عوسمان عومەر: چۆن وولات پێشناکەوێ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە وەک گەلی کورد هیچ کات سودمان لە ئەزمونى گەلان و سەرکردەکانى دیکە وەرنەگرتووە، تەنانەت ئەزمونى ڕابوردوىشمان و، خوێندنەوەشمان بۆی نەبووە. بەچەند نمونەیەک مەبەستەکەم دەخەمە ڕوو.
لەهەموو کاروبارێکى حکومەت و دەولەتداریدا، بەدوادا چون گرنگە، لێپرسینەوە گرنگە، مشورخۆرى گرنگە تەنانەت لە فەرمانگەیەکیش بەرژەوەندى شوێنى کار لە بەرژەوەندى کەسى گرنگترە و بەرژەوەندى و مشورخۆرى گەلیش لەسەرو هەموویانەوەیە.
لەم هەرێمەى خۆمان زۆرشت پشتگوێ خراوە لەلایەن دەسەلاتى هەرە بالاوە تاخوارەوە، ڕاستە زۆر لیژنەکان پێکهێنراوە، بەلام بەرژەوەندى لایەنە حیزبیەکە لە پێش بەرژەوەندى گشتی بووە. نمونەش سەرەتاى شەڕى ناوخۆ، کە هێشتا تەشەنەى نەکردبوو، جەنابى مام لەدەرەوەى وولاتەوە بۆ ئەوەى شەرى ناوخۆ تەشەنە نەکات، بروسکەیەکى بۆ کاک مەسعود نارد، بەداخەوە دەقەکەیم بیرنەماوە، بەلام لەیادمە داواى لێکرد، کە خۆى سەرپەرشتى لیژنەیەکى لێکۆلینەوە بکات و بەدەق پێى گوت من ڕازیم تەنانەت گەر ئەوانەى خۆشمان تاوانباربن سزایان بدەى و، ئەوانەى خۆشتان سزا بدەى، کە تاوانبارن. بەلام داخەکەم ئەو خواستە نەهاتە دى، چونکە بەرژەوەندى حیزبى و دەستى دەرەکى زاڵ بوو بەسەر ئیرادەدا، بۆیە شەرى ناوخۆ تەشەنەى کرد و، وردەکاریەکان زۆرن لێرە جێگایان نابێتەوە.
سەرکردە دەبێ بیرو هزرى فراوان بێ, دوربین بێ, قین لەدڵنەبێ، رق هەڵگرنەبێ بەتایبەتی گەر گەلێک لە شۆرش دابوو, هەموو ئەگەرێک پێویستە لەبەرچاو بگیرێ، خەمخۆرى ئەو هێزەبێ کە ئەو سەرکردایەتیان دەکات. لەدەولەتداریشدا سەرۆک دەبێ مشورخۆربێ نەک لەپەتایەک بترسێ و خۆى لە حەوت کون بشارێتەوە.!؟ چەند سەرۆکی وولات و سەرۆک وەزیرانمان دى لەسەر شاشەکانى تیڤى دەردەدەکەوتن خەم خۆرى گەلەگەیان بون گەر بەقسەش بوبێ، بەلام ئەوانەى ئێمە خۆیان کەرەنتینە کردبوو، گەل چى لێ بەسەردێ گرنگ سەلامەتى خۆیانەو میلەت بەگورگان خواردو دەچێ یا ناچێ هیچ باکیان نەبوە, لەزۆربابەتى تریش بەهەمان شێوە.
ئەوە نمونەیەکى بچوکى رۆژانى سەختى خەباتتان بۆ دەگێڕمەوە: هاوینی سالى 1986  لە کانى مورادی یاخسەمەر  لەدۆلى جافەتى بوین، کە بارەگاى جەنابى مام و سکرتاریەتی لێ بوو، ئێمەش لەوێ بوین. بەیانیەکیان تازە خۆر هەلاتبوو, مامجەلال یەکێ لە سروشتەکانى ئەوەبوو, زوو لەخەو هەلدەستا، خۆشى بەدوادا چونى بۆ زۆر شت دەکرد, ئەو بەیانیە لەبارەگاکەى خۆى بەتەنها لەگەل پێشمەرگەیەک خۆى کرد  بوو بەشوێنی حەوانەمان، کە پیک هاتبوو لە ژورێک و هەیوانێک، هەیوانەکە چابخانەیەکی نایلۆنی بۆ کرابوو، دەرگای هەیوانەکە دانەخرا بوو، دەسکی دەرگاى ژورەکەمانی بادابوو, داخرابوو. لە هەیوانەکە سەیرى هەندێ سندوقى کردبوو کە پارچەى بیتەل و بیتەلى زیادەى تێدا بوو ئەویش قفل درابو، هەموومان لە دەرەوە خەوتبووین، تەنها کاک پەرۆش نەبێ لە ژوورەکەدا خەوتبوو, بەخەبەری هێنا بوو. وارێکەوت هێشتا ئێمە لەخەو هەلنەستابوین. چوبووە سەر شوێن نوستنى هاورێى ئەزیزم کاک یەحیا تالەبانى هەولى دابوو چەک و دەمانچەکەى لەبن سەر بێنێتەدەر, بەخەبەرهاتبو. چوبوە سەر شوینى نوستنى هاورێى ئەزیزم خارە ئازاد لەگەل ئەویش هیچى پێنەکرابوو. ئینجا شوێن نوستنى من کە هەولى دا چەک و دەمانچەکە لەژێرسەرم دەربێنى دەستیم گرت و بەخەبە رهاتم بێئەوەى بزانم کێیە. بۆیە سزایەکى سوکى داین ئەویش لیکردنەوەى سۆندەى ئاوەکەمان لە کانیەکەى سەرەوە و فەرموى بەهۆى ئەوەى قایم بون سزاى قورستان نادەم، بەلام دەبێ بچن لەسەرەوە ئاوبێنن بەشان بۆخۆتان. رێکەوت وابوو دواى یەکدو رۆژ بەیانیەیکیان 8 فرۆکەکەى بۆمبهاوێژى رژێمى بەعسى لەناوچوو بۆردومانى کردین لە یاخسەمەر، سوپاس بۆ خودا ئەوێ ڕۆژێ زیانى گیانى نەبوو. کە دەلێم ئێمە سودمان لە ئەزمونى گەلان وەرنەگرتوە فەرمون لەگەل ئەو نمونەیەش:
نیکیتا خرۆشۆف دەلێت: جارێکیان جۆزیف ستالین پەیوەندى پێوەکردم و داواى لێکردم بەپەلە سەردانى بکەم، پێى ڕاگەیاندم کە پیلانێکى گەورە لەئارادایە. بۆیە خۆم و چەند وەزریرێک چوین بۆلاى. ستالین پێى گوتم هاوڕێ نیکیتا ئێمە کارگەیەکى تایە دروستکردنى ئۆتۆمبیلمان هەیە, کۆمپانیاى فۆردى ئەمەریکى بەدیارى پێیان بەخشیوین و چەند ساڵێکە تایەى ئۆتۆمبیل بەکوالیتى باش بەرهەم دێنێ, ئەوەى بەلامەوە بۆتە جێگەى سەرسوڕمان لەماوەى شەش مانگى ڕابوردوو, ئەو کارگەیە ئەو تایانەى بەرهەمى دەهێنێت دواى چەند کیلومەترێک لەسەر رۆیشتن دەتەقێ و کەسیش هۆکارەکەی نازانێ, دەمەوێ بەپەلە سەردانى ئەو کارگەیە بکەیت و بزانیت هۆکارەکەى چییە؟
گەیشتمە کارگەکەو دەستبەجێ لێکۆلینەوەکانم دەست پێکرد, یەکەم شت, سەرنجى ڕاکێشام تابلۆى قارەمانان بوو لەسەرەتاى چونە ژوورەوە دا، کە هەلواسرابوو. لەسەر ئەو تابلۆیە وێنەى باشترین کرێکار و ئیدارى و ئەوانەى چالاک و دلسۆزییان لەکارکردندا نواندووە، هەلواسراوە لە ماوەى مانگێک.
لێکۆلینەوەکانم ڕاستەخۆ لەکارگێرییەوە دەست پێکرد تا ئاستى کرێکارێکى ئاسایی, دەرکەوت کەسیان هۆکار نەبون و نەیاندەزانى, بۆیە بڕیارم دا لە کارگەکە بمێنمەوەو لەوێش بخەوم تا بزانم چییە؟
بەیانى زوو لە خەو ڕابوم و چومە سەر یەکەم هێڵى بەرهەمهێنان و چاودێرى چۆنیەتى بەرهەم هێنانى یەکەم تایە لە خالى سفرەوەو تا دەرچونى لەکارگەکە, تێبینیم کرد هەموو شتێ بە ئاسایی رۆیشتوەو دروستە. توشى شۆک بووم, کاتێ پێیان ڕاگەیاندم تایەکە دواى چەند کێلۆمەترێ دیسان تەقیوە!
ئەمجارەیان هەموو ئەندازیارو کرێکارو ئیداریەکانم کۆکردەوەو پەیوەندیم بە ئەندازیارە ئەمریکیەکانیشەوە کرد, هەر نەگەیشتینە ئەنجام. دەستمکرد بە شیکردنەوەى ئەو کەرەستە خامانەى کە تایەکەکانى لێ دروست دەکرێ. وورد بینیەکان دەریان خست کە کوالیتى زۆر باشە، هەرگیز هۆکار نین بۆ تەقینى تایە!؟ ئایا ئەو تایانە بێهۆکار دەتەقن؟
هەستم بەبێهیوایی و لاوازى و ناتەوانى کرد. دیسان سەرنجى تابلۆى قارەمانانى کارگەکەم دایەوە, سەیرم کرد وێنەى ئەندازیارێکی لەسەرى سەرەوەیە. ئەوەى سەرنجى ڕاکێشام، کە ماوەى شەش مانگە هەر ئەو قارەمانى یەکەمە، واتە لەو کاتەوە ئەو تایانە دەستیان کردووە بەتەقین بێ هۆ… خەو لەچاوم نەکەوت. بانگى ئەو ئەندازیارەم کرد بۆ ئۆفیسەکەم و بەپەلە کەوتمە لێکۆلینەوە لەگەڵى, پێمگوت هاورێ تکایە پێم بلێ چۆنە تۆ شەش مانگە بە قارەمانى بەرهەم هێنان ماویتەوە ؟ گوتى توانیومە ملیۆنان ڕۆبل بۆ کارگەو دەولەت پاشەکەوت بکەم. چۆن ئەوەت ئەنجامداوە؟
زۆربەسادەیی گوتى: ئەو تەلانەى لە دروستکردنى تایە بەکاردەهێنرێ کەمم کردۆتەوە, بۆیە ڕۆژانە سەدان تەنی کانزا پاشکەوت بکەین.
هەستم بەخۆشیەک کرد، چونکە توانیم ئەو مەتەلە بدۆزمەوە.. خۆم پێنەگیرا تەلەفۆنم بۆ ستالین کرد، شتەکانم بۆ ڕوونکردەوە.. دواى چرکەیەک لە بێدەنگى گوتى ئەو گەمژەیەک لەکوێ خستە گۆرەوە؟
بەراستى هاورێ ئیعدامم نەکردوە، بەلام دەینێرم بۆ سیبریا، چونکە گەر لەسێدارەى بدەین خەلک دەلێن سەیرکە قارەمانێکى بەرهەمهێنانیان لەسێدارەداوەو لەوەناگەن.
گرنگ ئەوە نییە گەندەڵى دزى بکەى بۆ ئەوەى ئازارمان پێبگەیەنى و بدەیت، هێندە بەسە گەمژەبی…خۆشمان گەمژەکان دەخەینە پلەوپۆستى گرنگ و هەرخۆشمان گەورەیان دەکەین و پاداشتیان دەکەین و بەمەش وولات دادەڕمێ و بەرەو ڕوخان دەروات بەبەرچاوى هەموانەوە ….
لە کۆتایی دا دەلێم ئێمە سەیرى وێنە و تابلۆى قارەمانیەتى کامیان بکەین، ئەوەى 20 ساڵ وێنەکەى لەسەرتابلۆى قارەمانیەتى هەلواسرابوو؟ کەخوێندنەوەى بۆ دەرنجامەکانى ڕیفراندۆم نەبو قسەى زلهێزەکانى پشتگوێ خست, یا سەیرى وێنەو تابلۆى قارەمانیەتى ئەوەیان بکەین، کە نزیکەى 15 ساڵ سەرۆک وەزیران بوو, بازارى سەربەخۆى هێنایە گۆرێ و کۆنتراکتى 50 سالەى لەگەڵ دوژمنێکى گەلەکەمان واژوو کردوەو، سەروەت و سامانى بەهەدەرداوە یا سەیرى وێنەى ناو تابلۆى ئەوەیان بکەین، کە چەندین ملیۆن دۆلارى بە دۆڕاندن دا بەرامبەر کۆمپانیایەک یا وینەى تابلۆى ئەوەیان، کە دەلێن کە 5 ملیار دۆلار دیارنەماوە یا سەیرى وێنەى ئەوەیان بکەین، کە بازرگانى چەک و نەوتى لەگەل داعش دەکردو، لەولاشەوە براکانمان و کەس و کارمان داعش سەرى دەبڕین؟ وێنەکان زۆرن لەسەر تابلۆى قارەمانیەتى دانراون کێ رەوانەى سیبریایان بکات یا دەریاى قولى بێ بن کەڕۆیشتن نەگەرێنەوە کەس ناڵێ ئۆف؟ تا ئەم وێنانە لەسەر تابلۆکان بن چۆن وولات پێشدەکەوێ؟ چۆن گەڵ قەیران و مەینەتى لێ دەبرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت