محەمەد گەردەش: وڕێــــــــــنــــــــــە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نازانم بۆچی لەم دواییانەدا هەموو دنیا کەوتونەتە فکری مەریخ و هەسارەکانی تر، ڕەنگە لەبەرئەوەبێ شتی عەجایب لەوێ بدۆزنەوە. بەڵام ئەو وڵاتانە بێ ئاگان لەوەی کە هێشتا شوێن هەیە لەسەر ئەم زەویەی خۆمان, کە شتی وا عەجایبی تیایە، نە گوێیان لێی بووەو نە بینیویانە و نە بە خەیاڵیشیاندا هاتووە، ئیتر بۆ ملیارەها دۆلار لەدەرەوەی زەویا سەرف ئەکەن؟!
با بێن لێکۆڵینەوە لەم بەشەی گۆی زەوی بکەن کە هەرێمی کوردستانەکەی لەمەڕ خۆمانە: هیچ شتێکی لە باقی دنیا ناچێ. بۆ نمونە” کـــات بەشێوەیەک نەک هەموو جیهان، بەڵکو خەڵکی ئەم هەرێمە خۆشیان نازانن چۆنە!، ئەوەتا لەجارێکا ساڵ دوانزە مانگە، بۆ ساڵی داهاتوو ئەبێتە نۆ مانگ یان هەشت یان حەوت، یان تێپەڕبوونی کات یەکسان ئەبێت بە سفر کە ئەمەیان لە زانستدا وەک کـــفـــر وایە.
یان حیساب کردنی تەمەنی کەسێک، لە وڵاتانی تر ( وەک وڵاتانی ئەفریقا بۆنمونە) ئەگەر چل ساڵ بێت، ئەوا لای ئێمە مەگەر هەر خوا بزانێ ئەو چل ساڵە چۆنە، چونکە ئەگەر کەسەکە موچەخۆربێت ئەوا سێ ئەگەر هەیە:
یەکەم/ ئەگەر خەڵکی ئاسایی بێ و موچەخۆربێ، ئەوا ئەم ساڵانەی دوایی تەمەنی هیچ پێوەرێک نیە بتوانێ بۆی حیساب بکا، چونکە هەفتە ڕۆژێکە و وەرز مانگێکە و ساڵیش بۆتە سێ مانگ، یان هاوین بەهارە و بەهار زستانە و زستانیش شتێکی تر.
دووەم/ ئەگەر کەسێکی حیزبی و موچەخۆربێ، ئەوا لەکاتی بەرزکردنەوەی پلە سەربازێکەیدا سەیروسەمەرە ڕووئەدا لە تەمەنەکەیا، بۆنمونە هەریەک لە نۆ مانگەکەی ناو سکی دایکیشی بەساڵ لێ ڕۆشتووە و کاتێکیش چۆتە خوێندنگا بە پلەی مولازم بووە، ئەگەر وانیە ئەی هەرزەکارێ چۆن ئەبێتە نازانم چی؟!
سێهەم/ خۆ ئەگەر کەسەکە خۆبەخش بێ، ئەوە مەگەر لە سەنتەرەکانی چارەسەری کۆرۆنا بووبێ و پارچەیە زەوی بۆ بپچڕن، ئەگینا تەمەنی بەزایع ڕۆشتووە.
نەک هەر کات بەڵکو هیچ شتێکی تری ئێرە لە باقی شوێنەکانی تری دنیا ناچێ، ئەوەتا تەماتەکەی بۆ دۆشاو نابێ و ترێکەی بۆ مێوژ نابێ و نەوتەکەی (نەء با واز لەنەوتەکەی بێنین ).
یان کەسە هەرە دەوڵەمەنەکانی دایم لەبەر قەرزاری ئەکڕوزێنەوە و، کەسە سیاسیەکانی لەناوخۆی وڵاتا یەک یان دوو لیوا پاسەوانیان هەیە، کەچی لەدەرەوە بە تەکسی هاتوچۆ ئەکەن و زۆریش لەخۆیان ئەمینن، یانی شێری ماڵەوەو ڕێوی دەرەوەن. ئیتر هەزاران نمونەی لەوجۆرە ، کە وایان لە خەڵکەکەی کردووە کە وەک زۆمبیان لێ هاتووە زینوی مردوون .
بەڵام خۆزگە ئیتر دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکانی مێژوی کورد لێرەدا ئەوەستا ، هەر هیچ نەبێ ئەولایەنەی پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە کەخۆی لە چەپڵە کوتان و ئەشەوبیلا کردن و مامەحەمەییا ئەبینێتەوە ، خۆزگە کوردی ئێمە لەوە تێ ئەگەیشت کە سەری دنیا بەپوش نەگیراوە و هەروەختێ هەڵەی کرد ئەبێ دڵــــنــــیــــابێ لەوەی کە باجەکەی ئەدا ، وەک وتراوە : مریشک خۆی خۆڵ بەسەر خۆیدا نەکا کەس خۆڵ ناکا بەسەریا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت