مەترسی لە پرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی: پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح
لەبەر ئەوەى چەمکى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان چەمکێکى یاسایی و پانتای یەکی بەرفراوانی داگیرکردووە، بەهۆى ئەو پێشکەوتن و گەشە کردنە بەرچاوەى تەکنۆڵۆژیاوە واى کردووە تاوانى ئەلکترۆنى و هۆیەکانى ئەنجامدانى زیاتر بێت، کەواتە پیویستى بەیاسایەک هەیە بۆ پاراستن و پارێزگارى کردن لەدام دەزگا ئەلکترۆنیەکان و کەسانى بەکارهێنەرى، هەروەها پەرچەکردارى یاسا بەرامبەر ئەوکەسانەى ئەنجامى دەدەن، کەواتە درووستە بگووترێت کە کاری یاسا بریتیه:
لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان( تاک و تاک ) وە (دەوڵەت و دەوڵەت ) وە (تاک و دەوڵەت ). بۆ پاراستن و نەشکانی یاساکان سزا داندراوە، چونکە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی خۆپەرست و خۆ وویسته،بۆیە پێویستە سزایەک هەبێت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی،لەگەڵ ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕەوشی میدیایی و ئازادی رادەربڕین.
بەڵام.. لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە لە پێش چاوبگیرێت کە ئازادی کاری میدیایی یەکێکە لە گرنگترین شێوەکانی رادەربڕین، لەبەر ئەوەی خاوەن پەیامە،چونکە پەیامی میدیا خۆی لە خۆیدا بریتیە… لە خزمەت کردنی کۆمەڵگە لە ڕێی ووشیار کردنەوەی تاکەکانی نێوکۆمەڵگە و چاودێری دەسەڵات و ڕەخنە گرتنی بنیات نەرانە و ئاشکرا کردنی فەسادی ئیداری لە داموو دەزگا حکومی و ناحکومیەکان بە ئامانجی گەشەپێدان و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان، دەبێت یاساکە بۆ ڕێکخستنی میدیابێت نەک کۆت و بەندکردنی بیرورای ئازاد، بۆیە لەسەر دەوڵەت پێویستە کە فەزایەکی ئارام و ئازادی وەهای بۆ فەراهەم بێنێت و مافەکانی بەیاسا بچەسپێنێت تا بتوانێ بێ هیچ ترس و فشارێک پەیامی خۆی بگەیەنێت.
کەواتە.. پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی کەلە ئێستادا لە سەروبەندی پەسندکردنیەتی لە پەرلەمانی کوردستان، کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، ئەو پێشنیازە یاسایە دەرفەتێکی زۆر و کراوەیان لەبەردەستدا بوو دەکرا پێش وەخت بۆ ئامادەکردنی راپۆر بەشداریی میدیاكارانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕانی بواری میدیا و نوخبەی یاساناسانی بواری میدیا، “ۆركشۆپ”ی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بۆ بۆ بکرایە، بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی پێشنیازە یاسایەكە و بەهه‌ندوەرگرتنی ڕەخنە و پێشنیازەكانی پسپۆڕانی بوارەكه”. پاشان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرایە.
هەرچەندە پرۆژە یاساکە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی خۆی تێدایە، بەڵام بە داخەوە پرۆژە یاساکە مادەکانی یاسای تیرۆری رۆژنامەگەری تێکەڵکێشکردووە، تێکەڵ و پێکەڵیەکی زۆری پێوەدیارە، بە جۆرێکە لە ئامانجەکەی خۆی لایداوە، هەڵبەتە (سەرنجی زۆربەی یاساناسانە) ئەگەر بڕوانینە کە لە مادەی 16 دا سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سزا دەدات بە سزای ئەو تاوانانەی کە لە خاڵەکانی ( 2 ), ( 4 ) ی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە ( 3 ) ی ساڵی 2006 ی بەرەنگار بونەوەی تۆقاندن(تیرۆر) لە هەرێمی کوردستاندا هاتوە، لە کاتێکدا خودی یاسای ناوبراو لە هەندێک مادەیدا مەترسیەکی حاشا هەڵنەگری تێدایە بۆسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و بنەما و پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتیش مادەی چوارەم کە سزای تا 15 ساڵ زیندانی دەسەپێنێت بە سەر میدیاکاردا، واتە تاوانەکان بە جۆری تاوانی گەورە داوەتە قەڵەم کە خۆی لە بنەمادا کەتنە واتە( جنح ) لەم حاڵەتەدا دادوەر دەتوانێ لە 5 ساڵ تا 15 ساڵ زیندانی بسەپێنێ بەسەر تۆمەتباردا.پسپۆرێکی بواری میدیایی دەڵێت؛ ( ئەوەی جێی سەرنجە لەم یاسای بەرەنگار بونەوەی تیرۆرەدا کاری میدیا تێکەڵ بە تیرۆر کراوە کە لەڕاستیدا ئەو دوو خاڵەی پەیوەندیان بە کاری میدیاوە هەیە دەبو یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە 35 ی ساڵی 2007 ی بۆ هەموار بکرایەتەوەو تاوانە ئەلکترۆنیەکانیشی لەخۆ بگرتایە نەک لە نێو چوارچێوەی یاسای تیرۆر دابنرێت، جگە لەوەش کە لەم مادەیەدا دەستەواژەی لاستیکی تێدایە کە دەشێ بە خراپ بەکار بهێنرێن لە دژی کەناڵە میدیاییەکان و میدیاکاران).
بەڵێ پرۆژە یاساکە بە ناکامڵی لە دایک بووە و پێناچێت بێتە بوون، هەرزوو ڕووبەڕووی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم میدیاکاران و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی لێکەوتەوە، سەرجەمیان داوادەکەن ئەوپرۆژەیاسایە دەنگی لەسەر نەدرێت و ڕاکێشرێتەوە، چونکە ئەوە پێشێلکردنی ئازادیەکانی تاکە،پێیان وایە ئەوە پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماکانی دیموکراسی و گەرانەوەیە بۆ دیکتاتۆریەت، دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین وپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت