سـوپا سـلام: وێنە و لۆگۆى مـام دامەنێن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ ساڵە لەسەرەتاى مانگى ئۆکتۆبەردا تۆڕە کۆمەڵاتیەکان لەلایەن هەوادارانیەوە لێوانلێو دەکرێن بە وێنە و لۆگۆى رەوانشاد (مام جەلال)، ئەو کاریزما مێژوویەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە گومانم نیە هیچ دایکێک رۆڵەیەکى دیکەى وەها ناخاتەوە، بەڵام ئەفسوس دواى سێ ساڵ هیچ سەرکردە و هاوخەباتێکى رێبازەکەیمان نەبینى ستایلى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و دبلۆماسی رەوانشاد لە خۆیاندا پراکتیزە بکەن. لەکاتێکدا رێبازى ئەم شاسوارە مێژووییە پڕە لە حیکمەت و دانایی، لە داهێنان و نوێبوونەوە، لە ئازادى و دادپەروەرى، لە هەستانەوە لەدواى گلان، لە خۆشەویستى و پێکەوە ژیان و… هتد.
رەوانشاد توڕە دەبوو ، بەڵام رق لە دڵ نەبوو. رەخنەى دەگرت، بەڵام لە رەخنەش نەدەترسا. نوکتەى دەکرد، بەڵام بە نوکتە لەسەر خۆى دڵشاد دەبوو. وتارى دەدا، بەڵام پۆپۆڵستى نەبوو. زۆرى دەخوێندەوە، بەڵام کەمى دەنوسى. گوێى بۆ هەموو کەس و چین و توێژێک دەگرت، وەلێ ڤیتۆى لەسەر هیچ هەڤاڵێک دانەدەنا. کۆنگرە و کۆنفرانسى دەکرد، بەڵام لەبەرامبەر تەکەتول و دەستەگەرى دەوەستایەوە. باسى دیموکراسى دەکرد، هاوکات لەناخى خۆیدا بە تەواوەتى باوەڕى پێبوو. پشتگیرى ژنان و خوێندکاران و لاوانى دەکرد، وەلێ هەوڵى هێنانە پێشەوەیانى دەدا. داکۆکى کارى رۆشنبیر و خاوەن قەڵەم و خەڵکى ئەکادیمى بوو هاوکات زەمینەشى بۆ فەراهەم دەکردن. دڵسۆزى کەسوکارى شەهیدان و زیندانى سیاسى و پێشمەرگەى دێرین بوو، وەلێ لەگەڵیشیاندا راستگۆ و بەئەمەک بوو. هەڤاڵ و هاوخەباتى خۆى خۆش دەویستن ئەگەر نەیارییشى بووبن باسى لە هەڵویست و چاکەکانیان دەکرد، خۆى بە خاوەنى هەمووان دەزانى هاوکات بەفعلى هی هەمووان بوو.
لە خەستەخانەى ئوردن بیرى لاى وشکەساڵى و ژیانى جوتیارانى هەرێم بوو وەکچۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان بیرى لاى زمانى کوردى و خەباتى نەپساوەى گەلەکەى بوو.
مام لە هەڵەبجە کەسوکارى عومەرى خاوەر بوو، لە سلیمانى پێشڕەوى رۆشنبیران بوو، لە هەولێر قەڵاى هۆلاکۆ بەزێن بوو، لە دهۆک پردى دەلالى یەکڕیزى و، لە کەرکوکیش بڵێسەى بابەگوڕگوڕبوو. ئەمانە و هەزاران وشەى دیکە پەند و دانایی زیاتر لە نیو سەدە خەباتى رەوانشاد (مام جەلال)بوو، بۆیە واز لە شتى روکەش بێنن و ساڵانە لەبرى دانانى لۆگۆ و وێنەکەى تەنها یەک لەو حیکمەتانە لە خۆتان و حزبەکەى پراکتیزە بکەن هەتا ئێمەش لێتان دڵنیابین کە بە فعلى شوێنکەوتەى رێبازەکەى مامن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت