەرهەم ساڵەح هاوکاری ئەم داگیرکردنە ئەکات لە پێناو خودی خۆیدا، ئەوەش بە کاندیدکردنی کوردێک بۆ وەزیری دارایی عێراق کە زاوای وەزیری پێشوتری دارایی تورکیایە و ڕاستەوخۆش بەستراوە بە تورکیاوە. هەروەها بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا « لەکاتێکدا سەرۆک کۆمار مافی ڕێککەوتنی نیە بە پێی دەستور» بۆ مانەوە لەناو خاکی عێراق، بە ڕەوایەتی دان بۆ گلدانەوەی ئاوی عێراق لەلایەن تورکیاوە. بە بێدەنگی کردن لە سوتانی ٣٦٦ دوکانی زێڕەنگەر لە کەرکوک کە دواتر کۆمپانیایەکی تورکی نۆژەنی کردەوە. بەوەی پارێزگار بۆ موسڵ دائەنات بەڵام بۆ کەرکوکی دانانات.!. پێشوتر ئەیانوت خەتای پارتی یە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی هەیەو ناگەڕێتەوە شارەکە، بەڵام وا هەشت مانگە ئەنجومەنی پارێزگا هەر نەماوە بۆچی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دانانات؟. ئەوە ئەو بەرهەم ساڵەحە بو کە حیزبێکی لە دژی یەکێتی و پارتی جیاکردبوەوە لە کەرکوک هاواری ئەکرد « حەیفە …حەیفە…ئەم شارە قاچاخچی بی بات بە ڕێوە…». ئەوە ئەو کاراکتەرە بو کە دێڕەکەی حەمدی شاعیری لە هەمو شوێنێکدا ئەگوتەوە؛
شەوێ کەوتە دەست ئەهریمەن خاتەمی موڵکی سلێمانی
کەچی میرو گزیری پێ کرد قەدری نەزانی
دەرکەوت خۆی یەکێک بوە لە قاچاخچیەکان لە ڕێگەی ئەم کاندیدە نوێیەی وەزیری داراییەوە پێشوتر لە کەرکوکدا بەرژەوەندی هەبوە. ساڵێک سەرۆک کۆمار بو میللەتەکەی خۆی لەلایەک و وڵاتەکەش بەگشتی لەلایەک تا ئەو ئاستە متمانەیان پێی نەما کە ڕەنگە میروگزیریان پێ بکات.!.
لێرەدا پرسیارێکی تریش هەیە، ئایا بۆچی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم ساڵح باسی دانانی وەزیری پڕۆفیشناڵ ناکات بۆ کوردو بۆ حیزبەکەی، بەڵام لەبەغدا ئەیکات بە دروشمی خۆی!. لەبەرئەوەی لە ناخیدا دژی کوردە ئینجا حیزبەکەی خۆی. بۆیە پێویستە هەموو لایەک وریابن، ئەم کاراکتەرە تۆڵەی شکستی کەسێتی خۆی لە کورد ئەکاتەوە. هیچ مانای نییە میللەتێک تۆ بکاتە سەرۆک کۆمار کەچی ئێستا لە بەغدا ئەبێ سوپاسی خوا بکەین ڕۆژێک دژی مافەکانی کورد کار نەکات؟.
نمونەی « بەرهەم ساڵەح» بۆ مێژووی کورد ناوازە ئەبێت، تا ئەوەی لە ئایندەدا باوکانی کورد ئاوها ئامۆژگاری کوڕ و کچەکانی خۆیان ئەکەن؛
کوڕم عاقڵ بن… مەبن بە بەرهەم ساڵەح… بەرهەم لە بنچینەدا کورد بو! بەڵام تا ئەو شوێنەی پارەو پۆستی لە ناو کوردو حزبەکان و سیستەمە کوردییەکەدا دەستەبەرئەکرد باوەڕی بو کورد بو. بە عەرەبی و بە ئینگلیزیش قسەی ئەکرد، بڕوانامەی باڵای هەبو، هاوڕێی کەسایەتیە ناودارەکانی دونیا بو، زانکۆی هەبو …زانکۆ « زانکۆی ئەهلی بە پارەو کارەبای حکومی لەسەر زەوی خەڵک بۆ قازانجی تایبەتی خۆی»، ئیتر پیاوێ بو ڕەئیسی ئەمریکا ئیستقبالی ئەکرد. ئومەمی موتەحیدە فەرموو…فەرمویان لێی ئەکرد… بەڵام ئەم پیاوە ئەخلاق و حورمەتی لە دەستدابو لە ناو میللەتی خۆی، لە لای مێژوو، لای سەرمایەدارانی نیشتیمانی، لای حیزبەکان، لای هاوڕێ نزیکەکانی خۆی. لە هیچ شوێنێکدا متمانەو حورمەتی نەما بو، بەلای ئەم پیاوەوە نە مێژوو. نە میللەت، نە حیزب نە ئەوانەشی خۆیان بەخت ئەکرد لە پێناویدا تەنانەت کەسە زۆر نزیکەکانی خۆی گرنگ نەبو. بەس پۆست بۆ خۆی و کۆکردنەوەی سامان بۆ خۆی…بۆیە عاقڵ بن مەبن بە بەرهەم ساڵەح کوڕەکانم.!. جا وا بوی بە بەرهەم ساڵەحیش…دوو پیاوی پیاوانە نادۆزیتەوە لە وڵاتەکەدا دانێکی خێری پێدا بنێن…
ئەو کەسێک بو وەک بوکەڵەی سەرمێز دەستێکی دەرەکی لە ژێرەوە ئەیجوڵاند، بۆیە وەک تازە پیاکەوتویەک لە ساڵێکدا بیست دەوڵەت ئەگەڕا بەڵام سەردانێکی کەرکوکی پێ عەیب بو لە کوردستانەکەی خۆیدا…
کوڕەکانم مەبن بە دکتۆر بەرهەم…ساڵێکیان وەفدی کوردی بە هەموو حیزبەکانەوە ئەچون بۆ بەغدا سوێندو قورئانیشی بۆ ئەخواردن کە ئەو لە پێناو خودی خۆی خیانەتی لە پشکی کورد نەکردوە لە کابینە بەهەڵە لەدایکبوەکەی تۆفیق عەلاوی، کەچی وەفدە کوردییەکە هەر باوەڕیان پێی نە ئەکرد…!. بۆیە کوڕەکانم هەرچییەکتان کردوەو نەکردووە با « قیەم و ئەخلاقێکتان» هەر تیا بمێنێت.
ئاقڵ بن… مەبن بە بەرهەم ساڵەح.!. هەوڵ بدەن، یەک ناسنامەتان هەبێ و ڕیتم و شێوازی کارکردن و قسەکردنتان لەسەر یەک ڕێچکە بێ، نەک وەک بەرهەم ساڵەح ڕۆژێک حزب جیابکەنەوەو تف لە حیزبی پێشوتان بکەن و بە قاچاخچی ناوزەندیان بکەن، ڕۆژی دواتر بگەڕێنەوە ناو حیزبی پێشوتر و بپاڕێنەوە تا بتانکەن بە سەرۆکی قاچاخچیەکان.!.
ئاقڵ بن…وەکو بەرهەم ساڵەح مەکەن، مرۆڤیش بە کاڵا تێ مەگەن تا مامەڵەی پێوە بکەن، هەموو کەس بە گرێبەست لەگەڵ ئەو بو نەک وەک پرەنسیپ و تێگەیشتن و ئامانجی هاوبەش. تکایە ڕاستگۆ بن… مەبن بە بەرهەم ساڵەح…
ئەم نوسینەش بۆ ئەوەیە، کەسی تر جورئەت نەکات مامەڵەو سەوداو کڕین و فرۆشتن بە مافەکانی کوردەوە بکات. بەو هیوایەی مناڵی هیچ کوردێک نەبێت بە بەرهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت